چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ به‌خشین و مه‌شخه‌ڵێك بۆ رووناكی هزر
چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ به‌خشین و مه‌شخه‌ڵێك بۆ رووناكی هزر ‌ 12/1/2017
 بورهان حاجی سلێمان- كه‌ركوك* 
25 ساڵ‌و ژماره‌یه‌كی چوار خانه‌یی وه‌كو 7164.. بۆ مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی‌و نزیكبوونه‌وه‌ی‌ رۆژئاوابوونی رۆژنامه‌ی كاغه‌ز له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان، نه‌ ماوه‌یه‌كی كورت‌و نه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌مه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ ده‌ستپێكی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌ رۆژگارێكی سه‌ختی وه‌كو ساڵی 1992 بێت، كه‌ ته‌نها نۆ مانگ به‌سه‌ر كۆڕه‌و تێپه‌ڕی بوو، هه‌روه‌ها كوردستان له‌ ژێر باری ئابڵوقه‌یه‌كی ئابووری فره‌ لایه‌نی بووبێت‌و به‌ سه‌دان كۆسپ‌و دۆخی خراپ‌و رۆژگاری سه‌ختدا تێپه‌ڕیبێت‌و تا ئێستای پڕ له‌ قه‌یران‌و كێشه‌ به‌ گه‌رموگوڕی به‌رده‌وامی هه‌بێت.
به‌ڵێ ئه‌وه‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ-یه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌و به‌ درێژایی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك به‌رده‌وام بووه‌ له‌ گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵك‌و په‌یامی ته‌بایی‌و ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و هۆشیاریی، هاوكات سه‌نگه‌ری به‌رگریكردنیش بووه‌ له‌ بیرو شوناسی نیشتمانیی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و مرۆیی‌و رۆڵێكی گرنگیشی گێڕاوه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ماندا، هه‌میشه‌ مینبه‌رێكیش بووه‌ بۆ رووناكبیرانی ئازاد. 
هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر بۆ رۆژێكیش له‌ كوردستانی نوێ كاری كردبێت، پێویسته‌ شانازی بكات به‌وه‌ی‌ كه‌ به‌شێك بووه‌ له‌و خوێندنگه‌یه‌ی هه‌زاران قه‌ڵه‌می پێگه‌یاندووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌كانی ئێستا كه‌ له‌ داموده‌زگا میدیایی حزبی‌و ئه‌هلییه‌ جیاوازه‌كاندا كارده‌كه‌ن، ده‌رچووی خوێندنگه‌كه‌ی كوردستانی نوێ-ن.
له‌ یادمه‌ له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌ناو كه‌ركوك كه‌ له‌ ژێر زه‌برو زه‌نگی داگیركاریی به‌عسییه‌كاندا بوو، كاتێك به‌ قاچاخ ژماره‌یه‌كی نوێی كوردستانی نوێ ده‌گه‌یشته‌ ده‌ستمان، وه‌كو شتێكی پیرۆز مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵیدا ده‌كردو ده‌ستاوده‌ست ده‌مانخوێنده‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ زۆربه‌ی ژماره‌كانیدا كه‌ركوك وه‌كو پرسێكی ستراتیژیی نیشتمانیی نه‌ته‌وه‌یی بوونی به‌هێزی هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش هیوای رووخانی رژێمی ته‌عریب‌و ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ باوه‌شی كوردستانی له‌لامان به‌ زیندوویی ده‌هێشته‌وه‌.
له‌ كۆتاییدا پیرۆزبایی‌و ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رنوسه‌رو ده‌سته‌ی نووسه‌ران‌و ته‌واوی ستافی كوردستانی نوێ-ی ئازیز ده‌كه‌م، هیوادارام به‌رده‌وام بن له‌ تێكۆشان‌و سه‌ركه‌وتن، بۆ قۆناغی داهاتووش به‌ پلان‌و به‌رنامه‌و میكانیزمی نوێوه‌ درێژه‌ به‌ كاروانی سه‌روه‌ری كوردستانی نوێ بده‌ن، چونكه‌ قۆناغی داهاتوو، بۆ رۆژنامه‌ی كاغه‌ر سه‌ختتر ده‌بێت، هیچ ئاسۆیه‌كیش به‌دی ناكرێت بۆ باشبوونی دۆخی دارایی هه‌رێم، بۆیه‌ پێموایه‌ كوردستانی نوێ ده‌بێت قۆناغێكی دیكه‌ش پێشمه‌رگه‌ ئاسا درێژه‌ به‌ خه‌باتی وشه‌ بدات، ئه‌وه‌ش به‌ته‌نها ئه‌ركی ستافی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌ركی هه‌موو یه‌كێتییه‌كی دڵسۆزو خه‌مخۆرێكی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌ركی سه‌ره‌كی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌، كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك پابه‌نده‌ به‌ هاوكاریكردن‌و پاڵپشتیكردنی ئه‌و مینبه‌ره‌ گرنگه‌ی خۆی.
*سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌واڵ


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7199
20/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ دوای یاریی بارسێلۆناو پاریسییه‌كان ده‌چێته‌ سعودیه‌ 20/2/2017
‌ بۆندێكی خه‌یاڵیی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ریاڵ مه‌درید 20/2/2017
زانست
‌ 500 پارچه‌ ئاسه‌وای‌ نایاب گه‌ڕێندرانه‌وه‌ ئێران 17/2/2017
‌ ره‌نگه‌ گه‌نمه‌شامیی كۆتایی بێت‌و نه‌مێنێت 14/2/2017
‌ مادده‌یه‌كی به‌هێزتر له‌ پۆڵا له‌ زه‌یتی چێشتلێنان 14/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP