شنگال‌و ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ
روانگەی چــیا شنگال‌و ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ ‌ مستەفا شێخ محەمەد‌ 27/12/2016
كێشه‌ی شنگال‌و مه‌ترسیی دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆ، له‌ باسه‌ گه‌رمه‌كانه‌، شه‌ڕێك كه‌ هیچ ده‌ستكه‌وتێكی بۆ كورد لێ چاوه‌ڕوان ناكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئاڵۆزیی زیاتر‌و زیانی ستراتیجی بۆ كوردستان هه‌یه‌، ده‌بێت خه‌ڵك‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش دووباره‌ شه‌ڕی ناوخۆ به‌ر ره‌خنه‌ بده‌ن‌و رێگای لێبگرن، به‌ده‌نگی به‌رز قسه‌بكه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی كار له‌كار بترازێت.
هه‌فته‌ی رابردوو سه‌باره‌ت به‌(ساڕێژكردنی برینی شنگال) له‌م گۆشه‌یه‌وه‌ وتارێكمان نووسی، تێیدا جگه‌له‌وه‌ی ئه‌زموونی شكسته‌كانی كوردمان بیرخسته‌وه‌، نموونه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌شمان هێنایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی یه‌كێتییه‌كی دیموكراتیی به‌هێز له‌ناوخۆیاندا، تووشی شه‌ڕێكی نه‌بڕاوه‌ی ماڵوێرانكه‌ر بوون‌. به‌رده‌وامیی ئه‌گه‌ری پێكدادانی پارتی‌و په‌كه‌كه‌ له‌شنگال، دۆخێكی خراپتر بۆ كوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. یه‌كه‌م جار نییه‌ به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای چۆڵكردنی شنگال له‌(په‌كه‌كه‌) ده‌كه‌ن، په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌وه‌ی رێگرن له‌دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال، ئه‌م داوایه‌‌و تۆمه‌ته‌كانیش له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌، ده‌ڵێن ده‌بێت ئێزدییه‌كان خۆیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ به‌ ناڕاست ده‌زانن، په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی شنگال رۆڵێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌پاراستنی ئێزدییه‌كان، (نێچیرڤان بارزانی) له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌لمۆنیته‌ر؛ دانیپێداناوه‌، ئه‌ی كه‌واته‌ كێشه‌كه‌ چییه‌ بۆچی گرژیی دروست ده‌بێت؟
یه‌كه‌م: پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دوای 2003 تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌می ناوچه‌كه‌یه‌، گه‌وره‌ترین نفوزی هه‌بووه‌‌، خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش به‌ته‌واوه‌تی پشتیان به‌ پارتی به‌ستبوو، ژماره‌ی كورسی‌و ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مه‌ پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه‌، له‌دوای كه‌وتنی شنگال له‌ڕۆژی 3/8/2014 ئیدی ئێزدییه‌كان‌و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، متمانه‌یان به‌ پارتی كه‌مبۆته‌وه‌، (پێیانوایه‌ ده‌بوو پارتی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بپارێزێت، به‌ڵام نه‌یكردووه‌) له‌به‌رامبه‌ردا زیاتر بۆ لای هێزه‌كانی دیكه‌ رۆیشتوون، به‌تایبه‌تی بۆ‌لای په‌كه‌كه‌، ئێستا پارتی ده‌بینێت كه‌ ناتوانێت به‌ته‌نیا ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ببات، ده‌بێت كه‌سانی دیكه‌ش رۆڵیان هه‌بێت، ئه‌مه‌ی به‌ئاسانی پێ قبوڵناكرێت!.
دووه‌م: كێشه‌ی شنگال به‌ده‌رنییه‌ له‌به‌ربه‌ره‌كانی هێزه‌كان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی جوگرافیای ناوچه‌كه‌، شنگال كه‌وتۆته‌ سێگۆشه‌یی سنووری عیراق‌و سوریا، هه‌رێمی كورردستان‌و هه‌رێمی رۆژئاوای كوردستان به‌یه‌كه‌وه‌ گرێده‌دات، سنووری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌بێت، هه‌بوونی هێزێكی وه‌ك په‌كه‌كه‌ بۆ توركیا مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌یه‌، شنگال به‌ده‌مارێكی خۆڕاگری رۆژئاڤای كوردستان لێكیده‌داته‌وه‌، به‌هه‌ر نرخێك بێت ناخوازێت په‌كه‌كه‌ له‌م سنووره‌ بوونی هه‌بێت، چونكه‌ توركیا ده‌یه‌وێت رۆژئاڤای كوردستان به‌ته‌واوه‌تی له‌ناوببات، قسه‌كانی (وه‌یسی كایناك جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا) سه‌باره‌ت به‌وه‌ی داوایان له‌ بارزانی كردووه‌، (په‌كه‌كه‌ له‌شنگال ده‌ربكات، ئه‌مه‌ش به‌ئه‌ركی بارزانی ده‌زانێت) ئه‌گه‌ر بارزانی-ش نه‌توانێ ئه‌وه‌بكات، خۆیان به‌ هێزی سه‌ربازیی ته‌داخول ده‌كه‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئه‌وروپییه‌كان ده‌كات ئاسایشی ئه‌وروپا له‌توركیاوه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر توركیاش له‌عیراق‌و سوریا دێت، ئه‌م قسانه‌ سه‌نه‌دی ئه‌وه‌ن‌ گرژییه‌كان، قوڵایی ناوچه‌ییشیان هه‌یه‌، له‌ بن كارتێكردنی توركیایه‌ بۆ پارتی‌!
ئایا ئه‌م هۆكارانه‌ به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی گرژییه‌كان به‌و ئاسته‌ بگه‌یه‌نێت، نێچیرڤان بارزانی بڵێت ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هێز له‌دژی په‌كه‌كه‌ به‌كاربهێنن؟ هه‌ندێك له‌چاودێران پێیانوایه‌ پێده‌چێت ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌پێناوی گوشاركردن بێت، كه‌چی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ زۆر گه‌وره‌ ده‌بینن، ده‌ڵێن: ده‌بێت له‌ئاستی گشتیدا زه‌مینه‌یه‌ك بخوڵقێت بۆ پێشگرتن به‌ وه‌ها ئه‌گه‌رێكی ماڵوێرانكه‌ر، خواستی گشتی به‌ته‌واوه‌تی بۆ پارتی‌و په‌كه‌كه‌ روونبكرێته‌وه‌.
لێره‌دا چه‌ندین پرسیار دێته‌ئاراوه‌، ئایا كێ له‌م شه‌ڕه‌ ده‌یباته‌وه‌؟، ئه‌نجامه‌كه‌ی چی ده‌بێت؟، لێكه‌وته‌كانی چی ده‌بێت؟ سه‌رئه‌نجام دوای ئه‌م شه‌ڕانه‌ چی؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ به‌قسه‌یه‌كی مه‌سعود بارزانی؛ ده‌به‌ستینه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یدا رایگه‌یاند:»جارێكی دیكه‌، رێگاناده‌ین له‌ژێر هه‌ر ناو‌و گوشارێكدا بێت، جه‌نگی كورد‌و كورد دووباره‌ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌زموونی تاڵمان هه‌یه‌ له‌جه‌نگی ناوخۆییدا...هتد».
لێره‌دا پێویسته‌ لای پارتی ئه‌و وته‌یه‌ی بارزانی؛ بكرێته‌ بناغه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌كان به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تیش سه‌باره‌ت به‌شنگال‌و په‌كه‌كه‌، باشتروایه‌ ئه‌م قسانه‌ بنه‌مای ئه‌و كارانه‌ بێت، كه‌ پارتی به‌نیازه‌ ئه‌نجامیان بدات، نه‌ك لێدوانی دیكه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ پێویسته‌ پابه‌ندی پاراستنی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی بێت، سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كان‌و به‌رده‌وامبێت له‌داواكارییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی؛ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ دروستكردنی شه‌ڕ، جگه‌له‌وه‌ی ته‌واوی باشووری كوردستان ده‌بێته‌ مه‌یدانی پێكدادان، چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌كیش ده‌كه‌وێته‌به‌ر مه‌ترسی، بۆیه‌ ئه‌ركی به‌رپرسیارێتیی هه‌موو لایه‌نه‌كانی باشوور‌و ته‌نانه‌ت دۆستانی كوردیش ئه‌وه‌یه‌، رێگا به‌كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ بگرن، رای گشتی ده‌بێت له‌دۆخێكی وه‌ها قسه‌ی خۆی بكات‌و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م شه‌ڕێكی له‌وشێوه‌یه‌ دروستبكرێت، چونكه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا ته‌نیا دۆڕاو هه‌یه‌، هیچ براوه‌یه‌كی كوردی نییه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP