ریفراندۆم لە رێی بەغداوە!
ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ ریفراندۆم لە رێی بەغداوە! ‌ عەتا کەریم‌ 22/8/2017
 ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە وەفدی كۆمیتەی ریفراندۆم لە بەغدایه، لەو ماوەیەدا زۆرترین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەوت و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و  دەسەڵاتداران و باڵیۆزخانەی ژمارەیەك وڵاتان ئەنجامداوە، ئەوەی لە لێدوانی چەند ئەندامێكی وەفدەكەوە بڵاوكراوەتەوە ئەوەیە كە «دژی مافی چارەی خۆنووسینی كورد نین»، بەو پێیە بێت «ریفراندۆم» بێ كێشەیە، بەڵام زۆرێك لەو كاربەدەست و لایەنانەی وەفدی ریفراندۆم لە دەرگای داون و كۆبوونەوەتەوە بۆ دەردەشەی ریفراندۆمی وادە بۆ دیاریكراو، بەڵام خۆیان بە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عیراقەوە پەیوەست دەكەن، یاخود لە ئێستادا ریفراندۆم بۆ كورد بەگونجاو نازانن و «دیالۆگ و گفتوگۆ» بۆ چارەسەر بەشیاو دەزانن! لەو روانگەیەشەوە وەفدەكە ئۆكەی گەرەنتیكراوی بۆ ریفراندۆم دەست نەكەوتووە!.
ئەگەر كوردی هەرێم كە هاوبەشی حوكمڕانییە لە عیراقی دوای دیكتاتۆریی لە (2003)ە و بۆ ئێستا، دۆست و لایەنی راستەقینەی بۆ پرس و مافەكانی هەبوایە، بەدیوەكەی دیكەشدا ئەگەر هەرێمیش دۆستی راستەقینەی هاوبەشیی لە عیراق بوایە، ئەوا دۆخی سیاسیی و بەشداریی و پەیوەندییەكانی نەدەگەیشتە ئەو ئاستەی كە چوارساڵە دژبەیەكی كار و سیاسەت دەكەن و هەقبەشی بودجەی كورد كە بەدەستووری هەمیشەیی دابینكراوە، ببڕدرێت!!.
هێشتا وەفدەكە لە بەغدایە، ئەمە ئەو دەرگایەیە كە كورد دەبێت بەهەرجۆرێكە دەبێت بۆ وەرگرتنی مافەكانی بە ریفراندۆم-یشەوە پێیدا تێپەڕ بێت، ئەو داوایەشە كە زۆربەی وڵات و ناوەندەكان بە دەستەبژێری بزوێنەری پرسی ریفراندۆم-یان وتووە كە ئەو پرسەش لەگەڵ بەغدا بڕیاری لێ دەدرێت، واتە مۆری ئۆكەی بەغدای گەرەكە!، سەرباری ئەوەش وەفدەكە پەیپەری مەرج و پێشمەرج، یان كارنامە و پرۆژەی سیاسیی و یەكلاكەرەوەی پێ نییە، بۆ بڕیاردانی كۆتایی و ئاستی وەفدەكەش ئەوە دەسەلمێنێت، بەڵام دوای ئەوە گرنگە كە كورد كارنامەی چی دەبێت گەر لەو پرسەدا لە بەغدا جیابۆوە، یان ئەگەر لەگەڵ عیراق مایەوە، چی دەوێت؟ و سەقفی داواكارییەكانی چی دەبن كە لەجیاتی «ریفراندۆم» بەدەستیان دەهێنێت؟!.
ئەوەی لە بەغداوە بیستراوە و دەبینرێت، هەروا بە ئاسانی رازیی نابێت كورد لەم ریفراندۆمدا بڕیاری جیابوونەوە لە عیراق بدات، ئەمەش تازە نییە و بەغدای سەردەمی پاشایەتی و دەسەڵاتدارێتی بەعس و عیراقی دوای پرۆسەی ئازادیش هەروان !!، خۆیان نابنە هۆكاری لێبوونەوەی پارچەیەكی ئەو خاكە كوردستانییەی ئەوان بەعیراقی ناو دەبەن، بۆیە ئەم رایەی عیراق، هاوتەریبی ئەو را هەرێمی و نێودەوڵەتییەیە كە لەبەرامبەر بە پرسی ریفراندۆمی هەرێمدا هەیە!.
بەدرێژایی ئەو ماوەیەی وەفدەكە لە بەغدایە، هەموو جوڵە ناوخۆییەكانی ئەم پرسە لە هەرێمدا وەستاون، جگە لە « راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان»، كە دەبوایە لەسەر ئاستی ناوخۆش دیدار و كۆبوونەوە و جوڵاندنی هەوڵەكان بۆ لەیەكنزیككردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان خێراتر بوایە، بەتایبەتی پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، كە ئاستەنگ و كۆسپە گەورەكەی ریفراندۆمی كۆڕایە و گەرەنتی سەرخستنی دەنگی «بەڵێ»ی یاساییە، یان دواخستنیەتی بەیاسایی بۆ كات و وادەیەكی دیكە، بەڵام چاو و جوڵەكانیش هەر لە بەغدان!.
ئەم پرسە چارەنوسسازەی كورد كە خراوەتە بەردەم مێز و دیدار و گفتوگۆی عیراقییەكان، رێی ئۆپشنی دواخستنی ریفراندۆمی هەیە، كە دەكرێت كوردیش مەرجداری داوای زیاتری گەرەنتیكراوی رەسمی هەبێت، یان رێی ئەنجامدانی هەیە بە هەموو دەرهاویشتەكانیەوە، بۆیە ئەگەریش دوای دەخات با لەرێی هۆڵی پەرلەمانی كوردستانەوە بێت بۆ دواخستن، نەك پاشگەزبوونەوە!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP