عیراق به‌ره‌و کوێ؟
روانگــــــەی چــیا عیراق به‌ره‌و کوێ؟ ‌ مستەفا شێخ محەمەد‌ 16/8/2017
حكومه‌تی عیراق له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی نوێدایه‌ له‌ساڵی داهاتوودا، مشتومڕێكی زۆر له‌نێوان چاودێران‌و هێزه‌ عیراقیه‌كان هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌و پێیه‌ پێده‌چێت گۆڕانێكی نوێ له‌په‌یكه‌ری سیاسی بێنێته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كی نوێ دێنێته‌ ئاراوه‌؟ یان درێژه‌ به‌سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی پێش خۆی ده‌دات؟ حكومه‌تی عیراقی له‌ 14 ساڵی رابردوودا دوای نه‌مانی به‌عسیه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سەرکەوتوو نەبووە‌ له‌ ئیداره‌دانی وڵات‌و قوڵكردنه‌وه‌ی دیموكراسی. سوننه‌كان تا هاتنی داعش له‌ 10/6/2014 به‌درێژایی 11 ساڵ فه‌رامۆشكراوترین هێزی گۆڕه‌پانه‌كه‌ بوون، به‌وپێیه‌ی ده‌یانویست له‌ڕێگای توندوتیژی، دووباره‌ ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی عیراقدا بگرنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاتنی داعشدا ئه‌و خه‌ونه‌یان زیاتر له‌لا بوژایه‌وه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وتنی داعش كاره‌ساتێكی دیكه‌بوو بۆ سه‌ری سوننه‌كان.
ئێستا پانتایی جوگرافی داعش ته‌سكبۆته‌وه‌، سوننه‌كانیش په‌رته‌وازه‌ن. شیعه‌كانی عیراق له‌دوای 2003 حاكمی یه‌كه‌می عیراقن، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت نه‌یانتوانیوه‌ وڵاتێكی ئارام‌و ئاسایش به‌ڕێوه‌ببه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌درێژایی حوكمی دوای پرۆسه‌ی ئازادی، عیراق ئاسایشی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، له‌ئێستاشدا ناكۆكیه‌كان له‌نێوان پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان، كورد‌و شیعه‌‌و سوننه‌ نه‌رمتر نه‌بوونه‌ته‌وه‌، كێشه‌كان به‌قوڵی به‌رده‌وامن، شیعه‌كانیش له‌نێوخۆیاندا ململانێیه‌كی توندیان هه‌یه‌. كورد نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق بگاته‌ رێكه‌وتنێكی بنبه‌ستی بێ كێشه‌‌و ئێستاش كێشه‌ی جۆراوجۆری جوگرافی‌و ئابوری‌و سیاسی قوڵ له‌نێوان كورد‌و حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌نه‌، دۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ كورد داوای جیابونه‌وه‌ له‌عیراق دێنێته‌ پێشه‌وه‌. كورد‌و شیعه‌‌و سوننه‌ی عیراق جگه‌ له‌ناكۆكیه‌ تائیفی‌و قه‌ومیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی سیاسی‌و ئابوری‌و جوگرافی له‌ناوخۆشیاندا دابه‌شبوونێكی ئاڵۆز له‌جه‌سته‌ی هه‌ریه‌ك له‌م پێكهاتانه‌دا هه‌یه‌، هه‌موو هێزه‌ باڵا‌و بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی ناو هه‌ریه‌ك له‌م پێكهاتانه‌، له‌به‌رده‌م شه‌پۆلێكی فراوانی ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆیدان، ئه‌گه‌ری زۆره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو گۆڕانێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی عیراق‌و خودی پێكهاته‌كانیش رووبدات. جموجۆڵی ناو ماڵی شیعه‌كان، هاوپه‌یمانیی نوێی عه‌ممار حه‌كیم‌و موقته‌دا سه‌در‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی، له‌به‌رامبه‌ر نوری مالكی ‌و چه‌ند كه‌سایه‌تی‌و لایه‌نێكی دیكه‌ی شیعه‌دایه‌‌و ده‌یانه‌وێت: جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی حكومڕانی له‌ده‌ست ركابه‌ره‌كانیان بێننه‌ ده‌ره‌وه‌‌و لاوازیان بكه‌ن، هاوكاتیش ده‌یانه‌وێت هه‌نگاوێك له‌دووری ئێران هه‌نگاوێك نزیكتر له‌سعودیه‌-سوننه‌، جموجۆڵه‌ سیاسیه‌كانیان ده‌ستپێبكه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات چه‌ندین كه‌سایه‌تی سوننه‌ نزیكایه‌تی خۆیان، له‌م هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌ ببینن، به‌تایبه‌ت كه‌ پێشتر سه‌در سه‌ردانی سعودیه‌ی كرد‌و عه‌بادیش له‌ئێستادا سه‌رقاڵی نێوه‌ندگیرییه‌ له‌نێوان ئێران‌و سعودیه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ كارئاسانیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ لاوازكردنی نه‌یارانیان.
به‌هه‌مان شێوه‌ی شیعه‌كان هێزه‌ باڵاده‌سته‌كان، كورد‌و سوننه‌ش تووشی قه‌یرانی متمانه‌‌و شكستی ئیداری بوونه‌ته‌وه‌، نه‌یانتوانیوه‌ ئامانج‌و خواسته‌كانی پێكهاته‌كانیان به‌دیبێنن، روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاری زۆر بوونه‌ته‌وه‌. دۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ له‌عیراقدا زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت وێنه‌كی روونت ده‌ستكه‌وێت له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌م وڵاته‌، چونكه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌وڵاته‌كه‌دا زۆربه‌ی دانیشتوان چه‌كدارن، ململانێكانیش له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی نین‌و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كیش دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردوه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت عیراق پێویستی به‌وه‌ بێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ په‌یوه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ند له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان بكات، ئه‌مه‌ش شتێكه‌ زۆر قورس ده‌بێت، به‌پێی ئه‌و ئاماژانه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ له‌عیراقدا رووده‌ده‌ن له‌ڕوی سیاسیه‌وه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌بێت له‌سه‌ر جۆری حكومه‌تی نوێی عیراقی.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ تێكڕا ده‌توانن وه‌ڵامی ئه‌وپرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌، ئایا عیراق ده‌توانێت له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 2018 رێچكه‌یه‌كی نوێ‌و جیاواز له‌وه‌ی پێش خۆی په‌یڕه‌وكراون، بگرێته‌ به‌ر له‌ڕوی سیاسه‌تی ناوخۆی یاخود درێژه‌ به‌سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكارانی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌دات كه‌ له‌پێشتر روویداوه‌؟ ئایا كورد له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ ده‌توانێت چۆن مامه‌ڵه‌ بكات؟ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كێشه‌یه‌كی زۆری كه‌ڵه‌كه‌بوویان هه‌یه‌، دۆخی سیاسی ناوخۆ له‌ ناو پشێویه‌كی سیاسی بارگاوی به‌قه‌یرانه‌كانی كۆن‌و نوێ گوزه‌ر ده‌كات. پێده‌چێت سه‌خت بێت، له‌ عیراقدا حوكمڕانیه‌كی دیموكراسی بێته‌دی، بۆیه‌ گرینگه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ له‌ ململانێكانی عیراقدا بكرێت، ئایا ئه‌م دۆخه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ له‌ پاڵ ئه‌مانه‌شدا خواستی ناوچه‌ی‌و نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، له‌ وێناكردنی ده‌سه‌ڵاتداری حكومه‌تی داهاتوی عیراق، ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ تا سیاسیه‌كان خۆیان له‌ ئه‌قڵیه‌تی وابه‌سته‌گی به‌وانی دیكه‌ی به‌هێزتر‌و تێڕوانینی نادیموكراتیانه‌ی تائیفی رزگارنه‌كه‌ن قه‌یرانه‌كان كۆتاییان نایه‌ت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP