كورد له‌ به‌غدا
كورد له‌ به‌غدا ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 1/8/2017
به‌شی چوارده‌
ئه‌و پیاوه‌ی‌ دونیایه‌كی تایبه‌ت‌و ئه‌فسون-ێكی تایبه‌تی هه‌بوو
هه‌ر له‌شه‌قامی موته‌نه‌بی بووم، حه‌زمكرد دوكانه‌كه‌ی‌ به‌شیر موشیر ببینمه‌وه‌، به‌پێی‌ ئه‌و ناونیشانه‌ی‌ له‌ ژیاننامه‌ی‌ ئوستاد به‌شیر موشیردا هاتووه‌، ده‌بێ‌ دوكانه‌كه‌ هه‌ر له‌نزیك مزگه‌وتی حه‌یده‌رخانه‌ بووبێت، كه‌ رێك ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر شه‌قامی موته‌نه‌بی، نه‌مزانی كامه‌ دوكانه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام ناكرێت باسی شه‌قامی ره‌شیدو موته‌نه‌بی به‌بێ‌ به‌شیر موشیر بكه‌یت، ئه‌و پیاوه‌ی‌ دونیایه‌كی تایبه‌ت‌و ئه‌فسون-ێكی تایبه‌تی هه‌بووه‌ له‌مێژووی به‌غداو مێژووی جوڵانه‌وه‌ی‌ كورد له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو.
ئه‌و پیاوه‌ دوكانێكی به‌رگدرووی هه‌بووه‌ له‌ به‌غدا، به‌ڵام ته‌نها شوێنی به‌رگدرو نه‌بووه‌، به‌ڵكو شوێنی كۆبوونه‌وه‌و به‌یه‌كگه‌یشتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سایه‌تیی‌و مێژوونووس‌و سیاسییه‌ زۆر دیاره‌كانی سه‌رده‌می خۆی بووه‌، بۆیه‌ دواتر شوێنه‌كه‌ی‌ كردووه‌ به‌ كتێبخانه‌.
ره‌نگه‌ لێره‌دا نه‌كرێت ورده‌كاریی ژیانی ئه‌و پیاوه‌ بخه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام مێژووی ئوستاد به‌شیر موشیر، به‌شێكی گه‌وره‌ له‌مێژوو یاده‌وریی زۆربه‌ی‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی سه‌رده‌می خۆی پێكدێنێت، ئه‌و پیاوه‌ هه‌م فه‌یله‌سوف، هه‌م شاعیر، هه‌م زه‌عیم‌و هه‌میش له‌سه‌رده‌می خۆیدا ئه‌وه‌نده‌ تایبه‌ت بووه‌، خاوه‌نی موریدی زۆر بووه‌.
پیاوێكی قسه‌خۆشی كه‌م وێنه‌ بووه‌، بۆیه‌ پێیان وتووه‌، زه‌عیم، فه‌یله‌سوف شاعیر، ده‌ڵێن خوێندكارو موژده‌به‌خش‌و خه‌لیفه‌ی زۆری هه‌بووه‌، ده‌ڵێن حه‌وتن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان به‌موریدی ده‌زانن زۆرن، له‌سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و دواتر شه‌هید قاسملۆو ئه‌مین زه‌كی به‌گ، د. كه‌مال فوئاد، توفیق وه‌هبی‌، ئه‌مین رواندزیی، ئه‌سیریی، مه‌لا جه‌میل رۆژبه‌یانیی، عه‌لائه‌دین سوجادیی، حسێن حوزنی موكریانیی، پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز، د.عزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ، مه‌عروف چیاوگ، ره‌فیق حیلمی..تد، هه‌مووی خۆی به‌ هه‌وادارو، ئه‌و حه‌وت خوێندكاره‌ی ئوستاد به‌شیر ده‌زانی.
ئه‌و پیاوه‌ له‌ده‌یه‌ی‌ ساڵی‌ 1800 له‌دایك بووه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر تایبه‌ت بووه‌، زۆربه‌ی‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی به‌غدا ناسیویانه‌، دوكانی به‌رگدروی هه‌بووه‌، دواتر كردویه‌تی به‌كتێبخانه‌، پیاوێكی قسه‌ له‌ڕوو هه‌ق‌و ره‌ق‌و بۆچوون‌و تێگه‌یشتنی‌ تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه‌، قسه‌ی‌ زۆری لێده‌گێڕدرێته‌وه‌و پیاوێك بووه‌ هه‌میشه‌ قسه‌كانی كورت‌و پڕ مانا بوون. له‌ ساڵی 1963 كۆچی دوایی كردووه‌و هه‌ر له‌ به‌غدا به‌خاكسپێردراوه‌.

به‌غدا سه‌رزه‌مینی خه‌باتی سیاسی‌و رۆشنبیریی كورد بووه‌ 
كاتێك ته‌ماشای‌ ئه‌و ناوانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌یت، ئه‌و كه‌ڵه‌ سیاسی‌و رۆشنبیرو رووناكبیرانه‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا بوون، هه‌ریه‌كه‌یان ناونیشان‌و سومبول-ێكی گه‌وره‌ی‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی‌و رۆشنبیریی‌و ژیانی سیاسین، له‌وه‌ ده‌گه‌ین كه‌ سه‌رده‌مانێك به‌غدا سه‌رزه‌مینی خه‌باتی سیاسی‌و رۆشنبیریی كورد بووه‌.
له‌لایه‌ك گه‌وره‌ سیاسی و خه‌باتگیڕانی كورد له‌وێ بوون و له‌وێ په‌یامی كوردیان به‌ئاسانی و له‌نزیكه‌وه‌ ده‌گه‌یانده‌ حوكمڕانانی به‌غدا، له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌غدا گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچونی بزووتنه‌وه‌ی‌ رۆشنبیریی‌و چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كورد له‌ قۆناغێكی دیاریكراودا.
سه‌باره‌ت به‌ سیاسییه‌كان، ئه‌وكاته‌ سه‌رده‌مانێك مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، جه‌نابی مام جه‌لال، ساڵح یوسفیی، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا، عه‌زیز محه‌مه‌د، نوری شاوه‌یس، عه‌ونی یوسف.. تد له‌وێ بوون‌و له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت‌و كاربه‌ده‌ستانی عیراق له‌ململانێی‌ سیاسی‌و قانونیی بوون، بۆ به‌دیهێنان‌و چه‌سپاندنی مافی گه‌لی كورد، هه‌ر له‌وێ‌ كۆنگره‌ی‌ حزبییان ده‌كردو، له‌وێ‌ بڕیاریان ده‌دا، بۆیه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی به‌غدا كه‌م نه‌بوو، نه‌خاسمه‌ له‌ڕووخانی رژێمی پاشایه‌تیی‌و چه‌ند ساڵێك دواتری.
له‌دوو سه‌رده‌مدا سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ژماره‌و به‌سه‌نگه‌وه‌ له‌به‌غدا بوونیان هه‌بووه‌، یه‌كه‌میان له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی‌ رابردوو تا كوژرانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌شوباتی 1963 ئه‌ویدیكه‌یان له‌دوای‌ رووخانی سه‌دام له‌به‌هاری 2003.
له‌هه‌ردوو قۆناغدا گفتوگۆو قسه‌كردنی راسته‌وخۆ له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی كوردو حوكمڕانانی به‌غدا هه‌بووه‌، 
خۆ مشتومڕی چه‌سپاندنی مافی كورد له‌ده‌ستووری عیراق، له‌سه‌ره‌تادا له‌ دوای‌ رووخانی رژێمی پاشایه‌تی‌و له‌سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم دروستبوو، زۆربه‌ی ئه‌و بڕگه‌و بابه‌تانه‌ی‌ له‌ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق له‌ 2005 هه‌بوو، پێشترو له‌سه‌رده‌می دوای‌ 14 ته‌موزی 1958 هه‌بوو، بۆنموونه‌، ئه‌وكاته‌ مشتومڕێكی زۆر هه‌بوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ عیراق به‌شێكه‌ له‌میلله‌تی عه‌ره‌ب یان عه‌ره‌بی عیراق به‌شێكه‌ له‌ میلله‌تی عه‌ره‌ب، هه‌روه‌ك له‌وكاته‌وه‌ پرسی ده‌ستنیشانكردنی سنوری كوردستان جێی‌ مشتومڕ بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌دابینكردنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دیكه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لی‌ كورد.
توانای كورد له‌حوكمڕانیی به‌غدا
له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 سه‌ركرده‌ كاریگه‌ره‌كانی كورد (مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانی) له‌به‌غدا بوون، مانه‌وه‌ی‌ مام جه‌لال بۆماوه‌یه‌كی درێژ كاریگه‌ری‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌سه‌ر بارودۆخی كورد به‌گشتیی‌‌و قه‌باره‌و توانای كورد له‌حوكمڕانیی به‌غدا، هه‌روه‌ك كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌به‌دیهێنانی به‌شێك له‌ماف‌و به‌ركه‌وته‌ی‌ كورد له‌به‌غدا، به‌ڵام له‌دوای‌ نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال و ئه‌و دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌به‌غدا، ده‌بینین به‌رده‌وام بارودۆخێكی گرژ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا هه‌یه‌. بێگومان به‌شێك له‌و خه‌تابارییه‌ په‌یوه‌ندیی به‌تێگه‌یشتنی سه‌ركردایه‌تیی‌و حوكمڕانانی به‌غداوه‌ هه‌یه‌ بۆ ماف‌و به‌ركه‌وته‌ی‌ كورد له‌عیراق، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیی خاوه‌ن بڕیاری كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌به‌غدا.
بونی كورد له‌به‌غدا ته‌نها به‌قازانجی كورد نه‌بووه‌، به‌ڵكو عه‌ره‌به‌كانی سوننه‌و به‌شێك له‌ شیعه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر كورد له‌دوای‌ 2003ه‌وه‌ به‌شداریی حوكمڕانیی عیراقیان نه‌كردبا، ئه‌وا هاوسه‌نگی ئیتنی یان هه‌مه‌ڕه‌نگیی له‌عیراق به‌ته‌واوی لاسه‌نگ ده‌بوو، حوكمڕانیه‌كه‌ی‌ ده‌بووه‌ حوكمڕانییه‌كی مه‌زهه‌بی یان تایفیی.

به‌غدا له‌قۆناغێكی دیاریكراودا قوناغ‌و سه‌رزه‌مینی بزووتنه‌وه‌ی‌ رۆشنبیری كورد بووه‌
یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندی به‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شاعیرو رۆشنبیرو نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسانی كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌به‌غدا له‌قۆناغێكی دیاریكراو، بۆنموونه‌ ئه‌مین زه‌كی به‌گ، د. كه‌مال فوئاد، توفیق وه‌هبی‌، ئه‌سیریی، مه‌لا جه‌میل رۆژبه‌یانیی، عه‌لائه‌دین سوجادیی، حسێن حوزنی موكریانیی، جه‌مال نه‌به‌ز، د.عزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ، مه‌عروف چیاوگ، ره‌فیق حیلمی..تد.
دووه‌م: بوونی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی له‌به‌غداو ده‌ركردنی به‌یان‌و رۆژنامه‌، هه‌روه‌ك به‌شێك له‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ركردایه‌تی كورد بوون خۆیان خه‌ڵكی رۆشنبیرو رووناكبیر بوون، ده‌ست‌و قه‌ڵه‌می به‌بڕشتیان هه‌بوو.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، كرانه‌وه‌ی‌ به‌غدا به‌ڕووی چاپی كوردی له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی پاشایه‌تیی، بێگومان به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی‌ رۆشنبیریی كورد هه‌بوو.

ئێزگه‌ی‌ كوردی‌ كۆماری‌ عیراق له‌ به‌غدا
یه‌كه‌م رادیۆی كوردی له‌مێژوی كورد له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی له‌به‌غدا بووه‌، له‌ 29ی كانونی دووه‌می 1939 له‌به‌غدا دامه‌زراوه‌، سێیه‌م رادیۆیه‌ له‌عیراق، له‌دوای‌ رادیۆی زهورو به‌غدا، سه‌ره‌تا وه‌ك به‌شێك بوو له‌ رادیۆی به‌غدا، دواتر بووه‌ رادیۆیه‌كی سه‌ربه‌خۆ.
كاتێك رادیۆی كوردی به‌شێك بوو له‌ رادیۆی به‌غدا، رۆژانه‌ ته‌نها 15 ده‌قیقه‌ ماوه‌ی‌ كوردی بوو، به‌ڵام له‌ 1984 رۆژانه‌ گه‌یشته‌ 18 كاتژمێر، زیاتربونی ماوه‌ی‌ كوردی له‌رادیۆی كوردی به‌پێی خواست‌و كرانه‌وه‌ی‌ رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی عیراق بوو، 
ساڵی 2003 به‌هۆی هه‌ڵمه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ سوپای ئه‌مریكا بۆ رزگاركردنی عیراق له‌ده‌ست رژێمی به‌عس، باره‌گای رادیۆی كوردیش له‌به‌غدا بووه‌ ئامانجی هێرشه‌كانی هاوپه‌یمانان‌و بۆردوومانكرا، زیانێكی زۆر به‌ر ئه‌رشیفه‌كه‌ی كه‌وت.

بڵاوكراوه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدا 
هه‌ر له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی پاشایه‌تیی له‌ 1958 تاكۆتایی شه‌سته‌كانی رابردوو، ژماره‌یه‌ك بڵاوكراوه‌ی‌ كوردی له‌به‌غدا ده‌رچوون، له‌وانه‌: خه‌بات (نیسانی 1959، به‌ڵام به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌چوو) زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆژنامه‌ی‌ ئازادی (حوزه‌یرانی 1959) رۆژنامه‌ی‌ حزبی شیوعی، لقی كوردستان بوو، رۆژنامه‌ی‌ ته‌ئاخی (نیسانی 1967) هه‌روه‌ها پاشكۆی برایی له‌هه‌مان ساڵ..تد.
جاران هه‌ر له‌به‌غدا خانه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری كوردی هه‌بوو، كۆڕی زانیاریی كورد هه‌بوو، ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ك گۆڤارو رۆژنامه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ ده‌رده‌كرا، له‌وانه‌ ره‌نگین، به‌یان، یان رۆژنامه‌ی‌ عیراق به‌كوردی ..تد
ئێستا له‌به‌غدا هیچ بڵاوكراوه‌یه‌كی كوردی له‌به‌غدا ده‌رناچێت، جگه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ ته‌ئاخی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌به‌غدا ده‌رده‌چێت، هاوكات رۆژنامه‌ی‌ سه‌باح-ی عه‌ره‌بی، پاشكۆیه‌كی هه‌فتانه‌ به‌زمانی كوردی ده‌رده‌كات له‌ هه‌ولێر.
له‌دوای‌ رووخانی سه‌دام، له‌ ساڵی 2003، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژنامه‌ی‌ ئیتیحاد-ی زمانحاڵی له‌ سلێمانییه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ به‌غدا، كه‌ له‌1992 تا 2015 ده‌رچوو، هه‌روه‌ك ته‌له‌فزیۆنێكی عه‌ره‌بی به‌ناوی حوڕیه‌ له‌به‌غدا كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ویشی‌ له‌ساڵی‌ 2014 داخست. هه‌وڵی دیكه‌ هه‌بووه‌ بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌، به‌ڵام ئه‌و رۆژنامانه‌ هه‌مووی به‌زمانی عه‌ره‌بی بوون‌و به‌ناوه‌ڕۆك كوردی بوون، ئه‌و رۆژنامانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ وه‌ك بڵاوكراوه‌ی حزبیی‌و به‌یانی حزب‌و كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كان بوون، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵگری كاری رۆژنامه‌گه‌ریی نه‌بوون،
بۆنموونه‌، رۆژنامه‌یه‌ك به‌ناوی (شمس الحریه‌) له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، یان رۆژنامه‌ی‌ (مستقبل الحر) له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌.

وه‌كو پێویست سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌
هه‌وڵی كورد بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌، یان دانانی ته‌له‌فزیۆن به‌زمانی عه‌ره‌بی، بۆ دواندنی شه‌قامی عه‌ره‌بیی بوه‌، به‌ڵام وه‌كو پێویست سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ وه‌ك رۆژنامه‌ی‌ حزب‌و له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا جموجۆڵ‌و په‌خشیكردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ كراوه‌ نه‌بووه‌ تابتوانێت كلتورو په‌یامی خه‌ڵكی كوردستان بگه‌ینێت، ئه‌م هه‌وڵه‌ ره‌نگه‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌بیشه‌وه‌ درابێت، به‌ڵام دیسان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، چونكه‌ میدیای‌ عه‌ره‌بی له‌عیراق بۆخۆی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتی كورد دروستبكات، چونكه‌ هێشتا ناتوانن خۆیان  له‌و چوارچێوه‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رستیی‌و راسیستییه‌ ده‌ربازبكه‌ن كه‌ گیرۆده‌ی‌ بوون، ئه‌و هه‌سته‌ی‌ لای ئه‌وان هه‌یه‌ كه‌ گه‌لی‌ سه‌رده‌ستن، بێگومان له‌میدیاو له‌شێوه‌ی‌ گفتوگۆو دواندنی كوردو، نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی عیراق به‌ڕوونی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، چه‌ند هه‌وڵێكیشیان هه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌، بڵاوكراوه‌ یان رۆژنامه‌ به‌زمانی كوردی ده‌ربكه‌ن، وه‌ك رۆژنامه‌ی‌ سه‌باح-ی كوردی، به‌ڵام دیسان سه‌ركه‌وتوونه‌بوون‌و هه‌وڵه‌كان نه‌زۆك بوون.
له‌به‌غدا ژماره‌یه‌كی زۆر نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی كورد هه‌ن كه‌ به‌كوردی نانووسن‌و به‌رهه‌مه‌كانیان عه‌ره‌بیه‌، زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆریان له‌ڕۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی به‌غدا كارده‌كه‌ن، ئه‌وانیش دابه‌ش بوون به‌سه‌ر میدیای‌ عه‌ره‌بی سوننه‌و میدیای‌ عه‌ره‌بی شیعه‌، ئه‌و كوردانه‌ی‌ سوننه‌ن، له‌و رۆژنامه‌ یان میدیایه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ هی سوننه‌كانه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ كوردی شیعه‌ن، له‌میدیای‌ شیعه‌كان كارده‌كه‌ن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP