كۆچی مام جه‌لال.. قۆناغی فیتره‌ت
كۆچی مام جه‌لال.. قۆناغی فیتره‌ت ‌ 11/10/2017
بابه‌كر دڕه‌یی
دوایین كۆچی مام جه‌لال ، به‌ گشت ماناكان،  كوردستان روه‌و قۆناغێكی جیاواز ده‌گوازێته‌وه‌.
مام جه‌لال له‌ پێوانه‌یه‌كی ئیقلیمی و جیهانیدا له‌ ڕیزی پیاوه‌ گه‌وره‌كان دێته‌ ژماردن. 
كه‌سێك  توانیبێتی له‌ ته‌مه‌نی چوارده‌ ساڵییدا وه‌ك « ره‌هبه‌ر» ێك ده‌ربكه‌وێ و له‌ سی ساڵیدا، له‌ ناو گه‌لێكی دواكه‌وتوی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ببێته‌ خاوه‌نی  خه‌ت و فێرگه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی ، و به‌ بێ هیچ پشتیوانییه‌كی  بنه‌ماڵه‌یی و عه‌شیره‌تی به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین هێزی سیاسی وڵاته‌كه‌ی  راوه‌ستێ و له‌ مه‌ودایه‌كی زه‌مانی شه‌ست ساڵیدا،  ئیداره‌ی قورسترین ناكۆكی سیاسی و عه‌سكه‌ری  گه‌له‌كه‌ی بكات و له‌ دوایین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیشیدا ببێته‌ سه‌ركۆماری وڵاتیك كه‌ نه‌وه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ، به‌ حوكمی ئه‌و غه‌دره‌ی سته‌مكاره‌ هاوئاینه‌كانیان لێیانكردن،  به‌ر نه‌فره‌تیان داو داوایان له‌ خوای مه‌زن كرد تا رۆژی قیامه‌ت له‌م وڵاته‌دا میلله‌ت دژی حاكم بێت و حاكمیش دوژمنی میلله‌ت.  
مردنی مام جه‌لال روداوێكی ئاسایی نییه‌، به‌ تایبه‌ت له‌و روه‌وه‌ كه‌ بزانین مام جه‌لال تاقه‌ كه‌س بو كه‌ ده‌یتوانی  باڵانسی نێوان عه‌داڵه‌تخوازی و نه‌ته‌وه‌خوازی له‌ كوردستاندا رابگرێ و  ڕێگه‌ نه‌دا جه‌ده‌لی نێوان ئه‌و دو ئایدیا جیهانیه‌ ( سوسیالیزم و ناسیونالیزم) به‌ ئاقارێكی  مه‌ترسیداردا بڕۆن  و وه‌ك ئێسته‌ كه‌ له‌ كوردستانا به‌ ئاقارێكی یه‌كجار مه‌ترسیدارا رۆشتون و ئاسۆی وڵاتیان به‌ ته‌واوی روه‌و تاریكی بردوه‌.
مردنی مام جه‌لال به‌ ته‌واوی مانا «قۆناغی فیتره‌ت» له‌ كوردستانا دروست ئه‌كات. قۆناغی فیتره‌ت به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ به‌تاڵیه‌كی گه‌وره‌  له‌ ئاستی سیاسی و حزبیدا دێته‌ ئاراوه‌ و هیچ كه‌س نازانێ چه‌ن ساڵ و چه‌ن ده‌یه‌ ده‌خایه‌نێ و،  ته‌نها ڕێگر و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئه‌و به‌تاڵییه‌ ترسناكه‌ی غیابی مام جه‌لال بۆ حزبه‌كه‌ی و كۆی میلله‌ت جێی ئه‌هێڵی،  هوشیاری و خۆنه‌ویستی جێگره‌وه‌كانی مام جه‌لاله‌ كه‌ بتوانن ده‌ركی قۆناغ بكه‌ن و بزانن ره‌هبه‌ره‌كه‌یان چ  ڕۆڵیكی مێژوویی وازیكردوه‌و به‌ چ میتۆدك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ل روداوه‌ ناوخۆیی و ئیققلیمیه‌كانا كردوه‌. 
ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا ( له‌م دۆخه‌دا به‌ فه‌وری و ته‌نانه‌ت له‌ كاتی پرسه‌شدا)  بۆ كه‌سه‌ هوشیاره‌كانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ گشتی و ئه‌ندامانی  ی ن ك  به‌ تایبه‌تی گرنگه‌ و پێویسته‌ له‌ قۆناغی پۆست مام جه‌لالدا بیری لێبكرێته‌وه‌، ته‌نها  ره‌هه‌نده‌ عاتیفیه‌كانی  كۆچی مام جه‌لال نین ، چونكه‌ مام یه‌كێكه‌ له‌و مرۆڤانه‌ی له‌ مه‌ودایه‌كی نیوسه‌ده‌یی زیاترا ، كاریگه‌ری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری قوڵی جێهێشتوه‌ ... به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌ بریاردانه‌ له‌و زه‌روره‌ته‌ سیاسیانه‌ی له‌ ئاستی ناوخۆو هه‌رێمدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ی خه‌ڵكی كوردستانن و به‌ شێوه‌یه‌كی قه‌تعی پێویستیان به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ ھه‌یه‌...  ئه‌ركی ده‌سته‌بژێری یه‌كێتی و حزبه‌ سیاسیه‌ نزیكه‌كانیه‌تی كه‌ به‌ وردی ته‌گبیر له‌ پڕكردنه‌وه‌ی واقعی ئه‌و بۆشاییه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی سروشتی مردنی  ئینسانه‌كان  و له‌وانه‌ش كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك مام  بۆی دروستكردون.
مه‌رگی  نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك ره‌هبه‌ری باڵی عه‌داله‌تخوازی ناو جوڵانه‌وه‌ی كورد و هاوكات مه‌رگی مام جه‌لال وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی مێژویی و (ده‌وڵه‌تمه‌دار) له‌ مه‌ودایه‌كی زه‌مانی چه‌ند مانگیدا،  نوخبه‌ی سیاسی كوردستان به‌ گشتی و هه‌رێمی سلێمانی به‌ تایبه‌تی، ڕوه‌و قه‌یرانێكی مه‌زن ده‌ئاژوێ كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌  پێویستی به‌وپه‌ڕی حیكمه‌ت و وردبینی و له‌خۆبوردویی و گیانی  خۆنه‌ویستی وكاركردنی گروپی و دوربینی هه‌یه‌.
ئومێدی هه‌موان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌سێت و ئامۆژگارییه‌كانی دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی مام جه‌لال  بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی  نێو ماڵی كوردستان ببنه‌ كردارو،  به‌شێك له‌ شوێنكه‌وتوه‌كانی نه‌بنه‌ به‌ردی خڕ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی  ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزانه‌ی مام جه‌لال به‌ جدی و ڕونی ئه‌یویست پێش مردنی  جێبه‌جێیان بكات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7396
22/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی بازی به‌رز وازهێنانی راگه‌یاند 22/10/2017
‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی به‌ریتانیا به‌هۆی كاری ناوبژیوانی هه‌را ده‌نێته‌وه‌ 22/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP