ریفراندۆم یه‌كیان ده‌خا
ریفراندۆم یه‌كیان ده‌خا ‌ سه‌ربه‌ست جیهاد‌ 23/8/2017
باش بوو ئه‌ردۆغان بۆ خۆی مه‌رامی سه‌ره‌كی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی نێوانی هه‌ردوو سوپای تورکیا و ئێرانی روونكرده‌وه‌ و كۆتایی به‌ زۆر ته‌فسیری نابه‌جێ هێنا .
به‌ قسه‌ی ئه‌ردۆغان بێ عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌شی سوپای تورکیا و ئێران دژی ( په‌كه‌كه‌ ) ئیمكانی هه‌یه‌ ، به‌دیاریكراویش مه‌به‌ستی ئۆپه‌راسێونه‌ بۆ سه‌ر قه‌ندیل.
ئێران به‌ درێژایی 150 كم سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان قایم كردووه‌ و ده‌یان قوله‌ و قه‌ڵاتی سه‌خت و پێگه‌ی سه‌ربازی گرنگی له‌ سنوور دروستكردووه‌ . هه‌ر له‌ كێله‌شینه‌وه‌ ( گۆشه‌ی سێ سنوور ) تا گه‌نه‌ماوی و سه‌ری جاسوسان ( ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ ) هێزی جێگیر كردووه‌ و هه‌موو ئیمكانێكی ژیان و مانه‌وه‌ی له‌و ناوچه‌ سه‌خته‌ كوێستانیه‌ فه‌راهه‌م كردووه‌ وه‌كو جاده‌ و بان و كاره‌با و ته‌له‌فون و .. هتد .
 ئه‌و ناوچه‌یه‌ پشتی جه‌بهه‌ی ئه‌صلی شه‌ڕی گه‌رێلاییه‌ دژی سوپای تورکیا و كوێره‌ رێی هاموشۆ و شوێنی حه‌سانه‌وه‌ و خۆرێكخستنه‌وه‌ و .. هتد . هه‌ڵبه‌ت گورز وه‌شاندن له‌ پشتی جه‌بهه‌ ، ده‌ستكه‌وتێكی گرانبه‌هایه‌ ، تورکیا نرخه‌كه‌ی ده‌زانێ .
 تورکیا چاوی بڕیوه‌ته‌ ئه‌و قایمكاریه‌ی سوپای ئێران كه‌ له‌ شه‌ڕی دژی په‌كه‌كه‌ دا گرنگی گه‌وره‌ی سه‌وقی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی تۆپۆگرافیای ناوچه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ پایگاكانی ئێران به‌ درێژایی ئه‌و سنووره‌ به‌سه‌ر دیوی هه‌رێمی كوردستاندا زاڵه‌ و تا قووڵایی 30كم له‌ ژێر مه‌ودای ئاگری تۆپ و كاتیوشادایه‌ .
 ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنه‌كه‌یان سه‌ربگرێ ئیمكانی ئه‌وه‌ به‌ سوپای تورکیا ده‌دا هێزی زه‌مینی له‌ دیوی هه‌رێمی كوردستان دژی گه‌رێلاكانی ( په‌كه‌كه‌ ) به‌كاربێنێ ، كه‌  25 ساڵه‌ تورکیا به‌ ئاواتی په‌لامارێكی وایه‌ و بۆی نه‌لواوه‌ و پێی نه‌كراوه‌ .
 عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش له‌و ناوچه‌ ستراتیجیه‌دا، یا لانی كه‌م رێگه‌دان به‌ هێزی زه‌مینی تورکیا و بۆ له‌شكركێشی، بۆ تورکیا بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و له‌ سه‌رو به‌ندی شكانی داعش و گۆڕانه‌ چاوه‌ڕێكراوه‌كانی پۆستا داعش،به‌ ده‌ستكه‌وتی نایاب حیساب ده‌كرێ.
 به‌ڵام داخوا تورکیا چی هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ ئێرانی ببه‌خشێ ؟
راستی تورکیا نه‌ له‌ عیراق و نه‌ له‌ سوریا و نه‌ له‌ لوبنان و نه‌ له‌ كه‌نداو و یه‌مه‌ن ( ناوچه‌ی نائارام و ئاشوب زه‌ده‌ ) دیارییه‌كی گرانبه‌های بۆ به‌حشین نییه‌. له‌ عیراق پشتی به‌ نفووزی به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمانی سوونه‌ گه‌رمه‌ ، به‌ڵام ئه‌وان بۆ خۆیان سه‌نگی وایان نییه‌ بۆ سات و سه‌ودا ببێ تا بۆ تورکیا، له‌ سووریا ئیعتیمادی له‌سه‌ر چه‌ند گروپێكی تیرۆریستی لاواز و زه‌به‌بوونه‌ كه‌ له‌ حیساباتی ته‌نگنای سووریادا بایی ئه‌وه‌ نابن سازشیان پێ بكرێ ، دیاره‌ كه‌ له‌ لوبنان دوای شكستی نوصره‌ و له‌ كه‌نداویش دوای ئه‌زمه‌ی قه‌ته‌ر ، تورکیا توانای مانۆڕدانی نیه‌ . 
 ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی بۆ تورکیا قابیلی به‌خشینه‌، هه‌ڵوێست و به‌رخورده‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان . تا ئێستا تورکیا ته‌نیا له‌ بابی ئامۆژگاریدا دژه‌ هه‌ڵوێستی بۆ ریفراتدۆم بووه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ئێراندا سه‌ربگرێ ، ره‌نگه‌ هه‌ڵوێستی بگۆڕێ بۆ هه‌ڕه‌شه‌. 
 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا به‌ نیازه‌ بچێته‌ به‌غدا و بێته‌ هه‌ولێر ، كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی دوای لێدوانی سه‌رۆك كۆماره‌ له‌ باره‌ی ئیمكانی ئۆپه‌راسێونی هاوبه‌ش ، بۆیه‌  هاتنی ( چاوێش ئۆغڵو ) بۆ هه‌ولێر ئه‌وه‌ی لێ ده‌فامێته‌وه‌ نامه‌ی ته‌هدیدی پێ بێ .


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP