رالی داكار هه‌فته‌یه‌كی سه‌ختی تێپه‌ڕاند
رالی داكار هه‌فته‌یه‌كی سه‌ختی تێپه‌ڕاند ‌ 10/1/2017
رالی داكار دیارترین پێشبڕكێكانی سه‌ر رێگای خۆڵه‌ كه‌ رۆژی 2 شه‌ممه‌ی‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ پاراگوای ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ئه‌م پێشبڕكێیه‌ له‌م ساڵدا ده‌ستپێكێكی خراپی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كشانه‌وه‌ی‌ چه‌ند شۆفێرێكی دیاری هاوشێوه‌ی ناسر بن عه‌تیه‌ و كارلۆس ساینز و خراپی كه‌ش و هه‌وا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ قۆناغی شه‌شه‌م له‌به‌رنامه‌ی‌ پێشبڕكێكه‌ لابرا.
خراپی كه‌ش و هه‌وای بۆلیڤیا بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ قۆناغی پێنجه‌می پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ ماوه‌كه‌ی‌ كه‌م بكرێته‌وه‌، به‌هۆی به‌رده‌وام بوونی بارانیش بۆ ماوه‌ی‌ 12 سه‌عات به‌بێ وه‌ستان رێكخه‌رانی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ به‌ناچاری قۆناغی شه‌شه‌میان لابرد، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ قوڵی قوڕ له‌و ناوچه‌یه‌ گه‌یشته‌ 20 سانتیمه‌تر.
باران بارین كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر كامپی شۆفێران و رۆژنامه‌نووسانیش كه‌ شوێنی مانه‌وه‌یان وه‌كو پێویست نه‌بووه‌، وه‌كو خۆشیان رایانگه‌یاندوه‌ له‌ژیانیاندا بارانی هاوشێوه‌یان نه‌بینیوه‌، به‌رپرسانی فه‌رمانگه‌ی‌ كه‌ش و هه‌وای ئه‌و وڵاته‌ش دوپاتیان كردۆته‌وه‌ ئه‌و بارانه‌ 2 رۆژی تریش به‌رده‌وام ده‌بێت.
ستیفان پیته‌رهانسلی فه‌ره‌نسی كه‌ 12 نازناوی رالی داكاری بردۆته‌وه‌ (6 له‌ ماتۆڕ و 6 له‌ ئۆتۆمبێل) سه‌باره‌ت به‌ پێشبڕكێكه‌ وتی: 2 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ بۆلیڤیا باران باری و ساڵی رابردووش به‌هۆی گه‌رماوه‌ بێزاربووین، كه‌چی ئه‌مساڵ به‌هۆی بارانه‌وه‌ پێشبڕكێكه‌ به‌باشی به‌ڕێوه‌ناچێت.
وتیشی: نازانم پێشبڕكێكه‌ چۆن به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات له‌ كاره‌ساته‌وه‌ نزیكه‌.
رێكخه‌رانی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ش قۆناغی شه‌شه‌میان لابرد كه‌ له‌نێوان ئۆورۆو لاپاز بوو له‌ بۆلیڤیاو ماوه‌ی‌ پێشبڕكێكه‌ش 786 كیلۆمه‌تر بوو، رۆژی هه‌ینی رابردووش ته‌نیا 219 كیلۆمه‌تری قۆناغی پێنجه‌م به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا ماوه‌ی‌ پێشبڕكێكه‌ 692 كیلۆمه‌تر بوو.
كه‌ش و هه‌وا ته‌نیا كێشه‌ی رالی داكار نییه‌ له‌مساڵدا، له‌ رۆژه‌كانی ده‌ستپێكی پێشبڕكێكه‌دا بن عه‌تیه‌ی پاڵه‌وانی 2011 و 2015 پاشه‌كشه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كێشه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ دا، دواتریش ساینزی پاڵه‌وانی 2010 به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ كه‌ جۆری بیجۆیه‌ له‌قۆناغی چواره‌م پاشه‌كشه‌ی كرد.
له‌سه‌ر ئاستی ماتۆڕسواریش تۆبی برایسی خاوه‌ن نازناوی وه‌رزی رابردوو پاشه‌كشه‌ی كرد كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ش له‌پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی بوو.
له‌سه‌ر ئاستی ئۆتۆمبێل تا ئێستا پیته‌ر هانسل به‌ 14 سه‌عات و 2 ده‌قیقه‌و 58 سانیه‌ له‌پێشه‌نگی دایه‌و به‌جیاوازی ده‌قیقه‌یه‌ك و 9 سانیه‌ له‌ پێش سوباستیان لۆبه‌.
له‌ ماتۆڕسواریشدا سام سه‌نده‌رلاندی به‌ریتانی كه‌ له‌ تیپی كا تی ئێم-ه‌ به‌ 15 سه‌عات و 22 ده‌قیقه‌و 5 سانیه‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی گرتووه‌و به‌جیاوازی 12 ده‌قیقه‌ش له‌پێش پابلۆ كوینتانیای چیلی-یه‌وه‌یه‌.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین پێشبڕكێكه‌ كه‌ 2ی ئه‌م مانگه‌ به‌به‌شداری 318 شۆفێر ده‌ستی پێكرد تا رۆژی 14ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ پێشبڕكێی ئه‌مساڵ قورسترینه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ پێشبڕكێكه‌ له‌ به‌رزایی زیاتر له‌ 3هه‌زار مه‌تر له‌سه‌ر ئاستی روی ده‌ریا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7228
30/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌رازیل یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیالی روسیایه‌ 30/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامه‌ 30/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP