74 رۆژنامه‌نووس!
بەدواداچوون 74 رۆژنامه‌نووس! ‌ هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌‌ 27/12/2016
16
(له‌ساڵی 2016دا، 74 رۆژنامه‌نووس له‌كاتی كاركردنیاندا كوژراون، یان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌)، له‌و ژماره‌یه‌ش (53 رۆژنامه‌نووسیان به‌مه‌به‌ست كوژراون‌و كوشتنه‌كه‌یان په‌یوه‌ندیی به‌كاره‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌بووه‌)، هه‌روه‌ها (له‌ساڵی 2006ه‌وه‌ تائێستا 780 رۆژنامه‌نووس كوژراون).
ئه‌م ژمارانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئاماری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی په‌یامنێرانی بێسنووره‌، كه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ له‌كاروباری پاراستنی مافی رۆژنامه‌نووسانداو كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو بڵاویكرده‌وه‌، عیراقیش له‌ڕیزی چواره‌می ئه‌و پێنج وڵاته‌دایه‌ (سوریا، ئه‌فغانستان، مه‌كسیك، عیراق، یه‌مه‌ن) كه‌ له‌ساڵی 2016دا زۆرترین رۆژنامه‌نووسیان به‌مه‌به‌ست تێدا كوژراوه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌شێكه‌ له‌عیراق دیارنییه‌ چه‌ندی له‌و ژماره‌یه‌ به‌ركه‌وتووه‌و ده‌كه‌وێته‌ كوێی ریزبه‌ندییه‌كه‌وه‌؟!.
به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانیش له‌م پرسه‌دا خاوه‌ن تۆمارێكی نه‌خوازراوه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووداو تائێستاش كه‌م نین ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی هه‌م تیرۆركراون، هه‌م به‌پێی ئاماره‌كان كه‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بڵاویانده‌كاته‌وه‌ (پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه‌)، به‌داخه‌وه‌ پێشێلكارییه‌كانیش روو له‌زیادبوونن. به‌وشێوه‌یه‌و به‌پێی ئاماره‌كان، تیرۆركردن‌و پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ دیارده‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌وه‌ی له‌م پرسه‌دا به‌دیده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌:
*هه‌موو جارێك كه‌ رۆژنامه‌نووس یان هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ تیرۆر ده‌كرێت، ریزی به‌یاننامه‌ی ئیدانه‌و ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ به‌رپرس‌و په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و لێپرسراوان، بوار بۆ لایه‌نی دیكه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌و هه‌مووشیان به‌ڵێنی جۆراوجۆر له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ ده‌ده‌ن.
*كه‌چی تائێستا به‌ڵێن‌و هه‌ڵوێستی نێو به‌یاننامه‌كان هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دێڕی ناو به‌یاننامه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌و وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هه‌نگاوی پێویست بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌نراوه‌ كه‌ هه‌ستاون به‌تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسان‌و كه‌سانی دیكه‌ش!، ئه‌نجامی كۆتایی هیچ كه‌یسێكی تیرۆرکردن رۆژنامه‌نووسان رانه‌گه‌یه‌نراوه‌و تائێستا ئه‌م پرسه‌ به‌مه‌به‌ست بووبێ، یان بێ مه‌به‌ست، به‌ نادیاری هێڵدراوه‌ته‌وه‌، بگره‌ سه‌ره‌داوی پێویستیش له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌خراوه‌ته‌ڕوو.
*ئه‌م خاڵه‌ش بۆته‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی رۆژ به‌ڕۆژ دیارده‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسان‌و ئێستا چین‌وتوێژه‌كانی دیكه‌شی هاتۆته‌سه‌ر!، زیادببن‌و ئه‌مه‌ش سه‌رئه‌نجام به‌زیانی گشتیی دۆخی هه‌رێمی كوردستان شكاوه‌ته‌وه‌، كه‌چی هێشتا هه‌ڵوێسته‌كان هه‌ر له‌ئاستی پێویستدا نین‌و بگره‌ هەندێکجار ته‌نها ئه‌و كاته‌ ئه‌م پرسه‌ دێته‌وه‌ یاد، كه‌ یادی یه‌كێك له‌ڕۆژنامه‌نووسه‌ شه‌هیده‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌.
*جێگه‌ی خۆیه‌تی كه‌ناڵ‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن‌و سه‌ندیكاو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌‌و رۆژنامه‌نووس‌و راگه‌یاندنكاران، ده‌نگی خۆیان یه‌كبخه‌ن‌و لای خۆیانه‌وه‌ هه‌نگاوی پێویست بۆ ئه‌م پرسه‌ بنێن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م پرسه‌، هه‌روا به‌ نادیاری نه‌مێنێته‌وه‌.
*كه‌ناڵ‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌پێناوی سه‌لامه‌تی‌و پاراستنی گیانی رۆژنامه‌نووسان‌و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا، ته‌نها كێبڕكێ نه‌كه‌ن له‌سه‌ر گه‌یاندنی زۆرترین هه‌واڵ‌و زانیاری‌و بابه‌ت به‌ وه‌رگر، به‌ڵكو كێبڕكێ بكه‌ن له‌سه‌ر گه‌یاندنی زۆرترین هه‌واڵ‌و زانیاریی راست‌و پێویست‌و ئامانجدار.
دۆخی هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌زۆر رووه‌وه‌ نه‌خوازراوه‌و پێویستی به‌هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنی جددی‌و په‌له‌كردن له‌كۆتایی پێهێنان‌و هه‌نگاوی پێویست هه‌یه‌ له‌پێناوی چاره‌سه‌ردا، پرسی تیرۆركردن‌و پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسانیش له‌هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی، كه‌ ده‌خوازێت هه‌موولایه‌ك هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ رێگریكردن لێی‌و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی بنێن، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت ئه‌وانه‌ی له‌دوای هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌وجۆره‌وه‌، به‌یاننامه‌ی ئیدانه‌و ناڕه‌زایی ده‌رده‌كه‌ن، به‌یاننامه‌ی ئاماده‌كراویان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی جیا جیاداو به‌هه‌ندێك جیاوازیی كه‌مه‌وه‌ ئاماده‌بێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌! به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كۆتایی ساڵی 2017‌و ساڵێكی دیكه‌ ئه‌م كاته‌، ئاماره‌كانی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی په‌یامنێرانی بێسنوور زیاتر ده‌بن، ره‌نگه‌ ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستانیش له‌ڕیزبه‌ندییه‌كه‌دا بێت! ئه‌مه‌ش ویستی هیچ لایه‌كی له‌سه‌ر نییه‌. كاتێكیش ویسته‌كه‌ ئیجابی ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ ئاماده‌كاریی بۆ كرابێت‌و ئه‌وانه‌ی په‌نایان بۆ ئه‌م جۆره‌ كاره‌ نامرۆڤانه‌و قێزه‌ونانه‌ بردووه‌، له‌به‌رده‌م یاسادا به‌سزای ره‌وای خۆیان بگه‌یه‌نرێن‌و یاسا بۆ هه‌مووان سه‌روه‌ر بێت.
هیوادارم 2017 ساڵێك بێت، له‌ئاستی هیوای ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووسان‌و هه‌موولایه‌كدا بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7323
25/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ تایگه‌ر ودزی ئه‌فسانه‌ له‌ پله‌ی 1005ی جیهاندایه‌ 25/7/2017
‌ كریس فرۆم تۆر دۆ فرانسی برده‌وه‌ 25/7/2017
زانست
‌ بۆچی میوە بە مۆم ڕووپۆش دەكرێت؟ 24/7/2017
‌ مایكڵ دێڵ 24/7/2017
‌ كاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هـەرێمی كوردستاندا 24/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP