شكست و گه‌ڕانه‌وه
شكست و گه‌ڕانه‌وه ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 31/7/2017
به‌درێژایی ته‌مه‌نی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها له‌نێوان 2006 بۆ 2010 هێمنی سیاسی و ئابووریی و حوكمڕانیی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ «سه‌رباری گه‌نده‌ڵیی و كه‌موكوڕیی « ئابووری كوردستان روو له‌ گه‌شه‌كردنێكی زۆر خێرابوو، ئاوه‌دانییه‌كی زۆر هه‌بوو، پێشكه‌وتنێكی زۆر خێرا له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیی، ئیداریی، قانونیی، هه‌بوو. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌سایه‌ی‌ هێمنی سیاسی و رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی-دا بوو.
به‌ڵێ‌ له‌وماوه‌یه‌دا رێكه‌وتنه‌كه‌ وه‌كوخۆی جێبه‌جێنه‌كرا، ئه‌مه‌ لاسه‌نگییه‌كی گه‌وره‌ی له‌حوكمڕانیدا دروستكرد، بووه ‌هۆی دووباره‌ تێكچوونی هێمنی سیاسی و دواتر گرفته‌كانی دیكه‌ی‌ به‌دوای خۆیدا هێنا.
ئێستا دوای‌ دوو ساڵ له‌ نائارامی، ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌وه‌ده‌گه‌ین كه‌ به‌بێ‌ هێمنی سیاسی و رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان، مومكین نییه‌ هیچ ئه‌جێندایه‌ك بسه‌پێنرێت، ئه‌و گه‌ڕه‌ی‌ ئێستای‌ دانوستانه‌كان ئه‌گه‌ر به‌ر له ‌دوو ساڵ بوایه‌، بێگومان ئێستا ئه‌وه‌نده‌ گرێ و گرفتی نه‌ده‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆزو سه‌خت نه‌ده‌بوو، ئه‌وكاته‌ هه‌ر چاره‌سه‌رێك له‌چوارچێوه‌ی‌ قانوندا، ده‌بووه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی‌ سیاسی بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ ده‌هاته‌ ژێرباری ده‌قه‌ قانونییه‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێشكه‌وتن و ده‌رفه‌تی مێژوییان بۆ ده‌هێناینه‌ پێش، ئه‌وه‌ی‌ ده‌بووه‌ هۆكاری ئه‌و هێمنییه‌ سیاسیه‌ش ده‌بووه‌ خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌ مێژوییه‌كه‌.
داخستنی ده‌رگای‌ په‌رله‌مان و به‌وه‌كاله‌تكردنی لایه‌كی حكومه‌ت و خراپتركردنی ئابووری، ئه‌زمونێكی تاڵی حوكمڕانییه‌ له‌ كوردستان، نه‌ده‌بوو رووبدات، به‌ڵام كه‌ روویدا ده‌بوو له‌تێگه‌یشتن بۆ بارودۆخی كوردستان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش بارودۆخی ئابووری كوردستان، چاره‌سه‌رێكی خێرای دۆخه‌كه‌ بكرایه‌، نه‌ك خراپتربونی ئابووریی و گرفتی گلدانه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ هه‌رێم له‌ توركیا و ئه‌گه‌ری گرژییه‌كانی موسڵ، پاڵنه‌ری گه‌ڕێكی دیكه‌ی‌ دانوستان بێت.
پێشخستنی ئه‌جێندای‌ حزبی و به‌شدارینه‌كردنی هه‌مووان له‌ بڕیارداو، نه‌بوونی ته‌وافوقی سیاسی له‌پرسه‌ گرنگه‌كانی حوكمڕانی، لێكه‌وته‌كه‌ی‌ ونكردنی رێگه‌ی‌ راسته‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌شیمانیی به‌دوادادێت، هه‌روه‌كو چۆن دوای‌ دووساڵ له‌ داخستنی ده‌رگای‌ په‌رله‌مان و په‌كخستنی، ئێستا رازین به‌كردنه‌وه‌ی‌، به‌ڵام ئێستا كردنه‌وه‌ی‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ دۆسێ و گرفتی دیكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ئاڵۆزكاندووه‌و ده‌بێ‌ به‌ر له‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، رێككه‌وتنی سیاسی و قانونیان له‌باره‌وه‌ بكرێت.
ئه‌ی‌ ونكردنی‌ رێگای راست چۆنه‌؟ ئه‌وه‌تا له‌گه‌رمه‌ی‌ باسی ریفراندۆم و موزایه‌ده‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی، به‌پێی‌ زانیارییه‌كان له‌ژێره‌وه‌ له‌هه‌ولێر هه‌وڵێكی جددی هه‌یه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌غدا!، به‌وپێیه‌ی‌ توركیا له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگی رابردوو له‌ڕێی‌ گلدانه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ نه‌وتی فرۆشراو، گوشارێكی زۆری بۆسه‌ر هه‌رێم دروستكردووه‌، ئێستا ئه‌وانه‌ی‌ رێكەوتنه‌ په‌نجا ساڵییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ توركیا مۆركردووه‌، به‌دوای‌ ده‌ریچه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێن له‌م دۆخه‌ رزگاریان بكات. بۆئه‌وه‌ی‌ له‌م دۆخه‌ش رزگاریان ببێت، پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی‌ كه‌ به‌شداریی هه‌مووان له‌بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كانی كوردستان، گره‌نتی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مووان له‌سه‌ری‌ رێككه‌ون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP