بازرگانی لەگەڵ داعش!
ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ بازرگانی لەگەڵ داعش! ‌ عەتا کەریم‌ 10/1/2017
بازرگانیكردنی نەوت لەگەڵ داعش، بەجۆر و شێوەی جیا و لەلایەن هەندێك بەرپرسی سەربازییەوە، چەند جارێكە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی «لیژنە» بۆ پێكهێنراوەكان، ئەنجامیان هەبێت، كە دەچێتە خانەی پەردەپۆشكردن!.نەك ئاشكراكردن و بەسزاگەیاندنی بكەران.
 لەشەڕی دژە داعشدا (1654) پێشمەرگە شەهیدبوون و نزیكەی(10) هەزاریش برینداربوون و (62)ی دیكەش بێسەروشوێنن، هەموو ئەو قوربانیانەشیان لەپێناوی ئەوەدا دراون كە بەزاندنی خاكی كوردستان هێڵی سوورە، بەڵام لەسەرووی ئەوانەوە هەندێك بەرپرس و فەرماندەی «بازرگانی شەڕ» هەن، باز بەسەر ئەو هێڵەدا دەدەن، بازرگانیی نەوت و ئۆتۆمبێل و كەرەستەی چەك و تەقەمەنی لەگەڵ دوژمنان دەكەن، كام دوژمنیش «داعش»!. 
بازرگانەكانی «شەڕ»،ئەركیان شەڕە بۆ پارە و سەروەت و سامانی زۆرتر ، سڵ لەوەش ناكەنەوە كە لە پێناوی پارەدا هانا بۆ بازرگانی لەگەڵ دوژمنانیش ببەن، كە یارمەتیدانی تیرۆریستانە لەدژی پێشمەرگە و هاونیشتمانیانی كوردستان، بۆیە هەرجۆرە بازرگانییەك لەگەڵ داعش، جۆرێكی یارمەتیدانیانە لە دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی بۆ تیرۆریستان و ئەوانیش چەك و تەقەمەنی پێدەكڕن و لەدژی پێشمەرگە و كاری تیرۆریستیدا بەكاریدەهێنن، كە بەداخەوە زۆرترین ژمارەی پێشمەرگە شەهیدەكان، بەهۆكاری تەقینەوە و بۆمبی چێندراوەوە بوونەتە قوربانی، كە باندە بازرگانییەكەی ئەم دواییە كەبسولی تەقینەوەیان بەداعش فرۆشتووە!. 
كەیسەكانی (بازرگانیی نەوت، فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، جۆزەی تەقینەوە)، كەسانێك كردویانە و دەیكەن، كە پۆست و پێگەیان بەكارهێناوە كە وەك «پێشمەرگە» گیرفان بەتاڵ نین و لەپاڵ سەنگەر و ناوی پێشمەرگە، بازرگانیان لەگەڵ تیرۆریستان كردووە.
 یەكەم كەیسیان كە ئاشكرابوو، بازرگانیكردنی نەوت بوو لەگەڵ داعش كە لەكۆتایی ساڵی 2014، دواتریش بازرگانی ئۆتومبێل، كە ئەویش لەسەرەتاكانی 2015 دابوو ژمارەیەك ئۆتۆمبێلش لە ئۆپەراسیۆندا بە تابلۆی كاتی هەرێمەوە كەوتە دەستی پێشمەرگە و دواتریش لە كۆتایی 2016دا بازرگانی جۆزەی تەقینەوە و پارچەی هامەر لەگەڵ داعش كرا. 
لەیەكەم كەیسدا، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی نەزاهەی لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پێكهێنا و گەیشتنە ئەو راستییەی كە بازرگانی نەوت لەگەڵ داعش كراوە و بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی ئەوان زیاتر لە 100 كەس تێوەگلاون و كەسانی باڵایان لەپشتە!!. بەڵام حكومەتی هەرێمیش بۆ هەمان كەیس لیژنەیەكی لە وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و سامانە سروشتیەكان دروستكرد، سەرەنجام پەرلەمان پەكخرا و لیژنەكانیش بێئەنجام بوون!!. تەنیا ئەوە نەبێت كە گوایە 10-15 كەس دەستگیركراون!!. 
كەیسی بازرگانی ئۆتۆمبێلەكانیش دیسان پەردەپۆشكراو شاردرایەوە، كەیسی سێیەمیشیان كەتازەیە نزیكەی 10 ئەفسەر و پلەدار دەستەبەسەركراون و ئەگەریش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بكرێت ئەوە دەگاتە ژمارەی تێوەگڵاوی زیاتر و پشت و پشتیوانی گەورەتر دەردەكەوێت، بۆیە خەمساردی بەدواداچوونی حكومەت و نەگەیاندنی ئەو کەیسانە بە دەسەڵاتی دادگا   «گومان» دروستدەكەن كە باسكی بارزگانییەكە لەوان بەهێزترە!!. 
لیژنەكان لە پێناوی چی و بۆچی بێئەنجام و دەنگ كپكراون!!، بەبێ سزادانی بازرگانان لەگەڵ داعش و ئاشكراكردنی دەستەكانی پشتەوە، بازرگانی مەترسیدارتر و خراپتریش دەكرێت. ناكرێت لە ناو سەنگەریی بەرگریی پێشمەرگەوە، لە پێناوی پارە و سەروەتدا بازرگانی بكرێت، ناكرێت فەرماندە و پێشمەرگەی گیانفیدا و فەرماندەو پلەداری بازرگان لەیەك جیانەكرێنەوە، ناكرێت دوژمنانی داعش و دۆستانی داعش وەكیەك بن، ئەگەر یاسا و ویژدانی نیشتمانی و بەرپرسی بەرپرسیار هەبن، نەشیاوە «بازرگانی« لە پاڵ سەنگەر و ناوی پێشمەرگەدا بكرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP