تاكه‌ی‌ تێكۆشه‌ران یه‌كتری‌ بشكێنن؟
له‌به‌ر ڕۆشنایی‌ چراكه‌ی‌ ـــ هه‌ستنامه‌ی‌ زیندان ـــ دا تاكه‌ی‌ تێكۆشه‌ران یه‌كتری‌ بشكێنن؟ ‌ مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌ 14/9/2017
ئه‌ڵقه‌ی‌ یه‌كه‌م
نووسه‌رو باسكاری‌ ماندوونه‌ناس خاتوو ئه‌میره‌ محه‌مه‌د چه‌ند ساڵێكه‌، هه‌ر ساڵه‌و بابه‌تێكی‌ گرنگ له‌ دووتوێی‌ كتێبێكی‌ به‌نرخدا له‌یادی‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانا پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌رانی‌ ده‌كات. ئه‌مساڵ باسێكی‌ یه‌كجار گرنگی‌ كرده‌ ده‌سته‌گوڵی‌ خۆی‌ بۆ یادی‌ 42 ساڵه‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ی‌ كه‌ ژماره‌ی‌ شه‌هیدانی‌ و زیندانیانی‌ و تێكۆشه‌رانی‌ گه‌ر بخرێنه‌ سه‌ریه‌ك ڕیز، ستوونیان ده‌گاته‌ به‌رزایی‌ مناره‌ی‌ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ سلێمانی‌.
* ئه‌مساڵ ئه‌میره‌ خان كاتێكی‌ زۆری‌ خۆی‌ بۆ ئه‌ركێكی‌ پیرۆز ته‌رخان كرد، ئاخر گه‌ڕان به‌دوای‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌ی‌ زیندانیه‌ سیاسیه‌كانا به‌ تاكه‌ كه‌سێك كارێكی‌ زۆر گرانه‌، ده‌بوایه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ خه‌ریكی‌ بابه‌تێكی‌ وا گرنگ بوایه‌، یان چه‌ندین نامه‌ی‌ ماسته‌رو دكتۆرای‌ له‌سه‌ر پێشكه‌ش كرابایه‌. به‌ڵام خاتوو ئه‌میره‌ به‌ دڵسۆزیی‌ و خه‌مخۆریی‌ خۆیه‌وه‌ ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌و خۆڕاگریی‌ و باوه‌ڕی‌ پته‌و به‌ئیراده‌ی‌ گه‌ل و ئازایه‌تی‌ ئه‌و قاره‌مانانه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌ك خستۆته‌ پێش چاو، خوێنه‌ر وه‌ك فلیمێكی‌ به‌رجه‌سته‌كراو ببینێ‌ وایه‌. كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و زیندانیه‌ به‌جه‌رگانه‌دا ڕۆژژمێرێكی‌ خه‌مناكی‌ ترسناك ده‌خوێنینه‌وه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی‌ جاران ئه‌و خاتوونه‌ به‌ڕێزانه‌و ئه‌و پیاوه‌ جوامێرانه‌ی‌ كه‌ سه‌ریان به‌ زیندان نه‌وی‌ كردو خۆیان هه‌ر سه‌ر بڵند بوون، له‌لامان خۆشه‌ویستترو مه‌زنتر ده‌بن.
* یه‌كێتیه‌كان كه‌ ئه‌و قاره‌مانێتیه‌ی‌ هه‌ڤاڵه‌كانیان دێته‌وه‌ به‌رچاویان، كه‌ جۆری‌ ئه‌و ئه‌شكه‌نجانه‌یان له‌لا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ‌، پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌كه‌ن و به‌ده‌م ئێش و ئازاره‌وه‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ی‌.ن.ك و ده‌ڵێن: ئه‌و زیندانیانه‌ وا ژیان.. وا ئه‌شكه‌نجه‌ كران.. وا شه‌ره‌فی‌ حزبه‌كه‌یان پاراست و نهێنیان نه‌دركاند.. ئه‌وانه‌ ڕێ‌ خۆشكه‌ر بوون بۆ هێنانه‌دی‌ ڕۆژانێكی‌ پڕسه‌روه‌ریی‌ .. ئه‌ی‌ ئێوه‌ ..ئه‌ی‌ هه‌ڤاڵینه‌ تاكه‌ی‌ یه‌كتری‌ ده‌شكێنن؟ تاكه‌ی‌ ناووناتۆره‌ له‌یه‌كتری‌ ده‌نێن؟ تاكه‌ی‌ دوژمنمان پێ‌ خۆش ده‌كه‌ن؟ تاكه‌ی‌؟ ده‌فه‌رموون چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ژیانی‌ ئه‌و ژنه‌ قاره‌مانانه‌، ئه‌و پیاوه‌ فیداكارانه‌ بخوێننه‌وه‌و  ڕابوردوه‌ دلێرانه‌كه‌ی‌ خۆتان و حزبه‌كه‌تان بیر بكه‌وێته‌وه‌، ئێوه‌ پێشمه‌رگه‌ بوون له‌ سه‌نگه‌ری‌ شه‌ره‌فدا.. ئێوه‌ هه‌موو ساتێ‌ له‌ چاوه‌ڕوانیی‌ شه‌هیدبووندا بوون، ئێوه‌ خاوه‌نی‌ چه‌ندین داستانی‌ ئه‌فسوناوین، ئه‌ی‌ بۆ ده‌ست ناكه‌نه‌وه‌ ملی‌ یه‌ك و، وه‌ك جاری‌ جاران گوڵزاری‌ حزبه‌كه‌تان ئاو ناده‌ن؟ پێویسته‌ له‌خه‌می‌ یه‌كتردا بن! گوێ‌ له‌ هه‌ست ونه‌ستی‌ ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌ قاره‌مانانه‌ بگرن كه‌ خوێنی‌ خۆیان له‌پێناو ئازادیدا به‌خشی‌ و ئه‌مڕۆ خه‌مبارن به‌و حاڵه‌ دژواره‌ی‌ یه‌كێتیه‌كه‌یانی‌ تێدایه‌، ده‌وه‌رنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك خوان و له‌حزوری‌ سه‌ركرده‌ی‌ مه‌زن سه‌رۆك مام جه‌لالدا به‌ڵێن تازه‌ بكه‌نه‌وه‌و واز له‌ هه‌ندێ‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ته‌سك بهێنن و بیكه‌ن به‌خاتری‌ ئه‌و مناڵه‌ چاوجوانانه‌ی‌ له‌ چوار دیواری‌ زیندانا بێ‌ پزیشك و بێ‌ سیسته‌ر به‌هه‌ناسه‌ ساردی‌ و به‌ ئێش و ئازاری‌ دایكیان و بێ‌ نازی‌ باوكیان له‌دایك بوون.. له‌به‌ر دڵی‌ ئه‌وان و سه‌رجه‌م مناڵی‌ شه‌هیدان یه‌ك بگرنه‌وه‌و واز له‌م دووبه‌ره‌كی‌ و سێ‌ به‌ره‌كیه‌ بهێنن و خۆشی‌ بخه‌نه‌وه‌ دڵی‌ میلله‌ته‌كه‌مان و یه‌كێتیه‌كه‌مان بكه‌نه‌وه‌ به‌و یه‌كێتیه‌ی‌ له‌هه‌موو دنیادا حسابی‌ بۆ ده‌كراو ناوو ناوبانگی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ و سه‌ركرده‌كه‌ی‌ له‌هه‌موو جیهاندا ده‌زرنگایه‌وه‌.
خوێنه‌ری‌ ئازیز!
هه‌روه‌ك خاتوو ئه‌میره‌ نه‌یتوانیوه‌ كۆی‌ زیندانیه‌ سیاسیه‌كان بخاته‌ نێو كتێبه‌كه‌یه‌وه‌و ته‌نیا ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵبژاردوه‌ كه‌ به‌ده‌نگیه‌وه‌ هاتوون، هه‌روه‌ها ئه‌ز ژی‌ له‌توانامدا نیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و دلێرانه‌ به‌سه‌ر بكه‌مه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ بڵێم: مشتێك نمونه‌ی‌ خه‌روارێكه‌، ناتوانم ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و دوو به‌رگه‌ كتێبه‌ وا به‌ئاسانی‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ پێشكه‌ش بكه‌م به‌ڵكو گوڵبژێرێك ده‌كه‌م و له‌هه‌ر چه‌پكێكیشدا گوڵێك یان دوان ده‌توانم بخه‌مه‌ به‌ر ده‌ستتان، به‌ڵام بۆن و به‌رامه‌كه‌ی‌ هی‌ سه‌رجه‌م زیندانیه‌ دلێره‌كانه‌ به‌ ژنان و به‌ پیاوانیانه‌وه‌.. به‌ كوڕان و كچانیه‌وه‌. 
نووسه‌ر له‌و كتێبه‌ به‌نرخه‌یدا ده‌ڵێ‌: (( هه‌ندێك له‌م سه‌ربه‌رزانه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 40 ساڵ ئه‌بێت ئازاره‌كانیان له‌ناخیانا حه‌شار داوه‌، گێڕانه‌وه‌ی‌ ساته‌ ئازار به‌خشه‌كانیان زۆر سه‌خته‌)) هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی‌: ((هه‌وڵم داوه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی‌ بتوانم به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌كان هه‌روه‌كو ده‌ربڕینی‌ قوربانیه‌كان تۆمار بكه‌م)).
خوێنه‌ری‌ به‌ڕێز .. نووسه‌ری‌ ئه‌م كتێبه‌ هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ داوه‌ بۆ دیداری‌ زۆرینه‌ی‌ زیندانیان به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێ‌ كراوه‌، و هه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش به‌ده‌نگیه‌وه‌ هاتون كه‌ توانیویه‌تی‌ دیمانه‌یان له‌گه‌ڵدا بكاو ئازاره‌كانیان تۆمار بكاتت، دیاره‌ به‌نده‌ش وه‌ك له‌مه‌وبه‌ر باسم كرد له‌ تونامدا نیه‌ لاپه‌ڕه‌كانی‌ ژیان و به‌سه‌رهاتی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ بگوێزمه‌وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌، بۆیه‌ ده‌بێ‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ كتێبه‌كه‌دا چه‌ند نمونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه‌.
ئاسۆی‌ شێخ نوری‌
به‌شێوازێكی‌ زۆر جوان له‌شێوه‌ی‌ چیرۆكێكی‌ هونه‌ریدا، به‌سه‌رهاته‌ تراژیدیاییه‌كه‌ی‌ ڕۆژانی‌ گرتنی‌ و لێكۆڵینه‌وه‌و ئازاردانی‌ و ئه‌شكه‌نجه‌كردنی‌ و خۆڕاگریی‌ به‌شێوه‌یه‌ك باس كردوه‌ كه‌ خوێنه‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ی‌ بێزار نابێ‌ و حه‌ز به‌ دواداچوونی‌ ده‌كات، ئای‌ كاكه‌ ئاسۆ چ خورپه‌یه‌ك بوو له‌دڵی‌ دای‌؟ تۆو هاوڕێكانت به‌كاكه‌ دارۆشه‌وه‌ چه‌ند به‌ختیار بوون كه‌ ده‌تانوت: قیروسیا له‌ ئێمه‌ به‌س نیه‌ خاڵه‌ شه‌هاب و هاوڕێكانی‌ ڕزگاریان بوه‌؟ ئه‌ی‌ كاكه‌ عوسمانی‌ نانه‌وا هه‌واڵه‌كه‌ی‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌ئێوه‌ نه‌گه‌یاند!! ئه‌ی‌ ئه‌م كۆسته‌ گه‌وره‌یه‌ چی‌ بوو؟ له‌ناكاو ده‌نگێك به‌ئه‌سپایی‌ هات ((وه‌رن كوڕینه‌.. چاوم لێیه‌، كۆمه‌ڵێ‌ گیراوی‌ تریان هێناوه‌ له‌ محه‌جه‌ره‌كانی‌ ده‌رگای‌ ساڵۆنه‌كه‌وه‌ دیارن)) ئای‌ كاكه‌ ئاسۆ دڵم به‌دڵت نه‌بێ‌! له‌و ساته‌وه‌خته‌دا له‌ناكاو یه‌كێ‌ له‌و گیراوانه‌ ئاوڕی‌ دایه‌وه‌و به‌ده‌ست ئیشاره‌تی‌ بۆ كردن! كێ‌ بوو خاوه‌نی‌ ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌یه‌؟ .. به‌ڵێ‌ خاڵه‌ شه‌هابی‌ شێخ نوری‌ بوو! ئیتر چۆن خه‌مبار نه‌بن؟ چۆن دۆش دانه‌مێنن؟ ئه‌مه‌ چ پیلانێك بوو قه‌ده‌ر بۆی‌ نابونه‌وه‌؟ به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و شه‌وه‌ واته‌ 8/1/1976 دائیره‌ی‌ ئه‌من وه‌ك سه‌ریان لێ‌ شێوابێ‌ وابوون، زیندانیه‌كانیان هێنا بۆ هۆڵه‌كه‌ی‌ ئێوه‌ ئه‌و دیداره‌تان سوودی‌ هه‌بوو خاڵه‌و تێكڕای‌ هاوڕێكانتان بینی‌ و ئاڵوگۆڕی‌ بیرو ڕاتان كردو ئاهێكتان به‌به‌ردا هاته‌وه‌.
***
كاكه‌ ئاسۆ له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌ڵێ‌: ((یه‌كێك له‌ ساته‌ هه‌ره‌ ناخۆشه‌كانی‌ ناو زیندان ده‌نگی‌ زنجیرو كلیلی‌ ده‌ستی‌ جه‌للاده‌كان بوو، كه‌ ئه‌هاتنه‌ ژووره‌وه‌ پارچه‌ كاغه‌زێكیان پێ‌ بوو ئیتر هه‌موو سجنه‌كان به‌بێ‌ ده‌نگی‌ له‌شوێنی‌ خۆیان ئه‌مانه‌وه‌و چاوه‌ڕێ بوون ناویان بخوێنرێته‌وه‌ بۆ ــــ ته‌حقیق ــــ بۆ ئه‌شكه‌نجه‌ كردن))
سه‌ره‌نجام دوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌و هه‌مه‌جۆر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ گه‌یشتنه‌ ڕۆژی‌ چاره‌نووس، دوای‌ سه‌پاندنی‌ ئه‌و حوكمه‌ فاشیزمانه‌ی‌ به‌سه‌ر هه‌ڤاڵانا درا كاك ئاسۆ ده‌ڵێ‌: ((خاڵه‌ شه‌هاب كه‌وته‌ ئامۆژگاری كردنمان و وتی‌: ئه‌مه‌ ڕێگه‌ی‌ خه‌بات و تێكۆشانه‌و ده‌بێ‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامه‌كه‌شی‌ بكه‌ین.. ئه‌وه‌ی‌ داواتان لێ‌ ده‌كه‌م یه‌كتریتان خۆش بوێت و دڵسۆز بن بۆ ڕێبازی‌ كۆمه‌ڵه‌)).
ئه‌م وته‌ به‌نرخانه‌ی‌ شه‌هید شه‌هابم بۆیه‌ لێره‌دا له‌سه‌ر زمانی‌ كاكه‌ ئاسۆوه‌ دووباره‌ كرده‌وه‌ تا سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵانی‌ یه‌كێتیی‌ به‌خۆمانا بچینه‌وه‌و وته‌كانی‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ كه‌م ژیاو كه‌ڵ ژیا له‌گوێمانا بزرنگێته‌وه‌و به‌ڕاستی‌ و به‌دڵپاكیی‌ یه‌كتریمان خۆش بوێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP