پاییزی هه‌ڵوه‌رینی ترس و گومان
پاییزی هه‌ڵوه‌رینی ترس و گومان ‌ سه‌ربه‌ست جیهاد‌ 13/9/2017
وا خه‌ریكه‌ كۆده‌نگی له‌سه‌ر ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی دروست ده‌بێ ، هاوكات ترس و ترساندن هه‌ر دێ و زیاده‌كا .
 له‌ ئاستی ناوخۆمان ده‌نگی ( نه‌خێر ) روو له‌ داكشانه‌ و له‌ ده‌وروبه‌رمان ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆم و داواكاریه‌كانی دواخستن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵكشانه‌ .
 پشت گه‌رمی دژ به‌رانی ریفراندۆم به‌ عامیلی ناوخۆیی بوو ، هه‌فته‌یه‌كه‌ ئه‌و فاكته‌ روو له‌ لاوازییه‌ و ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كاریگه‌ره‌كان سه‌ربگرێ و په‌رله‌مان ئه‌كتیڤ ببێته‌وه‌ ، حیدده‌تی ململانه‌ له‌كه‌می ده‌دا و ئاراسته‌ی ( نه‌خێر ) ئه‌هه‌میه‌تی نامێنێ ، بۆیه‌ نه‌یارانی ریفراندۆم له‌ عیراق و تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش ئقلیم په‌نا بۆ وه‌سیله‌ی دیكه‌ده‌به‌ن و هه‌رچییه‌كان پێ بكرێ بۆ رێگرتن له‌ هه‌موو پرسی ، درێغی ناكه‌ن . 
 دیاره‌ به‌ ئاسانی ده‌ستیان پێمان ناگا و ناتوانن شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن بۆیه‌ له‌ باتیان  شه‌ڕی ده‌روونیمان له‌ دژ ده‌كه‌ن ، پرۆپاگه‌نده‌ی زۆرمان بۆ ده‌كه‌ن  و درۆ و بوهتانمان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن ، دوور به‌ دوور هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌كه‌ن و ده‌ماترسێنن و ئاژاوه‌مان بۆ دروست ده‌كه‌ن ( وه‌كو ئه‌وه‌ی مه‌نده‌لی ) ، گوشارمان بۆ دێنن و دۆست و ناحه‌زمان لێ هان ده‌ده‌ن .
 به‌كورتی  هه‌مان ئه‌و لۆجیكه‌ی له‌ سه‌ره‌تاكانی خه‌مڵینی كیان و ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێ له‌ گه‌ڵ داخوازییه‌ ره‌واكانی گه‌لی ئێمه‌ی پێ ده‌كرێ . 
 ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لو مه‌رجی جیاجیای ناوخۆیی و ناوده‌وڵه‌تی ئه‌و جۆری مامه‌ڵه‌یه‌ سوود و نه‌تیجه‌ی هه‌بووبێ بۆ زه‌مان و زه‌مینی ئه‌مڕۆ ره‌نگه‌ وانه‌بێ . له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ كه‌ نزیكی سه‌ده‌یه‌ك عومری ناجێگیر و پڕ له‌ ئاشووبی تێپه‌ڕاندووه،‌  زۆر شت گۆڕاوه‌، باڵانسی هێز، هه‌ست و هۆشیاری و فه‌رهه‌نگ و خوێنده‌واری ، گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و عیمرانی و ..تاد گۆڕاوه‌ . ئه‌وه‌ی نه‌گۆڕاوه‌ ئه‌و پێوه‌رو تێڕوانین و مه‌نهه‌جه‌یه‌ كه‌ هه‌موو خواستێكی دیموكراتیك و مه‌شروع ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ قوربانیشی له‌سه‌ر بدا .
بۆ نموونه‌ ئه‌و بارودۆدۆخه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی تێدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ زۆر جیاوازه‌ له‌وه‌ی بۆ لكاندنی كوردستانی باشوور ( ویلایه‌تی موصڵ ) به‌عیراقه‌وه‌ رێككخرا ، بۆیه‌ ئه‌و ئیجرائانه‌ی ئه‌وكاتی ئینگلیز و مه‌مله‌كه‌ی عیراق بۆترساندن و فریودان و قانعكردنی دانیشتوانی كوردستان گرتیانه‌به‌ر بۆ بارودۆخی ئه‌مڕۆ كاریگه‌ری نابێ . 
 ئه‌وكاته‌  بێهێز و برسی و كه‌له‌لا بووین  ، نائومێد و بێ ئاسۆ ، بێده‌سه‌ڵات و به‌له‌نگاز ، حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌لیكی كوردستان رووخابوو ، سێڤر هه‌ڵوه‌شابۆوه‌ و لۆزان مۆركرابوو . به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا وانین و به‌خت یارمانه‌ گه‌ر خۆمان یاری بین . ئێستا هه‌موو مقه‌وه‌ماتی ده‌وڵه‌تمان هه‌یه‌ و پایه‌كانی خۆگرتن و خۆڕاگرتنمان پته‌و و به‌ هێزن ئه‌گه‌ر خۆمان واقیعیانه‌ بیانبینین و دركیان بكه‌ین .
100 ساڵه‌ قه‌ت وه‌ك ئێستا به‌ هێز نه‌بووین ، خۆمان حوكمڕانی ره‌های ئیداری و ئه‌منی به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و ناوچانه‌ین ریفراندۆمی تێدا ده‌كرێ ، توانای به‌شه‌ری و ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی ئێمه‌ له‌ چاو 100 ساڵی به‌رێ به‌راوورد ناكرێ ، شه‌ڕمان بردۆته‌وه‌ و ئاسۆیه‌كی رووناكمان له‌ پێشه‌ ، بۆیه‌ مه‌نتیقی ترساندن ناكارێ له‌ بڕیاری مه‌صیری سه‌ربه‌خۆیی په‌شیمانمان بكاته‌وه‌ ، وه‌ك چۆن  ناتوانێ كاریگه‌ری ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ساده‌ دڵان و تووڕه‌ و نیگه‌رانه‌كانی نێوخۆمان دابنێ و نه‌تیجه‌ی هه‌موو پرسی بۆ ( نه‌خێر ) بگۆڕێ .
له‌ جێی بێهیوایی سه‌دساڵی رابردوو ، ئومێدمان به‌وه‌یه‌ ئه‌م پایزه‌ ره‌نگینه‌ بكه‌ینه‌ سه‌ره‌تای كۆتایی یه‌كجاره‌كی ترس و تۆقاندن و شه‌ڕی دارووخاندنی ووره‌ و ووزه‌مان .


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP