فه‌وزایه‌كی تر
فه‌وزایه‌كی تر ‌ سه‌ربه‌ست جیهاد‌ 4/1/2017
دۆخی سیاسی‌و ئه‌منی توركیا تادێ دژوارتر ده‌بێ. له‌ ناو وڵات شه‌ڕ له‌ دژی گه‌لی كورد هه‌روا په‌ره‌ ده‌ستێنێ، ململانه‌ له‌گه‌ڵ نه‌یار‌و ناڕازی توندتر ده‌بێ، قه‌ده‌غه‌‌و ده‌ركردن‌و نانبڕین‌و سه‌ركوت‌و زیندانی به‌ربڵاوتر ده‌بێ، له‌و دیو سنوور شه‌ڕی پێشگیرانه‌ (ئیستیباقی) درێژه‌ی هه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت‌و سه‌ركه‌وتنی به‌دواوه‌ بوو بێ.
شه‌مزاندنی به‌ ئه‌نقه‌ستی دۆخی سیاسی كه‌ یه‌كسه‌ر ناسه‌قامگیری ئه‌منیشی له‌ دوو هات، ستراتیجی ئه‌ردۆغان‌و پارته‌كه‌یه‌تی بۆ گه‌یشتن به‌ خواستی تاك ده‌سه‌ڵاتخوازی‌و یه‌كده‌گكردنی فه‌زای سیاسی.
 ئه‌م دۆخه‌ كه‌ له‌ ساده‌ترین ته‌عریفدا دۆخی جه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌‌و له‌ دوای كوده‌تای ته‌مموزه‌وه‌، گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ئاستی مه‌ترسیدار، بۆ توركیا‌و بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌و بۆ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی، بۆ پارته‌كانی ركابه‌ری‌و بۆ كۆمه‌ڵگای توركی‌و بۆ پێكهاته‌ جیاواز‌و ناته‌باكانی، مۆته‌كه‌ی شه‌ڕ وه‌كو یه‌كه‌، له‌م شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتحوازیه‌دا هه‌مووان دۆڕاو‌و زه‌ره‌ر مه‌ندن، هه‌موان به‌ جه‌للاد‌و قوربانیه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ دژی ئازادی‌و فره‌یی‌و دیموكراسی‌و به‌هایه‌كانی مافی مرۆڤه‌. 
 له‌ ئاستی سیاسی لێكترازان‌و ناته‌بایی هه‌موو سنووره‌كانی به‌زاندووه‌‌و ده‌روازه‌كانی دروستبوونی فه‌وزا‌و بێ به‌ندووباری خستۆته‌ سه‌ر گازه‌رای پشت، سه‌ركوت‌و مه‌نع‌و زیندان‌و راوه‌دوونان‌و ده‌ركردن، سه‌دان هه‌زاری كردۆته‌ قوربانی، ئه‌مه‌ش شه‌قاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رین كردووه‌ به‌ جۆرێك هه‌ر ئانه‌ ده‌توانێ گه‌ف له‌ ئاشتی‌و ئۆقره‌یی بكا. به‌هۆی شه‌ڕی تایبه‌ت له‌ دژی گه‌لی كورد له‌ لایه‌ك‌و تیرۆر‌و ته‌قاندنه‌وه‌ له‌ لای دووه‌م، ئه‌مان كه‌وتۆته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی جددی. زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستانی باكوور به‌ پله‌ی جیاواز‌و به‌ هۆی شه‌ڕه‌وه‌ وێران بوونه‌، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ، گه‌مارۆدان، بێكاركردنی ئیجباری و.. هتد دانیشتوانی هه‌راسان كردووه‌، گرتن‌و راوه‌دوونانی سیاسیه‌كان‌و ته‌نگه‌تاوكردنی كه‌سوكاریان بێزاری هاونیشتمانانی گه‌یاندۆته‌ ترۆپك. ته‌قینه‌وه‌و عه‌مه‌لیاتی تیرۆریستی له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان كه‌ دواهه‌مینیان ئه‌وه‌ی ئیسته‌نبول بوو، هیچ مانایه‌كی بۆ سه‌قامگیری ئه‌منی نه‌هێشتۆته‌وه‌.
 وه‌كی دی شه‌ڕی پێشگیرانه‌ (ئیستیباقی) كه‌ به‌ ئیدعای ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رگرتنه‌ له‌ تیرۆر، نه‌تیجه‌ی پێچه‌وانه‌ی بووه‌، به‌شێك له‌و تیرۆریستانه‌ی له‌لایه‌ن توركیاوه‌ په‌روه‌رده‌كراون‌و ده‌عمی سه‌ربازی‌و ماددی كراون، ئێستا له‌ ئه‌ردۆغان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌ڵگه‌ڕاونه‌وه‌‌و به‌ ئازادی ته‌واوه‌وه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌كی توركیا بیانه‌وه‌ێ له‌وێ خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه‌. ئه‌و تیرۆریستانه‌شی كه‌ تا ئێستا وه‌فایان به‌ په‌یمانیان ماوه‌، ئه‌وه‌یان له‌ ده‌ست نایه‌ سنووره‌كانی توركیا بپارێزن, بۆ ئه‌وه‌ش نابن خه‌ونی فراوانخوازی ئاكپارتیان پێ به‌دی بێ، ئه‌وانه‌ له‌ حه‌ڵه‌ب هه‌ڵاتن‌و وا سێ مانگه‌ شارۆچكه‌ی بابیشیان پێ كۆنتڕۆڵ ناكرێ.
 جه‌نگ كه‌ به‌ری سیاسه‌ت‌و ستراتیجی سه‌ركێشانه‌ی ئه‌ردۆغان‌و ئاكپارتیه‌، چ له‌ ناوخۆ‌و چ له‌و دیوی سنوور ده‌ستكه‌وتی نه‌بووه‌، سه‌رباری باراندنی ئه‌و هه‌موو ئاگرو ئاسنه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سه‌ركوت‌و زیندان‌و ئازاردان‌و بێبه‌شكردنه‌، ئیراده‌ی ئازادیخوازی گه‌لی كورد نه‌ك هه‌ر نه‌له‌قیوه‌، به‌ڵكو پته‌وتر بووه‌، ناڕه‌زایه‌تی دژی ئه‌ردۆغان‌و ئاكپارتی له‌ ناوخۆ‌و ئقلیم‌و جیهان به‌رفره‌تر بووه‌، له‌و دیو سنوور ناوچه‌ی ئارام سه‌ری نه‌گرتووه‌‌و ئاواتی سه‌رۆك ئه‌ردۆغان‌و ده‌وڵه‌ت‌و حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ سوریا به‌ربادبووه‌، له‌ عیراق سه‌رباری له‌شكر هێنان‌و ده‌ستێوه‌ردان نه‌یتوانیوه‌ هیچ به‌شداری‌و كاریگه‌ریه‌كی له‌ شه‌ڕی ئازادكردنی موسڵ هه‌بێ.
پێدراو‌و ئاماژه‌ی زۆر هه‌نه‌، دۆخی ناله‌باری سیاسی‌و ئه‌منی توركیا سه‌ر بكێشێ بۆ فه‌وزا‌و پاشاگه‌ردانی‌و رووداوه‌كانی سوریا له‌ توركیا دووباره‌ ببنه‌وه‌، ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی ئه‌ردۆغانیش نه‌بووبن به‌ دڵی ئه‌و بوون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7172
19/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP