یادی كوردستانی نوێ
بەدواداچوون یادی كوردستانی نوێ ‌ هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌‌ 10/1/2017
18
دوو سبەی 12/1/2017، رۆژنامەی كوردستانی نوێ یادی دەرچوونی ژمارە سفری دەكاتەوەو مۆمی ساڵی بیست‌و شەشەمی دەرچوونی دادەگیرسێنێت‌و ساڵێكی نوێی كاركردن دەستپێدەكات.
یادی كوردستانی نوێ، یادێك نییە تەنها بۆ ستافی ئێستای رۆژنامەكە، بەڵكو یادو سەروەرییە بۆ هەموو ئەو كەسانەی، كە رۆژێك لەڕۆژان رۆڵیان هەبووە لەپەرەپێدانی رۆژنامەكەداو پێیەوە ماندووبوون‌و شەونخونییان لەپێناودا كردووە، بۆ ئەو كەسانەی لەخەمی كاروانی رۆژنامەگەری‌و گەیاندنی زانیارییەكاندان بەو شێوەیەی، كە پێویستەو لەئارادایە، نەك بەو شێوەیەی، كە مەبەست‌و ئامانجی دیكە، دەیخوازێت.
یادی كوردستانی نوێ بۆیە بۆ هەمووانە، چونكە كوردستانی نوێ هەمیشە چەپكەگوڵەكەی (مام) بووەو دەبێت، (مام) وتەنی: (بۆ كوردستانێكی‌ نوێیەو لەهەمووانەو هی هەمووانەو بۆ هەمووانە... كوردستانی نوێ هەمیشە سیاسەتی چەپكەگوڵەكەی پەیڕەو كردووەو هەست بەلێپرسراوێتیی نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و پیشەیی خۆی دەكات).
كوردستانی نوێ بەو لێپرسراوێتییانەوە هەمیشە خوێندنگەیەكی پڕ بەرهەمی پێگەیاندنی فێرخوازانی بواری رۆژنامەگەرییەو لەم بوارەشدا رۆڵی دیارو بەرچاوی هەبووەو هەیەو ئێستا ئەگەر چاوێك بەم بوارەی كۆمەڵگەی كوردستاندا بگێڕدرێت، كەم دەزگاو كەناڵی راگەیاندن هەیە، كە لەخوێندنگەكەی كوردستانی نوێ سوودی وەرنەگرتبێت‌و بەرهەمی كوردستانی نوێ، بەرهەمی پێنەبەخشیبێتەوە.
رۆڵ‌و دەستكەوت‌و سەروەریی‌و شانازییەكانی كوردستانی نوێ زۆرو بەرچاون‌و بەردەوامبوونی رۆژنامەكە لەماوەی بیست‌و پێنج ساڵی رابردوودا، سەرەڕای كۆسپ‌و بەربەستەكان، خۆی لەخۆیدا یەكێكە لەسەروەرییەكان، بەڵام لەم یادەدا مەبەستمە زیاتر لەقۆناغی داهاتووی كوردستانی نوێ بدوێم، بۆ قۆناغی داهاتووش، پێویستە:
*پێداچوونەوە بە لایەنی خاوەندارێتییكردنی رۆژنامەكە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بكرێت‌و ئەم بوارە جیاواز بێت لەساڵانی پێشووترو بەشێوازو ناوەڕۆكێكی دیكەوە رێكبخرێتەوەو چیتر كوردستانی نوێ ناچار نەبێت بەبڵاوكردنەوەی هەندێك هەواڵ‌و راپۆرتی تەشریفاتی، كە بڵاوكردنەوەیان پێویست نییە. كاری پێویست بكرێت بۆ بەرزكردنەوەی هەیبەتی كوردستانی نوێ، بۆ ئەوەی وەك دامەزراوەیەكی سەنگینی یەكێتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
*كوردستانی نوێ هەمیشە سەرچاوەیەكی سەرەكی هەواڵ‌و زانیاریی بووە بۆ دەزگاو كەناڵەكانی دیكەی راگەیاندن، بەڵام بێ گرفتیش نەبووە لەگەیشتن بەسەرچاوەكانی هەواڵ‌و دەستكەوتنی زانیاری‌و هەندێكجار تەنانەت گرفتی هەبووە لەگەڵ وەڵامنەدانەوەی بەشێك لەلێپرسراوان‌و پەرلەمانتاران‌و وەزیرەكانی یەكێتی-ش‌و بەزەحمەت وەڵامی دەستكەوتووەو تەنانەت جاری واهەبووە هەر وەڵامی دەستنەكەوتووە، بۆیە پێویستە بەربەستەكانی بەردەم (بڵاوبوونەوەی زۆرترین هەواڵ‌و زانیاری لەكوردستانی نوێ)دا كەمبكرێنەوە، ئەمەش پێویستی بەهاوكاری‌و هەماهەنگیی هەموو لایەك هەیە.
*كوردستانی نوێ بەدەر نەبووە لەكاریگەرییەكانی ئەو قەیرانە داراییەی، كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی چەند ساڵێكە بەسەر قەیرانە داراییەكەشدا زاڵ بووەو درێژەی بەكاروانەكەی داوە، بۆ قۆناغی داهاتووش هێشتا هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەری قەیرانە داراییەكەی دیارنییەو روونیش نییە كاریگەرییەكە تا چ ئاستێك دەڕوات‌و داهاتووی رۆژنامەكە بەرەو كوێ دەبات؟، لەم قۆناغەدا ئەم بوارە یەكێكە لەو بوارانەی، كە پێویستی بەوە هەیە دیسانەوە بەهاوكاریی هەموولایەك رێگەچارەیەكی دروست‌و گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
*جاران، (مام) خاوەنی راستەقینەو خەمخۆری هەمیشەیی‌و دڵسۆزێكی كەموێنەی كوردستانی نوێ بوو، بەداخەوە ئێستا لەم بوارەدا هەست بەبۆشاییەكی گەورە دەكرێت، بۆیە قۆناغی داهاتوو پێویستی بەكەمكردنەوەی ئەو بۆشاییە هەیە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی، كە كاریگەرییەكانی قەیرانەكانی ئێستا بەتایبەت لەداراییدا بەوشێوەیە لەسەر كوردستانی نوێ بەردەوام نەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر قەیرانی دارایی هەر هاوشێوەی ئەم دوو سێ ساڵەی رابردوو، بەردەوام بێت، رەنگە بڕیاردان لەڕێگایەكی دیكە پێویست بێت، كە هیوای هیچ كەسێك نییە، رێگایەكی نەویستراوو ناچاری لەسەر بەردەوامبوونی كوردستانی نوێ هەڵبژێردرێت.
لەم یادەدا هیوادارین هەم هاوكارانی كوردستانی نوێ زۆربن، هەم خەمخۆرانی كوردستانی نوێ زۆر بن، هەم كوردستانی نوێ لەكوردستانێكی نوێدا بەردەوامبێت.
یادەكەش لەهەموولایەك پیرۆزبێت


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP