كورد له‌ به‌غدا
كورد له‌ به‌غدا ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 20/7/2017
به‌شی دوانزه‌

چیرۆكی شه‌ڕی تایفی له‌عیراق چیرۆكێكی پڕ خوێناوی و دورو درێژه‌، چیرۆكی زۆر سه‌یرو پڕ مه‌رگه‌سات له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌یه‌، راگوێزان و كوشت و بڕێكی زۆر له‌نێوانیاندا هه‌یه‌، ده‌مارگیرییه‌كی زۆر سه‌خت له‌نێوانیاندا هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردولا به‌خوێنی یه‌كتر تینوبن! له‌و نێوانه‌شدا كوردیش له‌به‌غدا پریشكی ئه‌و ئاگره‌ی‌ به‌ركه‌وتووه‌، به‌شێك له‌ كوردانی به‌غدا گیرۆده‌ی‌ ململانێی‌ تایفی بوون و وه‌ك عه‌ره‌ب به‌سه‌ر هه‌ردوو تایفه‌ یان مه‌زهه‌ب دابه‌شبوون و له‌نێو ململانێكه‌دان، سه‌رباری‌ ده‌مارگیرییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ له‌دژیاندا، هاوكات له‌پرسی مه‌زهه‌بداریی دابه‌شبوون و زیانی گه‌وره‌یشیان به‌ركه‌وتووه‌، دواتر به‌ووردی دێینه‌ سه‌ر باسكردنی ئه‌و ململانێ تایفییه‌ی‌ نێوان كورد له‌به‌غدا.
له‌گه‌ڵ رزگاركردنی عیراق، شیعه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ ده‌ستیانكرد به‌كۆنترۆڵكردنی هه‌موو جومگه‌كانی حوكمڕانی و هێز له‌عیراق، هه‌م بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی 80 ساڵی رابردوودا روویداو سوننه‌كان سه‌رده‌ست و خاوه‌ن هێزبوون، هه‌میش بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و 80 ساڵه‌ به‌سه‌ریاندا هات، ده‌ستیانكرد به‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و پێكهێنانی ده‌یان هێزی چه‌كدارو میلیشیای جیاواز له‌به‌غداو هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌.
سوننه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ 80 ساڵی رابردوو سه‌رده‌ست و خاوه‌ن بڕیارو هێزبوون له‌عیراق، پێكهاته‌ی‌ سه‌رده‌ست بوون، نه‌یانده‌توانی له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ سه‌رده‌می ئه‌وان گوزه‌شت، هاوكات بۆ خۆ پاراستنیان له‌ هێرش و هه‌وژمی شیعه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر گروپی چه‌كداری جیاوازیان به‌هاوكاری ناوخۆو وڵاتانی سوننه‌ی‌ ده‌رودراوسێ‌ پێكهێنا.
له‌ماوه‌ی‌ 14 ساڵی دوای‌ روخانی سه‌دام، شیعه‌و سوننه‌ به‌توندترین شێوه‌ له‌به‌غداو چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ روبه‌ڕووی یه‌كتر بونه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌كوشتن و بڕین بگره‌ تا شه‌ڕی راگه‌یاندن و ده‌روونی دژ به‌ یه‌كتر، له‌زۆربه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ شیعه‌و سوننه‌ به‌تێكه‌ڵی بوونیان هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر گرژییه‌كی سیاسی و بارودۆخێكی گرژ، روبه‌ڕووی ته‌رحیل و كوشتن و بڕینی‌ زۆر سه‌خت بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارییانه‌ی‌ هه‌ردوولا پێكیانهێناوه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هه‌موو شێوازێك هێرشیانكردۆته‌ سه‌ر یه‌كترو سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌هه‌موو ناوچه‌كان، له‌ناو به‌غدا له‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كان راگوێزانی به‌كۆمه‌ڵ هه‌بووه‌، له‌و ناوچانه‌ی‌ شیعه‌ به‌هێزبوون، سوننه‌یان ده‌ركردووه‌و له‌و ناوچانه‌یشی سوننه‌ به‌هێز بوون، شیعه‌كانیان ده‌ركردووه‌، واته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ پێشتر شیعه‌و سوننه‌ی‌ به‌تێكه‌ڵی لێبوو ئێستا زۆر كه‌م بۆته‌وه‌.

جیاوازی نێوان گروپه‌ چه‌كداره‌كان
جیاوازی نێوان گروپه‌ چه‌كداره‌كان یان میلیشیاكانی سوننه‌و شیعه‌ له‌چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كیدا بوو، یه‌كه‌میان گروپه‌ سونیه‌كان له‌ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ شیعه‌دا داواو خواستی ره‌وایان نه‌بوو، بۆنمونه‌ داوای به‌شداریكردنی راسته‌قینه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن یان گازنده‌یان له‌ خزمه‌تگوزاریی و خزمه‌تی ناوچه‌كانیان هه‌بێت، به‌ڵكو كۆی پرۆسه‌ی‌ سیاسیان كردبووه‌ ئامانج، به‌مه‌ش تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ ره‌وایی دۆزی خۆیان و مه‌زڵومیه‌تی بسه‌لمێنن، هاوكات هه‌موو چالاكییه‌كانیان بریتی بووه‌ له‌كرده‌وه‌ گه‌لێك كه‌ هه‌ندێكجار تیرۆرو به‌كۆمه‌ڵكوشتنی خه‌ڵك و ته‌قاندنه‌وه‌و خۆكوژی بووه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نه‌ك ره‌وایی دۆزه‌كه‌یان له‌ده‌ست بده‌ن، به‌ڵكو كۆی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی‌ عیراق بكه‌نه‌ نه‌یارو دوژمنی خۆیان له‌نێوانیشیاندا كورد، بۆیه‌ ده‌بینین زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری ئه‌و ته‌قینه‌وه‌و كرده‌وه‌ تیرۆرییه‌ ئاشكرایانه‌ی‌ له‌عیراق كراون له‌ماوه‌ی‌ دوای‌ روخانی سه‌دام، له‌لایه‌ن گروپه‌ تیرۆرییه‌كانی سوننه‌بوون.
گروپه‌كانی شیعه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام تۆڵه‌یان له‌ سوننه‌ كردۆته‌وه‌و گوشاری گه‌وره‌یان ده‌كرده‌ سه‌ر سوننه‌ له‌به‌غداو ناوچه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام كرده‌وه‌كانیان به‌نهێنی و رێكخراوتر بووه‌، به‌شێكیش له‌و تاوانانه‌ی‌ له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ له‌و ماوه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌نهێنی بووه‌، دیسان خراوه‌ته‌ پاڵ گروپه‌ تیرۆرییه‌ سوننه‌كان، هاوكات ئه‌و گروپه‌ چه‌كداریانه‌ی‌ شیعه‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی عیراقیان ره‌تنه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵكو خۆیان به‌ پارێزه‌رو پشتیوانی ده‌سه‌ڵات زانیوه‌، له‌باشترین حاڵه‌تیشدا، حه‌شدی شه‌عبـی به‌پێی‌ قانونێكی تایبه‌ت رێكخران و له‌ڕێی‌ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانی، شه‌رعییه‌تی قانونیان وه‌رگرت.
دیارترین گروپی توندڕه‌و و تیرۆرخوازی سوننه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوای 2003 بریتی بوون له‌:
1- جه‌یشی ئیسلامیی عیراقی.
2- كه‌تائیبـی سه‌وره‌ی‌ عشرین. 
3- جه‌بهه‌ی ئیسلامی بۆ مقاومه‌تی عیراق (جامع).
4- ئه‌نساری سوننه‌.
5- جه‌یشی راشدین.
6- جه‌یشی موجاهدین.
7- حزبی به‌عس.
8- رێكخستنی قاعیده‌ بۆ جیهاد له‌بیلادی رافدین.
 القیاده‌ العامه‌ لمجاهدی القوات المسلحه‌ المقاومه‌ والتحریر فی العراق.
ژماره‌یه‌كی زۆرتری هێزی چه‌كداری تیرۆرخوازی سوننه‌.
هێزو میلیشیا شیعه‌كان له‌ماوه‌ی‌ دوای‌ روخانی سه‌دام، سه‌ره‌تا دوو گروپی سه‌ره‌كی هه‌بوون، یه‌كه‌میان هێزی (به‌در) بوو كه‌ هێزێك بوو سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د باقر حه‌كیم، دواتر براكه‌ی‌ بووه‌ سه‌رۆك (عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم) ئێستاش كوڕی عه‌بدولعه‌زیز سه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌یه‌ (عه‌ممار حه‌كیم). هه‌روه‌ها ئه‌و هێزه‌ی‌ سه‌ربه‌ موقته‌دا سه‌در بوو به‌ناوی سوپای مه‌هدی، ئه‌و دوو هێزه‌ رۆڵ و كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌سه‌ره‌تا، دواتر به‌هۆی دابه‌شبوونی زیاتری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و گۆڕانی سیاسی و هه‌ندێ‌ بارودۆخ، گروپ و هێزی جیاواز له‌به‌غداو ناوچه‌كانی دیكه‌ی‌ عیراق له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ دروستكرا، له‌وانه‌: عه‌سائیبـی ئه‌هلی حه‌ق، جه‌یشی موختار، لیوای ئه‌بو فه‌زل عه‌باس، ئه‌لكه‌تائیب..تد.

نزیكه‌ی‌ 270 گروپی چه‌كداری جیاواز 
به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بیانی له‌ عیراق، له‌ماوه‌ی‌ دوای‌ روخانی سه‌دام، نزیكه‌ی‌ 270 گروپی چه‌كداری جیاواز بوونیان هه‌بووه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌چه‌ند گروپێكی دیاری سوننه‌ و شیعه‌، گروپه‌كانی دیكه‌ گروپی بچوك بوون و هه‌ندێكیان بۆماوه‌یه‌كی كورت به‌رده‌وام بوون.
له‌گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی تایفی نێوان شیعه‌و سوننه‌ به‌تایبه‌ت له‌ 2005 تا 2009 زۆرترین و توندترین ماوه‌ی‌ شه‌ڕی نێوان ئه‌و دوو گروپه‌ بوو، له‌ گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌كانی به‌غدا، هه‌ردوو گروپ بازگه‌ی‌ وه‌همیان داده‌نا، شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كانیان داده‌خست، له‌سه‌ر ناوی عومه‌ر (سوننه‌) یان (عه‌لی و حسێن و حه‌سه‌ن)ی شیعه‌ سه‌دان و هه‌زاران كه‌سیان له‌یه‌كتر كوشتووه‌، سه‌دان و هه‌زاران خێزانیان له‌گه‌ڕه‌كه‌كان به‌هێز راگوێزا، تاڵانییه‌كی زۆریان له‌سه‌ریه‌كتر كرد، له‌وه‌ خراپتر ده‌یان مزگه‌وتی سوننه‌كان كه‌ له‌ناوچه‌ شیعه‌كان بوون كرانه‌ حوسێنیه‌و شیعه‌كان كردیانه‌ مزگه‌وتی خۆیان، هاوكات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سوننه‌كان ده‌یان حوسێنیه‌ی شیعه‌كانیان داخست. 

دۆخی كورد
كوردیش وه‌ك عه‌ره‌بی سوننه‌و شیعه‌، روبه‌ڕووی شه‌ڕی تایفی و كوشتن و بڕین و ئاواره‌بوون بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئاواره‌بووندا له‌بری روو له‌ وڵاتانی دراوسێ‌ بكه‌ن، زۆربه‌یان رویان له‌كوردستان كردو هاتنه‌وه‌ له‌شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی نیشته‌جێ بوون.
تائێستا ئامارێكی وورد سه‌باره‌ت به‌ كه‌م بوونه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ كورد له‌به‌غدا دیار نییه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ به‌شێك له‌شاره‌زایانی كورد له‌به‌غدا، رێژه‌ی‌ كورد به‌نزیكه‌ی‌ 50% كه‌می كردووه‌! ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌نیوه‌ی‌ دووه‌می سه‌ده‌ی‌ رابردوو واته‌ له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌ تا روخانی سه‌دام، روویان له‌به‌غدا كردبوو بۆ كاركردن و ئیش و وه‌زیفه‌، زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریان گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان، ئه‌و كوردانه‌ خزم و كه‌س و خانه‌واده‌كانیان له‌ كوردستان بوو ته‌نها خۆیان له‌به‌غدا نیشته‌جێبوون، ئه‌وانه‌ به‌هۆی خراپی باری ئه‌منی و نه‌بوونی سه‌قامگیرییه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان، ئه‌و كوردانه‌ ئینتیمای‌ تایفیان نییه‌و له‌سه‌ر ئینتیمای‌ تایفیان ده‌رنه‌كراون، یان رانه‌گوێزراون، ئه‌وانه‌ زیاتر ئینتیمای‌ قه‌ومی به‌سه‌ریان زاڵبووه‌. كوردانی شیعه‌ش به‌ فه‌یلییه‌كانیشه‌وه‌ رێژه‌یه‌كی زۆریان به‌غداو ده‌وروبه‌ریان، به‌ره‌و كوردستان جێهێشتووه‌، ئه‌وانه‌ به‌هۆی شه‌ڕی تایفییه‌وه‌ ئاواره‌بوون و ئێستا له‌شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی و كه‌ركوك نیشته‌جێن.

كلدۆ ئاشوور یان 
مه‌سیحییه‌كانی به‌غدا
سه‌باره‌ت به‌ كلدۆ ئاشور یان مه‌سیحییه‌كانی به‌غدا، كه‌ خۆیان به‌خاوه‌نی شارستانێتی میزۆپۆتامیا ده‌زانن و پێیانوایه‌ ئه‌وان خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه‌ن، ژماره‌یه‌كی ئێجگار كه‌میان ماون و زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریان روویان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه‌و به‌شێكی كه‌میشیان ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ولێرو دهۆك نیشته‌جێن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP