دیپلۆماسی به‌ خاكسپاردن
دیپلۆماسی به‌ خاكسپاردن ‌ سه‌ربه‌ست جیهاد‌ 11/10/2017
گله‌یی‌و گازه‌نده‌یه‌كی زۆر كرا، هه‌ر له‌ شوێن‌و چۆنیه‌تی مه‌راسیمه‌كه‌ تا به‌ نۆره‌ی گوڵ دانان‌و جێگه‌ی دانیشتنی میوانان ده‌گا، ره‌خنه‌ هه‌بوو. به‌شێك له‌ ئیراد‌و تێبینییه‌كان هی نزیكترین دۆستانی (جه‌نابی سه‌رۆك)‌و دۆستانی دێرینی گه‌لی كوردستان بوون له‌گه‌ڵ هه‌ڵڕشتنی فرمێسكی صادیقانه‌‌و صه‌دیقانه‌ ئیراد‌و تێبینیان له‌ كولی مه‌راسیمه‌كه‌ هه‌بوو، به‌شه‌كه‌ی تر ره‌خنه‌ی ئه‌وانه‌ بوو له‌و مه‌راسیمه‌ خه‌مناكه‌دا فرمێسكی هه‌مه‌جۆریان له‌ ئیمانه‌ هه‌ڵوه‌راند. خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ره‌خنه‌كان خه‌می شكانی شكۆی ده‌وڵه‌تی عیراق بوو، گوایه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ئاڵای عیراق له‌ ته‌رمی پیرۆزی سه‌رۆك وه‌رنه‌پێچراوه‌‌و سروودی نیشتمانی‌و نمایشی شمشێربازی ده‌وڵه‌تی عیراق كه‌ ته‌قلیدی سه‌رده‌می مه‌له‌كیه‌ته‌ پشگوێ خراوه‌،‌ خاڵی هاوبه‌ش هه‌بوو مه‌رامی جیاوازیش له‌و ره‌خنه‌‌و دنه‌دان‌و ووروژاندنانه‌ هه‌بوو.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی به‌شی دووه‌می ئه‌و ره‌خنه‌گرانه‌ ئه‌وه‌بوو ئاڕاسته‌ی رووداوی ئه‌سه‌ف باری كۆچی (مام جه‌لال) وه‌ربگێڕن بۆ شه‌ڕی ئیراده‌ی نێوانی لایه‌نگرانی یه‌كیه‌تی خاك‌و ده‌وڵه‌تی عیراق له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆیی. ئه‌وانه‌ مه‌به‌ستیان بوو ده‌وڵه‌ت‌و حوكومه‌تی عیراقمان به‌ یه‌كجاری لێ هاربكه‌ن‌و وادار به‌ ئیجرائێكی نه‌خوازراوی وه‌كو راگه‌یاندنی جه‌نگی بكه‌ن، به‌و بیانووه‌ی گوایه‌ شكۆی ووڵات شكاوه‌‌و سوكایه‌تی به‌ سه‌روه‌ری كراوه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ وایان قرساندبوو كه‌له‌و شه‌ڕه‌دا ته‌نیا نابن‌و گریمانه‌ی ئه‌وه‌یان كردبوو به‌شێك له‌ دانیشتوانی كوردستان به‌هۆی نیگه‌رانی‌و مه‌ترسیان له‌سه‌ر ئاینده‌ی هه‌رێم‌و كاریگه‌ریه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌‌و ئابڵۆقه‌دان له‌ لایه‌ك‌و ناكۆكی حزبه‌كان‌و سیاسیه‌كانی كوردستان له‌ لای دووه‌م، له‌و ململانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵیان ده‌بن.
هه‌موو ئه‌وانه‌ بۆ گه‌لی ئێمه‌ ناسراون، كه‌سایه‌تیان ناسراوه‌، فكرو تێڕوانینیان‌و سیاسه‌تیان ناسراوه‌، تواناو بڕشتیان به‌ باشی ده‌زانین‌و له‌ نیه‌تیان زوو حاڵی ده‌بین، دوای ئه‌وان توانستی حكومه‌ت‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌شیان ده‌زانین، خۆشمان باش ده‌ناسین‌و قه‌مچ‌و مه‌ودای ده‌سترۆیشتنی خۆشمان ده‌زانین، قورس نییه‌ بۆ گه‌لی ئێمه‌ له‌و كێبڕكێیه‌دا ببێته‌ ته‌ره‌ف‌و ‌وه‌ك ئه‌وان قۆڵی لێ هه‌ڵماڵین‌و مه‌یدان بگرین‌و گوێ به‌ عاقیبه‌ته‌كه‌ی نه‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ بژارده‌ی ئێمه‌ نییه‌‌و نابێ.
سه‌رۆكی ئێمه‌ فێری كردووین هه‌تا ده‌رفه‌تی ووتوێژ‌و لێك تێگه‌یشتن هه‌بێ، روو له‌ كوێره‌ڕێی ئاڵۆزكردن‌و تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌كان ناكه‌ین. چه‌ندی ئه‌وانی دی بیانه‌وێ پرده‌كان بڕوخێنن‌و ده‌روازه‌كان داخه‌ن‌و ئاسمانه‌كان قه‌ده‌غه‌كه‌ن‌و حه‌شد‌و سوپا هان‌و سازبده‌ن بۆ شه‌ڕ‌و ماڵوێرانی، ئێمه‌ هه‌ر خه‌یاری دیالۆگ هه‌ڵده‌بژێرین. ئه‌مجاره‌ش هه‌روامان كرد‌و دڵنیامه‌ له‌ داهاتووش هه‌روا ده‌كه‌ین، ئێمه‌ له‌ (ی.ن.ك)‌و دوای ئێمه‌ش هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان نه‌مانویست بچینه‌ ناو شه‌ڕی شكاندنی ئیراده‌ی یه‌كتر، بۆیه‌ ململانه‌كه‌ هه‌ر خێرا خاوبۆوه‌‌و مناسه‌به‌ غه‌مگینه‌كه‌ش كرایه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ.
جارێ زووه‌ پێشبینی نه‌تیجه‌ی گفتوگۆكانی نێوانی به‌غدا‌و هه‌ولێر بكرێ، چونكه‌ دانوستاندن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاڵۆزه‌، كه‌ دوو مه‌ودای سیاسی‌و مێژوویی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مومان له‌ (مام جه‌لال)ی ره‌حمه‌تی فێربووینه‌ رێگای وتووێژ چه‌ندی دژوار‌و دووردرێژیش بێ هه‌رگیز به‌رناده‌ین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7394
19/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP