له‌ كلینیكسه‌كه‌ی ریكساشه‌وە بۆ تیشێرته‌که‌ی بیرنابیۆ
له‌ كلینیكسه‌كه‌ی ریكساشه‌وە بۆ تیشێرته‌که‌ی بیرنابیۆ ‌ 12/7/2017
دواجار و پاش چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆرو ده‌یان و بگره‌ سه‌دان هه‌واڵی دژ به‌یه‌كتر، لیۆنێل میسی هێرشبه‌رو یاریزانی ئه‌فسانه‌یی یانه‌ی بارسیلۆناو جیهان بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی نوێكرده‌وه‌.

بۆنده‌كه‌
یانه‌ی بارسیلۆنا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ره‌سمیدا بڵاویكردۆته‌وه‌: میسی بۆنده‌كه‌ی تا ساڵی 2021 ده‌بێت و به‌رامبه‌ر بڕی موچه‌ی 32 ملیۆن یۆریه‌ له‌ ساڵێكدا.
وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌ ره‌سمییه‌كه‌ی یانه‌ی ناوبراودا هاتووه‌، هه‌رپاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ مانگی هه‌نگوینی، به‌ره‌سمیش بۆنده‌كه‌ له‌گه‌ڵ بارتۆمیۆی سه‌رۆكی یانه‌  ئیمزا ده‌كات.
ئه‌مه‌ حه‌وته‌مین جاره‌ یانه‌ی بارسیلۆنا بۆندی ئه‌م یاریزانه‌ نوێده‌كاته‌وه‌، له‌سه‌رده‌می سێ سه‌رۆكی ئه‌م یانه‌یه‌دا(خوان لاپۆرتاو ساندرۆ رۆسێل و ماریۆ بارتۆمیۆ) ئه‌مه‌ حه‌وته‌مین بۆندیه‌تی بڕی موچه‌و (كه‌سری عه‌قد)ه‌ كه‌ی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌كرێت و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌م یانه‌یه‌ بۆ درێژ ده‌كرێته‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌م یاریزانه‌ ته‌نیا بڕی بۆندو (كه‌سری عه‌قد) و مانه‌وه‌كه‌ی له‌م یانه‌یه‌ زیادی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا میسی نرخ و به‌هاو ته‌نانه‌ت ناوو ناوبانگیشی له‌نێو یاریگاكانی ئه‌وروپاو جیهانیشدا به‌رز تر ده‌بێته‌وه‌.

مووچەکەی
1-مانگی حوزه‌یرانی 2005، مووچەکەی 1.200.000 یۆرۆ بووه‌.
2-مانگی ئه‌یلۆلی 2005، مووچەکەی بۆ 2.400.000 یۆرۆ به‌رز كرایه‌وه‌.
3-مانگی ته‌موزی 2008، مووچەکەی كرا 7.800.000 یۆرۆ.
4-مانگی ئه‌یلولی 2009، مووچەکەی زیاد كرا بۆ 12.000.000 یۆرۆ.
5-مانگی شوباتی 2013 مووچەکەی به‌رز كرایه‌وه‌ بۆ 13.000.000 یۆرۆ.
6-مانگی مایسی 2014 مووچەکەی كرا به‌ 20.000.000 یۆرۆ.
7-ئه‌م مانگه‌ مووچەکەی زیاد كرا بۆ 32 ملیۆن یۆرۆ و ته‌نیا دوا ئیمزای ماوه‌.
ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌ خه‌یاڵییه‌ش له‌ موچه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌م یاریزانه‌و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی (كه‌سری عه‌قد) بۆ 300 ملیۆن یۆرۆ هیچ مانایه‌كی نییه‌ جگه‌له‌وه‌ی هه‌رچی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌م یانه‌یه‌ هه‌یه‌ دروشمی سه‌ره‌كییان (ئاسوده‌یی میسی) بووه‌و هیچی تر.

ماناكانی ئه‌م بۆنده ‌چییه‌؟
به‌پێی ئه‌م بۆنده‌ نوێیه‌، میسی مانگانه‌كه‌ی 2.7 ملیۆن یۆریه‌ كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 3 ملیۆن دۆلار، ئه‌م بڕه‌ موچه‌یه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ش ئۆتۆمبێلی لامبۆرگینی ئاڤانتادۆر-2017 بكرێت كه‌ نرخی هه‌ریه‌كه‌یان 450000 دۆلاره‌ یان ده‌بابه‌یه‌كی (زێد تی زێد) ی چینی بكڕێت كه‌ ئێستا گرانترین و باشترین جۆری ده‌بابه‌یه‌ له‌جیهاندا.
یان هه‌ركه‌سێك ئه‌م مووچه‌یه‌ی میسی هه‌بێت ئه‌توانێت به‌ مووچه‌ی ته‌نیا یه‌ك هه‌فته‌ی دورگه‌یه‌ك له‌ دورگه‌ ناوداره‌كانی (لیتڵ هارڤێست كایس) یان دورگه‌یه‌كی (شور) له‌ كه‌نه‌دا بكڕێت كه‌ نرخه‌كه‌ی 578000 دۆلاره‌.

درۆی رۆژنامه‌كانی مه‌درید
ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ر له‌ئێستاو له‌گه‌رمه‌ی یارییه‌كانی لالیگادا هه‌میشه‌ رۆژنامه‌كانی مه‌درید باسیان له‌وه‌ده‌كرد كه‌ میسی له‌ بارسا ئاسوده‌ نییه‌ و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌یه‌كی وه‌ك ماركا به‌مانشێتی گه‌وره‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌میدا نووسیبوی (میسی بۆنده‌كه‌ی نوێ ناكاته‌وه‌).
ووردتریش ئه‌م رۆژنامانه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ ناڕاستانه‌و ته‌نانه‌ت تاوانی خۆدزینه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌شیان له‌ باج خستبووه‌ نزیك واده‌ی كلاسیكۆوه‌ تا له‌ڕوی ده‌روونییه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروستبكه‌ن.
ئه‌م هه‌واڵه‌ هه‌ڵبەستراوو درۆیانه‌ی ئه‌و رۆژنامانه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ماركا بنوسێت میسی بۆنده‌كه‌ی نوێ ناكاته‌وه‌و ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرا یانه‌ی ریاڵ مه‌درید پاش هه‌واڵه‌كه‌ی ماركا هه‌وڵ بۆ قایلكردنی ئه‌م یاریزانه‌ ده‌دات تا بیباته‌ ریزه‌كانی و زۆر له‌ وێنه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ش بڵاو كرایه‌وه‌ به‌درێسی ریاڵ مه‌دریده‌وه‌.
گۆڤاری فۆرسا بارسا هه‌ر ئه‌و كاته‌ له‌ ژماره‌ 10-ی خۆیدا له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ی ماركا كه‌ بڵاویكردبۆووه ‌( میسی ره‌تیكردۆته‌وه‌ بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسا نوێ بكاته‌وه‌)، وێنه‌یه‌كی میسی به‌ درێسی ریاڵ مه‌دریده‌وه‌ داناوه‌و ئه‌و كاته‌ نووسیویه‌تی (خه‌ونی مادریستا: له‌درێژه‌ی هه‌واڵه‌كه‌شدا هاتبوو:ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌ راست بێت ئه‌وا ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌یه‌ كه‌ توانیویه‌تی ئه‌و هه‌واڵه‌ی ده‌ستبكه‌وێت و راستگۆیی بێ وێنه‌ی ماركاش ده‌رده‌خات.....

مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی یه‌كه‌مه‌
 رۆژنامه‌ی‌ سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی دوای نوێ كردنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ی‌ میسی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆندی یاریزانه‌كانی بارسێلۆنای بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌ پاڵیشیدا واده‌ی‌ كۆتایی هاتنی بۆندی یاریزانه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ی دیاریكردووه‌.
درێژترین ماوه‌ی بۆندیش له‌ پێكهاته‌ی‌ ئێستای یانه‌ی‌ بارسێلۆنادا هه‌یه‌ بۆندی ئه‌ندرێ تیر شتیگنی گۆڵپارێزی ئه‌ڵمانی یانه‌كه‌یه‌ كه‌ هاوینی 2022 كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا یاریزانانی هاوشێوه‌ی راكیتیچ و بۆسكێتس و نه‌یمار و ئه‌لكاسێر و گۆمێز و ئۆمتیتی بۆنده‌كه‌یان ساڵی 2021 كۆتایی دێت.
له‌نێو مه‌رجی بڕ پاره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاریزانانیش (كه‌سر عه‌قد) میسی خاوه‌نی قورسترین مه‌رجه‌ كه‌ بڕی پاره‌ی مه‌رجه‌كه‌ی 300 ملیۆن یۆرۆیه‌، دوای ئه‌ویش نه‌یمار دێت كه‌ مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ی‌ هاوینی ساڵی داهاتوو ده‌بێته‌ 250 ملیۆن یۆرۆ، هه‌ریه‌كه‌ له‌ پیكێ و بۆسكێتس و ئینێستاو لویس سوارێز مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌یان 200 ملیۆن یۆرۆیه‌.
تیرشتیگنی گۆڵپارێزیش مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ی‌ 180 ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا گرانترین گۆڵپارێزی جیهان نرخه‌كه‌ی‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ 50 ملیۆن یۆرۆ.
له‌پله‌ی پێنجه‌میشدا ئیڤان راكیتیچ دێت كه‌ مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ی‌ 125 ملیۆن یۆرۆیه‌، سوكترین مه‌رجیش كه‌ لە بۆندی یاریزانه‌كانی بارسێلۆنادا هه‌یه‌ مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆندی سێرجیۆ رۆبێرتۆیه‌ كه‌ 40 ملیۆن یۆرۆیه‌.

كورته‌یەك له‌ ژیانی میسی
رۆژی 24/6/1987 له‌ ناوچه‌ی (سانتا) كه‌ده‌كوێته‌ خواروی شاری رۆزاریۆی ئه‌رجنتین منداڵێك له‌دایك ده‌بێت و‌ سێیه‌م كوڕی خێزانه‌كه‌ده‌بێت،  باوكی كرێكاری یه‌كێك له‌كارگه‌كانی ئه‌و شاره‌بوو ناوی خۆرخی هۆراسیۆ میسی بوو، دایكیشی كرێكاری پاككردنه‌وه‌بوو ناوی سیلیا كۆچینتینی بوو، سه‌ره‌تا چه‌ند ناوێكی بۆ هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام دواجار له‌سه‌ر  لیۆنێل ئه‌ندرێس رێكده‌كه‌ون.
ئه‌م منداڵه‌ له‌ته‌مه‌نی 5 ساڵیدا له‌یانه‌یه‌ك كه‌ ناوو ناوبانگێی ئه‌وتۆی نه‌بوو ده‌ست به‌یارییكردن ده‌كات، به‌ڵام ساڵی 1995 په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی نیو ئۆڵد بۆیزه‌وه‌ دەکات کە هه‌رله‌ شارەکە‌ی خۆیەتی، به‌ڵام له‌ته‌مه‌نی 11 ساڵیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نه‌خۆشی كه‌می هۆرمۆنی گه‌شه‌كردنی هه‌یه‌، له‌م كاته‌دا یانه‌ی ریڤه‌ر پله‌یت ئاره‌زوی ئه‌وه‌ده‌كات بیباته‌ ریزه‌كانی خۆی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاره‌ی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ی نه‌بوو وازی له‌بیرۆكه‌ی كڕینی هێنا.

كارلۆس ریكساش
له‌وكاته‌دا میسی بووبووه‌ مایه‌ی سه‌رنجی كارلۆس ریكساش-ی راهێنه‌ری ئه‌وسای یانه‌ی بارسیلۆنا و هه‌ستی به‌وه‌كردبوو ئه‌م منداڵه‌ كه‌ ناوی میسییه خاوه‌ن‌ تواناو به‌هره‌یه‌كی زۆره،‌ به‌ته‌لەفۆن په‌یوه‌ندی به‌ كه‌س و كارییه‌وه‌ ده‌كات و پێیان راده‌گه‌یه‌نێت بارسیلۆنا ئاماده‌یه‌ هه‌موو خه‌رجییه‌كی چاره‌سه‌ر كردنی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و هه‌لی كاریش بۆ باوكی بڕه‌خسێنن به‌رامبه‌ر به‌ یارییكردنی بۆ بارسیلۆنا، ئه‌مانیش به‌ داواكه‌ی ریكساش قایل ده‌بن و روو له‌ ئیسپانیاو یانه‌ی بارسیلۆنا ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی میسی بۆ بارسیلۆنا هه‌لی یارییكردنی بۆ ده‌ره‌خسێت و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌كرێت، ئیتر داوای ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت بۆندێك له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ ئیمزا بكات.
ئاله‌م كاته‌دا زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی بارسیلۆنا دژی ئه‌م هه‌وڵه‌بوون، به‌ڵام  كارلۆس ریكساش سوور ده‌بێت له‌سه‌ر بڕیاری ئیمزاكردنی بۆنده‌كه‌و له‌سه‌ر ده‌سه‌سڕێكی كاغه‌ز به‌لێننامه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت و به‌رپرسیارێتی ته‌واو ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و  قسه‌ی خۆیشی برده‌ سه‌ر و رۆژی 14/9/2000 له‌ یانه‌ی بۆمبای له‌یاریی تێنسی سه‌رزه‌ویدا بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی ئیمزا كرا.
ئیتر ئه‌م رۆژه‌و ئه‌م بۆنده‌ كه‌ كارلۆس ریكساش هه‌موو لێپرسراوێتییه‌كی له‌ئه‌ستۆ گرت، بوو به‌ڕۆژێكی مێژوویی و گرنگترین بۆند له‌مێژووی یانه‌كه‌دا چونكه‌ میسی بوو به‌و یاریزانه‌ی ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و به‌ر دریسه‌که‌ی له‌ کلاسیکۆدا و له‌ ناو سانتیاگۆ بیرنابیۆ و نزیکه‌ی 90 هه‌زار مه‌دریدی به‌رز بکاته‌وه‌و ئێستا له‌هه‌موو دنیادا ناوو ناوبانگی خۆی هه‌یه‌و پێویستی به‌ هیچ جۆره‌ ناساندن و پیاهه‌ڵدانێك نییه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP