مافی بـەدەستهێنانی زانیـاری لە هەرێمی کوردستان
مافی بـەدەستهێنانی زانیـاری لە هەرێمی کوردستان ‌ 28/12/2016
لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری
مەجید ساڵح 
بەشی دووەم

بەشی دووەم:
مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان
بە پێی سیستمی سیاسی و ئیداری وڵاتان، رێکخستنی یاسایی مافی پێدانی زانیاری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت، لە وڵاتە کراوەکاندا ئەو مافە بە تەواوەتی دابین کراوە. وەک سوید و کەنەدا، بەڵام لەو وڵاتانەی کە لە گوزەری دیموکراسیدان، بە ترسەوە مامەڵە لە گەڵدا کراوە. وەک یەمەن و ئوردون.
هەرچەندە لە سەرەتاکانی دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەولەویەت بۆ ئەو یاسایانە بوون زیاتر مۆرکی سیاسی پێوە دیار بوو، بەڵام لە پاڵ ئەوانەشدا خەڵکانێک هەبوون داوای رێکخستنی یاسایانەی ژیانی جڤاکیان دەکرد، بە تایبەت رێکخراو و سەندیکا پیشەییەکان هەر زۆر زوو دوای دامەزراندیان کەوتنە ئامادە کردنی پرۆژەی یاسای تایبەت بۆ رێکخستنی کاروباری سەندیکاکانیان.
بەڵام بە هۆی ئەوەی سەندیکای رۆژنامەنوسان زۆر درەنگ دامەزرا، هەروەها ئەو یاسایانەی کە تایبەت بوون بە ئازادی رادەربڕین و بڵاوکردنەوە و ورگرتنی زانیاری لە لایەن هیچ رێکخراو وکۆمەڵەو سەندیکایەکەوە تەبەنی نەکرا، بۆیە سەرەڕای گرنگی ئەو جۆرە تەشریعاتانە کەچی لە ماوەی 1998- 1991 باس لەو مەسەلانە نەکراوە، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و سەرقاڵی پەرلەمانی کوردستان و دواتر لە کارکەوتنی بۆ ماوەیەک هۆکارێکی دیکەی نەهاتنە ئارای ئەو مەسەلەیە بوو.
1-1: ئەو یاسایانەی هەرێمی کوردستان کە تێدا ئاماژە کراوە بۆ مافی بەدەستهێنانی زانیاری:
یەکەم: یاسای ژماره‌(40)ی ساڵی 2004 ساڵی (1998)ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌وانان: 
لە یاساکانی هەرێمی کوردستاندا زۆر بە کەمی و بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ئاماژە کراوە بۆ مافی بەدەستهێنانی زانیاری. بە تایبەتی ناچارکردن بە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە لایەن دامودەزگا گشتیەکانەوە. بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی راستەوخۆ باسی لە مافی بەدەستهێنانی زانیاری کردبێت یاسای ژمارە (4)ی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستانە کە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1998 دەریکرد. له‌ ماده‌ی چواره‌مدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و ئامانجانه‌ی كه‌ سه‌ندیكای له‌ پێناودا دامه‌زراوه‌، دوای حه‌وت بڕگه‌ كه‌ هه‌ر هه‌موی ئامانجی سیاسین و بۆ رێكخراوێكی سیاسی ده‌شێن، له‌ بڕگه‌ی (8) به‌ خێرایی ئامانجێكی پیشه‌یی بۆ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان دانراوه‌، له‌و بڕگه‌ (نۆ) وشه‌ییه‌دا هاتوه‌:
8. ئاسانكاری ئه‌ركی رۆژنامه‌نوسان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی هه‌واڵ و زانیاری.
ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌ په‌له‌ په‌له‌یه‌كی زۆری پێوه‌دیاره‌، هۆکارەکەی ئەوەیە رۆژنامەنوسانی هەولێر و دهۆک لە ساڵی 1998سەندیکایەکیان دامەزراند بە ناوی (سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان)‌ رۆژنامه‌نوسانی دڤه‌‌‌ری سلێمانی و گه‌رمیان بێ ئاگا بوون لێی، هه‌ر بۆیه‌ له‌ دانیشتنی ژماره‌ (49)ی 5\10\2004 په‌رله‌مانی كوردستاندا دوای (یەکگرتنەوەی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان) و (یەکێتی رۆژنامەنوسانی کوردستان) له‌ سه‌ر داوای رۆژنامه‌نوسان و په‌رله‌مانتارانی خولی دووەمی پەرلەمان، یاساكه‌ هه‌مواركرایه‌وه‌و گۆڕانكارییه‌كی زۆر له‌ ماده‌و بڕگه‌كانیدا كرا، یه‌كێك له‌و مادانه‌ی كه‌ هه‌موار كرایه‌وه‌ مادی (4) بوو كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئامانجه‌كان. له‌ هه‌مواره‌كه‌دا ئامانجه‌ پیشیه‌كانی سه‌ندیكا كران به‌ دوو بڕگه‌ و خرانه‌ پێش ئامانجه‌ سیاسیه‌كان كه‌ دیسانه‌وه‌ ژماره‌یان (9) ئامانجه‌، له‌و دوو بڕگه‌یه‌دا روونتر باس له‌ ئازادی راده‌ربین و مافی وه‌رگرتنی زانیاری كراوه‌، ده‌قه‌كانی ئه‌و دوو بڕگه‌یه‌ بریتین له‌:
1. ڕێزگرتن و داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌وانی و ئازادی راده‌ربڕین، هه‌روه‌ها داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌و‌انان و زامنكردنی پاراستنیان له‌ به‌جێ هێنانی ئه‌رك و فه‌رمانیاندا.
 2.ئه‌ركی ده‌ستكه‌وتنی ده‌نگوباس و زانیارییه‌كانیان بۆ ئاسان بكات.
به‌م جۆره‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی ته‌شریعاتی كوردستاندا بەشێوەیەکی راستەوخۆ باس له‌ ئازادی راده‌ربڕین و وه‌رگرتنی زانیاری كراوه، بەڵام وەک ئامانج بۆ سەندیکایەکی رۆژنامەوانی، نەک وەک مافێکی سروشتی و یاسایی هاوڵاتیان و ناچارکردنی حکومەت بە پێدانی ئەو زانیاریانەی لایەتی بە رۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان‌.
دووەم: یاسای ژماره ‌(35)ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان 
لە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007 (یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستاندا) بۆ جاری دووەم، بەڵام بە شێوەیەکی روونتر ئاماژە بە مافی رۆژنامەنوسان بۆ دەستراگەیشتنیان بە هەواڵ و زانیاری کراوە؛
 لە مادەی دووەم بڕگەی دووەمدا هاوتوە:
 «رۆژنامەگەر بۆی هەیە ئەو زنیاریانە وەربگرێت کە گرنگ بن بۆ هاووڵاتیان و پەیوەندیدارن بە بەرژەوەندی گشتی لە سەرچاوەی جیاواز، ئەگەر پەیوەندی بە ئاسایشی هەرێمەوە نەبێت».
ئەوەی لەو دوو یاسایەی پێشودا تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا باسیان لە مافی بەدەستهێنانی زانیاری کردوەو تەنها رۆژنامەنوسانیان بۆ ئەو مافە دەستنیشانکردوە، لە کاتێکدا بە پێی پرەنسیب و بنەما نێو دەوڵەتی و هەڕێمیەکان، نەک هەر رۆژنامەنوس ئەو مافەی هەیە، بەڵکو هەموو کەسێکی یاسایی و مەعنەوی دەبێ لەو مافەبەرخوردار بێت.
سێیەم: یاساى ژماره‌ (11)ى ساڵى 2013 یاساى مافى ده‌سكه‌وتنى زانیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان ـ عێراق
لە هەرێمی کوردستاندا سەرەڕای گرنگی مافی وەرگرتنی زانیاری، بەڵام تاوەکو ساڵی 2013 هیچ یاسایەک بەشێوەیەکی سەربەخۆ و روون و ئاشکرا ئەم گرفتەی چارەسەر نەکردبوو. 
لە دانیشتنی ژمارە (28)ی رۆژی 5/6/2013 لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان بە حوکمی برگەی (1) لە مادەی (56)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو پەرلەمانی کوردستان (یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان- عێراق) دەرچوو. یاساکە لە (22) مادە کە بە سەر پێنج بەشدا دابەشکراوە پێکهاتوە.
(سەنتەری یاسا و دیموکراتی) و (یەکێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسان) لە رپۆتێکی تایبتدا کە لە سەر یاساکەی کوردستان ئامادەیان کردوە گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە یاساکەی کوردستان توانیویەتی 98 خاڵ لە کۆی گشتی 150 خاڵ بەدەست بهێنێت و لە 95 وڵاتدا کە ئەم یاسایەیان هەیە پلەی 28 هەمین بەدەستبهێنێت.
1-2: سودەکانی بونی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان
بونی یاسای ئازادی دەستراگەیشتنی هاوڵاتیان بە زانیاری کۆمەڵێک سود و دەسکەوتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە گرنگترینیان بریتین لە:
1. بە پێی ئەو پرەنسیپەی کە «ماف» یەکەیەکی گشتگیرەو بەش بەش ناکرێت، بۆیە دەکرێت بڵێن «مافی بەدەستهێنانی زانیاری جگە لەوەی بۆ خۆی مافێکە؛ لە هەمان کاتدا میکانیزمێکە بۆ دەسکەوتنی مافەکانی دیکە. ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە مافی دەستراگەیشتن بە زانیارییەکان بە پێی بڕگەو مادەکانی ئەم یاسایە بۆ هاوڵاتیانی خۆی دەستەبەر بکات، ئەوە مافەش کاریگەری لە سەر ژیانیان دادەنێت، چونکە رێگەیان بۆ خۆش دەکات زانیاری بابەتیانەیان لە سەر هەموو مافەکانیان دیکەیان هەبێت».
2. بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە قەناعەت و لە رووی هۆشیارییەوە بەشداری پرۆسەی سیاسی وڵات بکەن، دەبێ خاوەنی زانیاری بن، هەر بۆیە دەبێ حکومەت ژینگەیکی وا دروست بکات کە هاوڵاتیان ئاگاداری سیاسەت و کاروچالاکیەکانی ئەوان بن و سنوری ماف و بەرژەوەندیەکانی خۆیان بزانن. بۆیە بونی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی فراوانبونی بەشداری هاوڵاتیان لە دروستکردنی بڕیار لە هەموو ئاستەکاندا.
3. کاتێک هاوڵاتی ئاسایی لە هۆکارەکانی بڕیارەکانی حکومەت ئاگادار بێت و بزانێت ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی گشتیدایە، نەک کەس یان لایەنێکی دیاریکراو، بێگومان دەبێتە چاودێرێکی باش بەسەر کاروکردەوەی بەرپرسە هەڵبژێراوەکانی خۆیان، ئەمەش وادەکات مەترسیەکانی بڕەوێتەوە و متمانەی بە حکومەت زیاتر بێ. هەر لەبەر ئەوەیە دەبینین لە کۆمەڵگا دیموکراتەکاندا بە هۆی مافی دەستکەوتنی زانیارییەوە ئاستی چاودێری هاوڵاتیان بەرزە، بە پێچەوانەی ئەوانیش لە کۆمەڵگا نادیموکراتەکاندا چاودێری هاوڵاتیان بەسەر ئەدائی حکومەتەوە هەر نییە، بۆیە دەسەڵات هەردەم جێگەی گومانی هاوڵاتیانە و کاربەدەستانیش متمانەیان لە دەستداوە.
 4. ئازادی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی دەبێتە هۆی فراوان بونی شەفافیەت لە چالاکیە ئابوریی و سیاسیەکانی دەوڵەت، لە راستیدا «ئازادی زانیاری بەتەنها بۆ خەڵک گرنگ نییە، بەڵکو بۆ دەوڵەتیش گرنگ و حاشا هەڵنەگرە، دەوڵەتی گەندەڵ بۆ مانەوە پێوستی بە شاردنەوەیە، شاردنەوەش دەبێتە هۆی ناکارایی و سەرەڕۆیی و بێ متمانەیی».
5. هەروەها ئازادی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان دەبێتە هۆی «پتەوبونی ئازادی کاری رۆژنامەوانی و بەهێزبونی دەسەڵاتی چوارەم و زیاتر کردنی توانای گوشارەکانی و کارئاسانی دەکات بۆ رۆژنامەنوسان تاوەکو راستیەکان دەرخەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە لایەن حزبە سیاسیەکان و بەرپرسانی باڵا.
6. دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پڕوپاگەندە و واتەوات، کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە بوەتە مۆرانە و بەردەوم کار لە سەر بێ متمانەکردنی دامودەزگاکانی حکومەت دەکات لای خەڵک.
7. هەڵەو هەموکوڕییەکان ئاشکرادەکات بەر لە روودانی دەگرێت و وڕێگە بۆ رەخنەو دیبەیتی پۆزەتیڤ خۆش دەکات کارئاسانی بۆ لێپرسینەوە دەکات.

بەشی سێیەم:
یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان
  لە روانگەی پرەنسیپەکانی رێکخراوی مادەی  19
مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی یاسایی وەستاوە کە لەلایەن رێکخراوی مادەی 19 دانراوە. لە ئێستادا ئەو پرەنسیپانە بونەتە بنەما بۆ دەرکردنی هەر یاسایەکی تایبەت بەو مافە لە سەر ئاستی دونیادا. ئەم بنەمایانە لە کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ساڵی 2000 پەسەند کراوە. لەم بەشەدا بەراورد دەکەین لە نێوان یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و رادەی رەچاوکردنیان بۆ ئەو پرەنسیپانەی کە «رێکخراوی مادەی  19». دایناون

پرەنسیپی یەکەم: ئاشکراکردنی ئەوپەڕی رێژەی زانیاری:
«دەبێ یاساکانی ئازادی زانیاری پشت بە پرەنسیپی ئاشکراکردنی تەواوی زانیاریەکان ببەستێت» 
بە پێی ئەم بنەمایە (دەبێ هەموو ئەو زانیاریانەی کە لەلای دامودەزگاکانی دەوڵەت پارێزراوە بخرێتەروو)، لۆژیکی راستەقینەی چەمکی ئازادی زانیارییەکان لەو کاتەدا جێبەجێ دەبێ کە هێچ کۆت وبەندێک لە بەردەم وەرگرتنی قەبارەی ئەو زانیارانەدا نەمێنێ ، بە مانایەکی دیکە دەبێ لە کاتی دانانی  یاساو دەستوری وڵاتدا مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بکرێتە مافێکی سەرەکی هاوڵاتیان و گرەنتی جێبەجێکردنیشی بدات. 
لە یاساکەی هەرێمی کوردستاندا لە مادەی چوارەم و بڕگەی دووەم لە مادەی دەیەمدا ئەم پرەنسیپەی جێبەجێکردوە. لە مادەی چوارەمی یاساکەدا کە تایبەتە بە (مافی تێڕوانین و دەسكەوتنی زانیاری) ئەم پرەنسیپە بەم شێوەیە جێبەجێکراوە:
هەمو كەسێک چی سروشتی بێت یان مەعنەوەی مافی ئاگاداربون وبەدەستهێنانی زانیاری و چەند دانەیەیک لەو دۆکیمۆمێنتانەی هەیە کە لەدامودەزگاکان داوای دەکات بەدەر لەو زانیاریانەی کە بەگوێرەی مادەی (14) ئەم یاسایە ریسپەڕکراوە.

هەروەها لە بڕگەی دووەمی مادەی نۆیەمدا بەشێوەیەک وردتر دامودەزگاکانی راسپاردوە ئەم جۆرە داواکاریانە جێبەجێبکەن:
دووەم: پێویستە لەسەر دامودەزگای گشتی یان تایبەتی ئەم داواکاریانی لەخوارەوە دادێن لەکاتی داواکردنیان جێبەجێ بکات:
1. وێنەیەکی رەسەنی دۆکیومێنتەکە بەو شێوەیەی لە لای دامەزراوەکە پەیڕەوکراوە.
2. مافی لێوردبونەوە لەو دۆکیومێنتەی کە لە کاتی پێویستدا بەبەکارهێنانی ئەو ئامرازانەی کەوادامەزراوی پەیوەندیدار هەیەتی.
3.  مافی لەبەرگرتنەوەی دۆکیمێنتەکە بەبەکارهێنانی ئەو ئامێرەی کەوا کەسەکە هەیەتی.
4. دانەیەکی دەقاودەقی دۆکیومێنتەکە، چاپکراوبێت یان تۆمارکراو، بینراوبێت یان بیستراو، ئەگەر توانرا ئەم دانەیە ئەم دانەیە بەبەکارهێنانی ئامێرە بەردەستەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکە ئەنجام بدرێت.
  5.  ئامادەکردنی دانەیەکی راست ودروست لە دۆکیمێنتە رەسەنەکە، بەشێوەیەکی کورت یان هەر پۆلێنێکی تری شێوازەکانی دۆکیومێنتەکە.
لە مادەی پێنجەمی یاساکەی تورکیاشدا کە تایبەتە بە (پابەندبون بە خستنە بەردەستی زانیارییەکان) جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە بەم شێوەیە هاتوە:
دامودەزگاکان بەرپرسن لە گرتنەبەری رێوشوێنی تەکنیکی و ئیداری  بۆ پێدانی هەرجۆرە زانیاری و بەڵگە نامەیەک کە لەم یاسایەدا هاتوە بە کەسی داوکار؛ و لە داوکاریەکان بکۆڵێتەوەو بۆ ئەوەی بە شێوەی گونجاو وراست ورەوان بیانخاتەبەر دەست.
بەدرە لەو مادەیەش لە مادەی دەیەمدا جۆری زانیاریەکانی دیاری کردوە کە دەبێ بدرێن بە داواکار:
دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری یان دۆکیۆمێنت، 
مادەی ١٠ – رێکخراوەکان کۆپییەکی جێی متمانە دۆکییومێنتی پێویست بە داواکار دەدەن. لەو جێیەی زانیاری یان دۆکیومێنت بۆ کۆپیکردن گونجاو نەبێت یان لەوانەیە زیان بە نوسخەی ئەسڵی بگەیەنێت، رێکخراو ئامێرە پێویستەکان بۆ داواکار ئامادە دەکات؛
 ئەلف) تاقیکردنەوەی دۆکیومێنتی ئەسڵی و یاداشت کردن بۆ ئەو دۆکیومێنتانەی کە بڵاو دەبنەوە یان دەنووسرێن،
 ب) گوێدان بە بابەتەکە کە لە شێوەی تۆمارکراوی دەنگییە، 
ج) چاولیکردن لەو بابەتەی کە بە شێوەی تۆمارکراوی وێنەییە.
لەبەراورد کردنی هەردو یاساکەدا بۆمان دەردەکەوێت هەردوو یاساکە جەخت لەسەر هەموو جۆرەکانی ئەو دۆکیومێنتانە دەکەنەوە کە پێویستە بدرێت بە داواکارەکان، ئەوەی یاساکەی هەرێم لەوەی تورکیا جیادەکاتەوە ئەوەیە وردترو بەدرێژی رێکارەکانی چۆنێتی پێدانی دۆکیومێنتەکەی لە یاساکەدا شیکردوەتەوەو هیچ کەلێنێکی بۆ ئەو فەرمانبەرەی کە بەرپرسە لە پێدانی زانیاری بەجێ نەهێشتوە تاوەکو بیکاتە بیانوو بۆ پێنەدانی زانیاری، بەڵام لە یاساکەی تورکیادا ئەوە بە کورتی بڕێنراوەتەوە، لە پراکتیزەکردندا گرفت بۆ فەرمەنابەری پێدانی زانیاری دروست دەکات.

پرەنسیپی دووەم: ناچارکردن بەبڵاوکردنەوە
«پێویستە دامودەزگا گشتیەکان ناچار بکرێن بە بڵاوکردنەوەی زانیاریە سەرەکیەکان «
بۆ ئەوەی ئازادی زانیاری بەشێوەیەکی تەواو پراکتیزە بکرێت، پێویست دەکات دامودەزگا گشتیەکان تەنها بەوەوە نەوستن کە لە سەر خواست زانیاری بدەن بە هاوڵاتیان، بەڵکو دەبێ کەڵک لە تەکنەلۆژیای زانیاری وەرگرن و بەشێوەی بەردەوام داتاو زانیاریەکانی خۆیان لە ماس میدیاکاندا بڵاوبکەنەوە، گەر هەر زانیاریەکیش بڵاونەکرایەوە بەڵگەی یاسایی حاشا هەڵنەگری بۆ بهێنرێتەوە، بۆیە بە پێی ئەم بنەمایە دەبێ یاساکانی مافی دەستراگەیشتن بە زانیارییەکان لە هەمو وڵاتەکاندا دامودەزگا حکومیەکان ناچار بکات بە بڵاوکردنەوەی هەمو زانیارییە بەردەستەکان و نوێ کردنەوەی بەردەوامیان. 
لە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی مادەی شەشەمە ئەو پرەنیسپەی بەن شێوەیە پەیڕەوە کردوە:
 مادەی شەشەم: ئەو زانیاریانەی بڵاوکردنەوەیان ئەرکە
یەکەم: هەمو دامودەزگایەکی گشتی ساڵانە دەبێ دەلیلێک دەربکات یان لەسەر سایتی ئەلکترۆنی خۆی یان بە راپۆرتێک کە ئەم زانیاریانەی تێدا بێت بڵاو بکاتەوە بەردەوام ئابدێدی بکاتەوە:
1. پەیکەرەکەی، ناونیشان و ماڵپەڕە ئەلکترۆنیەکەی، رێگاکانی پەیومەندی کردن پێوەی. رێکارەکانی بەدسەتهێنانی زانیاری، ئەرکەکانی، بڕیارەکانی، رێوشوێنەکانی دامەزراندن، بەرپرسەکانی و ناونیشانە وەزیفەکانیان.
2. بوجەو تەرخانکراوەکانی، حسابە کۆتاییەکەی.
3. پرۆژە جێبەجێکراوەکانی، ئەو پرۆژانەی لە باری جێبەجێکردندان، ئەو پرۆژانەی بڕیارە بێنە جێبەجێکردن.
 4. ئەو خزمەتگوزاریانەی جێبەجێی دەکات رێگای بەدەستهێنانیان.
 5. ئەو سکاڵانەی پێشکەش کراون، ئەو ڕێوشوێنانەی لە بارەیانەوە وەریانگرتون.
بەڵام لە یاساکەی تورکیادا ئەو مەسەلەیە لە مادەی هەشتەمدا بەم شێوەیە چارەسەرکراوە:
مادەی 8 : ئەو زانیاری و بەڵگانەی کە بۆ هەموان بڵاو و ئاشکرا دەکرێن 
ئەو زانیاری و بەڵگانەی کە لە رێگەی بڵاوکردنەوە، بروشور، بەیاننامە یان لە رێگەی دیکەوە بۆ جەماوەر بڵاو و ئاشکرا دەکرێن نابێ وەک بابەتی داواکردنی زانیاری بێنە ژماردن. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا مێژوو، کەرەستەو شوێنی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکە یان بەڵگەکە دەدرێت بە داواکار.
 لەبەراوردکردنی هەردوو یاساکەدا دەردەکەوێت یاساکەی هەرێمی کوردستان وردەکاری زیاتری تێدایەو جۆری زانیاریەکانی دیاریکردوە، بە هەمان شێوە لە یاساکەی تورکیادا باس لە هەندێ زنیاریی کراوە کە لە شێوەی ، بروشور، بەیاننامەدا بڵاودەکرێنەوە، بەڵام یاساکەی هەرێم ئەم مەسەلەیەی زیاتر روونکردوەتەوە و کێشەکانی لەبەردەم جێبەجێکاری یاسا و داواکاری یاسا ئاسانتر کردوەو هیچ جۆرە لێکدانەوەیەکی لابەلای نەهێشتوەتەوە.
پرەنسیپی سێیەم: بەهێزکردنی حکومەتی کراوە
«پێویستە دامودەزگا گشتیەکان چالاکانە بانگەشە بۆ حکومەتی کراوە بکەن» 
یەکێکی دیکە لە بنەما سەرەکیەکانی حکومەتی دیموکرات بریتیە تەشەنەدان بە کرانەوەی هەموو دامودەزگاکان بەڕووی میدیاو هاوڵاتیاندا، بڵاوکردنەوەی راپۆرتی ساڵانەی کاروچالاکیەکان وسزادانی ئەوانەی دەبنە هۆی پێنەدانی زانیاری و شاردنەوە یان فەوتاندنی ئەو بەڵگەنامانەی پەیوەندیدارن بە ژیانی خەڵکەوە.
لە مادەی دووەمی یاساکەی کوردستان کە تایبەتە بە ئامانجەکان هاتوە:
یەکەم: توانادارکردن و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیانی هەرێم کە پراکتیزەی مافی خۆیان  بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بکەن کە لەلایەن دامودەزگاکای گشتی و تایبەتەکانەدا هەیە بە گوێرەی حوکمەکانی ئەم یاسایە.
دووەم: پشتگیریکردنی پرەنسیپەکانی شەفافیەت و بەشداری کارا بۆ چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراتی.
سێیەم: دابینکردنی کەشێکی لەبارتر بۆ ئازادی رادەربڕین و پەخش وبڵاوکردنەوە.
لەو ئامانجەی کە یاساکەی تورکیای بۆ دەرکراوە هاتوە:
مادەی یەکەم: ئامانج لەم یاسایە بریتیە لە رێکخستن ودانانی رێوشوێن بۆ مافی بەدەستهێنانی زانیاری بە پێی پرەنسیپەکانی یەکسانی و نەزاهەت و کرانەوە کە لە پێداوستیەکانی حکومەتێکی دیموکرات و شەفافە.
لە هەردوو یاساکەدا بەوردی ئەو پرەنسیپە رەچاوکراوەو دەرکردنی یاساکە خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی گرنگە لەو پێناوەدا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP