ریفراندۆم بە پەرلەمانەوە
ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ ریفراندۆم بە پەرلەمانەوە ‌ عەتا کەریم‌ 12/9/2017
باشووری كوردستان كە لە ساڵی 1991ەوە خۆی بەڕێوەدەبات، بڕیارە لە 25 ئەیلول دا ریفراندۆمێكی دیكە بكات، كە دەكاتە  دووەم ریفراندۆمی ئەم هەرێم بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی خۆی(ئەگەر دوانەخرێت بۆ وادەیەكی دیكە)، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی فشار و هەوڵە دەرەكی و ناوخۆیی و هەرێمییەكان لەسەر دەستە بژێری ریفراندۆم.
لە یەكەمین هەڵبژاردنی عیراق و هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005 دا بزووتنەوەی ریفراندۆم «سەربەخۆ» بوو، هاوكات داوایان لە خەڵکی كوردستان كرد دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن و ئەنجام رێژەی 98.99% دەنگی سەربەخۆیی مسۆگەر كرد و شەقامی كوردستانی سەربەخۆیی كوردستانی گەرەك بوو، بەڵام ئەو ئەنجامە كرایە كارتێكی بەهێزی فشاربۆ سەر عیراق و پێدانی سەنگ و قورسایی كورد لە بەغدا!!.
سێ مانگ و چەند رۆژێكە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێم دراوە، بەڵام هێشتا هەنگاوە پێویست و سەرەكییەكەی سەرخستنی ئەم پرسە كە یەكڕیزی نیشتمانی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانە مسۆگەر نەكراوە! پەرلەمانی كوردستان كارانەكراوەتەوە، هەروەها شەقامی كوردستان یەكدەنگ نییە.
هەرچەندە ریفراندۆم بەبێ پەرلەمانی كوردستان، واتە بەتاڵكردنەوەی ئەم پرسە چارەنوسسازەیە لە هێزی یاسایی و شەرعی، بۆیە پێشمەرجی سەرەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەو مەرجەشی بە ئاشكرا خستە بەردەم مێزی گفتوگۆی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بكەری داخستنی پەرلەمانە و پێشتر پێداگربوو لەسەر كارانەكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دواجار ئەو مەرجەشی هەڵگرت.
بەپێی خوێندنەوە و جووڵەكان بێت، پەرلەمانی كوردستان كارا دەكرێتەوە و پرسی ریفراندۆم بە یاسایی و شەرعی دەكرێت، سەرباری ئەوەی هێشتا بزووتنەوەی گۆڕان كە خاوەنی 24 كورسیە و كۆمەڵی ئیسلامیش بە شەش كورسی پەرلەمانەوە ناڕازین و سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان پشكی ئەوانن ، بەڵام یەكێتی و پارتی هێزی 56 كورسیان هەیە و فراكسیۆنەكانی دیكە و كورسی كۆتاش 25 كورسییە و مەیلیان بۆ ریفراندۆمە، بەڵام ریفراندم بەحوكمی چارەنوسسازیی كە پرسێكی نیشتمانییە پێویستی بە پاڵپشتی بەهێزی سیاسیی و نیشتمانی و یاسایی و جەماوەریی هەیە، باشتر و پێویستە هێزی سیاسیی و پەرلەمانی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیشی لەگەڵدا بێت.
كردنەوەی دەرگای پەرلەمانی كڵۆمدراو لەسەر پرسی ریفراندۆم بەدرەنگ وەختەوە كارێكە هێزی یاسایی و شەرعی بە پرسەكە دەدات، چونكە بەبێ ئەم هەنگاوە ریفراندۆمێكە لەدەرەوەی هێزی سیاسیی و شەرعی، كە هیچ پرسێكی هاوشێوە لە جیهاندا بەبێ ئەم هێزە یاساییە نەكراون، ئەوجا هێزە یاساییەكە لەدەستوورەوە بووە یان لە پەرلەمانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە هەرێم پەرلەمانی داخراوی هەیە، دەستووری خۆیشی نییە، دەبێت بگەڕێـتەوە بۆ دەستووری عیراق، بەوپێیەی هێشتا بەشێكە لەو وڵاتە.
ریفراندۆمی پشتیوانیكراو بە هێزی پەرلەمانی و یاسایی و شەرعی گەرەنتی دەدات بە پرسەكە تاوەكو ناوەندە بڕیاردەرەكانی وەك نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی دیكە بێ بیانووبن بۆ دانپێدانانی ئەنجامەكەی، بۆیە لەم دۆخەدا هەرێم نابێت ریفراندۆمێك بكات لە دەرەوەی هێزی پەرلەمانی بێت، سەرباریی ئەو ئاستەنگ و كۆسپە زۆرانەی لەبەردەم پرسەكەدان بەتایبەتی ئاستەنگە ناوخۆییەكان و فشارە دەرەكییەكان.
لەوەش گرنگترە پەرلەمان بڕیاردەربێت لەسەر ئەم پرسە چارەنوسسازە سەرباری بەیاساییكردن و شەرعیەتپێدانی، ئەوا دواخستن یان ئەنجامدانی ریفراندۆمیش بخرێتە بەردەم پەرلەمانتارانی كوردستان، دۆخی ناوخۆیی و جووڵە دیپلۆماسییەكان بە هەند وەربگیرێن و دواجار گەرەنتی سەرخستنی پرۆسەكە بۆ بەرژەوەندی گەل هەوراز بخرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP