چوارینەیەك لە ناو یادەوەریی مندا
چوارینەیەك لە ناو یادەوەریی مندا ‌ محه‌مه‌د کوردۆ‌ 12/1/2017
یەكێك لەو دیوانانەی لە ناوەڕاستی هەشتاكان و لە سەرەتای تێكەڵاوبوونمدا بە نوسین و خوێندنەوە، دەستم كەوت و بە تامەزرۆییەكی زۆرەوە خوێندمەوە و لەو كاتەدا چێژێكی زۆرم لێ بینی (یانەی دڵان)ی (حەمە عەلی مەدهۆش) بوو. هەندێك لە شیعرەكانی ناو ئەو دیوانە، تێكەڵی خەون و خولیاكانم بوون و بە خۆیانەوە سەرقاڵیان كردم. بڕێك لەو شیعرانەم بە تەواوی و وەك ناوی خۆم، لەبەر كردبوو. یەكێك لەو شیعرانە چوارینەیەكی وەرگێڕراو بوو كە (مەدهۆش) لە فارسییەوە كردبووی بە كوردی. نە (مەدهۆش) ناوی شاعیرەكەی نوسیبوو، نە منیش زانیم شیعری كێیە. ئەمە دەقی شیعرەكەیە: ((دوێ‌ شەو تا بەیان لە یار ئاڵاوم/ ئەمشەو لەگەڵ خەم لە جێ‌ خزاوم/ داخەكەم ئەوەی تەمەن ئەنوسێ/ ئەمڕۆی وەك دوێنێ‌ لە سەر داناوم)). لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا، زۆرێك لە شیعرەكانی (مەدهۆش)، بە وانەشەوە كە وەك ناوی خۆم لەبەرم كردبوون، لە یادەوەرییمدا، یان كاڵ بوونەوە، یان هەر كۆتاییان پێهات، بەڵام ئەم چوارینە وەرگێڕدراوە، لە یادەوەریمدا مایەوە و هەرگیز لە یادم نەچۆوە. لەم چوارینەیەدا دەست خراوەتە سەر نادادپەروەرییەكی گەورە، كە ئەویش بریتییە لەوەی هەموو شەو و ڕۆژەكان، بە (تاڵ) و (شیرین)یانەوە، بە (جوان) و (ناشیرین)یانەوە، وەك یەك لە سەر مرۆڤ حیساب دەكرێن. ئەم چوارینەیە لە ناو نەوتراوەكانی خۆیدا دەڵێت: جار هەیە، شەوێك، یان ڕۆژێك، بارتەقای تەمەنێك، (جوانی) بە مرۆڤ دەبەخشێت. جاریش هەیە تەمەنێك، ناتوانێت بە قەد یەك شەو، یان یەك ڕۆژ، (جوانی) بە مرۆڤ ببەخشێت. ئەم چوارینەیە داوا دەكات تەمەنی مرۆڤ، بە ژمارەی شەو و ڕۆژەكان نەپێورێت، بەڵكو لە بری ئەوە، بە چۆنێتی گوزەراندنی شەو و ڕۆژەكان بپێورێت. ئەگەر تەمەنی مرۆڤ، بەو لۆژیكە دەستنیشان بكرێت كە ئەم چوارینەیە داوای دەكات، خەڵكی ئێمە، بە هۆی ئەو كلتوورە خراپەوە كە شەو و ڕۆژەكانیان لێ‌ تێك دەدات، لە تەمەنكورتترین مرۆڤەكانی دنیا دەبن. دوور نییە ئەو هەموو نزایەی خەڵكی ئێمە، بۆ تەمەندرێژیی، بۆ یەكتری دەكەن، پەیوەندی بە هەستێكی ناوەكییەوە هەبێت كە پێیان دەڵێت: (ئێوە تەمەنكورتترین مرۆڤی دنیان). ئەو هەستە ناوەكییە پێیان دەڵێت: ئێوە پێویستتان بە تەمەندرێژییە بۆ ئەوەی بتوانن قەرەبووی بڕێك لەو شەو و ڕۆژانە بكەنەوە كە لە دەستان چوون.

ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7172
19/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP