تازه‌ په‌رله‌مان چی ده‌گۆڕێت؟
تازه‌ په‌رله‌مان چی ده‌گۆڕێت؟ ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 23/7/2017
ئاڵۆزییه‌كانی كوردستان كه‌ له‌پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، دواتر به‌ په‌كخستنی په‌رله‌مان‌و نیوه‌ی حكومه‌تدا تێپه‌ڕی، هێدی هێدی له‌گه‌ڵ خۆیدا كێشه‌و گرفتی ئیداریی‌و قانوونی له‌خۆدا ئاڵۆزكاند، ئێستا پرسی ریفراندۆمیشی هاتۆته‌ بان‌و گه‌ر وا بڕوات دوای چه‌ند مانگێكی دیكه‌ حكومه‌تیش شه‌رعییه‌تی قانوونی له‌ده‌ستده‌دات! بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا بیری لێده‌كرێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر ده‌بوو زووتر چاره‌كرابا، نه‌ك ئاڵۆزییه‌كان بگاته‌ ئاستێك وه‌ك گرێكوێره‌ی لێبێت‌و به‌چاوساغیش نه‌كرێته‌وه‌.
قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ گوایه‌ پارتی رازیبووه‌ په‌رله‌مان به‌بێ مه‌رج‌و به‌ د.یوسف-ه‌وه‌ ده‌رگای بكرێته‌وه‌، به‌ڵام پێناچێت له‌ئێستادا ئه‌و پێشنیازه‌ دادی كه‌س بدات، چونكه‌ له‌كاتێكدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ ده‌درێت، كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌و گرفتی دیكه‌ی قانوونی یه‌خه‌ی په‌رله‌مانیش ده‌گرێت، كه‌ ره‌نگه‌ جارێ وه‌ڵامه‌كه‌مان لانه‌بێت، كه‌وایه‌ ده‌توانین كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بخه‌ینه‌ به‌ر دوو ئه‌گه‌ر:
یه‌كه‌میان: ئه‌گه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی شه‌رعییه‌تدان‌و راییكردنی پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ڕیفراندۆم بێت‌و پارتی هه‌وڵبدات له‌خه‌ڵكی بگه‌یه‌نێت كه‌ له‌پێناوی سه‌رخستنی ریفراندۆمه‌كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات، كه‌وایه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی سیاسییه‌ نه‌ك بۆ گێڕانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بۆ حوكمڕانی له‌كوردستاندا! به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك دێته‌گۆڕێ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌ڵاحه‌دین بڕیاریاندا له‌25ی ئه‌یلول ریفراندۆم بكرێت‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانیش بگرێته‌وه‌و بڕێك پاره‌ش بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن حه‌واڵه‌كراوه‌، كه‌واته‌ رۆڵی په‌رله‌مان چی ده‌بێت له‌پرسی ریفراندۆم، ئه‌گه‌ر كاراكرایه‌وه‌؟ كاتێك كات‌و شوێن‌و رێوشوێنی ریفراندۆم له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك به‌ناوی لیژنه‌ی ریفراندۆم دیاریكرا، كه‌وایه‌ په‌رله‌مان بۆ كارابكرێته‌وه‌؟
دووه‌م: گریمان په‌رله‌مان كاراكرایه‌وه‌، ئه‌و بڕیارو قانوونه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوو ده‌ریده‌كات، بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی (مصادقه‌) ره‌وانه‌ی كێی بكات؟ له‌كاتێكدا پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ خۆی قه‌یرانه‌ مه‌زنه‌كه‌یه‌! له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌و دانوستاندن هه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌ گۆڕان‌و نه‌ یه‌كێتیش له‌هیچ كه‌ناڵێكی ره‌سمییه‌وه‌و ته‌نانه‌ت میدیای یه‌كێتی له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا ناوی بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو خۆ به‌دوورگیراوه‌ له‌پێناوی ئاڵۆزنه‌بوونی زیاتری بارودۆخی كوردستان.
خولاسه‌ی كه‌لام، دوو ساڵی رابردوو ئه‌زموونێكی تاڵی حوكمڕانی بووه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا كه‌ داعش هاتبووه‌ به‌رده‌رگاو دۆخی دارایی به‌ته‌واوی ئاڵۆزبوو، ئه‌وه‌ی روویدا له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێشبینییه‌ك بوو، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌مه‌رجێك كۆی كێشه‌كان وه‌ك پاكێجێك له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ بڕیاری لێبدرێت، نه‌ك به‌ته‌نها باس له‌كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، ته‌نها له‌پێناوی شه‌رعییه‌تدان به‌ڕیفراندۆم، به‌ڵكو به‌ر له‌هه‌موو شتێك قسه‌ له‌سه‌ر باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك بكرێت دواتر دۆسییه‌كانی دیكه‌ بهێنرێته‌ گۆڕێ، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم به‌قانوون، ئه‌گینا ئه‌وه‌ كۆتایی ئه‌مساڵ هات‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێت، كۆی حوكمڕانی له‌كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعییه‌تی قانوونی.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP