كۆنتی چۆن گره‌وه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌؟
كۆنتی vs راهێنه‌ره‌كانی پریمه‌رلیگ كۆنتی چۆن گره‌وه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌؟ ‌ 17/5/2017
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ چێڵسی نازناوی قورسترین خولی جیهانی برده‌وه‌ كه‌ خولی ئینگلته‌رایه‌، زۆرێك پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆچی ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی زۆر به‌ خێرایی له‌گه‌ڵ كه‌شی خولی ئینگلته‌را رابێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ستپێكه‌ خراپه‌كه‌ی‌ له‌و خوله‌دا، یاخود بۆچی كۆنتی هاوشێوه‌ی پیپ گواردیۆلاو خۆزێ مۆرینیۆ و یۆرگن كلوپ له‌م وه‌رزه‌دا نه‌یناڵاند.
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش ئه‌وه‌یه‌ كۆنتی خاوه‌نی هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی ده‌رونی و هونه‌ریه‌ كه‌ هه‌موو شته‌كانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و یه‌كلایی كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا ركابه‌ری به‌هێزی و گوشاری ده‌رونی و زۆرینه‌ی‌ ركابه‌ره‌كان وای له‌ هه‌مووان كرد پریمه‌رلیگی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ قورسترین پریمه‌رلیگ له‌مێژووی خوله‌كه‌ ناو ببه‌ن.
لێره‌دا به‌راوردێكی ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ری چێڵسی و دیارترین راهێنه‌كانی پریمه‌رلیگ ده‌كه‌ین كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا ركابه‌ریان له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ ده‌كرد، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ پیشانی بده‌ین ئه‌و راهێنه‌ره‌ چۆن و به‌ چ شێوازێك توانی باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر دیارترین راهێنه‌ره‌كانی پریمه‌رلیگ بسه‌پێنێت.

كۆنتی vs ڤینگه‌ر 
ویست و گیانی بردنه‌وه‌ له‌لای كۆنتی به‌راورد به‌ ڤینگه‌ر زیاتر بوو، هه‌رچه‌نده‌ ڤینگه‌ر خاوه‌نی مێژوویه‌كی دوورو درێژه‌ له‌ یاریگاكانی ئینگلته‌راو له‌ یاری چونیش توانی بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر چێڵسی تۆمار بكات، به‌ڵام كۆنتی خاوه‌نی گیانێكی جه‌نگاوه‌رانه‌یه‌ كه‌ وای لێده‌كات هه‌رگیز چۆك دانه‌دات و هه‌میشه‌ به‌دوای رێگه‌یه‌كدا بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ یانه‌كه‌ی‌ باشتر بكات و به‌دوای بردنه‌وه‌دا بگه‌ڕێت.
كۆنتی سه‌ركه‌وتووانه‌ توانی ئه‌و یاریزانانه‌ی‌ وه‌رزی رابردوو پله‌ی ده‌یه‌میان به‌ده‌ستهێنا، ئه‌م وه‌رزه‌ بیانگۆڕی بۆ تیپێك كه‌ ئه‌قڵیه‌تی بردنه‌وه‌یان هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای سه‌ره‌تا خراپه‌كه‌یان بۆ نازناوه‌كه‌ جه‌نگان و هه‌ر له‌ هه‌فته‌كانی سه‌ره‌تاوه‌ به‌رگی پاڵه‌وانیان پۆشی و به‌و كه‌سایه‌تیه‌وه‌ یارییان كرد.
 كۆنتی vs  مۆرینیۆ 
له‌به‌رارودی نێوان كۆنتی و مۆرینۆدا زیره‌كی و خاكی بوون جیاوازی دروست ده‌كات، كۆنتی له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ مۆرینیۆ شكستی تیادا هێنابوو ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی‌ یاریزانه‌كانی چێڵسی بوو، به‌جۆرێك توانی یاریزانه‌كانی ده‌سته‌مۆ بكات و تواناكانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌كه‌ بخاته‌ كار و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ توانیان وه‌رزێكی نموونه‌یی پێشكه‌ش بكه‌ن له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ هازارد و كۆستا.
 كۆنتی vs گواردیۆلا 
جیاوازی كۆنتی و گواردیۆلا نه‌رم و نیانییه‌ كه‌ كۆنتی خاوه‌نیه‌تی، ئه‌مه‌ش وای له‌و راهێنه‌ره‌ كرد بیری خۆی بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ پلانه‌ ته‌كتییه‌كانی بگۆڕێت به‌ جۆرێك كاتێك یانه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌تای وه‌رز خراپبوو شێوازی یاریكردنی گۆڕانكاری تیایدا كرد به‌تایبه‌تی كاتێك گه‌یشته‌ ئه‌و راستییه‌ی یاریزانه‌كانی توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ بیرۆكه‌كانی جێ به‌جێ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ پیپ گواردیۆلا كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نه‌بوو ده‌ستبه‌رداری بیرۆكه‌كانی و شێوازی یاریكردنی بێت، بۆیه‌ باجی ئه‌وه‌ی دا.
 کۆنتی vs كلۆپ 
جیاوازی كۆنتی و كلۆپ هاوسه‌نگی له‌ ئاست و رێكخراوی هێڵی به‌رگریدایه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ كۆنتی ئیتاڵییه‌ و له‌ ته‌كتیكدا به‌رگریكردن له‌لای ئه‌و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێت، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ كلۆپه‌وه‌ كه‌ گرنگترین شت لای ئه‌و هێرشبردنه‌ به‌ جۆرێك له‌ میركاتۆدا بیری له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ به‌رگریكاری ئاست به‌رز بهێنێته‌ ریزه‌كانی، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ یانه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر گۆڵی لێبكرێت و نه‌توانێت ركابه‌ری نازناوه‌كه‌ بكات.
 كۆنتی  vs  بۆچیتینیۆ 
له‌نێوان كۆنتی و بۆچیتینیۆی راهێنه‌ری تۆتنهام ئه‌زمون دیارترین ناونیشان بوو، هه‌رچه‌نده‌ مێژووی بۆچیتینیۆ له‌خولی ئینگلته‌را درێژتره‌، به‌ڵام ئه‌زمونی كۆنتی له‌ جیهانی راهێناندا به‌هێزتره‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی ركابه‌ری كردن كه‌ كۆنتی له‌گه‌ڵ یۆڤانتۆس و هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئیتاڵیا چه‌ندین یاریی پڕ ركابه‌ری به‌هێزی بینیوه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپاو جیهانیش.
له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌زمونی یاریزانانی چێڵسی رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌وه‌ی‌ له‌ كۆتاییدا باڵاده‌ستی خۆیان بنوێنن به‌رامبه‌ر به‌ كه‌م ئه‌زمونی یاریزانه‌ لاوه‌كانی تۆتنهام، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ یاریزانانی هه‌ردوو لا له‌ڕووی توانای هونه‌ریه‌وه‌ له‌یه‌كه‌وه‌ نزیك بوون.
له‌ كۆتاییشدا هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی‌ كۆنتی هه‌یه‌تی خاڵی لاوازی یه‌كێك له‌ ركابه‌ره‌كانی بوون، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ له‌ كۆتاییدا ده‌رگای سه‌ركه‌وتن به‌ڕووی كۆنتی دا بكرێته‌وه‌و له‌یه‌كه‌م وه‌رزدا له‌ پریمه‌رلیگ جامی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ به‌رز بكاته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP