جووتیارانی پێنجوێن كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەیە
جووتیارانی پێنجوێن كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەیە ‌ 13/9/2017
یەکەی ئابووری
پێنجوێن ناوچەیەكی شاخاوی سنووری پارێزگای سلێمانییەو نزیكە لەسنوورەكانی ئێرانەوە، ئەو ناوچەیە خاوەنی دەشتێكی كشتوكاڵی بەپیتەو ساڵانە بڕێكی زۆری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەو سنوورەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی بەپیتی خاكەكەی‌و ئاو هەواكەیەوە كە ناوچەیەكی كوێستانییە، بەرهەمی ئەم ناوچەیە لەچاو بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكانی دیكەدا جیاوازی زۆریان هەیەو تام و چێژێكی تایبەت تریان هەیە.

هاتنەناوەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان
پێنجوێن خاوەنی ٢٤ هەزارو ٤٥٠ دۆنم زەوی بەراو و روبەری ٥٧ هەزارو ٣٠٣ دۆنم زەوی دێمیەو ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچەیەش لەو زەویە كشتوكاڵیانەدا كار دەكەن‌و ساڵانە بڕێكی زۆری سەوزەو میوە دەخەنە بازاڕەكانەوە.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی قەزاكەش، رووبەری چێنراوی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان ساڵ بەساڵ ‌بەرزتر دەبێتەوە، بەشێوەیەك لە ساڵی ٢٠١٦دا رووبەری ٢٠ هەزار دۆنم زەوی كراوە بە شوتی، تەماتەو خەیار.
ئەوەی جووتیارانی ئەو ناوچەیەی نیگەران كردووەو ساڵانە لەم كاتەدا ئەو نیگەرانیانەیان زیاتر دەكات، ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان‌و هاوكاری نەكردنی لایەنی بەرپرسە بۆ ئەوان، بەجۆرێك لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار خۆپیشاندانیان كردووەو رێگریان لە هاتنەناوەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ئێران كردووە، كە لە سنوورەكەی ئەوان لەمەرزی باشماخەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
چارەسەری ئەو كێشەیە
 بە دوو رێگا دەكرێت
سیروان عومەر كە جوتیار و خاوەنی عەلوەیە لەقەزای پێنجوێن وتی: «كێشەو گرفتەكانی جووتیاران بەشی گەورەی لە ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاراندایە، جگە لەوەی بۆ بەرهەمهێنانی هیچ هاوكارییەك ناكرێن لەلایەن حكومەتەوەو هەندێكجاریش لە هەندێك شوێندا لایەنە پەیوەندیدارەكان كێشەیان بۆ دروست دەكەن لەهێنانی تۆ و دەرماندا، لەكاتی پێگەیشتنی ئەو بەرهەمانەشدا روبەڕووی كێشەی گەورە دەبینەوە لە ساغ كردنەوەیان».
وتیشی: «چارەسەری ئەو كێشەیە بەدوو رێگا دەكرێت، یەكەم داخستنی سنوورەكان لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ و رێگری لە هاوردەكردنی بەرهەمە دەركییەكان لەو وەرزەدا بۆ ساغ كردنەوەی ئەو بەرهەمانەی لەناوخۆدا بەرهەمهێنراوەو بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكات، دووەم، لەناوخۆی عیراقدا رێگە بدرێت بەرهەمی ناوخۆی هەرێم بەبێ گومرگ بگوازرێتەوە بۆ شارەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق‌و كارئاسانیان بۆ بكرێت».
هاوكات عومەر عەبدوڵڵا كە جووتیارێكی ناوچەكەیەو باس لەوە دەكات، رۆژانە بڕێكی زۆر تەماتە لەئێرانەوە بەڕێگەی فەرمی‌و قاچاخ دەهێنرێتە ناوخۆی هەرێم‌و كاریگەری زۆر لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی ئەوان دەكات. ئەو وتی: «رۆژانە بڕێكی زۆر تەماتە دەهێنرێتە ناوەوەو باس لەوە دەكرێت كە گومرگ دەكرێت، بەڵام ئەگەر گومرك بكرێت بە پارەیەكی زیاتر دێت‌و كیلۆی ٥٠٠ دینار دەكەوێت، ئێمە داوا دەكەین یان نەهێنرێت یان گومرگی زیاتری لەسەر دابنرێت».
تۆفیق شەریف دانیشتوویەكی بەتەمەنی ناوچەكەیەو ٧٨ ساڵ تەمەنی كردووە، ئەو كە تائێستاش ساڵانە بڕێكی زۆر تەماتە دەچێنێت لەو ناوچەیە، باس لەوە دەكات ئەو بەرهەمانەی دەیانچێنن خەرجی زۆریان هەیەو لەكاتی پێگەیشتنیان پارەیەكی كەمتر دەكەن‌و كیلۆی ناگاتە ١٥٠ دینار، ئەوەش وای لەو جووتیاران كردووە بڕێكی زۆری بەرهەمەكەیان لەو زەویانە واز لێبهێنن و لە بەر خەرجیەكەی نەیان چننەوە.

تێچوونەكەی دەرناهێنێتەوە
غەریب پێنجوێنی جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ‌و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، لەسەر كێشەو گرفتی جووتیارانی ناوچەكە رایگەیاند: «كێشەو گرفتی گەورەی جووتیارانی ناوچەكە ئەوەیە بڕی تێچووی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان زیاترە و حكومەت‌و وەزارەتی كشتوكاڵ ناتوانێت هاوكاری جووتیاران بكات لە پێدانی دەرمان و تۆ و، ئێستاش كە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ناوچەیە ئەو بەرهەمانە لە بازاڕدا ساغ نابنەوە و پارەیەكی كەم بۆ جووتیاران دەكات كە نرخی تێچوونەكەی دەرناهێنێتەوە».
ئاماژەی بەوەشكرد: سەرەڕای داواكاری جووتیاران، بەڵام تائێستاش تەماتە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی دیكە لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوەش زیانی گەورەی لە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ داوە و رۆژانە زیاتر لە ٧٠ تۆن تەماتە لەو سنوورەوە هاوردە دەكرێتە ناوەوە.
* سەرچاوە: ماڵپەڕی ژووری بازرگانی وپیشەسازیی سلێمانی

باج دەخرێتە سەر هاوردەكردنی تەماتە
بەپێی‌ بڕیارێكی‌ وەزارەتی كشتوكاڵ‌‌و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو باج دەخرێتە سەر هاوردەكردنی تەماتەو بۆ هەر كیلۆیەك بڕی 350 دیناری دەچێتەسەر.
لە نووسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە لەبەر درەنگ پێگەیشتنی‌ بەرهەمی‌ تەماتەی‌ ناوچەكانی‌ شارەزور و باڵەكایەتی‌‌‌و سیدەكان‌‌و لەسەر بنەمای‌ پاراستنی‌ بەرهەمی‌ خۆماڵی‌، بۆ هەر كیلۆیەك تەماتەی هاوردە بڕی 350 دینار باج دادەنرێت‌‌و ئەو بڕیارەش تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو كاری پێدەكرێت‌‌و لەسەرجەرم خاڵە سنوورییەكاندا جێبەجێ دەكرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP