ئاهه‌نگی ساڵانه‌ی فیفا
ئاهه‌نگی ساڵانه‌ی فیفا ‌ 11/1/2017
ئیسماعیل مه‌حمود
شه‌وی دووشه‌ممه‌ی رابردوو له‌شاری زیورخی سویسرا ئاهه‌نگی ساڵانه‌ی یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ (فیفا) رێكخراو خه‌ڵاته‌كانی فیفا بۆ باشترینه‌كانی ساڵی 2016 دابه‌شكران.

ته‌واوی خه‌ڵاته‌كان
سه‌ره‌تا براوه‌ی خه‌ڵاته‌كان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ بوون:
*باشترین یاریزان-كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید و هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال.
*باشترین یاریزانی كچ-كارلی لۆید یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا.
*باشترین راهێنه‌ر-كلاودیۆ رانێری ئیتاڵی و راهێنه‌ی یانه‌ی لێسته‌ر سیتی.
*باشترین راهێنه‌ری ژن-سیلڤا نایدی راهێنه‌ری تیپی كچانی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئه‌ڵمانیا.
*جوانترین گۆڵ-گۆڵی یاریزانی مالیزی محه‌مه‌د فایز سه‌بری.
*خه‌ڵاتی گیانی وه‌رزشی-بۆ یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ ناسیۆنالی كۆڵۆمبی كه‌ خه‌ڵاتی پاڵه‌وانی سود ئه‌مریكانای به‌خشی به‌یانه‌ كاره‌ساتباره‌كه‌ی چابیكوینسی به‌رازیلی.
*خه‌ڵاتی باشترین كاروانی وه‌رزشی-فالكاوی به‌رازیلی یاریزانی تیپی فوتساڵی ئه‌و وڵاته‌.
*خه‌ڵاتی هانده‌رانی نموونه‌یی-بۆ هه‌ردوو هانده‌رانی یانه‌كانی بروسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانی و لیڤه‌رپوڵی ئینگلیزی.
*تیپی نموونه‌یی جیهان(مانۆێل نۆیەر-گۆڵچی، سیرجیۆ رامۆس و پكێ و دانی ئالڤێس و مارسیلۆ-به‌رگریكاران، مۆدریج و ئینێستاو تۆنی كروس- یاریزانانی هێڵی ناوه‌ند، میسی و سوارێز و كریستیانۆ رۆناڵدۆ-یاریزانانی هێڵی هێرشبه‌ر.

بایكۆتی بارسیلۆنا
سه‌ره‌تا زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و لێپرسراوانی فیفاو ته‌نانه‌ت میوانه‌كانی ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ دوا ساتی ئاهه‌نگه‌كه‌دا توشی شۆك بوون به‌وه‌ی یانه‌ی بارسیلۆنا كه‌ یاریزانانی له‌تیپی نموونه‌ی جیهاندابووه‌و میسیش تا دوا سات پاڵێوراو بوو بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باشترین یاریزان به‌ به‌یانێكی ره‌سمی و لێدوانێكی ئینێستا داوای لێبووردنیان له‌ ئاماده‌بوون كرد.
وه‌ك له‌روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌و یانه‌یه‌دا هاتووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ یارییه‌كی گرنگیان له‌ جامی شای ئیسپانیا هه‌یه‌ ناتوانن به‌شداریی ئاهه‌نگه‌كه‌ بكه‌ن.
زۆرێك له‌وانه‌ی له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ شیكارییان بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون بایكۆتی بارسیلۆنا هۆكاری تری هه‌یه‌ و شتی تر له‌پشت په‌رده‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌مووشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێك بوون كه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌و بایكۆته‌ جوانی زۆری له‌ده‌ستدابوو.

بانێكه‌و دوو هه‌وا
ئه‌وه‌ی له‌م ئاهه‌نگه‌و دیارییكردنی باشترینه‌كاندا جێگه‌ی سه‌رنج بوو ئه‌وه‌بوو بانێكه‌و دوو هه‌واو نا مه‌نتیقی له‌ زۆربه‌ی دیارییكردنه‌كاندا هه‌بووه‌.
یه‌كه‌مینیان ئه‌وه‌بوو ئه‌نتوان گریزمانی یایزانی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نساو یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید له‌گه‌ڵ میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ سێ یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بوو بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهان، به‌ڵام له‌ پێكهاته‌ی باشترین یاریزانی جیهاندا ناوی نه‌هاتبوو.
یه‌كێكی تر له‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵییه‌كان ئه‌وه‌بوو بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باشترین یاریزان چ كچان و چ كوڕان به‌رز كردنه‌وه‌ی جام و بردنه‌وه‌ی نازناو كرابووه‌ پێوه‌ر، بۆیه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ هڵبژێردراو هه‌موو لایه‌ك ئه‌مه‌یان دووپات ئه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام بۆ باشترین راهێنه‌ر ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ بووبووه‌وه‌ به‌وه‌ی نه‌ده‌بوو به‌و پێوه‌ره‌ رانێری بێته‌ باشترین راهێنه‌ر، ده‌بوو یه‌كه‌م زیدان بووایه‌، چونكه‌ جامی چامپیۆنس لیگی ئه‌وروپاو سوپه‌ری ئه‌وروپاو مۆندیالی یانه‌كانیشی به‌رز كردۆته‌وه‌، به‌ڵام رانێری ته‌نیا خاوه‌نی جامی پیمه‌ر لیگه‌، یان ده‌بوایه‌ فرناندۆ سانتۆسی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال بوایه‌ كه‌ ئه‌م جامی یۆرۆی به‌رز كردۆته‌وه‌ كه‌ زۆر جامێكی گرنگ و به‌نرختره‌ له‌ جامی پریمه‌ر لیگ.
كلاسیكۆ
یه‌كێكی تر له‌ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌ستنیشانكردنی تیپی نموونه‌یی فیفاو جیهان ئه‌وه‌ بوو 10 یاریزانی بارساو ریاڵ كه‌پێنجیان له‌ بارساو پێنجی تریان له‌ڕیاڵ بوون كۆنترۆڵی تیپه‌كه‌یان كردو ته‌نیا نۆیەری گۆڵچی ئه‌ڵمانیاو یانه‌ی بایرن مونشن له‌تیپه‌كه‌دابووه‌.
ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ تائه‌م ساته‌ش هه‌ردوو یانه‌ی بارسیلۆنا باشترین و به‌هێزترین دوو یانه‌ی جیهانن و لا لیگاش به‌وه‌ ترۆپك پێشه‌نگی سه‌رجه‌م خوله‌كانی تری گرتووه‌.
موجامه‌له‌ی خوله‌كانی تر
ئه‌گه‌ر به‌پێی خه‌ڵاته‌كانی ئه‌م ئاهه‌نگه‌ش پێوانه‌ بۆ خوله‌كانی تری ئه‌وروپا بكه‌ین، ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لا لیگا زۆربه‌ی خه‌ڵاته‌كانی ده‌برده‌وه‌، به‌ڵام بۆ موجامه‌له‌ یاریی به‌ چه‌ند ئه‌نجامێك كراوه‌ ئه‌وه‌ش بۆ دڵنه‌وایی خوله‌كانی تر.
هه‌ربۆ نموونه‌ وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ باسمانكرد ده‌بوو زیدان باشترین راهێنه‌ر بوایه‌ به‌پێی ئه‌نجام و ئه‌و جامانه‌ی به‌رزیكردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ رانێری دیاری ده‌كرێت، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ موجامه‌له‌ی پریمه‌ر لیگ، له‌هه‌مان كاتیشدا كوشتنی دوو چۆله‌كه‌یه‌ به‌به‌ردێك، یه‌كه‌م وه‌ك وتمان ناوی پریمه‌ر لیگ به‌مه‌ هاته‌ ناو ناوان، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ رانێری ئیتالییه‌و ئه‌مه‌ش ناوی تۆپی پێی ئیتالیاشی هێناوه‌ته‌ ناو باشترینه‌كانه‌وه‌.
غیابی پریمه‌ر لیگ
ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵاته‌كاندا بگه‌ڕێن ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی خولی نایابی یانه‌كانی ئینگلته‌را (پریمه‌ر لیگ) ئه‌گه‌ر موجامه‌لات نه‌بوایه‌ كه‌ رانێری به‌باشترین راهێنه‌رو هانده‌رانی لیڤه‌رپوڵیش خرانه‌ پاڵ هانده‌رانی دۆرتمۆند، ئه‌وا ناوی له‌كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا نه‌ده‌بوو.
پریمه‌ر لیگ هه‌میشه‌ به‌خوله‌ به‌هێز و پڕ ململانێ و سه‌خته‌كه‌ی ئه‌وروپاو جیهان داده‌نرێت، به‌ڵام یه‌ك یاریزانی له‌ پێكهاته‌ی باشترین یاریزانی جیهاندا نه‌بوو، یه‌ك یاریزانی له‌ سێ پاڵێوراوه‌كه‌ی باشترین یاریزاندا نه‌بوو، ته‌نانه‌ت یه‌ك گۆڵی ئه‌م خوله‌ و دوو خولی جامی ئه‌و وڵاته‌ بۆ جوانتین گۆڵی ساڵ دیاریی نه‌كرا و گۆڵی یاریزانی مالیزی محه‌مه‌د فایز سه‌بری بوو.
کۆتایی
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێین ره‌نگه‌ ئه‌م بۆچوونانه‌ی ئێمه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بێت ئه‌مه‌ به‌ده‌نگدان بووه‌و كه‌س ناتوانێت له‌و جۆره‌ پرۆسانه‌دا گزی و ده‌ستكاری ئه‌نجام بكات، منیش ده‌ڵێم ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ تاڕاده‌یه‌ك راست بێت، به‌ڵام بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت یاریی به‌ ئه‌نجامی زۆر شت كراوه‌و مجامه‌لات رۆڵی هه‌بووه‌ تا سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كان ئاماده‌بوونیان هه‌بێت، به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ سیپ پلاته‌ری سه‌رۆكی پێشووی فیفا خۆی دانی به‌ودا ناوه‌ له‌قورعه‌كاندا یاریی به‌ ئه‌نجام كراوه‌وه‌ باسی ئه‌وی كرد كه‌ تۆپه‌ ساردو گه‌رمه‌كان له‌و رووه‌وه‌ رۆڵیان هه‌بووه‌.
لێره‌ش نیوه‌ی ده‌نگدان هی خه‌ڵك و رۆژنامەنوسان بووه‌و نیوه‌كه‌ی تریش هی راهێنه‌ران و كاپتنی هه‌ڵبژارده‌كان بووه‌، تۆ بیڵێی بۆ یاریی كردن به‌ئه‌نجامی ئه‌م جۆره‌ پرۆسانه‌، یاریی كردن به‌تۆپی قورعه‌كان قورستر بێت یان دوو جۆر ده‌نگدانی نهێنی؟


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7223
20/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سلێمانی كه‌وته‌ داوی یه‌كسانبوونه‌وه‌ 19/3/2017
‌ ناپۆلی و مێرتینز گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن 19/3/2017
زانست
‌ پیاوان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌موچاویان ده‌شۆن 15/3/2017
‌ دانیماركیش پشت بە ئاشی با ده‌به‌ستێت 15/3/2017
‌ چه‌ند گیراوه‌یه‌كی سروشتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی پێست به‌هۆی زه‌یتی كونجیه‌وه‌ 15/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP