هه‌موو ته‌رمه‌كان به‌ قه‌ناره‌ی داعشه‌وه‌
هه‌موو ته‌رمه‌كان به‌ قه‌ناره‌ی داعشه‌وه‌ ‌ سه‌ربه‌ست جیهاد‌ 30/8/2017
 داعش كۆتایی دێ ، كوشتن و خوێنڕشتن نا ،  ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌ڕوا ده‌وڵه‌تی تۆقاندن نا .
چونكه‌ هه‌موو سه‌به‌به‌كانی ده‌ركه‌وتنی به‌رق ئاسای داعش وه‌كو خۆیانن ، ئومێد به‌ سه‌قامگیری پۆستا داعش  و كۆتایی قه‌تڵ و سه‌ب و رووخاندن و كاولكردن ، سنووره‌كانی خه‌یاڵ نابه‌زێنێ  ، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هۆ راسته‌قینه‌كانی په‌شێوی و نائارامی بۆ یه‌كجاری به‌رمه‌لا بكرێن . مه‌گه‌ر به‌ جورئه‌ته‌وه‌ به‌رپرسیارێتی كاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌كان ته‌شخیص و ته‌حمیل بكرێن .
 ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌رداعشدا مه‌ستی كردوونه‌ ، سبه‌ینێ كه‌ هۆشیان دێته‌وه‌ به‌ر و روونتر ده‌ورو پشتی خۆیان ده‌بینن ، ئه‌وسا قه‌باره‌ی ئه‌و مه‌ئساته‌ ده‌زانن  كه‌ داعش و جه‌نگی دژی داعش به‌سه‌ر ووڵات و عیبادیدا هێناوه‌ ، به‌ڵام داخوا هۆ راسته‌قینه‌كانی ئه‌و هه‌موو قه‌تڵ و سه‌ب و كاولكردنه‌ راست و راشكاو دان پێدا دەنێن ، ئنجا له‌ پای دووباره‌ و ده‌باره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی ته‌جروبه‌ی داعشی سه‌به‌به‌كان به‌مه‌رگ  ده‌سپێرن ، یان دیسانه‌وه‌ هه‌موو مه‌رگ و میره‌كان هه‌ر به‌ ته‌نیا بۆ هه‌بوونی ئیرهاب و قه‌سابخانه‌كانی داعش ده‌گێڕنه‌وه‌ ؟
 له‌ رۆژی دروستكردنی زۆره‌ملێیانه‌ی ووڵات و ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ وورد و درشتی دانیشتوانه‌كه‌ی  به‌ كوڵك و پێستیانه‌وه‌ ده‌ردی ناسه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی چێشتووه‌ و به‌ گیان و به‌ ماڵیان ناچارانه‌ نرخه‌كه‌یان په‌رداخت كردووه‌ ، به‌ڵام  له‌ مێژووی نزیك به‌ سه‌د ساڵی عیراقدا قه‌ت هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌ ده‌وڵه‌تدار و حوكمڕانێك بێ و بێ‌ په‌رده‌ پێمان بڵێ ره‌عیه‌ت ماكی ده‌رد و ژانی ئێوه‌ له‌پێكهێنان و داسه‌پاندنی زۆردارانه‌ی كیان و فه‌رمانڕه‌واییه‌كی ناشه‌رعیدایه‌ و تا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌شی ره‌گی ئه‌و تیراوه‌یه‌ هه‌روا زیندوو ده‌مێنێ .
 قه‌ت نه‌بووه‌ یه‌كێك جه‌ساره‌ت بداته‌ به‌رخۆی و راست و ره‌وان پێمان بڵێ پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی پێكهاته‌كانی عیراق به‌ نه‌ته‌وه‌ و دین و مه‌زهه‌به‌وه‌ درۆیه‌كه‌ به‌هایه‌كه‌ی ئۆقیانووسێك  خوێن و ماڵوێرانی بووه‌ ، كه‌س نه‌هاتووه‌ پێمان بێژێ له‌ سه‌رچی بوو په‌لاماری مه‌مله‌كه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودتاندا ، بۆچی ره‌شه‌كوژی به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانیتان وه‌ڕێخست ، بۆ هێرشتان كرده‌ سه‌ربارزان و سه‌به‌ب چ بوو حه‌ره‌س قه‌ومیتان نارده‌ سه‌ر كوردستان و جاش و ده‌ره‌كتان به‌ردایه‌ گیانمان ، بۆ ته‌هجیر و ته‌عریبتان كردین ، بۆ كیمیاباران  و ئه‌نفالتان كردین ، بۆ مه‌سیره‌ی شیعه‌كانتان بۆردوومانكرد ، بۆ ره‌وزه‌خانی و شیوه‌نی براموسڵمانه‌كانتان مه‌نع كرد ، بۆ فاجیعه‌ی كه‌ربه‌لاتان له‌ دوای راپه‌ڕینی شه‌عبان به‌رپاكرد ، بۆ صه‌وله‌ی فورسانتان به‌ فه‌رمانده‌یی ( مالیكی ) كرده‌ سه‌ر به‌صراویه‌كان ، بۆ سپی پۆشه‌كانی نه‌جه‌فتان كوشتن ، بۆ خۆپیشاندانی ناصریه‌تان سه‌ركوتكرد , ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ره‌تانیانه‌ سه‌د ساڵه‌ له‌ مێشكماندا خول ده‌خوا و  كه‌س نیه‌ پێمان بڵێ گه‌لۆ ئه‌م عیراقه‌ به‌ زۆر دروستكراوه‌ جێگای پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی تێدا نیه‌ هیچ ، تاوانباریشمان ده‌كه‌ن به‌ یاغی و باغی و جودایخواز و .. هتد ، بۆیه‌ هه‌موو كات ئه‌گه‌ری كوشت وبڕ ئاماده‌گی بالقوه‌ی هه‌یه‌ .
 به‌زینی داعش و رووخانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی فرسه‌تێكی زێڕینی بۆ نوخبه‌ی سیاسی عیراق ره‌خساندووه‌ ، ده‌توانن به‌ یه‌كجاری كۆتایی به‌م نه‌زیفی خوێن و تێكدانه‌ بهێنن و خۆیان  و هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی نائارامی ئه‌منی و سیاسی قووتار بكه‌ن . ده‌رفه‌ته‌ رێگه‌ خۆشكه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كیان و ده‌وڵه‌تی به‌زۆر داسه‌پاوی عیراق ، رێز له‌ ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆخوازی خه‌ڵكی كوردستان بگرن و ده‌ستمان بگرن و هاوكاریمان بكه‌ن بۆ جیابوونه‌وه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و دوای ئه‌ویش درواسێیه‌تیه‌كی باش ( الرسول وصی بسابع جار ) . 
 سه‌باره‌ت به‌ سوونه‌كانیش یان ئه‌وه‌تا بیانكه‌نه‌ شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات و بڕیار ، یان ئه‌وه‌ لێیان گه‌ڕێن خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن . سوونه‌ بایی ئه‌وه‌ ده‌رد و مه‌رگیان گرانه‌ هه‌میشه‌ باوه‌ش بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئیرهابی بكه‌نه‌وه‌ ، حه‌نینیان بۆ رابردووی له‌ ده‌ستچوویان هێنده‌ به‌ هێزه‌ باكیان به‌ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ نه‌بێ .
رێگای ئاسان و بێ چوون و چه‌رای سه‌قامگیری و ئۆقره‌یی ، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی عیراقه‌ ، پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته‌ .


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP