ملیارو نیوێك خولەكی شكست!
ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ ملیارو نیوێك خولەكی شكست! ‌ عەتا کەریم‌ 27/12/2016
زۆربەی وڵاتان شادی و ئاهەنگی ساڵی نوێ دەگێڕن و ئاواتە بەدینەهاتووەكانیان بەساڵی نوێ دەسپێرن، لە هەرێمی كوردستانیش سێ ساڵی قەیران بەڕێدەكەین و دەچینە ساڵێكی دیكەی قەیرانەوە و چاوەڕوانی بەرێكردنی 365 رۆژ لە ساڵی چوارەمی قەیران دەكەین.
هەرێمی كوردستان، لەو جوگرافیای خۆشحاڵییەدا نییە، چونكە حكومەت و سیستمەكەمان «بە نەزانی یا مەبەستبێت»، هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیان لەو جوگرافیایەدا سڕیوەتەوە، بەناچاری «ساڵی نوێی قەیران» بەڕێدەكەین و چاوەڕوانی پێشوازی ساڵێكی دیكەی پڕ لە قەیرانن، نەك ساڵێكی پڕ لەشادی.
 (2014-2015-2016)، لە هەرێم ساڵانی پڕلە قەیران، كێشە، نەهامەتی،بارگرانی ،برسیكردن، بێمووچەیی، بێكارەبایی، بێئاویی، .» هەموو بێ –كانی» دیكەبوو.
بەوردكردنەوەی ساڵ و چركەكانی قەیران دەزانیت ئەم خەڵكی هەرێمە چەند خۆڕاگرو بەسەبر و دڵسۆزن، چونكە (1095) رۆژ، بەرگەی زیاتر لە (50) قەیرانی حكومەتەكەیان گرتووە،  بەرگەی (26280) سەعات، چاوەڕوانی و بێبەڵێنی بەرپرسانی حكومەت و كاربەدەستانیان گرتووە، بەرگەی 36 مانگ لەتەمووچە و پاشەوكەتیان گرتووە، (1) ملیار و (575) ملیۆن و (800) خولەكی تەمەنی نزیكەی (5) ملیۆن هاوڵاتی ئەم هەرێمە بە دیار شكست و بێدەربەستی دەوڵەتمەدار و سیاسیی بێمنەتەوە بەرێكرا. خەڵكی هەرێم بەدیار تاڵییەكانەوە ئۆقرەیان گرتووە و (144) هەفتەی تەمەنیان بەدیار هیچەوە هەڵوەرێنرا.
ئەو هەموو ساڵ و مانگ و هەفتەو  سەعات و خولەكەش، بەڕێكرا، هێشتا دەستكەوت و ساتێكی بەنرخ لەم هەرێمە نادۆزرێتەوە، بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك كرا بێت، جیا لە ساڵان خشتەی ئاماری دەستكەوتی ئەم حكومەتە خاڵییە، پێشكەوتن و وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە «سفر»ن، وێرانی هەبووە و ئاوەدانی نەبووە.
دەكرێت لە كارنامەی ئەو سێ ساڵەدا تەنیا، ئامارەكانی هەڵكشانی بێمتمانەیی، دزی و گەندەڵی، كوشتن لەسەر ئازادی و رۆژنامەنوسی هەبن، ئاماری تاوان و ئەشكەنجەدان هەبن، ئاماری رۆژەكانی خۆپیشاندان و نارەزایی خەڵك هەبن، ئاماری نەها و هەواڵی چارەكە مووچەی 1ملیۆن و 480 هەزار مووچەخۆر هەبن.
 حكومەتی هەرێم ساڵیشی شێواند، ساڵی بەدبەختی بۆ خەڵك وەكخۆیەتی دوانزە مانگە، بەڵام بۆ مووچە ساڵێك بۆتە 8-10 مانگ، مووچەخۆر 12 مانگ دەوام و كاردەكات، بەڵام هەشت لەتەمووچەی دەدرێتێ!! كە داهێنان و دەستكەوتی ئەم كابینەی هەشتەیە!.
بەڵای كورسی و پۆست، عینادی سیاسیی، بەرپرسی بێمنەت، دەستاودەستنەكردنی دەسەڵات، مەیلی خۆسەپێنی و تاكڕەوەی، بەشێكی كەمی ئەو هۆكارانەن، كە كراونەتە خەڵات بۆ خۆراگریی و دڵسۆزی و دەنگدەرانی پەرۆشی خۆشگوزەرانی و سیستمی دیموكراسی لە هەرێم!!.
دوای بەرێكردنی سێ ساڵ قەیران و بێگوزەرانی، خەڵكی هەرێم پێدەنێنە ساڵی چوارەمی قەیرانەوە و «شینی»  كێشە دەگێڕن، خۆشبەختانی ساڵی زاینییش «ئاهەنگ» بۆ هاتنی 2017 دەگێڕن.
خەڵكی هەرێم لە ساڵی نوێی قەیراندا، (12) مانگ و ( 48) هەفتە و (365) رۆژ و(8760) خولەكی دیكەی ناخۆشی و تاڵی ژیان بەرێ دەكەن، چونكە حكومەت و حوكمدارەكانی ئێستا  (3) ساڵ و (36) مانگ و (144) هەفتەو (1095)  رۆژ و (1) ملیار و (575) ملیۆن و (800) خولەكیان لەبەردەست بوو، نەیانتوانی تەنیا كێشەیەكی خەڵك چارەسەر بكەن، ئەوا تەنیا پێیان دەكرێت ساڵێكی دیكەی قەیرانی قورس پێشكەش بكەن. 
حكومەت، كە دەوڵەتمەداری راستەقینەی هەبوو، كات بۆ وەبەرهێنانی گشتگیر و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەقۆزێتەوە، بەڵام دەوڵەتمەداری شكسدار، وەبەرهێنان لە كوشتنی كات دا دەكات، پینە و شاردنەوەی شكستەكان دەكات، لە جیاتی پرۆژە و ستراتیژ، تەنیا بیانوو هێنانەوەی شكستخواردن دەبێتە كارو كارنامەی، ئەمەش لە هەرێمدا هەیە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP