لەسەر گەندەڵی، دوو بەرپرسی باڵای عیراقی دەستگیركران
عیراق دەستیكردووە بە ئامادەكردنی بودجەی 2018 لەسەر گەندەڵی، دوو بەرپرسی باڵای عیراقی دەستگیركران ‌ 11/9/2017
راوێژكاریی دارایی حەیدەر عەبادی ئاشكرای دەكات، عیراق دەستیكردوە بە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2018 و مانگی داهاتوو دەخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران و لە بەیروتی پایتەختی لوبنان پۆلیسی ئینتەرپول وەزیرێكی پێشووی عیراق دەستگیر دەكات كە تۆمەتبارە بە گەندەڵی.
راوێژكاریی دارایی حەیدەر عەبادی ئاشكرای دەكات، عیراق دەستیكردوە بە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2018 و مانگی داهاتوو دەخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە مەنار پرێسی عیراقی راگەیاندوە، وەك پابەندبون بەو رێوشوێنانەی دەستوری عیراق بۆ حكومەتی داناوە، ئامادەكاری بۆ دانانی بودجەی ساڵی 2018ی عیراق دەستیپێكردوە.
ئاماژەشیكردوە، ئامانجی گشتی بودجەی 2018 گرنگیدانە بە داهات و سەرچاوەی دارایی تر جگە لە نەوت بۆئەوەی سەرچاوەكانی داهاتی عیراق جۆراوجۆر بكرێت و ئیتر پابەندی نەوت و نرخی نەوت نەبێت لە بازاڕەكانی جیهاندا.
راشیگەیاندوە، بودجەكە چەندین بەرنامەی بەخشین و قەرزپێدان لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی پێدانی قەرز بە گەنجان و هاندان بۆ كەرتی تایبەت، بەمزوانە تەواو دەبێت و لەمانگی داهاتودا دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردن و پاشان رەوانەكردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
هاوكات، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان پۆلیسی ئینتەرپول وەزیرێكی پێشووی عیراق دەستگیر دەكات كە تۆمەتبارە بە گەندەڵی.
سایتی سۆمەریە نیوز بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی 8-9 پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەیروتی پایتەختی لوبنان وەزیرێكی پێشووی حكومەتی عیراقی دەستگیر كردوە كە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی و پێشتر دادگا كەیسەكەی یەكلایی كردۆتەوە.
سەرچاوەیەك لە لوبنانەوە بەو سایتەی راگەیاندوە، ئەو وەزیرەی پێشووی عیراق كە دەستگیر كراوە، عەبدولفەلاح سودانی وەزیری پێشووی بازرگانییە كە تۆمەتبارە بە گەندەڵی لە گرێبەستەكانی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و چەند ساڵێكە لە عیراق هەڵاتووە و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.
لە لایەكی ترەوە، لە كاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵدا، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری مەككە، ژنە حاجییەكی عیراقی منداڵی دەبێت.
حەسەن فەهد كینانی وتەبێژی تیمی نێردەی عیراق بۆ حەج راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، لە كاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵدا، ژنە حاجییەكی عیراقی بە ناوی زەینەب فەیسەڵ كە خەڵكی پارێزگای بەسرەیە، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری مەككە منداڵی بووە.
كینانی ئاشكرایكردوە، باری تەندروستی منداڵەكە كە ناونراوە كازم و دایكیشی، باری تەندروستیان جێگیرەو لە چەند رۆژی داهاتودا دەگەڕێنرێنەوە بۆ عیراق.
لە لایەكی ترەوە، بەرپرسێكی حكومەتی عیراق كە تاوانی گەندەڵی بەسەریدا ساغبۆتەوە، لە كاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن بەرەو ئێران لە لایەن هێزێكی عیراقییەوە دەستگیر كرا.
بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی نەزاهەی عیراق، رۆژی سێشەممە 5-9 لە دەروازەی سنوریی شەلامجەی سەر بە پارێزگای بەسرەی نێوان عیراق و ئێران، عیسام جەعفەر علێوی بەڕێوەبەری گشتی پێشوی پێداویستی كشتوكاڵی عیراق لەلایەن دەستەیەكی پۆلیسی تایبەتی نەزاهەوە دەستگیر كراوە لەكاتێكدا ویستویەتی عیراق بە جێبهێڵێت و روبكاتە كۆماری ئیسلامی ئێران.
بە پێی راگەیەنراوەكە، ئەو بەرپرسە عیراقییە رۆژی دووشەممە 4-9 لە شاری بەغدا لە دەست پۆلیسی عیراق هەڵاتوەو لەماوەی 24 كاتژمێردا خۆی گەیاندۆتە پارێزگای بەسرە بەو ئومێدەی بەرەو ئێران بەڕێبكەوێت.
ئەو بەرپرسە عیراقییە لەلایەن دادگای نەزاهەوە تاوانبارە بە گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارەو حوكمی دوو ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنراوە.
هەر لەوبارەیەشەوە، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عیراق بڕیاریدا بە خەڵاتكردنی ئەو دەستەیەی پۆلیسی نەزاهە كە ئەو بەرپرسە تاوانبارەیان لەسەر سنوری ئێران دەستگیر كردوە.
هاوكات، لەسەر نوسینی كۆمێنتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا دروستدەبێت و ژنێكی تەمەن 40 ساڵان دەكوژرێت.
مەكسەد عگێلی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە قەزای سوێرەی سەر بە پارێزگای كوتی عیراق بە سۆمەرییە نیوزی راگەیاندوە، لەسەر نوسینی كۆمێنتێك لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، رۆژی سێشەممە 5-9
شەڕ و ئاژاوە لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروست بوە، پاشان پەرەی سەندوەو چەكی تێدا بەكارهاتوە، بەو هۆیەشەوە ژنێكی تەمەن 40 ساڵان كوژراوە.
عگێلی وتوشیەتی: دوای روداوەكە، هێزە ئەمنییەكان چونەتە شوێنی روداوەكەو ئابڵوقەی ناوچەكەیان داوەو بكوژەكەیان دەستگیر كردوە، تەرمی كوژراوەكەش رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP