كۆتایی داعش، كۆتایی نییه‌
كۆتایی داعش، كۆتایی نییه‌ ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 25/12/2016
كۆتاییهاتنی داعش مانای‌ كۆتاییهاتنی گرژی‌و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ نییه‌، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن دوای‌ له‌ناوبردنی تیرۆرخوازانی داعش، بارودۆخێكی نوێ‌ دێته‌پێشه‌وه‌، باسی دیكه‌ دێته‌ گۆڕێ، ره‌نگه‌ گرژیی لێبكه‌وێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و هێزه‌ی‌ هاتووه‌ بۆ رزگاركردنی موسڵ، له‌ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و دوورنییه‌ ببێته‌مایه‌ی‌ گرژیی نوێ‌ له‌ناوچه‌كه‌دا.
به‌پێی‌ زانیارییه‌كان، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبـی له‌سنووری نێوان شنگال‌و ته‌له‌عفه‌ر له‌چیای سینۆو نزیك ئوم شه‌بابیت، سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆمباران ده‌كه‌ن‌و به‌دۆشكا ته‌قه‌ له‌هاتن‌وچوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن! بۆمبارانكردنه‌كه‌ حاڵه‌ت نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام‌و دووباره‌ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی زۆر خراپه‌ بۆ ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌.
كه‌وایه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌و خۆئاماده‌كردن بۆ دوای‌ نه‌مانی داعش، كورد پێویستی‌ به‌چییه‌؟ بێگومان به‌یه‌كڕیزی‌و رێكخستنه‌وه‌ی‌ ناوماڵی خۆی. رێكخستنه‌وه‌ی‌ ناوماڵ به‌چی ده‌كرێت؟ به‌ڕێككه‌وتنی سیاسی‌و سازانی نیشتمانی. سازانی نیشتمانیی به‌چی ده‌كرێت؟ به‌شه‌راكه‌تی‌ راسته‌قینه‌و به‌شداریی هه‌موان له‌ئیداره‌دانی باری سیاسی‌و ئابووری‌و ئیداریی وڵات.
كۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ئێستای‌ كوردستان، هه‌ر له‌چه‌قبه‌ستنی سیاسییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ خراپی دۆخی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌یوه‌ندییه‌كان، هه‌مووی په‌یوه‌ندی به‌نه‌بوونی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و ناشه‌فافبوونی داهات‌و هه‌وژمی لایه‌نێكی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌سه‌ر كۆی حوكمڕانی! خۆ ئه‌گه‌ر شه‌راكه‌ت هه‌بوایه‌ ئه‌وا ئه‌مڕۆ شكستی سیاسی‌و ئابووری به‌ته‌نها روبه‌ڕوی لایه‌نێك نه‌ده‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك لایه‌نێك هه‌وژمی خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر حوكمڕانیدا ئه‌وا ده‌بێ‌ شانیش بداته‌ به‌ر شكسته‌كانی.
بۆ ده‌بێت ته‌نها ئه‌وكاتانه‌ باسی یه‌كڕیزیی نیشتمانی‌و رێككه‌وتنی سیاسی‌و شه‌راكه‌ت بكرێت، كه‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیدار دێته‌پێشه‌وه‌! ئه‌ی‌ نه‌بوونی شه‌راكه‌تی سیاسی‌و نه‌بوونی یه‌كڕیزیی نیشتمانی بۆخۆی مه‌ترسیی گه‌وره‌ نییه‌ بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگاو پێشكه‌وتنی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی؟ مه‌ترسیی گه‌وره‌ ئه‌وه‌نییه‌ هێزێكی ده‌ره‌كی هێرشبكاته‌سه‌ر سنووره‌كان‌و په‌لاماربدات، به‌ڵكو په‌كخستنی نوێنه‌رایه‌تیی شه‌رعیی خه‌ڵك (په‌رله‌مان)‌و به‌سه‌رچوونی ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌و گۆدبوونی ده‌زگای دادوه‌ری‌و په‌ككه‌وتنی حكومه‌ت‌و حوكمڕانی؛ مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌! له‌لایه‌ك گیانی یه‌كڕیزیی نیشتمانیی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌ك ناهێڵێت، له‌لایه‌كی دیكه‌ وێنایه‌كی ناشرین ده‌داته‌ گه‌لانی دنیا، كه‌ ئێمه‌ ناتوانین حوكمڕانییه‌كی سه‌رده‌میانه‌ی‌ خۆمان بكه‌ین!.
خۆ ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌كانی دوای‌ داعشیش نه‌بێت، هه‌ر پێویستمان به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ناوماڵ هه‌یه‌، ئێستا كه‌ دووباره‌ گفتوگۆ ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌و وه‌فدی پارتی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات، پیویسته‌ روون‌و راشكاوانه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن، ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان بۆ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌كان‌و گۆڕینی‌ كه‌سه‌كان بێت، بێگومان درێژه‌كێشانی كێشه‌كانه‌! چونكه‌ پێشتر پۆسته‌كان دابه‌شكران، به‌ڵام شه‌راكه‌ت به‌رقه‌رار نه‌كرا، كه‌وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ یه‌كلاییبكرێته‌وه‌، دوو پرسی گرنگه‌، یه‌كه‌میان سیستمی حوكمڕانییه‌ به‌ورده‌كارییه‌كانییه‌وه‌، دووه‌میان شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌حوكمڕانی‌و بڕیاردان به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن كرا ئه‌وا ناوماڵی كورد رێكده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر رێكخرایه‌وه‌ ئه‌وا هیچ هێرشێكی ده‌ره‌كی مه‌ترسیی نابێت بۆ سه‌ر كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرا ئه‌وا ئه‌و مه‌ترسییه‌ی‌ چاوه‌ڕانده‌كرێت، به‌ر له‌هه‌مووان یه‌خه‌ی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌گرێت، كه‌ رێگریی له‌سازان‌و رێككه‌وتن ده‌كات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7223
20/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سلێمانی كه‌وته‌ داوی یه‌كسانبوونه‌وه‌ 19/3/2017
‌ ناپۆلی و مێرتینز گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن 19/3/2017
زانست
‌ پیاوان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌موچاویان ده‌شۆن 15/3/2017
‌ دانیماركیش پشت بە ئاشی با ده‌به‌ستێت 15/3/2017
‌ چه‌ند گیراوه‌یه‌كی سروشتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی پێست به‌هۆی زه‌یتی كونجیه‌وه‌ 15/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP