شه‌هید كه‌مال و قسه‌ی دیكه‌ش
شه‌هید كه‌مال و قسه‌ی دیكه‌ش ‌ مستەفا شێخ محەمەد‌ 24/8/2017
22/ئابی/2014 هه‌واڵی شه‌هیدبوونی سه‌ربه‌رز (لیوا كه‌مالی حاجی ئاغا) ناخهه‌ژێن‌و تاسێنه‌ر بوو، كه‌ له‌دژوارترین رۆژه‌كانی شه‌ڕی گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ هێزه‌ تاریكبینه‌كانی داعش، شه‌هیدبوونی كه‌مالی حاجی ئاغا له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕو له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌، كه‌ به‌پێوه‌ شه‌هیدكرا، له‌وكاته‌ هه‌ستیاره‌ی ئه‌وێ رۆژێ، به‌ته‌نیا په‌یامی شه‌هیدبوونی فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو په‌یامی خۆڕاگریی‌و نه‌به‌زینی خه‌ڵكی كوردستان بوو، له‌به‌رده‌م ئه‌م هێزه‌ تاریكه‌.
له‌مكاته‌دا، كه‌ لیوا كه‌مال؛ شه‌هید ده‌بێت، هێزه‌ تاریكبینه‌كانی داعش له‌چه‌ندین سه‌نگه‌ر هاتبوونه‌ پێشه‌وه‌، له‌مه‌خمورو ناوچه‌ی گوێر، مه‌ترسییان خستبووه‌سه‌ر هه‌ولێرو له‌ 3ی ئابی 2014 توانیبوویان بگه‌نه‌ناو شنگال‌و ده‌ستیان به‌خوێنی ئێزدییه‌كان سووربوو، كه‌ دواتر ده‌ركه‌وت داعش ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ئێزدییه‌كان كردوویانه‌ جینۆسایده‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ یه‌كه‌م جینۆساید له‌سه‌ده‌ی 21دا، له‌م سه‌ریش هه‌ڕه‌شه‌یان خستبووه‌سه‌ر كه‌ركوك‌و خانه‌قین... هتد.
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، كه‌ زۆر كه‌س‌و لایه‌نی سیاسیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان وره‌یان به‌ردابوو، شه‌هید كه‌مال‌و هاوسه‌نگه‌رانی بوون‌ شورایه‌كی پۆڵاینی به‌خوێن دروستكراویان به‌ده‌وری سنووره‌كانی كوردستاندا كێشاو نه‌خشه‌ی سه‌ره‌تای تێكشكاندنی داعشیان له‌كوردستان خسته‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌، بۆ هه‌ق‌و مێژوو به‌سه‌دان‌و هه‌زاران كه‌س به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش چوونه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌، خۆیان له‌ئه‌ركی نیشتمانیی؛ نه‌دزییه‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌سانێكی دیكه‌ له‌بیری هه‌ڵاتندابوون، ئه‌مه‌ش به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ بوو، كه‌ مانه‌وه‌و خۆپارێزیی گه‌لێك په‌یوه‌سته‌ به‌ویستی گه‌ل خۆییه‌وه‌.
شه‌ڕی داعش بۆ گه‌لی كوردستان شه‌ڕێكی گرنگ‌و پڕبایه‌خ بوو، گرنگیی شه‌ڕی داعش له‌وه‌رگرتنی په‌ندی مێژووی به‌خۆداچوونه‌وه‌دایه‌، بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان، شه‌ڕێك كه‌ ده‌بوو سوودێكی زۆری لێوه‌رگرێت‌و ببێته‌هۆی دروستبوونی ته‌بایی‌و پته‌وكردنی پایه‌كانی نیشتمانی، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی خواسته‌ گشتییه‌كان‌و ئه‌م مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ش نه‌توانرا، ناوماڵی كوردستان یه‌كخرێته‌وه‌‌.
ئه‌مڕۆ کە سێیه‌م ساڵیادی شه‌هید لیوا كه‌مال حاجی ئاغا؛ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران شه‌هیده‌ی له‌پێناوی پاراستنی گه‌له‌كه‌ی، گیانبازیی كرد، تێده‌گه‌ین كه‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به‌گۆڕینێكی ریشه‌یی هه‌یه‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تی گۆڕین له‌ئه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی.
ئێستا كه‌ سێ ساڵ به‌سه‌ر شه‌هیدبوونی لیوا كه‌مال‌و زیاتر له‌هه‌زار شه‌هیدی سه‌نگه‌رو جینۆسایدكردنی هه‌زاران كه‌سی دیكه‌، تێده‌په‌ڕێت؛ پێویستبوو ده‌رس‌و په‌ند له‌م رۆژانه‌ وه‌ربگیرێت، ئه‌و ده‌رس‌و په‌نده‌ی كه‌ ده‌بوو باشووری كوردستان بیكاته‌ بۆنه‌یه‌ك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌، به‌ڵام دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یبینین، ناكۆكیه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ك قوڵكرانه‌وه‌، تا به‌وه‌ گه‌یشت په‌رله‌مان‌و پرۆسه‌ی سیاسی‌و یاسایی‌و به‌شی زۆری كاره‌كانی حكومه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان په‌كبخرێت، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا هه‌مان ئه‌زموون له‌ڕۆژئاڤای كوردستان هه‌بوو، كه‌ له‌هیچه‌وه‌ ده‌ستیپێكردو ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر چۆته‌پێشه‌وه‌، كه‌ قابیلی به‌راورده‌.
ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، له‌پاڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی شه‌ڕی داعش‌و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانی دیكه‌ له‌كوردستان، په‌ره‌یانپێدراوه‌، نه‌ك ناتوانێت خواستی شه‌هیدان‌و گه‌له‌كه‌مان به‌رجه‌سته‌بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌پراكتیك ته‌گه‌ره‌ش ده‌خاته‌به‌رده‌م به‌دیهاتنی ئه‌و خواستانه‌.
مه‌به‌ستم بوو، له‌پاڵ یادكردنه‌وه‌ی شه‌هیدی سه‌ربه‌رز لیوا كه‌مال؛ چه‌ند قسه‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی ئێستا له‌كوردستان گوزه‌رده‌كات، تێكهه‌ڵكێشم، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی له‌یادنه‌چێت، كه‌ شه‌هیدانی گه‌لی كوردستان‌و ماندوبوونی پێشمه‌رگه‌و قوربانیدانی گه‌لی كوردستان، له‌پێناوی به‌دیهێنانی خواسته‌ گشتییه‌كانه‌، كه‌ به‌گشتی خۆی له‌(ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی دیموكراسی‌و حكومڕانییه‌كی دادپه‌روه‌ر) ده‌بینێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو چاره‌سه‌رێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بنه‌ما گشتیانه‌، دۆخی ئێستاش خراپتر ده‌كات، له‌هیچ جۆره‌ چاره‌سه‌رێك نزیكمان ناكاته‌وه‌. 
دروود بۆ گیانی شه‌هیدانی كوردستان، دروود بۆ ئه‌وانه‌ی له‌پێناوی گه‌له‌كه‌یان قوربانیاندا، دروود بۆ شه‌هید كه‌مال؛ كه‌ به‌شه‌هیدبوونی گه‌یشته‌ لووتكه‌ی كه‌مال.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP