2017، كۆتایی دەرفەتەكان
2017، كۆتایی دەرفەتەكان ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 8/1/2017
هێدی هێدی گرفت‌و كێشەكانی كوردستان زیاتر كەڵەكە دەبێت، بەتێپەڕبوونی كات زیاتر لەچارەسەركردن دووردەكەوینەوە، وەك گڵۆڵە هێدی هێدی كێشەو گرفتی دیكە لەخۆی دەئاڵێنێت‌و سەرەنجام هەرچی هەیە لەخۆی دەئاڵێنێت‌و ئەوەندەی دیكە ئاڵۆزی دەكات.
لە 2013دا كێشەی كۆتاییهاتنی سەرۆكایەتیی هەرێم چارەنەكرا، رێككەوتنێكی سیاسی برایە پەرلەمان‌و سەرباری نەسازان‌و مشتومڕی توند، بەڵام بەیاسایی كراو ماوەی دووساڵ درێژكرایەوە! لە 2015 هەمان كێشە هاتەوەسەر ڕێ‌و ئەمجارەیان نەك چارەنەكرا، بەڵكو پەرلەمانیشی لەگەڵ خۆیدا پەلكێش كردو جگە لەبۆشایی سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمانیش پەكخراو نوێنەرایەتی شەرعیی خەڵكی كوردستانیش پەكیكەوت!
ئەوە 2017 هات‌و لەكۆتایی ساڵ ئەگەر رێككەوتنێكی سیاسی نەكرێت بۆ گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم‌و پەرلەمان، ئەوا حكومەتیش پەكیدەكەوێت‌و ئیدی هیچ كەس‌و دەسەڵاتێك نامێنێت شەرعیەتی هەبێت‌و حوكمڕانی لەكوردستان بەتەواوی دەكەوێتە دەرەوەی شەرعیەتی قانوونی!
ئەگەر لەدوایین هەوڵی رێككەوتنی سیاسی، كە ئێستا لەگۆڕێدایە، ئەنجامێكی عەمەلیی بەدەست نەیەت‌و كۆتایی بەو چەقبەستنە سیاسی‌و قانوونییەی كوردستان نەهێنرێت، بەدڵنیاییەوە هەرچی لەماوەی رابردوو بنیاتنراوە (سەرباری كەموكوڕی زۆر) لەباردەچێت، دواتر هیچ ناونیشانێك یان پێناسەیەك حوكمڕانیی كوردستان لەخۆناگرێت.
لەماوەی نزیكەی 26 ساڵی رابردوو توانرا دامودەزگای شەرعی‌و قانوونی (سەرباری كەموكوڕیی) لەكوردستان دروستبكرێت، لە دە ساڵی دوای رووخانی سەدام؛ جۆرێك لەسەقامگیریی سیاسی‌و قانوونی، ئەمنی، بەرقەراربوو، هاوكات لەدەستووری عیراق زۆربەی ماف‌و خواستە سیاسی‌و ئیدارییەكان چەسپێنرا، دەتوانین بڵێین ئەمانە هەم دەستكەوتی گرنگ بوون‌و هەمیش پێشكەوتنی دڵخۆشكەربوون لەدۆخی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی لەكوردستان، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی‌و پێداگریی لەسەر مانەوە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتە جیاوازەكانی حوكمڕانی پەكیانكەوت‌و سەقامگیریی سیاسی نەماو ئابووریی كوردستان بەهۆی نەبوونی بەشداریی راستەقینەو حوكمڕانیی ناڕۆشن بەخراپترین دۆخدا تێدەپەڕێت! لەوە خراپتر ئەگەرو ئاماژەكانی دوای كۆتاییهاتنی داعش دڵخۆشكەرنین، نەخاسمە بەم كەرەستەو دۆخەی ئێستا، ئەوا بەدڵنیاییەوە كوردستان دەكەوێتە بەردەم مەترسیی حەتمی.
2017 ساڵێكی جیاواز دەبێت، ساڵی كۆتایی دەرفەتەكانی بەردەم سەركردایەتیی ئێستای كوردستان دەبێت، دەرفەتی خۆدزینەوەو دواخستن نەما، لەلایەك دوای سەرۆكایەتیی هەرێم‌و پەرلەمان، ئەم جارە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت ئەوا كۆتایی ئەمساڵ حكومەتیش بەتەواویی شەرعیەت لەدەستدەدات، لەلایەكی دیكە داعش كۆتاییدێت‌و دۆخێكی نوێ لەناوچەكە دێتەپێشەوە، كە راستەوخۆ پەیوەندیی بەكوردستانەوە هەیە، كەوایە كورد خۆئامادەكردنێكی (هەقیقی) پێویستە، كە مومكین نییە بەبێ سەقامگیریی سیاسی‌و رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان ئەو ئامادەبوونە دروستببێت، خۆ ئەگەر ئەوە نەكرێت، ئەوا بێگومان باجەكەی زۆر گەورەتر دەبێت لەوەی پێشبینی دەكرێت، بەر لەهەمووانیش بەرۆكی ئەوانە دەگرێت، كە سەبەبكاری ئەم چەقبەستنەن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7223
20/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سلێمانی كه‌وته‌ داوی یه‌كسانبوونه‌وه‌ 19/3/2017
‌ ناپۆلی و مێرتینز گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن 19/3/2017
زانست
‌ پیاوان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌موچاویان ده‌شۆن 15/3/2017
‌ دانیماركیش پشت بە ئاشی با ده‌به‌ستێت 15/3/2017
‌ چه‌ند گیراوه‌یه‌كی سروشتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی پێست به‌هۆی زه‌یتی كونجیه‌وه‌ 15/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP