شاری زیرەك.. هەنگاونان و پێداویستییەكانی
شاری زیرەك.. هەنگاونان و پێداویستییەكانی ‌ فه‌یسه‌ڵ عه‌لی‌ 4/10/2017
شار، كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونە، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی لە 50 هەزار كەس كەمتر نەبێت، چڕی دانیشتوانەكەیشی لە ١٥٠٠ كەس بۆ یەك كیلۆمەتر كەمتر نەبێت. لەسەر بنچینەی ئەم پێناسەیە، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی شارەكان لە جیهان نزیكەی (٥٠%)ی كۆی دانیشتوان پێكدێنێت. ئەم رێژەیە روو لە زیادبوونە، پێشبینی دەكرێت ساڵی ٢٠٣٠ بۆ (٦٠%) بەرزبێتەوە و لە ٢٠٥٠ بگاتە (٦٧%).

ژینگەی شارەكان و گەڕەكە هەژار نیشینەكان
شار بە بەراورد بە گوند، میزەی تایبەتی خۆی هەیە، لێرەدا سێ لە گرنگترین ئەو میزانە باس دەكرێت، یەكەمیان، شار زۆربەی چالاكییە ئابووری و كلتوری و مەعریفەییەكان بە بەراورد بە گوند تێیدا ئەنجام دەدرێت. دووەمیان، سەنتەری سەرەكی هەموو فەرمانگە و خزمەتگوزارییە هەمەچەشنەكان، بە حكومی و غەیرە حكومییەوە دەكەونە شارەكان. سێیەمیشیان، چڕی كۆبونەوەی دانیشتووان لە ناوچەیەكی سنوردار كەفائەتی كار و چالاكییە هەمەجۆرەكانی بازرگانی و خزمەتگوزاریی تیدا زیاد دەكات. ئەم سێ میزەیە پێگەی بەرپرسیارێتیی ئیدارەدانی گەشەپێدانی و ئاراستەكردنی بە ناوچەكانی دەوروبەریشییەوە دەخاتە ئەستۆ.
هاوكات ئەو میزانەی شار، كیشەشی بۆ دروست دەكات، كە پێویستیان بە چارەسەر هەیە. لەم چوارچێوەیەدا دوو كێشەی سەرەكی باس دەكرێت، یەكەمیان، ژینگەی شارەكان بە بەراورد بە گوندەكان بەهۆی چڕی دانیشتوان و پێداویستییەكانیان دووچاری پیسبوون دەبنەوە. كێشەی دووەمیان، دیاردەی گەڕەكە هەڕەمەكییە هەژار نیشینەكانە، كە لەبەر چەندین هۆكار لە كەنار شارەكان گەشە دەكەن، دەبنە سەرچاوەی دروستبوونی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی، كە پێویستییان بە چارەسەری گونجاو هەیە.

خزمەتگوزارییەكان چالاكتر پێشكەشی دانیشتوان بكرێت
سەرباری ئەو دوو كێشە سەرەكییە، شارەكان بەدەست كێشەیەكی گرنگیی ترەوە دەناڵێنن، كە پەیوەندیی بە پەیكەربەندی حەوكەمە و رێوشوێنەكانی شارەوە هەیە، ئەم كێشەیەش لەمەدا كورت دەبێتەوە، كە چالاكییە سەرەكییەكانی شارەكان وەك خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندروستی و كۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون و گواستنەوە و وزە و ژینگە و ئەوانیتر، چالاكییەكان پێكەوە گرێدراو نین و لێكتر دابڕاون، هەرچەند هەموویان سودەكەیان بۆ دانیشتوانی شارەكانە. لەسەر ئەم بنەمایە پەیمانگای بریتانیا بۆ پێوەرەكان (BSI) پێشنیاری ئەوە دەكات، پەیكەربەندی بۆ حەوكەمە دابنرێت بۆ ئەوەی ئەو دابرانە نەهێڵرێت و خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی چالاكتر و كاراتر پێشكەشی دانیشتوان بكرێت.
بەهۆی گرنگیی و زەرورەتی باش ئیدارەدانی شارەكان، جیهان ئاراستەیەكی نوی بۆ پەرەپێدانی شارەكان و بەردەوامبوونی لە ژێر ناوی (شاری زیرەك) بەخۆوە دەبینێت. رێكخراوە نێودەوڵەتی و نیشتمانییە تایبەتمەند بە پێوەر، كار لەسەر داڕشتنی ئەو پێوەرانە دەكەن كە شارەكان زیرەك بكەن. لەو رێكخراوانەی لەم بوارانەدا كار دەكەن، یەكیتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیكردن (ITU)، رێكخراوی نێودەوڵەتیی پێوەرەكان (ISO)، پەیمانگای بریتانیا بۆ پێوەرەكان (BSI).
 
یەكێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیكردن، شاری زیرەك بەم جۆرە پێناسە دەكات:
شاری زیرەكی بەردەوام، شاریكی داهێنەرانەیە، تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندی بەكاردەهێنێت، وێڕای ئامرازەكانی تری تەكنەلۆجیا، تاوەكو كوالێتی ژیان تێیدا باشتر بێت، پەرە بە كەفائەتی كار و خزمەتگوزارییەكانی شار دەدات، توانای كێبڕكێی زیاتر دەكات، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر دابینكردن پێداویستییە ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژینگە و كلتورییەكانی نەوەی ئێستا و نەوەكانی داهاتوو.
لەم پێناسەیەدا، تێبینی ئەوە دەكرێت، كە پێگەی سەرەكی بیرۆكەی شاری زیرەك لەسەر بەردەوامیدانە، ئەم پێناسەیە لە دوو پرسی گرنگدا لەگەل پێناسەی بەردەوامییداندا دێتەوە، یەكەمیان، شاری زیرەك تەنیا جەخت لەسەر دابینكردنی پێداویستییەكانی نەوەی ئێستا ناكاتەوە، بەڵكو گرنگی بە پێداویستیی نەوەكانی داهاتوو دەدات. پرسی دووەمیان، شاری زیرەك جەخت لەسەر سی پێگە سەرەكییەكەی گەشەپێدانی بەردەوام دەكاتەوە، كە ئەوانیش، ئابووری و كۆمەڵگە و ژینگەیە، پێناسەی شاری زیرەك پێگەیەكی تریشی بۆ زیاد دەكات، ئەویش كلتورە.

رێكخراوی نێودەوڵەتیی پێوەرەكان لە پێناسەكردنی شاری زیرەكدا وێنایەكی وردتری تەكنەلۆجیای خزمەتگوزاریی شاری زیرەك دەكات، كە ئەمەیە:
شاری زیرەك، سامپڵێكی نوێیە لەسەر نەوەی نوێی تەكنەلۆجیای زانیاری پراكتیزە دەبێت، وەك ئەنتەرنێت، داتا گەورەكان، تەواوكاریی جوگرافیی زانیارییەكان، ئەم سامپڵە لە پلانی شارەكان ئاسانكاریی بۆ بونیاتنان و ئیدارەدان و پراكتیزەكردنی خزمەتگوزارییە زیرەكەكانی دەكات، سودی بۆ گونجاندنی زەمەنی گەشەپێدان، پیشەسازییكردن و رێكخستنی زانیاری و بونیادی مەدەنی و نوێكردنەوەی كشتوكاڵ و بەردەوامی پەرەپێدانی شار دەبێت.
پەیمانگای بریتانیا بۆ پێوەرەكان، لە خستنەڕووی بابەتی شاری زیرەكدا دوو كۆمێنتی پڕ بایەخی هەیە، یەكەمیان دەڵێ، لە شاری زیرەك سیستمەكانی مادی و دیجیتاڵی و مرۆیی تەواوكاریی یەكتر دەبن لە چوارچێوەی ژینگەیەكدا كە ئایندەیەكی گەش و بەردەوام بۆ دانیشتوانەكەی دەستەبەر دەكات. دووەمیان دەڵی. زیرەكی شار بە تەكنەلۆجیاوە گرێ نەدراوە، بەڵكو بە ئاستی كوالێتی بەكارهێنانی ئەو تەكنەلۆجیایەوە پەیوەستە، ئەوەش لە چوارچێوەی ژینگەیەكی تەواوكاردایە كە دەبێتە یارمەتیدەری شار تاوەكو ئەركەكانی بە شێوەیەكی كارا جێبەجێ بكات.
دەرئەنجامی ئەو دوو كۆمێنتە، دەری دەخات، كە ئامانجی شاری زیرەك هێنانەدی خۆشگوزەرانییە بۆ دانیشتوان، هەروەها بەردەوامی پێدانییەتی. ئەمەش دەكرێ لە میانی كۆمەڵێك سیستمی مادی و دیجیتاڵی و مرۆیی جێبەجێ بكرێت، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی ژینگەیەكی تەواوكاردا بێت. دەستەبەركردنی فعلی ئەم شاری زیرەك لەسەر ئەرزی واقیع، بەندە بە میكانیزمەكانی حەوكەمە و باش بەكارهێنانی سیستمەكان و سود لێوەرگرتنیانەوە. ئەوەش بە دانیشتوانی شاری زیرەكەوە پەیوەستە، چونكە زیرەكی هەر یەك لە سیستم و ژینگەی تەواوكار و حەوكەمە بەس نییە بۆ شاری زیرەك، بەڵكو پێویستی بە زیرەكی مرۆڤەكانی ناو ئەو شارەوە هەیە.

ژینگە و كۆمەڵگە و ئابووری
شاری زیرەك یەك ئامانجی جیگیری نییە كە دەكرێ پێی بگەین و یارییەكە كۆتایی بێت، بەڵكو ئامانجێكی نوێبووەوەی هەیە كاتێك لێی نزیك دەبیتەوە ئەو لێت دوور دەكەوێتەوە. ئەو تەكنەلۆجیا دیجیتاڵی و غەیرە دیجیتاڵییەی شاری زیرەك پێویستی پێی دەبێت لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە، ئەوەش دەبێتە هۆی نوێبوونەوەی توانای سیستم و ئەو پێدراوانەی پێشكەشی دەكات. هەروەها بیرۆكەكانی حەوكەمە و ئیدارە و میكانیزمەكانی و شێوازەكانی بەكارهێنان و سودوەرگرتن لەو سیستمانە لە پەرەسەندنی بەردەوامدان.
بۆ بونیاتنانی شاری زیرەك دەبی بە بەردەوامی بایەخ بە سێ پێگە سەرەكییەكەی گەشەپێدانی بەردەوام بدرێت، كە ئەوانیش، ژینگە و كۆمەڵگە و ئابووریین، وێڕای كلتور كە پێگەیەكی سەرەكیی پەیوەست بە مرۆڤی بەرپرسە لە بونیاتنانی شاری زیرەك و پەرەپێدان و بەردەوام بەكارهێنانی تاوەكو بتوانێ بە باشترین شێوە سودی لێ وەربگرێت.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP