حەویجە بەنموونە!
بەدواداچوون حەویجە بەنموونە! ‌ هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌‌ 29/8/2017
حكومەتی عیراق بەكردەیی رۆژ بەڕۆژ كار لەسەر دووركەوتنەوەی زیاتری عیراق‌و هەرێمی كوردستان لەیەكتر دەكات‌و بەهەنگاوەكانی هانی هەرێمی كوردستان دەدات بۆ جیابوونەوەو سەربەخۆیی.
عیراق لەبواری بودجەو مووچەو دابینكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستاندا، لەشوباتی 2014-ەوە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پچڕاندووە، لەبواری پاراستنی سنوورو ئارامیدا لەمانگی 6 ی 2014-ەوە، بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ «ناوچە دابڕێنراوەكان»‌و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا كردووە، بۆ بوارەكانی دیكەش نموونە زۆرن. ئێستاش كار لەسەر كەمكردنەوەو نەهێشتنی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوان بەغداو هەرێم دەكات، لەم بوارەدا دەكرێت پرسی دواخستنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجە بەنموونە وەربگرین، ئۆپەراسیۆنێك كە بەڕای شارەزایانی بواری سەربازی، پێویستبوو پێش ئۆپەراسیۆنی نەینەوا بووایە، بەڵام دوای كۆتاییهاتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە، ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر پێشخراو ئێستا دوای تەلەعفەریش بەپێی لێدوانێکی دوو رۆژی رابردووی پارێزگاری كەركوك «هێشتا كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجە دیاری نەكراوە». ئەمەش لەكاتێكدایە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لە مەترسی زیادبوونی پێگەی تیرۆریستانی داعش لەسنووری حەویجەو دەوروبەری دەكەن.
پێشتر سەرۆك وەزیران  حەیدەر عەبادی چەندجارێك لەلێدوانەكانیدا ئاماژەی بەوەدەدا «بەم نزیكانە ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەستپێدەكات»، «كۆتاییهاتنی داعش لەعیراق نزیكە»، بەڵام وا ماوەیەكی زۆر بەسەر ئەو لێدوانانەدا تێپەڕیووە، كەچی نەك هەر ئەو هەنگاوانە جێبەجێنەكراون، بەڵكو ماوەیەكە باسوخواسی ئۆپەراسیۆنی حەویجە لەسەر زاری سەرۆك وەزیران نەماوە، ئەمەش لەكاتێكدایە مەترسییەكانی مانەوەی تیرۆریستان لەحەویجە بۆ هەردوو لایەنی عیراق‌و هەرێم، هی ئەوە نییە بەكەمتەرخەمییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
لەم نێوانەدا ئەوەی دەكرێت هەڵوەستەی زیاتری لەسەر بكرێت، هەڵوێستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی داعش، هەڵوێستەكە لە پرسی رەتكردنەوەی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان كە بەپێی بڕیار؛ رۆژی 25/9/2017 بۆ بەڕێوەچوونی دیاریكراوە، زیاتر روون دەبێتەوە، چونكە بەبیانووی «كاریگەری لەسەر شەڕی دژی تیرۆر»، كاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم رەتدەكەنەوەو جەخت لە «یەكپارچەیی خاكی عیراق دەكەنەوە». ئەم هەڵوێستانەش لەچەند رۆژی رابردوودا لەمیانی سەردانی ژمارەیەك لەوەزیران‌و لێپرسراوانی ئەمریكاو فەرەنساو توركیاو یەكێتیی ئەوروپا بۆ بەغداو هەولێرو كۆبوونەوەیان لەگەڵ لێپرسراوانی هەردوولاو لێدوانی رۆژانەی لێپرسراوانی ژمارەیەك لەوڵاتاندا بەردەوام تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە.
سەیر ئەوەیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تەنها هەڵوێستی لەسەر هەنگاوەكانی لایەنی كوردستانی هەبووەو تائێستا هەڵوێستێكی راشكاوانەی لەبەرامبەر هەنگاوەكانی لایەنی عیراقیدا نەبووە. بۆ نموونە لایەنی عیراق نەك هەر هاوكاری هێزی پێشمەرگە ناكات، بەڵكو زۆرجار لەڕاگەیاندنەكان‌و تەنانەت كۆڕو كۆنفرانس‌و كۆنگرە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەتاوتوێكردنی پرسی تیرۆریشدا، هیچ ئاماژەیەك بە رۆڵی گرنگیی كوردو سەركەوتن‌و نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگە نادات، تەنانەت ئێستا سەرەڕای ئامادەیی تەواوی هێزی پێشمەرگە، بە «هۆكاری سیاسی» بەردەوام كار لەسەر دواخستنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەكات‌و لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی چەند رۆژێكە هەڕەشەی سەربازی دژی هەرێمیشی هاتۆتەسەر، بەڵام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردووەو تەنها تەئكید لە «یەكپارچەیی خاكی عیراق»، دەكاتەوە.
پێش هەر هۆكارێكی دیكە، لەپرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، خودی حكومەتی عیراق‌و لێدوان‌و هەنگاوی لێپرسراوەكانی هۆكارن، بۆیە پێش دروستكردنی هەر فشارێك لەسەر هەرێمی كوردستان، پێویستە فشارەكان لەسەر لایەنی عیراقی چڕبكرێنەوە بۆ ئەوەی بەكردەوە كار لەسەر پاراستنی «یەكپارچەیی خاكی عیراق بكات»‌و بەهەنگاوەكانی «كاریگەریی سلبـی لەسەر شەڕی دژی تیرۆر» دروستنەكات!.  


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP