دیسانه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌!
بەدواداچوون دیسانه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌! ‌ هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌‌ 22/8/2017
48
دیسانه‌وه‌ «كۆبوونه‌وه‌» بۆته‌وه‌ هه‌واڵی گه‌رم‌و سه‌ره‌كی‌و له‌ دوێنێوه‌ خولێكی نوێی دانوستان‌و كۆبوونه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌و لێدوانی لێپرسراوانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش تائێستا له‌چوارچێوه‌ی خزمه‌تكردنه‌ به‌ ده‌رئه‌نجامی ئیجابیی كۆبوونه‌وه‌كان، به‌ڵام هێشتا زووه‌ ئومێدی چاره‌سه‌ر له‌م خوله‌ش به‌دیبكرێت، چونكه‌ لێدوانی خوله‌كانی پێشووش له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌پێناوی چاره‌سه‌ردا بوون، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام دۆخه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵێك‌و ده‌ مانگ، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان دوو لایه‌ن وه‌ك هه‌واڵێكی گرنگ‌و چاره‌نووسساز ته‌ماشا بكرێت، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌پێویستیی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ڵام هێشتا هه‌موو لایه‌ك هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نوێ بكات.
دوێنێ 21/8/2017، وه‌فدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ره‌سمییان كرد، وه‌فده‌كه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیشدا كۆبۆوه‌و به‌پێی زانیارییه‌كان بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ وه‌فدی باڵای پارتی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بكات‌و «كۆبوونه‌وه‌كانیش درێژه‌یان ده‌بێت». هه‌ردوێنێ «وه‌فدی دانوستانی هه‌رێمی كوردستان» دوای هه‌شت رۆژ مانه‌وه‌ له‌به‌غداو زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان‌و باڵیۆزی وڵاتاندا، گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێم.
كۆبوونه‌وه‌كان له‌ دوو شوێنی جیاواز، به‌ڵام بۆ چه‌ند ئامانجێكی هاوبه‌ش بوون، ئه‌وانیش ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم، كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌رێم؛ پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش له‌خۆده‌گرن، له‌ڕاستیدا زۆرینه‌ی ئه‌م پرسانه‌، زۆر كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌یان له‌پێناودا كراوه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی سه‌ر مێزی گفتوگۆكانن‌و تێپه‌ڕاندنیان پێویستی به‌ئیراده‌و نییه‌تێكی جددییه‌ له‌پێناوی چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌دا، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌كرێت لێدوانی لێپرسراوێكی باڵای پارتی كه‌ رایگه‌یاندووه‌ «له‌گه‌ڵ گۆڕان نییه‌تی جددیمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌یه‌»، به‌لێدوانێكی پێویست هه‌ڵبسه‌نگێنرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ش وه‌ك پێشتر له‌بارنه‌برێت.
له‌ڕاستیدا هه‌رێمی كوردستان‌و دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانه‌كه‌شی، باجی ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی زۆرو بێئه‌نجام ده‌ده‌ن، نه‌ك خودی كۆبوونه‌وه‌، یان كۆنه‌بوونه‌وه‌، چونكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان رۆژی 8/10/2015، دوای نۆ كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵی له‌هه‌ولێرو سلێمانی، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پێنج لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ «پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ» به‌بێ ئه‌نجام كۆتاییهات‌و له‌وكاته‌شه‌وه‌ تائێستا، سه‌رجه‌م چین‌وتوێژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان باجی ده‌رئه‌نجامی بێئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ دۆخی ئێستا پێش بایه‌خدان به‌كۆبوونه‌وه‌، پێویستی به‌بایه‌خدانه‌ به‌ ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی پێویسته‌ له‌پێناوی ئه‌وه‌ی خولی ئه‌م جاره‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به‌ئه‌نجامێكی ته‌ندروسته‌وه‌ ته‌واو ببێت‌و به‌ره‌و قۆناغێكی دیكه‌ی پێویست بڕوات، كه‌ ئه‌ویش چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك‌و حزبه‌كان، خه‌ڵك‌و حكومه‌ته‌!.
ده‌رئه‌نجامی ئیجابیی كۆبوونه‌وه‌كانیش پێویستی به‌وه‌یه‌، كۆبوونه‌وه‌كان چڕبكرێنه‌وه‌و هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان به‌نوێنه‌ره‌كانی خه‌ڵك‌و خۆیان، ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌و زۆرترین كۆبوونه‌وه‌ به‌رنه‌وه‌ ناو په‌رله‌مان، نه‌ك كۆبوونه‌وه‌ پێویسته‌كانی ناو بینای په‌رله‌مان، هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ بێ ئه‌نجامه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بینای په‌رله‌مان بكات. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجام له‌پێناوی چاره‌سه‌رو پشتیوانیكردنی په‌رله‌مان‌و ده‌زگا شه‌رعییه‌كان‌و یه‌كخستنی هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌خه‌م‌و داواكاری‌و پێداویستییه‌كانی ئه‌و چین‌وتوێژانه‌ی كه‌ چه‌ند مانگێكی دیكه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان زۆرترین كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن‌و داوای ده‌نگ‌و متمانه‌ پێبه‌خشینه‌وه‌یان لێده‌كه‌ن!.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP