سانشێز و بیانووی رۆیشتن له‌ یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ
سانشێز و بیانووی رۆیشتن له‌ یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ ‌ 17/7/2017
ئه‌لێكس سانشێز، یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانانی وه‌رزی رابردووی خولی ئینگلته‌راو ئه‌و یاریزانه‌ی‌ وه‌كو خۆی رایگه‌یاندوه‌ له‌ ئاستی لیۆنێل میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ دایه‌و ئێستاش داوا له‌ ئیداره‌ی ئه‌رسناڵ ده‌كات موچه‌یه‌كی پێبدرێت كه‌ هیچی له‌ موچه‌ی 2 باشترینه‌كه‌ی‌ جیهان كه‌متر نه‌بێت.
ئه‌لێكس سانشێز سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی‌ له‌ یارییه‌كاندا پێشكه‌شی ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ نێو ركابه‌ری باشترین یاریزانه‌كانی جیهان، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و یاریزانه‌ بۆ یانه‌یه‌ك یاریی ده‌كات كه‌ ركابه‌ری نازناوه‌كان ناكات، به‌جۆرێك ئه‌م وه‌رزه‌ ناتوانێت به‌شداری چامپیۆنس لیگیش بكات.
بۆندی سانشێز له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ هاوینی ساڵی داهاتوو كۆتایی دێت و وه‌كو ده‌ریش ده‌كه‌وێت ئه‌و یاریزانه‌ دركی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ یانه‌یه‌ك یاریی بكات باشتر بێت له‌ ئه‌رسناڵ، بۆیه‌ بیانوو به‌ یانه‌كه‌ی‌ ده‌گرێت تا له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ناچاریان بكات ئه‌م هاوینه‌ ده‌ستبه‌رداری بن.
سانشێز هاوینی ساڵی داهاتوو ده‌توانێت به‌بێ به‌رامبه‌ر ئه‌رسناڵ جێبهێڵێت و بچێته‌ ئه‌و یانه‌یه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت، به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌و یاریزانه‌ نایه‌وێت وه‌رزی داهاتوو له‌ یۆرۆپالیگ یاریی بكات، بۆیه‌ داوای مووچه‌كی خه‌یاڵی له‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ی‌ ده‌كات تا ناچاریان بكات ئه‌م هاوینه‌ بیفرۆشن، ئه‌مه‌ش له‌ ترسی ئه‌وه‌ی‌ ساڵی داهاتوو به‌بێ به‌رامبه‌ر بڕوات.
رۆژنامه‌ی‌ میرۆر بڵاویكردۆته‌وه‌ سانشێز زیاده‌ڕۆیی ده‌كات له‌ داواكردنی مووچه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ی‌ نوێ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجیشه‌ سانشێز داوای كردووه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز پێبده‌ن، واته‌ بۆنده‌كه‌ی‌ بۆ 5 وه‌رزی تر نوێ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا ته‌مه‌نی 28 ساڵه‌.
له‌ نوێترین دانیشتنی بریكاره‌كانی سانشێز له‌گه‌ڵ ئه‌رسناڵ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ له‌ ریزه‌كانی یانه‌كه‌ی‌ باشووری شاری له‌نده‌ن به‌رپرسانی یانه‌كه‌یان توشی شۆك كردووه‌، ئه‌مه‌ش كاتێك پێیان راگه‌یاندون سانشێز داوای 400 هه‌زار پاوه‌ند مووچه‌ی‌ هه‌فتانه‌ ده‌كات.
ئه‌م مووچه‌یه‌ش هیچ یاریزانێكی خوله‌كانی ئه‌وروپا جگه‌ له‌ لیۆنێل میسی وه‌ری ناگرێت كه‌ ئه‌ویش دوای نوێ كردنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ی‌ به‌م دواییه‌ له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا مووچه‌كه‌ی‌ كراوه‌ته‌ 500 هه‌زار پاوه‌ند، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ یاریزانێك كه‌ خاوه‌نی 5 تۆپی ئاڵتونی بێت ئاساییه‌.
سانشێز داوا ده‌كات ببێته‌ خاوه‌نی دووه‌م زۆرترین مووچه‌ له‌ ئه‌وروپا، چونكه‌ ئه‌و موچه‌یه‌ی یاریزانه‌ چیلیه‌كه‌ داوای كردووه‌ زیاتره‌ له‌ موچه‌یه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆی خاوه‌ن 4 تۆپی ئاڵتونی وه‌ری ده‌گرێت كه‌ دۆن هه‌فتانه‌ 365 هه‌زار پاوه‌ند وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ دۆن له‌دوا 4 وه‌رز 3 چامپیۆنس لیگی بۆ ریاڵ مه‌درید بردۆته‌وه‌.
له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش مووچه‌كه‌ی‌ سانشێز له‌پاڵ موچه‌ی ئۆسكار ده‌بێته‌ سێیه‌م به‌رزترین موچه‌ كه‌ له‌دوای كارلۆس تێڤێز و میسی دێن كه‌ ئێستا تێڤێز به‌ 615 هه‌زار پاوه‌ندی هه‌فتانه‌ خاوه‌نی زۆرترین موچه‌یه‌.
سانشێز خۆشی ده‌زانێت خاوه‌نه‌كانی یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ به‌و مه‌رجه‌ی‌ رازی نابن و ئه‌و مه‌رجه‌شی بۆیه‌ داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رازی بن له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا ده‌ستبه‌رداری بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ یانه‌یه‌ك كه‌ ركابه‌ری نازناوه‌كان بكات و به‌شداری چامپیۆنس لیگیش بكات.
ئه‌و مه‌رجه‌ خه‌یاڵیه‌ش دوپاتی ده‌كاته‌وه‌ سانشێز به‌هیچ جۆرێك بۆنده‌كه‌ی‌ نوێ ناكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ له‌م میركاتۆیه‌دا ده‌ستبه‌رداری ده‌بن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ڕووی داراییه‌وه‌ سودمه‌ندبن و بتوانن جێگره‌وه‌ی‌ پێ بكڕن، چونكه‌ سانشێز ده‌توانێت زستانی ئه‌مساڵ به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م بڕوات.
چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له‌ رۆژه‌كانی داهاتوودا ئه‌و یاریزانه‌ ریزه‌كانی یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ جێبهێڵێت و بچێته‌ یانه‌یه‌كی نوێ، به‌ڵام ئیداره‌ی ئه‌رسناڵ نایه‌وێت ئه‌و یانه‌یه‌ یه‌كێك بێت له‌ ركابه‌ره‌كانی له‌ پریمه‌رلیگ و ئاره‌زوو ده‌كه‌ن به‌ یانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئینگلته‌رای بفرۆشن.
ئاره‌زوی سانشێز مانه‌وه‌یه‌ له‌ پریمه‌رلیگ واته‌ چونیه‌تی بۆ یانه‌یه‌كی تری خوله‌كه‌، به‌ڵام یانه‌یه‌ك كه‌ بتوانێت ركابه‌ری نازناوه‌كه‌ بكات و به‌شداری چامپیۆنس لیگیش بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ دژی ویستی یانه‌كه‌یه‌تی.
به‌پێی زۆرینه‌ی‌ سه‌رچاوه‌كانی ئینگلته‌را 2 یانه‌ له‌ پریمه‌رلیگ گرنگی به‌و یاریزانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پێكهاتون له‌ مانچسته‌ر سیتی و چێڵسی كه‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی‌ سانشێز جدی تره‌و سانشێز خۆشی ئاره‌زو ده‌كات له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی پیپ گواردیۆلا یاریی بكات و بچێته‌ ریزی مانچسته‌ر سیتی.
هه‌ردوو بژارده‌كه‌ بۆ ئه‌رسناڵ ناخۆشه‌، چونكه‌ یانه‌ی‌ چێڵسی له‌پاڵ ئه‌وه‌ی‌ ركابه‌رێكی خولی ئینگلته‌رایه‌، دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئه‌رسناڵیشه‌، چونكه‌ هه‌ردوو یانه‌ سه‌ر به‌شاری له‌نده‌نن و یاریی نێوانیشان هه‌میشه‌ ركابه‌ری به‌هێزی به‌خۆوه‌ بینیوه‌و یه‌كێكه‌ له‌ دێربیه‌ به‌هێزه‌كان.
له‌به‌رامبه‌ردا مان سیتی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی هه‌میشه‌ وه‌كو بازارێك سه‌یری ئه‌رسناڵی كردووه‌و چه‌ندین یاریزانی له‌و یانه‌یه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ ریزه‌كانی، به‌ مانه‌یه‌كی تر مان سیتی هۆكارێك بووه‌ بۆ لاوازكردنی ئه‌رسناڵ له‌ ساڵانی پێشوودا ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ باشترین یاریزانانی یانه‌كه‌ له‌وانه‌ سه‌میر نه‌سری و كلیچی و سانیا و پاتریك ڤێرا.
ئه‌م هۆكارانه‌و چه‌ندین هۆكاری تریش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌رسناڵ ئاره‌زوو بكات سانشێز بچێته‌ یانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئینگلته‌را كه‌ هه‌ردوو یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان و ئینته‌ر میلان گرنگی پێده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و 2 یانه‌یه‌ هاوشێوه‌ی 2 یانه‌كه‌ی‌ تری ئینگلته‌را جدی نین له‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و یاریزانه‌و یانه‌كه‌ی‌.
ئینته‌رمیلان ده‌یه‌وێت چاو له‌ یانه‌ی میلانی دراوسێكی بكات و ئه‌ویش ریزه‌كانی به‌هێز بكات، به‌ڵام گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ ئینته‌ر له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ سانشێز ئه‌و مووچه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ سانشێز له‌ ئه‌رسناڵ هه‌یه‌تی كه‌ هیچ یاریزانێك له‌خولی ئیتاڵیا نییه‌تی، بۆیه‌ قورسه‌ بتوانن ئه‌و پاره‌یه‌ بده‌ن به‌و یاریزانه‌.
بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌رسناڵ فرۆشتنی سانشێزه‌ به‌ یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان، چونكه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌وروپاو توانای ئه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ مووچه‌كی زۆریش بدات به‌ سانشێز.
پاریسیه‌كان له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌ن له‌ شاری پاریس، بۆیه‌ دوای یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ به‌هێزی دێنه‌ ناو میركاتۆو ره‌نگه‌ سانشێزیش یه‌كێك بێت له‌ نێچیره‌كانیان.

پرۆفایل
*ناوی ته‌واوه‌تی: ئه‌لێكس ئه‌لیخاندرۆ سانشێز سانشێز.
*به‌رواردی له‌ دایكبوون: 19/12/1988 له‌ تۆكۆپیلیا-چیلی.
*باڵا: 169 سانتیمه‌تر.
*ئه‌و یانانه‌ی‌ یاریی بۆ كردووه‌: كۆبریلوا، ئۆدینزی، كۆلۆ كۆلۆ، ریڤه‌رپله‌یت، بارسێلۆنا، ئه‌رسناڵ.
*ئه‌و نازناوانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كان به‌ده‌ستی هێناون: خولی ئه‌ره‌ژنتین (كلاوزۆرا)، خولی چیلی، خولی ئیسپانیا، جامی شاری ئیسپانیا، 2 جار جامی سوپه‌ری ئیسپانیا، جامی سوپه‌ری ئه‌وروپا، مۆندیالی یانه‌كان، 2 جامی یه‌كێتی ئینگلته‌راو 2 جامی سوپه‌ری ئینگلته‌را.
*له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی‌ چیلی: 2 نازناوی كۆپا ئه‌مریكا.
*نازناوی تاكه‌ كه‌سی: باشترین یاریزانی كۆپا ئه‌مریكای 2016، 2 جار باشترین یاریزانی وه‌رزی یانه‌ی‌ ئه‌رسناڵ، باشترین یاریزانی ساڵی 2015 پریمه‌رلیگ له‌لایه‌ن هانده‌رانه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7368
20/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ده‌ست به‌فرۆشتنی بلیته‌كانی مۆندیال كرا 20/9/2017
‌ 10 پاڵێوراوه‌كه‌ بۆ پێی زێڕین 20/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP