ئابووریی توركیا لە كەناری داڕوخاندایە
«هیچ وڵاتێك ئیرەیی پێ نابات» ئابووریی توركیا لە كەناری داڕوخاندایە ‌ 28/9/2017
ئا: ئەركان جەبار

تادێت بارودۆخی ئابووریی توركیا لە خراپیدایە و بەپێی راپۆرتەكان، لیرەی توركی گەورەترین گورزی بەركەوتووە كە ماوەی چوار مانگە بەو شێوەیە بەهاكەی لەدەستنەداوە. هاوكات بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە بڵاویكردۆتەوە، دەبێت حكومەتی ئەنقەرە لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا، بەشێكی زۆر لە قەرزەكانی بداتەوە كە بڕەكەی 170 ملیار دۆلارەو (84%)یشی بۆ كەرتی تایبەتە.
كۆمپانیای دڵنیایی (Euler Hermes)یش بڵاویكردۆتەوە: توركیا بۆتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە دیاردەی مایەپوچبوون تێیدا زیادیكردوە.

دابەزینی بەهای لیرەی توركی
ماڵپەڕی سكای نیوز بڵاویكردۆتەوە، لیرەی توركی گەورەترین گورزی بەركەوتووە كە ماوەی چوار مانگە بەو شێوەیە بەهاكەی لەدەستنەداوە. بەشێویەك دابەزینی بەهاكەی لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیە گەیشتۆتە (1,7%).
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بە هۆكاری دابەزینی بەهای لیرەی توركی كردوەو روونیكردۆتەوە، بارودۆخی سیاسی ناوچەكەو ئەو پێشهاتە سەربازییانەی كە لەسنووری نێوان توركیاو سوریا و عیراق روو دەدەن، هۆكاری سەرەكین بۆ دابەزینی بەهای دراوی رەسمی توركیا، كە لە چوار مانگی رابردوودا بەو جۆرە نەبووە.

پاشەكشەی ئابووری و قەیرانی سیولە
لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی (زەمان)ی توركی بڵاویكردۆتەوە: بەهۆی پاشەكشەی ئابووریی توركیاوە، بەشێكی زۆر لە فرۆشگاو شوێنە بازرگانییەكانی هەردوو شاری بۆرسەو ئەزمیر داخراون و بازرگانان ترسی لەدەستدانی سەرمایەكانیان هەیە.
رۆژنامەكە نوسیویەتی: «بەهۆی ئەو قەیران و پاشەكشە ئابوورییەی كە توركیای گرتۆتەوە، دەرگای زۆربەی فرۆشگاو شوێنە بازرگانییەكانی ناوچەی (كەمر ئالتی) كە بە شادەماری ئابووریی شاری ئەزمیری خۆرئاوای توركیا دادەنرێت، داخراون». 
پسپۆڕانی ئابوورییش ئاماژە بەوە دەكەن، پاشەكشەی ئابووری توركیا و قەیرانی سیولە و بەرزبوونەوەی بەهای كرێ، هۆكاری سەرەكین بۆ داخستنی دەرگای سەدان شوێنی بازرگانی لەشارەكانی توركیا و بەتایبەت شاری ئەزمیر. ئێستاش هیچ وڵاتێك نییە ئیرەیی بە رەوشی ئابووریی توركیا بەرێت.

بەرزیی نرخی كرێ
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشكردوە، بەشێكی زۆری فرۆشگاكانی جلوبەرگ لەناوچەی (كەمر ئالتی) ناچاربوون داشكانی گەورە بۆ كاڵاكانیان بكەن، بەجۆرێك سێ پانتۆڵی پیاوانە بە 99 لیرە دەفرۆشن و بۆیەكەمجاریش نرخی كراسێكی پیاوان بۆ 15 لیرە دابەزیوە. خاوەن فرۆشگاكانیش روونیانكردۆتەوە، كە ئەم داشكانە بەهۆی كۆتایی وەرزەوە نییە، بەڵكو دەیانەوێت دوكانەكانیان دابخەن و بە پەلە شمكەكانیان بفرۆشن.
خاوەنی چەند فرۆشگایەكی ئەو ناوچە بازرگانییەی شاری ئەزمیر رایانگەیاندوە: هۆكاری داخستنی دەرگای فرۆشگاكانیان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی جوڵەی كڕین و فرۆشتن و پاشەكشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی كرێ كە بۆ تەنها مانگێك گەیشتۆتە بڕی (20 - 30) هەزار لیرە.


لە توركیا مایەپوچبوون 
بۆتە دیاردە
هاوكات لە راپۆرتێكیدا كۆمپانیای دڵنیایی (Euler Hermes) بڵاویكردۆتەوە: توركیا بۆتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە دیاردەی مایەپوچبوون تێیدا زیادیكردوە، بەشێوەیەك تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا مایەپوچبوون (5%) زیادیكردوە. هاوكات چاوەڕوان دەكرێت ژمارەی ئەو كۆمپانیانەی كە مایەپوچبوونی خۆیان رادەگەیەنن بگاتە 13 هەزار كۆمپانیای توركی.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئێستا توركیا لە پلەی شەشەمدایە لە ریزبەندی بەرزترین 43 وڵاتی دونیا كە ئاستی مایەپوچبوون تیاندا بەرزە.

نزیكەی 170 ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە
هەر لەچوارچێوەی بارودۆخی دژواری ئابووریی توركیا، بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە لە راپۆرتێكیدا ئەوەی ئاشكرا كردوە، دەبێت حكومەتی ئەنقەرە لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا، بەشێكی زۆر لە قەرزەكانی بداتەوە كە بڕەكەی 170 ملیار دۆلارەو (84%)یشی بۆ كەرتی تایبەتە.
راپۆرتەكەی بانكی ناوەندیی توركیا روونیكردۆتەوە: كۆی قەرزە دەرەكییەكانی توركیا كە بڕیارە تا ساڵی داهاتوو بیداتەوە، گەیشتۆتە بڕی 170 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار، ئەمە جگە لەو قەرزانەی كە كورتخایەنن و دەبێت لەداهاتوویەكی نزیكدا بیداتەوە.

تەنیا لەمساڵدا، دیاردەی مایەپوچبوون لە توركیا (5%) زیادیكردوە. چاوەڕوانیش دەكرێت ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی كە مایەپوچبوونی خۆیان رابگەیەنن، بگاتە 13 هەزار كۆمپانیای توركی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP