وه‌رگێڕان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌
ستوونێك بۆ ئێوه‌ وه‌رگێڕان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ‌ شیرین. ك‌ 27/12/2016
(2)
ئه‌و كتێبه‌ كوردییانه‌ی وه‌رگێڕدراوون بۆ زمانه‌كانی تری وه‌كو عه‌ره‌بی، فارسی، توركی، زمانه‌ ئه‌وروپاییه‌كان، زۆر كه‌من و ته‌نیا كتێبی ئه‌دیبه‌ زۆر به‌ناوبانگه‌كانن و ژماره‌شیان زۆر كه‌مه‌ له‌چاو ئه‌و كتێبانه‌ی له‌زمانه‌كانی تره‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ی كوردی كراون.
هه‌ر یه‌كێك له‌ئێمه‌ی ئه‌دیبان ئه‌گه‌ر به‌ناوبانگیش نه‌بین هه‌ر یه‌كه‌مان به‌هه‌وڵی خۆی توانیوێتی كه‌موزۆر ده‌قه‌كانی ته‌رجه‌مه‌ی زمانی تر بكرێن، كه‌ زیاتر بۆ عه‌ره‌بی بووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆی زمانی عه‌ره‌بی زانیووه‌ یان كه‌سێكی دۆزیوه‌ته‌وه‌ ئه‌و زمانه‌ بزانێت،  هه‌روه‌ها نووسه‌رانێك هه‌ن و هه‌بوون وه‌كو خۆبه‌خش و بێ به‌رامبه‌ر جگه‌له‌ سوپاس ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ هه‌ر بۆئه‌وه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌ری كورد بناسێنن به‌گه‌لانی ده‌وروبه‌ر به‌تایبه‌تی به‌عه‌ره‌ب، له‌وانه‌ یادی به‌خێر خوالێخۆشبوو صه‌ڵاح به‌رواری نووسه‌ر بوو كه‌ به‌رهه‌می چه‌ندین ئه‌دیبی كوردی ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی كردووه‌و له‌بڵاوكراوه‌كانی سوریا و لوبنان بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌، وه‌كو له‌رۆژنامه‌ی (النهار)ی لوبنانی، هه‌روه‌ها پرۆژه‌یه‌كیشی هه‌بوو بۆ وه‌رگێڕان وچاپكردنی شیعری شاعیره‌ كورده‌كان وبڵاوكردنه‌وه‌یان له‌دوو توێی كتێبدا و چاپكردنیان له‌سوریا، به‌ڵام هه‌ر فریای یه‌ك دوو كتێب كه‌وت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ رێی پێنه‌دا له‌پرۆژه‌كه‌یدا به‌رده‌وام بێت.  
سه‌باره‌ت به‌به‌رهه‌مه‌كانی خۆشم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانمه‌وه‌، چه‌ند به‌ڕێزێك كه‌تیایاندا بووه‌ به‌شه‌خسییش نه‌مناسیوون به‌رهه‌میان ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی كردووم، دواتریش گه‌لێك چیرۆك و شیعرم ته‌رجه‌مه‌ی زمانه‌كانی عه‌ره‌بی وفارسی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسیش كراون، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مه‌ به‌هه‌وڵی تاكه‌ كه‌سی خۆم یان به‌ڕێكه‌وت بووه‌، منیش له‌لایه‌ن خۆمه‌وه‌ دوو سێ هه‌وڵی له‌مجۆره‌م هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می چه‌ند ئه‌دیبێكی هاوڕێم ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كردووه‌: له‌وانه‌ شیعری (ئێواره‌یه‌ك تۆ ئه‌مردی)ی شێرزاد حه‌سه‌ن، شیعری (پاشای غه‌مگین)ی لازۆ ئازاد، چیرۆكی (یاده‌وه‌رییه‌كانی كۆڵانێكی رووخاو)ی سیامه‌ند هادی، هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌ش له‌بڵاكراوه‌ی عه‌ره‌بیدا بڵاوبونه‌ته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ی هه‌ندێكجار به‌زمانی عه‌ره‌بیش ده‌نووسم و كۆمه‌ڵێكی شیعری عه‌ره‌بی چاپكراوم هه‌یه‌ به‌ناوی (فصول و حروف) كه‌ ده‌قه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ یان راسته‌وخۆ به‌عه‌ره‌بی نووسیومن یان ده‌قه‌كه‌م به‌كوردی نووسیووه‌و دواتر هه‌مان فیكره‌م به‌عه‌ره‌بیش نووسیووه‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، واته‌ ته‌رجه‌مه‌ی ده‌قه‌ كوردییه‌كه‌ یان ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ نییه‌، به‌لای منه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ كردنی ده‌قی كه‌سێكی تر ئاسانتره‌ وه‌ك له‌ته‌رجه‌مه‌ كردنی ده‌قێكی خۆم چونكه‌ بێخواستی خۆم ده‌قه‌كه‌ ئه‌گۆڕم، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك چیرۆكیشم هه‌یه‌ كه‌ یا راسته‌خۆ به‌عه‌ره‌بی نووسیوومن یان خۆم ته‌رجه‌مه‌م كردوون بۆ عه‌ره‌بی وهه‌ندێكیشی كه‌سانیتر بۆیان ته‌رجه‌مه‌ كردووم، كه‌ زیاتریان مامۆستای به‌ڕێز مسته‌فا صاڵح كه‌ریم ته‌رجه‌مه‌ی كردوون، خوازیارم له‌ده‌رفه‌تێكدا ئه‌و چیرۆكه‌ عه‌ره‌بیانه‌شم وه‌كو شیعره‌ عه‌ره‌بییه‌كان چاپبكه‌م.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7203
24/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ *لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ روداوه‌كانی یاریگای زاخۆ، زاخۆش داوای لێبوردنی كرد *یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌كرێن یان نا؟ 23/2/2017
‌ میسی بۆچی له‌ میسره‌؟ 23/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP