ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان (2017-2021)
ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان (2017-2021) ‌ 31/8/2017
یەکەی ئابووری
بەشی سێیەم‌و کۆتایی
ئەولەویات‌و ئامانجەكان بەپێی سێكتەر:
1- سێكتەری سیاسی
پاشخان
بكەری سەرەكی سێكتەری سیاسی لەهەرێمی كوردستان پارتە سیاسیەكانن، هەروەها بەرپرسە حیزبییەكان كە بەشێكی زۆریان لەناو دامودەزگاكانی حكومەت‌و پەرلەماندان، لەهەمان كاتیشدا بەشێكی باڵادەستیشیان لە دەرەوەی دامودەزگا فەرمییەكانن‌و پۆستی حیزبیان هەیە، بەڵام كاریگەری زۆریان لەسەر دامودەزگاكان هەیە، ئەمە لەكاتێكدا زۆر بەرپرسی باڵای حكومی لەسەر بنەمای كارامەیی‌و شارەزایی دانانرێت، بەپێی پرەنسیپی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، ئەمەش دەبێتە هۆی ناكارایی دامودەزگا سیاسییەكان كە بڕیاری گرنگ دەردەكەن.
داهات‌و سەرچاوەی دارایی بەرپرسانی حیزبی، ئەگەر پۆستی حكومیشیان هەبێ، لە دەرەوەی چاودێری دامودەزگاكانە. ئاشكرانەبوونی سەروەت‌و سامانی بەرپرسان‌و ناكارایی دامودەزگا چاودێرییەكان لەبەرامبەر ئەماندا، زەمینەیەكی فراوانی لەبەردەم تەشەنەكردنی گەندەڵی خۆشكردووە، سەروەتی كەڵەكەبووی بەرپرسانی سیاسی لەماوەویەكی كەمدا، گومان‌و ئاماژەی گەندەڵی لەخۆدەگرێ. بەشێوەیەكی گشتی سەرچاوەی دارایی حیزبەكان بەپێی یاسای پاڵپشتی دارایی حیزبەكان بەڕێوەناچێت‌و سەرچاوەی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان دیار نییە، لەكاتێكدا پەرلەمان‌و دەزگا چاودێرییەكانی تر چالاك نەبوون بەرامبەر ئەو شەفافیەتانە.

ئامانجەكانی سێكتەری سیاسی
* بەهێزكردنی ئیرادەی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
* رێكخستنەوەی چوارچێوەی یاسایی پاڵپشتی دارایی پارتە سیاسییەكان بەشێوەیەك كە بگونجێ لەگەڵ بنەماكانی ئەم ستراتیژە، هەروەها ئاشكراكردنی سەرچاوەی دارایی حیزبەكان‌و راپۆرتە داراییەكان سەبارەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان.
* پتەوكردنی كاراكردنی میكانیزمی ئاشكراكردن‌و چاودێریكردنی سامانی بەرپرسان‌و سەرچاوەی سەروەت‌و سامانیان.
* كاراكردنی چاودێری پەرلەمانی بۆ سیاسەتەكانی دژەگەندەڵی.
* شەفافیەتی زیاتر لە دیاریكردنی پۆست لە پلە كارگێڕییەكانی ناو دامودەزگاكانی هەرێم.

2- دامودەزگا ناوەندییەكان
پاشخان
دامودەزگا ناوەندییەكان، لەبابەتی هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، هەروەها هەموو وەزارەت‌و دەستە‌و فەرمانگەكان، ناتوانن بەپێی ئەرك‌و چاوەڕوانییە یاساییەكان كارا بن، یەكێك لەهۆكارە سەرەكییكان دەستێوەردانی حیزبییە، هۆكارێكی تر بەشێكی زۆری كاربەدەستانی ئەو دامودەزگایانە لەسەر بنەمای شارەزایی‌و پیشەییانە دانامەزرێن، پێوەرەكانی راژە‌و توانایی كاریان پێناكرێ، هەروەها رێكارەكانی سلوكی وەزیفی پێڕەوی ناكرێ، بۆیە دامودەزگاكان ناتوانن وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتیان بن، ئەمەش بە نۆرەی خۆی جۆرێك لە بێ متمانەیی بەرامبەر دامودەزگاكان دروست كردووە.
گرفتێكی تر كە بۆتە هۆی بەهێزكردنی ئەو بێ متمانەییە، لەبەردەست نەبوونی زانیاری‌و دۆكیومێنتەكانی دامودەزگاكانە، واتە هاووڵاتیان‌و مێدیاكان بەئاسانی دەستیان بە زانیاری دەستی یەكەم ناكات، سەرباری بوونی یاسای مافی بەدەسهێنانی زانیاری. لەهەمان كاتدا رێكار‌و رێنماییەكی فەرمی نییە بۆ پاراستنی ئەو كەسانەی كە بەنیازی پاكەوە بیانەوێ هەر سەرپێچیەكی یاسایی یان كردەیەكی گوماناوی ئاشكرا بكەن. هەموو ئەمانە رێخۆشكەرن بۆ سەرهەڵدانی گەندەڵی لە دامودەزگا ناوەندییەكان، لەكاتێكدا سیاسەتێك یان پلانێكی روون نییە لەو دەزگایانە بۆ رێگرتن لە گەندەڵی.

ئامانجەكانی لەسەر ئاستی دامودەزگا ناوەندییەكان
* ریكخستنەوەی ئیدارە بەشێوازێكی پیشەییانە‌و لەسەر بنەمای پێداویستی، دور لەهەر دەستێوەردانێكی دەرەكی‌و حیزبی.
* كاراكردنی زیاتری یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری.
* زەمینەسازی بۆ ئاشكراكردنی هەر كارێكی نایاسایی لە دامودەزگا گشتییەكان‌و زامنكردنی پاراستنی ئەو كەسانەی كە زانیارییەكان دەخەنە بەردەست بەپێی ستاندارە جیهانییەكان.
* جێبەجێكردنی رێسای ئاكاریی لە دامودەزگا گشتییەكان‌و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی خزمخزمێنە، كە لەلایەن دەستەی دەسپاكییەوە دەركراوە.
* فەراهەمكردنی ئیجرائاتی خۆپارێزی لەگەندەڵی لەسەرجەم دامودەزگا ناوەندییەكان‌و بەتایبەت لەبوارەكانی تەندروستی، پەروەردە، باج‌و دەرامەت، ژینگە، پلاندانان‌و وەبەرهێنان.
* پەیڕەوكردنی سیستمی یەكپەنجەرەیی‌و سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان‌و كەمكردنەوەی رۆتین.

3- حكومەتە خۆجییەكان
پاشخان
كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان بەشی هەرەزۆری پەیوەندی بەحكومەتە خۆجییەكانەوە هەیە لەسەر ئاستی پارێزگا، قەزا‌و ناحیە، بەڵام بەڕێوەبردنی كاروبارەكان لەو دەزگایانە بیرۆكراتیەتێكی فراوانی تیایە، بەشێوەیەك كە دەبێتە مایەی بێزاركردنی هاووڵاتیان‌و زەمینەیەك بۆ گەندەڵی، هەماهەنگی وەك پێویست نییە لەنێوان دامودەزگا لۆكاڵییەكان لەلایەك‌و ئەو دامودەزگایانە لەگەڵ دامودەزگا ناوەندییەكان لەلایەكی تر بۆ راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان، نمونەیەكی زۆر زەق تێكەڵاوبوونی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگا‌و شارەوانییەكان‌و هەندێ دەزگای ترە. ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەنجومەنی پارێزگا وەك دەزگایەكی چاودێریی پێگەیەكی لاوازی هەیە لەبەرامبەر دامودەزگا لۆكاڵییەكان‌و رۆڵی خۆی وەك پێویست ناتوانێ ئەدا بكا. چاودێریی هاووڵاتیان‌و كۆمەڵی مەدەنی بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئەو دامودەزگایانە لاوازە، چونكە زەمینەی بەشداری ئەوانە لە كاروبار‌و پڕۆسەی بڕیاری دامودەزگا لۆكاڵییەكان زۆر سنووردار‌و نادیارە.

ئامانجەكانی لەسەر ئاستی حكومەتە خۆجییەكان
* پەرەپێدانی دەسپاكی‌و پسپۆڕیی لە حكومەتە خۆجییەكان.
* پەرەپێدانی شەفافیەت لەكاروباری حكومەتە خۆجییەكان‌و هاندانی بەشدارییكردنی هاووڵاتیان‌و كۆمەڵی مەدەنی لەپڕۆسەی دروستكردنی بڕیاردا.
* زامنكردنی بەرپرسیارێتی‌و لێپرسینەوە بۆ جێبەجێكردنی پێوەرەكانی دژەگەندەڵی لەئاستی خۆجێیی.
* بەهێزكردنی پێگە‌و رۆڵی چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەروەها دابەزاندنی دەسەڵاتی زیاتر بۆ دامودەزگا خۆجێیەكان.
* پەیڕەوكردنی سیستمی یەكپەنجەرەیی‌و سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ راییكردنی كاروباری هاووڵاتیان.

4- دەزگا تایبەتەكانی جێبەجێكردنی یاسا (دادوەری، داواكاری گشتی، دەستەی دەسپاكی، پۆلیس، ئاسایش) 
پاشخان
گوتارێكی باو لەهەرێمی كوردستان ئەوەیە كە یاسا وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی توانایی پێویست، نەبوونی سەربەخۆیی پێویست، هەروەها نەبوونی هەماهەنگی پێویست لەنێوان ئەو دامودزگایانەی كە راستەوخۆ پەیوەندیدارن بە جێبەجێكردنی یاسا وەك، پۆلیس، ئاسایش، داواكاری گشتی‌و دادگاكان. ئەم دەزگایانەش پەیوەندیی‌و رۆڵی راستەوخۆیان هەیە لە رێگرتن لەگەندەڵی، ئاشكراكردنی گەندەڵی‌و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. تا چ ئاستێك ئەو دەزگایانە لەتوانایاندایە رۆڵ‌و ئەركی خۆیان بەجێبەگەیەنن، راستەوخۆ كاریگەری دەبێ لەسەر متمانەی خەڵك بە دامودەزگاكان. بۆیە لەپاڵ كاركردن بۆ سەربەخۆی‌و بێلایەنی‌و هەماهەنگی زیاتر، ئەم دەزگایانە پێویستیان بە سەرچاوەی زیاترە بۆ چاككردنی رەوشی كارگێریی، توانای دارایی‌و توانای مرۆیی. بەتایبەتیش پێگە‌و سەربەخۆیی داواكاری گشتی پێویستە بەپێی یاسا باشتر روون بكرێتەوە‌و بگونجێنرێ لەگەڵ پرەنسپیەكانی دادوەریی نێودەوڵەتیی.
لایەنێكی تر بۆ بەهێزكردنی متمانەی هاووڵاتیان بەو دەزگایانە، پەیڕەوی كردنی شەفافیە‌و سیاسەتەكانی دژەگەندەڵییە لەناو خودی ئەو دەزگایانە، ناكرێ ئەو دەزگایانەی كە ئەركیان جێبەجێكردنی یاسایە، ناشەفاف بن‌و پەیڕەوی لە سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نەكەن لەناو خۆیاندا.

ئامانجەكان بۆ دەزگاكانی (دادوەری، داواكاری گشتی، دەستەی دەسپاكی، پۆلیس، ئاسایش)
* بەرزكردنەوەی ئاستی كارایی دامودەزگاكانی دادوەری، داواكاری گشتی، دەستەی دەسپاكی، پۆلیس، ئاسایش، لە رێگرتن‌و ئاشكراكردن‌و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
* باشتركردنی پیشەیی‌و سەربەخۆیی‌و بێلایەنی شەفافیەت لە دامودەزگاكانی (دادوەری، داواكاری گشتی، دەستەی دەسپاكی، پۆلیس، ئاسایش).
* بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەناو خودی دەزگاكانی دادوەری، داواكاری گشتی، دەستەی دەسپاكی پۆلیس، ئاسایش، چاكسازییەكان(بەندیخانەكان).
* باشتركردن‌و جێبەجێكردنی سزایی تووند بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

5- دارایی گشتی
پاشخان
لەهەرێمی كوردستان پلانی ستراتیژی ئابووری‌و سیاسەتی ئابووری تۆكمە نییە، بەدرێژایی مێژووی حوكمڕانی حكومەتی هەرێم تەنیا چەند ساڵێك بودجەی ساڵانە بەشێوەیەكی ئاشكرا هەبووە، سیستمێكی ژمێریاری كۆن پەیڕەو دەكرێ‌و سوود لە تەكنەلۆجیای نوێ وەك پێویست وەرنەگیراوە، سیستمی بانكی زۆر لاوازە، وەرگرتنی باج لەسەر شێوەی خەمڵاندنە، هەموو ئەمانە بۆتە هۆی ناڕونی لە داهات‌و خەرجییەكان، هەروەها چاودێرییەكی زۆر لاواز لەسەر موشتەریاتی گشتی.
دیوانی چاودێری دارایی، كە دەستەی دەسپاكی هاوكارێتی ئەو دەزگایەیە كە وردبینی‌و پێداچوونەوە بە داهات‌و خەرجییە گشتییەكان دەكات، بەڵام پێویستی بە تواناسازی‌و دەسەڵاتی زیاترە. هەروەها هەماهەنگی‌و هاوكاری دامودەزگاكانی هەرێم لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی، مەرجێكی سەرەكییە بۆ ریگریكردن‌و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامودەزگاكاندا. هەندێ بوار، وەك بواری نەوت، لەدەرەوەی چاودێرییەكانی دیوان ماوەتەوە، بۆ ئەوەی كە دیوان بتوانێ ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، پێویستە چاودێریی‌و پێداچوونەوە بەهەموو داهات‌و خەرجییەكانی هەرێم بكات. هەماهەنگی زیاتری نێوان دیوان‌و پەرلەمانی كوردستان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەردوو دەزگا. ئەركی وەزارەتی دارایی (حكومەت) ئامادەكردنی بودجەیە، ئەركی پەرلەمان پەسەندكردنی بودجەیە، ئەركی دیوانی چاودێری داراییش پێداچوونەوەیە بەژمێرەی كۆتاییە كە دۆكیومینتێكی گرنگ دەبێ بۆ دڵنیابوونەوە لەچۆنێتی خەرجكردنی داهاتی هەرێم، ئەگەر بەشێوەیەكی پیشەییانە‌و سەربەخۆیانە ئامادە كرابێ. بۆیە بۆ شەفافیەتی زیاتر‌و رێگرتن لە ئەگەری گەندەڵی، پێویستە هەموو ئەو دەزگایانە لەهەماهەنگیدابن‌و ئەركی خۆیان لەئامادەكردنی بودجە، پەسەندكردنی بودجە‌و ژمێرەی كۆتایی بەجێ بگەیەنن.
دیوێكی دیكەی موشتەریاتی گشتی كە پێویستە بەهەند وەربگیردرێ، ئەو سیستمی موشتەریانەیە كە تائێستا لە دامودەزگاكان پەیڕەو دەكرێ، میكانیزمەكانی لیژنەی موشتەریاتی دامودەزگاكان پێویستە بەشێوەیەكی گشتی پێداچوونەوەی بۆ بكرێ، بەشێوەیەك كە لیژنەی موشتەریات لەژێر چاودیرێیەكی بەهێزی ناوخۆییدابن‌و پێداچوونەوە بەسیستمی پسولە بكرێ بۆ رێگریكردن لەهەر ئەگەرێكی گەندەڵی.

ئامانجەكان بۆ دارایی گشتی
* شەفافیەت، كارایی‌و عەقڵانیەت لەداهات‌و خەرجییە گشتییەكان.
* رێگرتن لەگەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی‌و جێبەجێكردنی هەمان چوارچێوەی یاسایی دژەگەندەڵی بەسەر دارایی گشتی.
* رێگرتن‌و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەموشتەریاتی گشتی‌و گرێبەستە گشتییەكان.
* هاندان بۆ بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ لەسیستمی دارایی‌و بانكی.
* چاودێریكردنی جێبەجێكردنی رینماییەكانی تایبەت بەگرێبەستە گشتییەكان، كە لەوەزارەتی پلاندانانەوە دەرچووە.
* چاودێریكردنی رەفتارپێكردن‌و بەڕێوەبردنی دارایی هەرێم لە ناوەوە‌و دەرەوە.

6- سێكتەری تایبەت‌و بواری بازرگانی
پاشخان
سێكتەری تایبەت لەهەرێمی كوردستان باش رێكنەخراوە، سێكتەرێك كە بەپێی رێكارەكانی ئێستا لەدەرەوەی بازنەی چاودێری ماوەتەوە‌و هەماهەنگییەكی ئەوتۆ نییە لەنێوانی سێكتەری تایبەت‌و سێكتەری گشتیدا. ئەكتۆرە سەرەكییەكانی سێكتەری تایبەت هەمیشە گلەیی لە نەبوونی پاڵپشتی حكومەت دەكەن، لەكاتێكدا سیستمی باج بەشێوەیەكی ناڕێك بەسەریاندا دەسەپێت‌و سیستمی دڵنیایی كۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە. بواری بازرگانی لەژێر ناوی «بازاڕی ئازاد» بۆتە مایەی ساغكردنەوەی كاڵای كوالێتی خراپ‌و قۆرخكاری، لەلایەكی ترەوە دەستی حیزب لەنێو بازاڕدا مانایەكی بۆ پرەنسیپەكانی بازاڕی ئازاد نەهێشتۆتەوە، بەشێوەیەك كە حیزب یان بەرپرسانی حیزبی، لەڕێی بەكارهێنانی پێگەی حیزبی‌و لێپرسراوێتیان، بوونەتە ئەكتۆری بازرگانی بێ ركابەر بۆ كۆمپانیاكان‌و بازرگانان، بەشێوەیەك كە كاریگەری زۆر نێگەتیڤی لەسەر سەرمایەگوزاری تایبەت كردووە. پەیوەندی نێوان حیزب‌و بازاڕ پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.
گلەیی زۆر لە كۆمپانیاكان هەیە سەبارەت بەوەی كە پڕۆژەكان بە كوالێتی خراپ جێبەجێ دەكەن‌و چاودێرییەكی ئەوتۆش بەسەریانەوە نییە بۆ رێگرتن لە گەندەڵی ناو پڕۆژەكان، لێرەوە بۆ زامنكردنی كوالێتی باش‌و رێگرتن لە ئەگەری گەندەڵی پێویست بە پێداچوونەوە‌و باشتركردنی رێنماییەكانی بازرگانی‌و وەبەرهێنانی هەیە.

ئامانجەكانی بۆ سێكتەری تایبەت‌و بواری بازرگانی
* كەمكردنەوەی مەترسییەكانی گەندەڵی لەڕێی باشتركردنی رێنماییەكانی تایبەت بەم سێكتەرەوە‌و بەتایبەتیش رێنمایی تۆماركردنی كۆمپانیاكان.
* كاراكردن‌و زیاتركردنی هەوڵ‌و كارە هاوبەشەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەنێوانی كەرتی تایبەت، كەرتی گشتی‌و كۆمەڵی مەدەنی.
* بەهێزكردن‌و جێبەجێكردنی ئیتیكی كار‌و بازرگانی.
* بەهێزكردنی چاودێری كەرتی تایبەت لەلایەن دەزگا چاودێریەكانەوە.
* كاراكردنی زیاتری سیستمی كوالێتی كۆنترۆڵ‌و رێكخستنی بە یاسایەكی تایبەت.

7- كۆمەڵی مەدەنی‌و مێدیا
پاشخان
یەكێك لە میكانیزمە بەهێزەكانی چاودێریكردنی گەندەڵی بریتییە لە هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتە گشتییەكان لەلایەك‌و كۆمەڵی مەدەنی‌و مێدیا لەلاكەی تر. بەهەمان شێوە بۆ جێبەجێكردنی پلان‌و چالاكییەكانی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەتایبەتیش ئەو چالاكیانەی كە پەیوەندی بە راهێنان‌و هەڵمەتی هۆشیارییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەتوانن سەرچاوەیەكی باش بن بۆ دەسەڵاتە گشتییەكان بۆ رێگرتن‌و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. لەهەرێمی كوردستان ساڵی 2013 دەسەڵاتە گشتییەكان، حكومەت‌و پەرلەمان رێككەوتنێكی هاوكاریان لەگەڵ رێكخراوە ناحكومییەكان بەست بەناوی «پەیمانی هاوبەشی‌و گەشەپێدان لەنێوانی دەسەڵاتە گشتییەكان‌و رێكخراوە ناحكومییەكان» كە بەبڕیاری ژمارە (5)ی 2013 لە پەرلەمان پەسەندكرا، ئەو رێككەوتنە بنەمایەكی گرنگە بۆ هاوكاری نێوان كۆمەڵی مەدەنی‌و دەسەڵاتە گشتییەكان كە رۆڵی تەواوكاری دەدەن بە یەكتر، كاراكردنی ئەو بڕیارە دەبێتە مایەی بەهێزكردنی هەماهەنگی‌و هاوكاری هەردوولا‌و بەرنامەی هاوبەش بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی.
بەڕەچاوكردنی رۆڵی كاریگەرییانەی مێدیا لە بەدواداچوون‌و ئاشكراكردنی كەسەكانی گەندەڵی، بوونی رێككەوتنێك یان هاوكارییەكی دوولایەنە لەنێوان مێدیا‌و دەسەڵاتە گشتییەكان بۆ هاندانی مێدیای ئیستقصائی‌و تەحقیقی بە پێویست دەزانرێت. هاندانی رۆژنامەنووسان‌و مێدیاكان بۆ پەیڕەوكردن لەئیتیكی رۆژنامەوانی‌و یاسای رۆژنامەوانی ئەركێكی هەمەلایەنەیە، بەهەمان شێوە زەمینەخۆشكردن بۆ باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەوانی‌و مێدیای سەربەخۆ، هەروەها پاراستنی رۆژنامەوانان لەهەڕەشە، پێوستە لە ئەولەویاتەكانی دامودەزگا بەرپرسەكان بێ. بەشێوەیەكی گشتی پێویستە هەماهەنگی بەردەوام هەبێ لەنێوانی دامودەزگاكان‌و كۆمەڵی مەدەنی‌و مێدیا، زانیاری پێویست بخەنە بەردەستی یەكتر‌و ژینگەیەكی هاوكاری دروست بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوە‌و رێگرتن لەگەندەڵی.

ئامانجەكان بۆ كۆمەڵی
 مەدەنی‌و مێدیا
* بەهێزكردنی هاوكاری نێوان دامودەزگا گشتییەكان بەتایبەت دەزگا چاودێرییەكان‌و كۆمەڵی مەدەنی بۆ چاودێریكردن‌و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دژەگەندەڵی.
* پشتیوانیكردن لە بەشداری كۆمەڵی مەدەنی لەپڕۆسەی دروستكردنی بڕیار‌و داڕشتنی سیاسەت لەدامودەزگا گشتییەكاندا.
* كاراكردنی بڕیاری ژمارە(5)ی ساڵی 2013ی پەرلەمان، «پەیمانی هاوبەشی‌و گەشەپێدان لەنێوانی دەسەڵاتە گشتییەكان‌و رێكخراوە ناحكومییەكان لەهەرێمی كوردستان».
* پشتیوانی كردن لە رۆژنامەوانی: مێدیای لێكۆڵینەوەیی‌و بەدواداچوون (تحقیقی‌و استقصائی)
* بەرزكردنەوەی ئاستی هاوكاری نێوان دامودەزگا گشتییەكان‌و كۆمەڵی مەدەنی‌و مێدیا بۆ بەرزكردنەوەی هۆشیاری لەمەڕ گەندەڵی.
* پاراستنی چالاكان‌و مێدیاكاران لەو هەڕەشانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەكاتی كاركردنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

8- پەیوەندی‌و هاوكاریی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی
پاشخان
هەرێمی كوردستان بەشێكە لەدەوڵەتی فیدراڵی عیراق، بەڵام سەربەخۆییەكی زۆری هەیە لە پەیوەندی نیودەوڵەتی‌و پەیوەندی هەرێمایەتی. هەندێ رێگری دێتە بەردەم هەرێمی كوردستان بۆ چوونە ناو پەیمانە نێودەوڵەتییەكان بەهۆی ئەوەی كە ئەندام نییە لە نەتەوە یەكگرتووەكان. بەڵام لەهەرێمی كوردستان نەتەوە یەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپا‌و ئاژانسی دیكەی نێودەوڵەتی‌و رێكخراوی جیهانی بوونیان هەیە‌و لە پەیوەندییەكی فەرمی دان لەگەڵ دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان.
هەرێمی كوردستان دەتوانێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەو ئاژانسانە بكات بۆ سوودوەرگرتن لە ستاندارد‌و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لەڕێی سوودوەرگرتن لە توانای مەعریفی‌و لوجیستی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان بۆ راهێنان‌و تواناسازی دامودەزگاكانی هەرێم‌و ئەنجامدانی چاكسازی پێویستی كارگێری.
هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی دوولایەنەی هەیە لەگەڵ وڵاتەكانی ناوچەكە، بۆیە دەتوانێ رۆڵی كاریگەر بگێڕێ بۆ رێگریكردن لەقاچاغی ماددەی هۆشبەر، بازرگانی بەمرۆڤ، تیرۆریزم، پارە شۆردنەوە‌و دیاردەی دیكەی سنوربڕ كە رێخۆشكەرن بۆ تەشەنەكردنی گەندەڵی.

ئامانجەكان بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی
* كاراكردنی هاوكاری نێوان دەزگا پەیوەندیدارە ناوخۆییەكان بەتایبەت دەزگا چاودێرییەكان‌و دەزگا نێودەوڵەتییەكان‌و كاراكردنی میكانیزمەكان بۆ هەماهەنگ كردنی چوارچێوەی یاسایی دژەگەندەڵی. 
* بەشداری كارا لەكار‌و چالاكی رێكخراوە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەكان‌و دەسپێشخەرییەكان لەبواری دژەگەندەڵی.
* هاندانی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، هەروەها دیاریكردنی كاتبەندی‌و ستراتیژ بۆ جێبەجێكردنی كۆمسیۆنی ئەوروپی بۆ یاسا مەدەنی‌و جینائییەكانی دژ بە گەندەڵی.
* بەهێزكردنی هاوكاری تەنفیزی لەگەڵ وڵاتانی تر‌و رێكخراوی تر، بەمەبەستی بەهێزكردنی توانای ناوخۆیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و تاوانی سپیكردنەوەی پارە لەجیهان.
* زیاتركردن‌و باشتركردنی هاوكاری دوولایەنە لەرێی جێبەجێكردنی چالاكی دیاری گەندەڵی.
* پەیكەری جێبەجێكردن.
* جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە ئەركێكی هەمەلایەنەیە، واتە هەموو دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی كە لەپاشكۆی پلانی جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە ناویان هاتووە‌و چۆنێتی بەرپرسیارێتییەكەیان دیاریكراوە(بڕەوانە پاشكۆی پلانی جێبەجێكردن).
* دوای مانگێك لە پەسەندكردنی ئەم ستراتیژە، بە دەسپێشخەری دەستەی دەسپاكی لیژنەی هاوبەشی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێكدێت لە لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەم لیژنەیە پلانی كاری ستراتیژەكە پەسەند دەكات‌و كۆبوونەوەی وەرزی ساز دەكات بەمەبەستی جێبەجێكردنی ستراتیژەكە.
* دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان رۆڵی هەماهەنگی لەنێوانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم ستراتیژە دەبینێ‌و ئەركی بەدواداچوونی پلانی جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژەی لە ئەستۆیە.

چاودێریكردن‌و هەڵسەنگاندنی ستراتیژەكە
* رێوشوێنی چاودێریكردن‌و هەڵسەنگاندنی ئەم ستراتیژە لەڕێی راپۆرت نووسین‌و كۆبوونەوەی نێوان لایەنە بەرپرسیارەكان دەبێ. راپۆرت نووسین بەپێی ئەم پێوەرانەی خوارەوە دەبێ(بڕوانە پاشكۆی چاودێریكردن‌و راپۆرت نووسین):
1- ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەجێبەجێكردنی ستراتیژەكە‌و پلانی جێبەجێكردنی ستراتیژەكە، راپۆرت بۆ دەستەی دەسپاكی دەنووسن، سێ مانگ جارێك.
2-دەستەی دەسپاكی راپۆرت بۆ لیژنەی هاوبەشی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەنووسێ، شەش مانگ جارێك.
3- لیژنەی هاوبەش راپۆرت بۆ رای گشتی دەنووسێ، ساڵی جارێك.
* دەستەی دەسپاكی كۆبوونەوەی دووقۆڵی یان هاوبەش لەگەڵ لایەنە بەرپرسیارەكانی جێبەجێكردنی ستراتیژەكە ئەنجام دەدات، بەمەبەستی چاودێریكردنی پلانی جێبەجێكردنی ستراتیژەكە.
* لیژنەی هاوبەش لەناوەڕاستی ماوەی ستراتیژەكە دەتوانێ پێداچوونەوە بۆ پلانی جێبەجێكردنی ستراتیژەكە بكات، بۆ ئەوەی بیگونجێنێ لەگەڵ بارودۆخی باو ‌و گۆڕانكارییەكان، بەمەرجێ زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی هاوبەش رەزامەند بن.
* لیژنەی هاوبەش، دوو مانگ جارێك بەر لە ناوەڕاست‌و دوو مانگ بەر لە كۆتایی ماوەی ستراتیژەكە كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی‌و جێبەجێكردنی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. لیژنەی هاوبەش هەڵسەنگاندنی كۆتایی دەكات بە بنەما بۆ داڕشتنی ستراتیژی نوێی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP