باشترین پێشكه‌وتن، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌
بەدواداچوون باشترین پێشكه‌وتن، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ ‌ هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌‌ 3/1/2017
17
ساڵی 2016مان به‌ڕێكرد، ئێستا له‌ده‌ستپێكی ساڵی 2017‌و ساڵێكی نوێداین. ساڵه‌كه‌ نوێیه‌، به‌ڵام هێشتا روون نییه‌ دۆخه‌كه‌، دۆخێكی نوێ ده‌بێت، یان هه‌روه‌ك ساڵی رابردوو ده‌بێت، به‌ڵێنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ساڵی نوێدا دۆخێكی نوێ‌و باشتر له‌وه‌ی ساڵی رابردوو ده‌ستپێبكه‌ین، لایه‌نه‌كان ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ساڵی نوێدا كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌و ئامانجه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌مساڵمان له‌ساڵی رابردوو نه‌چێت، واته‌ هیچ نه‌بێت ئه‌مساڵ نه‌ڵێین (ساڵ به‌ساڵ، خۆزگه‌م به‌ پار)، هه‌میشه‌ ئه‌گه‌رچی ساڵ نوێبۆته‌وه‌، به‌ڵام نێوانی به‌ڵێن‌و كردار هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌و نوێ نابێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مساڵ پێش هه‌موو شت پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌بواری كرده‌ییدا پێبنێینه‌ قۆناغێكی نوێوه‌، چونكه‌ دۆخی ئێستا پێویستی به‌به‌ڵێن نییه‌، پێویستی به‌كرداره‌، ئه‌وانه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان لێده‌كرێت، هه‌ر لایه‌ن‌و لێپرسراوه‌كانی ساڵی 2016-ن، یه‌كه‌م هه‌نگاوی هه‌مان ئه‌و لایه‌ن‌و لێپرسراوانه‌ش له‌پێناوی پێشكه‌وتن‌و باشبوونی دۆخه‌كه‌دا، به‌بڕوای من گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ:
*ئه‌و سه‌ره‌تایانه‌ی؛ كه‌ شۆڕش‌و خه‌باتیان له‌پێناودا به‌رپاكرا‌و حزب ئامانج بوو له‌پێناوی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكدا، نه‌ك وه‌ك ئێستا هه‌موو چین‌وتوێژه‌كان‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كراونه‌ته‌ ئامانج له‌پێناوی خزمه‌تكردنی حزب‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی حزبدا.
*سه‌روه‌ربوونی یاساو پابه‌ندبوونی هه‌موولایه‌ك به‌بێ جیاوازی به‌یاساوه‌، كاركردن به‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی 25 ساڵی رابردوودا هه‌مان ئه‌و لایه‌ن‌و لێپرسراوانه‌ی ئێستا له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ریانكردووه‌، ئه‌و یاسایانه‌ش كه‌ بوونه‌ته‌مایه‌ی ناكۆكی له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا، له‌ڕێگه‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌ كار بۆ هه‌مواركردنیان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ساڵی نوێ، له‌بواری جێبه‌جێكردنی یاساكانیشدا ساڵی نوێ بێت، چونكه‌ یه‌كێك له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دۆخی ئێستای هه‌رێم، پابه‌ندنه‌بوونه‌ به‌یاساوه‌.
*سازان‌و ته‌وافوقی راسته‌قینه‌، هه‌م له‌بواری پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم‌و پۆسته‌ باڵاكان‌و پۆسته‌كانی دیكه‌دا، هه‌م له‌بواری ماف‌و دابه‌شكردنی ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتییه‌كاندا.
*گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆو كۆبوونه‌وه‌كان هه‌م له‌نێوان خۆمانداو هه‌م له‌گه‌ڵ به‌غدا، چونكه‌ ساڵی نوێ‌و دۆخی نوێش پێویستیان به‌وه‌یه‌ گفتوگۆ‌و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مساڵ پێبنێنه‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ ئه‌نجامیان هه‌بێت‌و ئه‌نجامه‌كانیش كاریگه‌ریی ئیجابی به‌دوای خۆیاندا بهێنن.
*گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زۆرترین كردارو كه‌مترین به‌ڵێن‌و لێدوان، چونكه‌ دۆخی ئێستا پێویستی به‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌كان كۆتایی بهێنن به‌قۆناغی به‌ڵێن، ئه‌مساڵ بكه‌نه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغی كردارو هه‌نگاوی كرده‌یی‌و پێویست له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كاندا.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵی نوێشدا به‌پێی لێدوانه‌كان بڕیاره‌ خولێكی نوێی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت، بۆیه‌ پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مساڵ جیاوازبن، جیاوازی‌و سه‌ركه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌كانیش پێویستی به‌وه‌یه‌ نه‌ وه‌ك ساڵی 2015 بن، كه‌ زۆرترین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تێدا كرا، نه‌ وه‌ك ساڵی 2016ش بێت كه‌ كه‌مترین كۆبوونه‌وه‌ی تێدا كرا، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شی هه‌ردوو ساڵی رابردوو له‌بواری كۆبوونه‌وه‌و په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌ك ئه‌نجامیان هه‌بوو، ئه‌ویش تێكچوونی په‌یوه‌ندیییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان‌و دۆخی هه‌رێمی كوردستان بوو، بۆیه‌ 2017 پێویستی به‌وه‌یه‌ وه‌ك ساڵانی 2015‌و 2016 نه‌بین، به‌ڵكو باشترین پێشكه‌وتن له‌پێناوی كۆتاییهێنان به‌م قه‌یرانانه‌ی ئێستا له‌هه‌موو بواره‌كاندا جگه‌ له‌بواری سه‌ركه‌وتن‌و نه‌به‌ردییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی دژی تیرۆردا، ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵانی پێشووتر، ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ كاریان بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك‌و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌كرد، نه‌ك به‌رده‌وامیدان به‌و دۆخه‌ی كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌دوو ساڵه‌، قه‌یران دوای قه‌یران روو له‌هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كات‌و لایه‌نه‌كانیش ته‌نها كۆبوونه‌وه‌ به‌كۆبوونه‌وه‌ ده‌سپێرن‌و له‌ئه‌نجامی به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كانیشدا قوفڵ له‌ده‌رگای پاراستن‌و گه‌شه‌پێدانی ده‌ستكه‌وته‌كان درا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP