عیراق لە سیاسەتی ترەمپدا
تیرۆژ عیراق لە سیاسەتی ترەمپدا ‌ سه‌ربه‌ست جیهاد‌ 11/1/2017
چەند رۆژێكی تر فایلی حوكمڕانی دیموكراتەكانی ئەمریكا دەپێچرێتەوە، بەڵام دۆسیە هەرە گەرمەكانی عیراق لە بابەتی شەڕی دژی تیرۆر و كۆنتڕۆڵكردنەوەی موصڵ و پرۆسەی سیاسی ئەزمەگرتوویی عیراق و ئاوەدانكردنەوەی وێرانەكانی شەڕ و تەئهیلكردنەوەی قوربانیەكانی ، كە بۆ ئەمریكا و بۆ جیهانیان و بۆ ئقلیم و بۆ عیراق و بۆ هەرێمەكەمان بایەخی سەوقیان هەیە، هێشتا دانەخراون. 
دانەخراون چونكە لە ماوەی فەرمانڕەوایی دیموكراتەكان دید و سیاسەتێك نەبوو ووزە و شایستەگی داخستنی ئەو مەلەفانە قورسانەی تێدا بێ‌ ، ئەوەی كە هەبوو تەنیا مامەڵەی كاتی و دواخستن و پینەكردن و سپاردنی ئەو فایلانە بوو بە قەزا و قەدەر.
 كۆنتڕۆڵكردنەوەی موصڵ و دەعوا و جەدەلی دوای موصڵ یەكێك لەو دۆسیانەیە كە بە میراتی بۆ كۆماریەكان دەمێنێتەوە . لە بنەڕەتدا دیموكراتەكان بۆ مەبەستی سیاسی و پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موصڵیان لە گەرمەی بانگەشاری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەستپێكرد، بەڵام تەگبیر لە گەڵ تەقدیر پێچەوانە هاتەوە  ، نە شەڕەكە یەكلابۆوە نەهەڵبژاردنیشیان بردەوە . 
 گومان نیە دۆسیەی موصڵ زۆر ئالۆزە، داخستنی پەیوەندیەكی تەنگاو تەنگی بە لانی كەمی چارەسەرێكی مام ناوەندیەوە هەیە كە هەموولایەك رازی بكا و حیددەتی ململانەی مەزهەبی بە پلەی یەكەم و قەومی بەپلەی دووەم بۆ نزمترین ئاست دابەزێنێ‌ ، ئەوە ئەگەر چارەسەری ریشەییی لە جۆری هەڵوەشانەوەی عیراق و دابەشبوونی بۆ 3 دەوڵەت یان هەرێم مومكین نەبێ‌ ، كە پێناچێ‌ دەرەتانی ئەو جۆرە چارەسەرە بە بێ‌ شەڕ و ئاشوب لە عیراقی ئاشوفتەدا لە ئارادابێ‌ .
  بەهەموو پێودانگەكان دەركەوتنی بەرقئاسای داعش و پاشەكشەی سوپا و هێزی ئەمنی و دواتر لێكبڵاوبوون و هەڵوەشانەوەی ، بەشی هەرەزۆری لە سەرینی ململانەی توندی مەزهەبیەوە هاتووە كەدەرەنجامەكەی هەڵاواردن و پەراوێزخستن و زەبروزەنگ بووە ، دوای تەواو بوونی شەڕ و دەرپەڕاندنی داعش لە تەواوی عیراق یا لای كەم لە شارەكانی عیراق ، دەرفەتێك بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە هەڵدەكەوێ‌ ، كە جگە لە پێكهاتە و هێزە سیاسیەكانی عیراق ، ئەمریكا و هاوپەیمانانی و دەرو جیرانیش  هەر لایە و بە پێی قورسایی خۆی ، سیجال و رقابەری تێدا دەكەن، بەڵام پێچانەوەی یەكجارەكی ئەو فایلە بە تۆماری مەزهەبی و قەومیەوە، بە ماكەكەكانی ئیرهاب و توندوتیژییەوە لە گرەوی دروستكردنی قەتیعەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتیدایە لە نێوانی دوو قوناغی داعش و دوای داعش .
 هەڵبەت پێشبینی ووردی ئەوەی كۆماریەكان چۆن مامەڵە لەگەڵ موصڵ و دوای موصڵ دەكەن زۆر زەحمەتە، گۆڕانێكی نەوعی لە ستراتیجیان لە مەڕ عیراق دەكەن یان درێژە بە ( ناسیاسەت ) ی دیموكراتەكان دەدەن ، وەك چۆن تێگەیشتن لە جیهانبینی و چۆنیەتی رەفتاری سەرۆك ( دۆنالد ترامپ ) زۆر دژوارە ، بەڵام قەرێنەی بە هێز هەنە  كە سیاسەتی ترامپ ( بە تایبەتی دەرەوە و بەرگری ) لە سەر تان و پۆی سەردەمی جۆرج بوشی كوڕ دەچنرێتەوە بە سوود وەرگرتن لە هەڵەكانی رابردوو ، ئەو ستراتیجەی ئیدارەی بوش كە لە سەر هاوسەنگی و شەراكەت و تەوافوق وئیلیتزام و پشت بەستن بە دەستوور رۆنرابوو .
 هەرچەندە ئەو ستراتیجە لە سەرەتای ئازادكرنی عیراقەوە و لە پای بنیاتنانەوەی دەوڵەت و دامەزراوەكانی ئیداری و سەربازی و ئەمنی پەیڕەو كراو لە تاقیكردنەوەدا خاڵی گەش و رەشی بەدیاركەوت ، بەڵام لە ( نا سیاسەت ) هەر چاكتر بوو ، ئێستاش دوای ئەو هەموو روودا و پێشهاتە دراماتیكیانە تەوافوق و شەراكەت پێشمەرجی سەقامگیری سیاسی و ئەمنیە وبۆئێستای عیراق ئەگەر هەمووشی بەدەرد نەخوا هەر لە ( نا سیاسەت ) ی دیموكراتەكان باشترە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7172
19/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP