بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ریفراندومدا هه‌مووان ده‌نگ بده‌ن به‌ سه‌ربه‌خۆیی
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ریفراندومدا هه‌مووان ده‌نگ بده‌ن به‌ سه‌ربه‌خۆیی ‌ 13/9/2017
به‌كر میرزا حسێن-سوید 
به‌ڕیزان و خۆشه‌ویستان ! ئه‌م ریفراندومه‌ی ئێستا ، جیاواز له‌ وه‌ی ساڵی 2005 ، له‌باتی ئه‌وه‌ی ئامرازێك بێت بۆ یه‌كخستنی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌، كراوه‌ته‌ ئامرازێكی به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی و حزبی بۆ ململانیی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه‌ ریفراندوم ، له‌ هه‌ردوو حاڵی سه‌ركه‌وتنێكی لاواز یان شكست ، زیان بگه‌یه‌نێت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌ و پرسی سه‌ربه‌خۆیی. 
به‌ رای من هه‌ر‌ێم پێویستی به‌جۆره‌ ریفراندومێكی تره‌ كه ناسراوه‌ به‌ :  Multiple-Choice Referendum من له‌ خواره‌وه‌دا ، پێشكه‌شتانی ده‌كه‌م.
به‌ڵام ، به‌ رای من كورد بژارده‌یه‌كی باشترو گرنگتری بۆ هه‌ڵكه‌وتووه‌، بۆ چاره‌نووسی هاوبه‌شی باشوور و رۆژئاوا . ئه‌گه‌ر كاك مه‌سعود (( له‌ ده‌ره‌وه‌ی  پۆستی سه‌رۆكایه‌تیشدا ، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كورد )) ، بیتوانیایه‌ ئه‌و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆییه‌ی ناوبه‌ناو باسی لێكردووه‌ روه‌و ئاسۆیه‌كی فراوانتر ببات ، ئه‌ویش به‌ئاراسته‌ی تێكه‌ڵكردنی پرسی كوردستانی باشوور و رۆژئاوا ، چونكه‌ هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی و نیوده‌وڵه‌تی و سه‌رهه‌ڵدانی ((داعش )) ، له‌لایه‌ك سنووره‌كانی سایكس- پیكۆیان له‌ نیوان عیراق و سوریادا تێكدا و به‌ئه‌نجامی په‌لاماریشیان بۆ سه‌ر كوردانی رۆژئاواو باشوور ، كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان كردوه‌و به‌ ره‌واشیان بینیوه‌ كه‌ كوردیش پاساوی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌و سنوره‌ی نیوان خۆیان لاببات و ، وه‌ك دیفاكتۆی به‌رگری به‌رامبه‌ر به‌ داعش ئه‌و دوو پارچه‌یه‌ تێكه‌ڵ بن وه‌ك (( سنووری خوێن)) به‌رامبه‌ر به‌ داعش ، هه‌ر له‌ عیفرینه‌وه‌ تا خانه‌قین و به‌دره‌و جه‌سان درێژ بێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی وه‌ك سه‌ره‌تا ماوه‌یه‌كیش، به‌ فیدراڵی و یان كۆنفیدراڵی بن له‌گه‌ڵ عیراقی عه‌ره‌بی و سوریای عه‌ره‌بی به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌نگاوێك ده‌بوو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت. 
ئێستاش له‌ هه‌واڵه‌ جیهانیه‌كانداو له‌ ((ویكیپێدیا))دا ئه‌و جوگرافیا سیاسییه‌ به‌ تێكه‌ڵ و به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو دژی داعش پیشان ده‌درێت . به‌داخه‌وه‌ كورد له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو ، كه‌ ئه‌وه‌ بكاته‌ دیفاكتۆ، به‌ڵام ئێستاش نه‌چووه‌ بچێت ! ئاست و جۆری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان و راده‌ی تێگه‌یشتن و پشتیوانی رای گشتی جیهان بۆ پرسی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان ، چ له‌ باشور و زیاتریش له‌ رۆژئاوا، له‌وه‌تەی كورد هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ باش و گونجاو نه‌بووه‌ ، ئه‌مه‌ باشتریتن فرسه‌تی مێژووییه‌ ، بۆ گۆرینی راسته‌قینه‌ی سنووره‌كانی سایكس-پیكۆ . ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای له‌دایكبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ . 
من دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی لێهاتوی هه‌بێت سه‌ركه‌وتوده‌بێت ((من له‌و باوه‌ڕه‌شدام كه‌ شۆرشگێران و ده‌سه‌ڵاتدارانی شۆڕشی رۆژئاوا ، هه‌م ئامادیی و هه‌م لێهاتوویی پێویستیان هه‌یه‌ بۆ پرۆژه‌ی وا )) ، ئه‌وه‌ كلیلی رزگارییه‌ به‌ره‌وه‌ ئاسۆی به‌هه‌شتی سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه‌ و بنیاتنانی كیانێكی تۆكمه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و شكاندنی به‌شێكی زۆری گه‌مارۆی دوژمنان . ئه‌و ئامانجه‌ شایه‌نی هه‌موو قوربانیه‌كیشه‌ . به‌ رای من  هه‌لومه‌رجی نیوده‌وڵه‌تیش بۆ ئه‌وه‌ گونجاوتره‌، تا بۆ ریفراندومێكی قه‌یراناوی گه‌مارۆدراوی باشوور. من مه‌ترسیه‌كانیش ده‌بینم ، له‌به‌رامبه‌ریشدا كوردیش كارتی زۆر زیاتری هه‌یه‌ و رای گشتی جیهان و به‌شی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تیش له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی وا ده‌بێت .
هه‌رچۆنێك بێت ، به‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌ر ریفراندومه‌كه‌ی هه‌رێم له‌ باشوور ، منیش وه‌ك زۆربه‌ی دڵسۆزانی گه‌له‌كه‌مان نیگه‌رانم له‌ رۆڵ و كۆنترۆڵی دراوسێكان . ئایا ئه‌وان هاوكارو پشتیوان ده‌بن بۆ بنیاتنانی كیانێك كه‌ بۆ كورد ئازادی و ده‌سكه‌وت بێت ؟ یان به‌رنامه‌و ئاماده‌كاریان هه‌یه‌ بۆ زامنی ده‌سكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ؟ به‌ تایبه‌تیش كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان له‌ خاوه‌ن ماڵ زیاتره‌ له‌سه‌ر سنوره‌كان و له‌سه‌ر ئابوری و بازار و بژێوی و سه‌رچاوه‌كانی سامان . له‌و حاله‌ته‌دا كه‌ میلله‌ت و حكومه‌ت ئیفلاس پێكراو ، كۆمه‌ڵگه‌ پارچه‌ كراوو نوقمی چه‌نده‌ها قه‌یران . دیاره‌ سه‌ربه‌خۆیی وا سه‌فه‌رێك نییه‌ به‌ناو چیمه‌ن و گوڵزاردا ، به‌ڵكوو به‌ناو رێبازێكی مینڕێژكراو و پڕ ‌له‌ ته‌ڵه‌ی دژوار . 
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و نیگه‌رانیانه‌شه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌و میدیاو هێزه‌ سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هاونیشتیمانیان كه‌وتونه‌ته‌ ناو  ((شه‌رێكی سارد)) ی واوە كه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێ بكرێت به‌ ئه‌قڵیه‌تی شاخ و ره‌نگه‌ به‌ هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كیش ، بگه‌یه‌نرێته‌ شه‌ری گه‌رم. 
هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وه‌ زۆر به‌دیهیه‌ كه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی ((راسته‌قینه‌ بێت، یان رووكه‌ش و سه‌قه‌ت )) لای رێژه‌یه‌كی زۆری هاونیشتیمانیان به‌ بژارده‌یه‌كی باشتر داده‌نرێت له‌ مانه‌وه‌ له‌عیراقدا . پرسی سه‌ربه‌خۆیی ، ئاوات و خه‌ونێكی ئه‌ونده‌ هه‌ستیارو گرنگه‌ لای میلله‌ت ، كه‌ هه‌ر كه‌س و هه‌ر لایه‌نێك ئاڵاكه‌ی به‌رزبكاته‌وه‌ ، ده‌توانی زۆر ئاسان یاری بكات به‌ سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لێكی داخ له‌دڵ له‌ سه‌دان ساڵ تاوان وسته‌می داگیركه‌ران . دروشمی سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان ، وه‌ك دروشمی (( الله‌ ئه‌كبه‌ر)) ی  گروپه‌ تیرۆریسته‌كان كاریگه‌ره‌. به‌ڵام راست نییه‌ هه‌ر به‌ سۆزی نیشتیمانی چاوه‌روانی به‌هه‌شتی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین . جارێ نازانرێت ، ده‌گه‌ین یان نا . ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌ڵێنی سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ش وه‌ك به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و به‌سه‌رهاتی په‌رله‌مانی لێ بێت ؟ بۆیه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئاڵۆزیی هه‌ڵویسته‌كه‌ ، زۆر هه‌ستیارو زۆر پێویسته‌ بۆ هاووڵاتیان و بۆ حزب و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان. گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ زۆربه‌ی هاونیشتیمانیان وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ، كه‌ له‌ پرۆسه‌ی ریفراندومدا، كوردستانیانی كه‌ركوك و خانه‌قین و شنگال و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ، به‌شدار ده‌بن و هه‌موو پێكه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێین به‌ره‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی. به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ وایه‌؟ یان نا!. له‌ راستیشدا ، ده‌بێ وابێت ، ده‌وڵه‌ت ده‌بێ له‌سه‌ر خاك و سنووری دیاریكراو بێت.  ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ئاشكرا نه‌بێت و ریفراندۆم هه‌ر بۆ سنووری ئێستا هه‌رێم بێت، ئه‌وه‌ بێ هیواكردن ده‌بێت بۆ زۆربه‌ی هاونیشتیمانیان كه‌ ره‌نگه‌ بڵێن (( خۆ ، به‌بێ ئه‌و هه‌موو خه‌بات و قوربانیدانه‌، سه‌دام رازی ده‌بوو به‌ ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌ سنوور‌ی ئێستای هه‌رێم و بگره‌ زیاتریش و له‌تێكی كه‌ركوكیش)) . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانرێ ریفراندومێكی سه‌رتاپا بۆ هه‌موو سنووری كوردستان بكرێت، باشتروایه‌ له‌باتی ئه‌وه‌ ریفراندۆم، ته‌نیا بۆ ناوچه‌كانی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق بكرێت ، بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم . بۆ ریفراندومێكی لەوجۆرەش:
١- ده‌وڵه‌تی عیراقیش ناچاره‌ قبوڵی بكات، ئه‌وه‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستووره‌.
٢-هه‌موو كوردستانیانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌كریز ده‌بن، چانسی سه‌ركه‌وتن تێیدا زۆر زامن تره‌.
3-ئه‌وكاته‌ هه‌رێمێكی یه‌كگرتوو، له‌سه‌ر بناغه‌ی دوو ریفراندۆم (( 2005 و 2017 )) زۆر راستترو زۆر به‌هێز ترو زۆر گونجاوتر ده‌توانێ هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی. بۆ ئه‌وه‌ش، ته‌نیا بڕیاری په‌رله‌مانێكی ئازاد به‌سه‌ بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدادو دراوسێكان و كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.
((شایه‌نی بیرخستنه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵی  2005 ،     ریفراندومێكی – غه‌یره ‌حزبی-  نیمچه‌ فه‌رمی به‌ڕێوه‌برا. كه‌ نه‌ك هه‌ر دانیشتووانی سنووری هه‌رێم ، به‌ڵكو ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمیشی گرته‌خۆی ، ئه‌نجامه‌كه‌ی پتر له‌ 98% به‌ڵی بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی. دواتریش ئه‌نجامه‌كانی گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ئۆفیسی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ جنێف )). 
ریفراندوم ((به‌م جۆره‌ی ئێستای)) و ته‌نیا له‌ سنووری ئێستای هه‌رێمدا نه‌ك هه‌ر پێویست ناكات، به‌ڵكوو هه‌ڵه‌و پاشه‌كشه‌و هه‌نگاوێكه‌ بۆ دواوه‌. ئه‌وه‌ مانای به‌جێهێشتنی ناوچه ‌كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمه‌ ، بۆ ئاینده‌یه‌كی ته‌ماوی و پڕ مه‌ترسی دۆڕاندن.
 ئه‌و ناوچانه‌ی مادده‌ی 140  ئۆتۆماتیكی له‌ سنوری عیراقدا به‌جێ ده‌مێنن و كێشه‌كه‌یان ده‌بێته‌ كێشه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌ دژی عیراق. له‌و ناكۆكییه‌دا هه‌رێم پێویستی به‌ پشتیوانی سنووره‌كانی ئێران و توركیا‌ ده‌بێت، ئایا ئه‌وان پشتیوانی ئێمه‌ ده‌بنبۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی تۆكمه‌ی به‌ راستی سه‌ربه‌خۆ؟ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ فرسه‌ت دەهێنن كه‌  له ‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا رێگر بن ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان بۆ نه‌كرا ، واده‌كه‌ن كه‌ به‌ رووكه‌ش له ‌عیراق سه‌ربه‌خۆبین و به‌ڵام  له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌وان و له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی ئەواندا بین . 
ئه‌وان كۆنترۆڵ و كارتی زۆریان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان چییه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئێستا كارته‌كانی خۆمان ته‌سلیمی ئه‌وان بكه‌ین؟
هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای ناوه‌ختی‌و نه‌بوونی ئاماده‌كاری پێویستییه‌كانی سه‌ركه‌وتن، نه‌بوونی په‌رله‌مان، نه‌بوونی یه‌كڕیزی ، نه‌بوونی ژێرخانی ئابووری و داڕمانی ئابووری و ئیفلاسی میلله‌ت و حكومه‌ت و برسێتی كۆمه‌ڵگه‌. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌، هه‌ر ریفراندوم بكرێت، پێویسته‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدرێت كه‌ ریفراندومه‌كه‌ به‌ جۆرێكی تر سه‌ركه‌وتنی بۆ دابین بكرێت. بۆ ئه‌وه‌ش جۆری تری ریفراندوم هه‌یه‌ .
بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستاو سه‌ره‌ڕای ئه‌و نیگه‌رانیانه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاونیشتیمانیانی ((سه‌ربه‌خۆیی خواز)) ، به‌ ناڕه‌وا ، نه‌خرێنه‌ ناو‌ خانه‌ی داخوازیكه‌ران بۆ مانه‌وه‌ له‌ عیراقدا، به‌ڵكو وابكرێت كه‌ هه‌مووان له‌ خانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازاندا بن ((سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆر مه‌به‌ستیانه‌)). بۆ ئه‌وه‌یان جۆرێكی تری ریفراندوم گونجاوه‌‌ ، كه‌ هه‌ر ته‌نیا هه‌ڵبژاردن نه‌بێت له‌ نێوان دوو بژارده‌ی سه‌ربه‌خۆیی یان مانه‌وه‌ له‌عیراقدا  (( به‌ڵی ، یان نه‌خێر ))، به‌ڵكو ریفراندومی سێ بژارده‌بێت، وه‌ك ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ : Multiple-Choice Referendum  -  ریفراندومێكی(( 3)) بژارده‌:
ده‌نگدان (( هه‌ڵبژاردنی))  یه‌كێك بێت له‌و سیانه‌  : (1) ، (2) ، (3) .
((1)) -  سه‌ربه‌خۆیی . ((پڕۆژه‌ی كاك مه‌سعود)) . پارتی و هاوپه‌یمانه‌كانی پڕۆژه‌ی خۆیان روونبكه‌نه‌وه‌ .
((2)) -  سه‌ربه‌خۆیی (( پڕۆژه‌ی  په‌رله‌مانێكی ئازاد)) A- گێڕانه‌وه‌ی  ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به‌هه‌ر شێوازێكی گونجاو یان ریفراندوم به‌گوێره‌ی ((مادده‌ی 140 )).  كه‌ وابزانم له‌وه‌دا سه‌رپه‌رشتیی نیوده‌وڵه‌تی و رۆڵی  UN  هه‌یه‌، بۆ به‌ڕێوه‌بردن (( ئه‌وه‌ گرنگیشه‌ بۆ پاراستنی پڕۆسه‌كه‌ له‌ كاریگه‌ریی و ده‌ستتێوه‌ردانی دراوسێكان )).
B-  هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی نوێ له‌سنووره‌ نوێكه‌ی هه‌رێمدا  ((هه‌موو باشوور به‌ خه‌ڵك و خاكه‌وه‌)) په‌رله‌مانێكی وا شه‌رعییه‌تی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌شی ده‌بێت كه‌ دوای چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم و ئاماده‌كاری ، هه‌نگاو بنێت دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غداد و دراوسێكان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، دوای ئه‌وه‌ش بانگه‌وازو راگه‌یاندن بكات بۆ موماره‌سه‌ی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس به‌ شێوازی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی نوێ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ .
((3)) - مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عیراق (( فیدرالێ یان كۆنفیدراڵی )) .
بۆ روونكردنه‌وه‌ش ، ده‌رباره‌ی پێشنیازه‌كه‌و  ئایا جگه‌ له‌ ریفراندومی (( به‌ڵی)) و ((نه‌خێر)) ، شێوازی ترو بژارده‌ی زیاتر هه‌یه‌؟ به‌ڵی ئه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌بووه‌. نموونه‌یه‌كی ئه‌وه‌ له‌ دوو پرۆسه‌ی ریفراندومدا له‌ سوید. هاووڵاتیان بۆیان هه‌بووه‌ كه‌ له‌نیوان سێ بژارده‌دا ، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێن‌ . 
له‌ سوید، لە ساڵی  1957 دا راپرسی گشتی كراوه‌ بۆ  3 جۆر ((مۆدێلی یاسای خانه‌نشینی)) . مۆدێلی1 ، مۆدێلی 2 ، مۆدێلی 3 .
له‌ سوید ، ساڵی 1980  له‌ سه‌ر پرسی ((یاسای وزه‌ی ناوكی– «طاقة‌ نووي» بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با )) . راپرسییه‌كی سێ بژارده‌یی . هێڵی 1. هێڵی 2. هێڵی 3 . به‌ڕێوه‌براوه‌. ئه‌و بژاردانه‌ به‌گوێره‌ی، سێ پڕۆژه‌ی جیاوازی ، 3 گروپ پارته‌ هاوبۆچوونه‌كان بوون .
به‌گوێره‌ی ئه‌و مۆدێله‌ دەرفەتێكی باشتر ده‌درێت به‌ هاووڵاتیان كه‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژێرن به‌ گوێره‌ی نه‌خشه‌ رێگایه‌كی زامنتر و به‌ ئاماده‌كاریی زیاترو به‌ خۆپاراستنێكی زیاتر له‌ نه‌خشه‌ی هه‌ندێک دراوسێی به‌ئاشكرا دوژمنی كورد كه‌ گورگن‌و له‌ پێستی مه‌ڕدا خۆیانیان كردۆته‌ دۆست و به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هه‌رێم و ره‌وتی رووداوه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورده‌وه‌ بگۆڕن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. 
ریفراندومی ((3)) بژارده‌ بۆ هه‌رێم و ریفراندومی ((به‌ڵی)) و ((نه‌خێر)) بۆ ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 ، زامنی ئه‌وه ‌ده‌بن كه‌ هه‌رێمێكی باشووری ته‌واو به‌ خاك و خه‌ڵكه‌وه‌، به‌ په‌رله‌مانێكی ئازاده‌وه‌ كه‌ زامنی هێزو تواناو یه‌كگرتوویی بێت به‌ره‌و‌ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێت. كه‌ هیوادارم ئه‌و پێشنیازه‌و پێشنیازی تری دڵسۆزان و رۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ سوودیان هه‌بێت له‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ببه‌ن. 
 ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌م هه‌وڵانه‌ ئاسنی سارد كوتان بێت و بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌رباره‌ی ریفراندوم و شێوازەکەی قابیلی گۆڕان و گونجان نه‌بێت، یان خوانه‌خواسته‌، بۆیان نه‌بێت ده‌ستكاریی بكه‌ن ، ئه‌وا له‌ داهاتوودا  پڕۆسه‌كه‌ پێویستی به‌ رۆشنایی و شیكردنه‌وه‌ی تر ده‌بێت (( ئه‌وه‌ش بۆ كاتی خۆی )) و به‌ هیوای پاشه‌رۆژیكی باشتر بۆ گه‌ل و نیشتمان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP