توركیا پشت له‌ دۆسته‌كانی‌و روو له‌ شیعه‌؟
روانگەی چــیا توركیا پشت له‌ دۆسته‌كانی‌و روو له‌ شیعه‌؟ ‌ مستەفا شێخ محەمەد‌ 10/1/2017
بیناڵی یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ راسپارده‌ی ئه‌ردۆگان له‌ به‌غدا بوو، توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ نیشان بدات له‌گه‌ڵ ئێران‌و روسیا راستگۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سوریاو عیراق، كه‌واته‌ توركیا «ده‌ستبه‌رداری خه‌ونه‌ سوڵتانییه‌كانی ئه‌ردۆگان بووه‌و، به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ ئێران‌و شیعه‌كان، له‌ سوننه‌كان‌و هاوبه‌شه‌ ئه‌مریكی‌و ئه‌وروپییه‌كان دورده‌كه‌وێته‌وه‌» مه‌به‌ستێتی له‌ پێگه‌ی كورد بدات له‌ سوریاو عیراق. 
توركیا وه‌ك جه‌مسه‌رێكی به‌هێز له‌ دوای راپه‌رینی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌ ساڵی 2011 رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌و هه‌یه‌ له‌ به‌رده‌وامیی ململانێ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌، خۆشی به‌شێكی گرنگه‌ له‌كۆی كێشه‌كان، هه‌میشه‌ وه‌ك سه‌ردارێكی سوننه‌كان خۆی نمایشكردوه‌، له‌م پێناوه‌شدا ده‌یان به‌رنامه‌و پلانیان داناوه‌ بۆ كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌و چۆنێتی سه‌ركه‌وتنی گروپه‌ سونییه‌كان، سه‌ره‌نجام سوننه‌كان جگه‌ له‌ وێران بوونی ده‌یان شارو له‌ناوبردنی شارستانێتییه‌كه‌یان به‌ ملیار دۆلاریان له‌م پڕۆسه‌یه‌دا خه‌رجكردوه‌، هه‌روه‌ها سه‌دان هه‌زار مرۆڤیان كوژراون‌و به‌ ملیۆنانیشیان ئاواره‌ بوون، ئایا توركیا له‌ سوننه‌كان هه‌ڵگه‌راوه‌ته‌وه‌، یان وه‌ك سه‌ر له‌شكرێكی تێكشكاو به‌رامبه‌ر شیعه‌ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات؟! بۆ ئه‌م قۆناغه‌ بڕگه‌ی دووه‌م زیاتر له‌ راستییه‌وه‌ نزیكه‌.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی رزگاركردنی موسڵ، ئه‌ردۆگان رۆژی چه‌ند جارێك ده‌هاته‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان‌و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ به‌غداو عه‌بادی ده‌كرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری موسڵ له‌ چنگی داعش رزگاركرا، پڕۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ پێشكه‌وتنیان به‌ خۆیانه‌وه‌ بینی له‌ سوریا، حه‌له‌بیش له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی سه‌ندرایه‌وه‌و كه‌وته‌ ده‌ستی ئه‌سه‌د، به‌ گشتیی رۆژ به‌ڕۆژ هێزه‌ دۆسته‌كانی توركیا، داعش‌و گروپه‌كانی دیكه‌ له‌ پاشه‌كشێی به‌رده‌وام دان، ئه‌وه‌ش یه‌ك مانای هه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی «پڕۆژه‌ی توركیا قه‌ته‌ر سعودیه‌ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سوریا شكستیهێناوه‌»، بۆیه‌ له‌ كۆتا رۆژه‌كانی ساڵی 2016دا ئه‌ردۆگان به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ عه‌بادیه‌وه‌ كردو، چه‌ند رۆژی دواتر بیناڵی یه‌ڵدرمی-ی نارده‌ به‌غدا، له‌وێ پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌ی به‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق دوپاتكرده‌وه‌، به‌مه‌ش سه‌ردارێتی شیعه‌ی له‌ عیراق قبوڵكرد، سوننه‌كانیش كه‌ توركیا خۆی به‌خاوه‌نیان زانیوه‌، دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ قوربانی، ئه‌مه‌ له‌ پێناوی چیدایه‌‌؟ توركیاو به‌شێك له‌ سوننه‌كان له‌و بروایه‌دا بوون كه‌ سوننه‌كان له‌ رێگه‌ی داعشه‌وه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی دیمه‌شق‌و به‌غدا ئه‌ڕوخێنێت، پێیان وابوو به‌ ئاسانیی ئه‌توانن كۆنترۆڵی رێره‌وه‌كانی ده‌ریایی سوریا بكه‌ن، هه‌ژمونی خۆیان گه‌شه‌ پێبده‌ن، به‌ڵام ئه‌زمونی شه‌ڕی شه‌ش ساڵه‌ له‌ سوریا هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی پوچه‌ڵكرده‌وه‌، توركیا له‌پێناو روخاندنی رژێمی ئه‌سه‌د هاوكارییه‌كی ئاشكرای به‌ گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان كردبوو، ئه‌و گروپانه‌ خاكی توركیایان به‌كارهێناوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستیدا په‌نجه‌ی گومان بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا راكێشراوه‌، گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ئێستا هه‌ست ئه‌كه‌ن ئه‌ردۆگان‌و حكومه‌ته‌كه‌ی له‌و جیهاده‌ی ده‌ستیانپێكردوه‌، هاوڕێی نیوه‌ رێگا بوون، ئه‌وه‌ش واتای هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌حكامه‌كانی مورته‌دیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ئه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدی توركیا بێ هیوا بووه‌ له‌وه‌ی ئه‌و گروپانه‌ بتوانن سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ستبهێنن، بۆ پاكردنه‌وه‌ی خۆی، بۆ به‌ده‌ستهێنانی كه‌مترین ده‌ستكه‌وت، ئه‌وه‌ به‌ باش ده‌زانێ كه‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌كان رێكه‌وێت.
ئایا توركیا جدیه‌ له‌وه‌ی پشت له‌ سوننه‌كان بكات، هه‌ڵوێستی سوننه‌كان چی ده‌بێت، ئایا له‌ به‌هه‌شتی سوننه‌كاندا كه‌ به‌هه‌موو هێزی ئابوری خۆیانه‌وه‌، تا ئه‌م ساته‌ش كۆڵه‌كه‌ی پشت توركیا بوون ده‌رده‌كرێت؟، پێده‌چێت به‌م هه‌نگاوه‌ی توركیا سه‌رله‌به‌ری رێره‌وی یارییه‌كان له‌ له‌ناوبردنی به‌شار ئه‌سه‌د‌و سنوورداركردنی شیعه‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف بۆ سوننه‌ زوڵم لێكراوه‌كان،‌ بۆ له‌ناوبردنی كورد له‌ رۆژئاڤاو باشووری كوردستان بگۆڕێت.
 كێ هه‌یه‌ نه‌زانێت رێكه‌وتنی عیراق‌و ئێران‌و سوریاو توركیا له‌ گه‌ڵ یه‌كتری به‌ درێژایی دروستبوونیان وه‌ك ده‌وڵه‌ت، تاكه‌ شتێك له‌ سه‌ری ته‌بابوون، رێنه‌دان بووه‌ به‌ هه‌بوونی كورد وه‌ك كیانێكی سیاسی، چونكه‌ كورد له‌لای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ته‌نیا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ئابووری‌و عه‌شائیری په‌سه‌ندكراوه‌!. 
سه‌ردانه‌كه‌ی بن عه‌لی بۆ به‌غدا په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌نگاوه‌كانی توركیا-روسیا له‌ لایه‌ك‌و، روسیا-ئێران له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی رۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ری 2016 كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ به‌ هاورێیه‌تی هاكان فیدان راوێژكاری ده‌زگای سیخوڕی توركیا، ناسراو به‌ (میت) گه‌یشتنه‌ تارانی پایته‌ختی ئێران، جێكه‌وت كرابێت، ئه‌م رووداوانه‌ی دوایی ناو سوریاش ئه‌وه‌ پشتڕاست ئه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌نقه‌ره‌، له‌ سوریاو له‌ عیراق یه‌ك ئامانجی هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ ناوبردنی كورده‌ له‌ هه‌ردوو وڵات، به‌م هه‌نگاوه‌ش توركیا به‌ره‌ی سونییه‌كان زیاتر له‌ دژی خۆی ئه‌ورژێنێت، پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌، ئایا توركیا ده‌توانێت هێنده‌ ئاسان روو له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی وه‌ربگێڕێت، ئایا توركیا له‌ سوریا به‌ چی رێگه‌یه‌ك ده‌توانێت كاریگه‌ریی خۆی به‌سه‌ر ئیداره‌ی باكووری سوریا بسه‌پێنێت؟
ئه‌نجام، پێشبینی ناكرێت ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێیه‌ درێژه‌ بكێشێت، ئێران‌و توركیا ناتوانن وه‌ك هاوپه‌یمان هه‌ڵبكه‌ن، توركیا ناتوانێت له‌ گێژاوه‌كانی سیاسه‌تی شه‌ش ساڵی رابردوی خۆی ده‌ربازی بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP