یارییه‌كانی‌ میدیای‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكدا
یارییه‌كانی‌ میدیای‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكدا ‌ 31/12/2016
خه‌ڵكیی له‌ ده‌ره‌وه‌‌و ناوه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكاش هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌وه‌ تێ بگه‌ن، چی‌ رووی‌ دا وا دۆناڵد تره‌مپ بووه‌ سه‌رۆك؟ یان بوونه‌ سه‌رۆكی‌ تره‌مپ مانای‌ چییه‌؟ به‌ تایبه‌ت ئه‌م پرسیاره‌یان بۆ ئه‌وانه‌ی‌ ناخۆی‌ ئه‌مریكا زۆر گرنگه‌، هه‌روه‌ها بۆ رۆڵی‌ ئه‌مریكاش له‌ جیهاندا، كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ئۆبامادا بچووك ببۆوه‌ گرنگه‌، له‌ كاتێكدا سه‌رۆكی‌ تازه‌ هه‌ڵبژێردراو هیچ ئه‌زموونێكی‌ حوكمڕانیی نییه‌، چونكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ سه‌رۆكه‌كانی‌ تره‌وه‌، نه‌ هیچ ئه‌ركێكی‌ سیاسی‌‌و ئیداری‌ هه‌بووه‌‌و له‌ خزمه‌تی‌ سه‌ربازیشی‌ كردووه‌ له‌ سوپای‌ ئه‌مریكادا.
بۆ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ هه‌ندێك له‌ پسپۆڕان پێیان وایه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ تره‌مپ هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دژی‌ سیاسه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانی‌ پێش خۆی‌ وه‌ستایه‌وه‌، وه‌ك سیاسه‌تی‌ ئۆباما له‌سه‌ر ئاستی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ پڕۆژه‌ی‌ چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ بۆ هاووڵاتیان جێبه‌جێ كرد‌و هه‌ندێك پێیان وایه‌ زۆر ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر حكومه‌ت، هه‌ر بۆیه‌ تره‌مپ بڕیاری‌ دا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌‌و به‌ شێوازی‌ بازاڕی‌ ئازادی‌ ئه‌مریكی‌ چاره‌سه‌ری‌ بكات. خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكا كاتێك ده‌نگیان دژی‌ هیلاری‌ كلینتۆن دا، واته‌ بڕیاریان دا، واته‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یان به‌ دڵ نه‌بوو.
هۆكارێكی‌ تر بۆ هاوده‌نگی‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڵ تره‌مپدا، هه‌ڵوێستی‌ تره‌مپ بوو به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆر، ئه‌وه‌بوو بڕیاری‌ دا ئه‌گه‌ر سه‌ر بكه‌وێت رێگه‌ له‌ موسوڵمانان ده‌گرێ كه‌ بچنه‌ خاكی‌ ئه‌مریكاوه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ به‌ روونی‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا ره‌نگی‌ ده‌دایه‌وه‌، كه‌ زۆر به‌ توندی‌ دژایه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كرد‌و 950 ملیۆن دۆلاریشی‌ خه‌رج كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب به‌ توندڕه‌و بناسێنێت.
تره‌مپ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا زۆر جه‌ختی‌ له‌سه‌ر هێزی‌ كاری‌ بیانی‌‌و كۆچی‌ نایاسایی‌و غه‌ریبه‌‌و په‌نابه‌ر كرده‌وه‌، كه‌ زیانێكی‌ زۆر به‌ ئابووری‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌گه‌یه‌نن، خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكاش زۆریان پێیان وایه‌ په‌نابه‌ران هه‌لی‌ كار بۆ ئه‌مریكاییه‌كان ناهێڵنه‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و خاڵه‌ فه‌رامۆش ناكرێ كه‌ هاووڵاتیانی‌ ئه‌مریكا هه‌ست ده‌كه‌ن هێز‌و هه‌یبه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌می‌ ئۆبامادا كه‌م بۆته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ هۆی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئۆباما ره‌چاوی‌ ده‌كرد‌و هیلاری‌ كلینتۆن-یش جێبه‌جێی‌ ده‌كرد‌و له‌ دۆسێكانی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران‌و مه‌سه‌له‌ی‌ روسیا‌و ئۆكرانیا‌و له‌ سوریاش لاواز دیار بوو.
جگه‌ له‌و هۆكارانه‌ش، گرتنه‌به‌ری‌ شێوازی‌ تایبه‌تی‌ جیاوازی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ ویلایه‌تێكه‌وه‌ بۆ ویلایه‌تێكی‌ تریش كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سێتی‌ خودی‌ هیلاری‌ كه‌ زۆر له‌ ئه‌مریكاییه‌كان خۆشیان ناوێت‌و به‌ كه‌سێكی‌ سارد‌و سڕی‌ ده‌زانن. به‌ڵام خاڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌دا ئه‌و رۆڵه‌ خراپه‌ بوو كه‌ میدیای‌ ئه‌مریكا بینی‌، كه‌ زۆر لایه‌نگری‌ هیلاری‌ ده‌كرد.
هه‌ره‌سی‌ میدیای‌ ئه‌مریكا
ئه‌مڕۆ زۆر له‌ چاودێره‌ ئه‌مریكاییه‌كان باس له‌ هه‌ره‌سی‌ میدیای‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ دوو روانگه‌وه‌. یه‌كێكیان دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ بابه‌تیبوون‌و بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك راپرسی‌ كه‌ گوایه‌ كاندیدی‌ كۆمارییه‌كان هیچ ده‌رفه‌تێكی‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌به‌رده‌مدا نییه‌. دووه‌میشیان چڕ كردنه‌وه‌ی‌ هێرشه‌كان بۆ سه‌ر كه‌سایه‌تی‌ تره‌مپ‌و ژیانی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌و كاندیده‌‌و هه‌ندێك له‌ قسه‌ ره‌قه‌كانی‌ له‌باره‌ی‌ كۆچه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ باسی‌ پڕۆژه‌ سیاسی‌‌و ئابوورییه‌كانی‌ بكه‌ن. خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكا كاتێك گوێیان له‌ دۆناڵد تره‌مپ ده‌گرت، زۆر جیاواز بوو له‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌‌و كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن بڵاویان ده‌كرده‌وه‌. میدیا به‌ خراپ باسی‌ كه‌سێتی‌ تره‌مپ-ی‌ ده‌كرد، له‌ كاتێكدا ژیانی‌ تاكه‌كه‌سی‌ هیلاری‌ له‌و باشتر نه‌بوو، ئێستاش خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكا دۆسێی‌ ئابڕووچوونه‌كه‌ی‌ بیل كلینتۆن-یان بیر نه‌چۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ مۆنیكا لوینسكی‌-دا. به‌ڵام تره‌مپ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ی‌ میدیادا زیاتر په‌نای‌ بۆ فه‌یسبووك برد‌و به‌كاری‌ هێنا. براد باسكال به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ تره‌مپ له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، تویته‌ر‌و فه‌یسبووك كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رخستنی‌ تره‌مپ-دا. هه‌ر له‌ رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكیشه‌وه‌ توانرا 250 ملیۆن دۆلار كۆ بكرێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌یانبه‌خشی‌. هیلاری‌ 200 ملیۆن دۆلاری‌ له‌ ریكلامی‌ ته‌له‌ڤزیۆنیدا خه‌رج كرد، به‌ڵام تره‌مپ پشتی‌ به‌ سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ست.
تایبه‌تمه‌ندی‌ سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
سایته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌وه‌ ناسراون كه‌ كورتبڕن‌و به‌ كورتی‌‌و ساده‌یی بابه‌ته‌كان ده‌خه‌نه‌ روو، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ر تاقه‌تی‌ بابه‌تی‌ دوور‌و درێژ‌و ئاڵۆزی‌ نییه‌‌و ده‌یه‌وێ له‌ ماوه‌ی‌ سێ ده‌قه‌دا له‌ هه‌واڵ‌و بابه‌ته‌كه‌ تێ بگات، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای‌ كرد تره‌مپ سه‌ركه‌وتوو بێت. تره‌مپ له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و سایتانه‌وه‌ هه‌ندێك جار قسه‌ی‌ ره‌قی‌ ده‌كرد‌و بابه‌تێكی‌ ده‌وروژاند، پاشان خه‌ڵكی‌ به‌ ئه‌رێنی‌ یان نه‌رێنی‌ وه‌ڵامیان ده‌دایه‌وه‌‌و ده‌بووه‌ مشتومڕ، دواتر كه‌ناڵه‌ ره‌سمییه‌كانیش ناچار ده‌بوون باسی‌ بكه‌نه‌وه‌‌و تره‌مپ باڵاده‌ست ده‌رده‌كه‌وت‌و جه‌ماوه‌ری‌ زیادی‌ ده‌كرد.
هه‌وڵه‌كانی‌ تێگه‌یشتن له‌ هۆكاری‌ سه‌ركه‌وتنی‌ تره‌مپ به‌رده‌وام ده‌بێت‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌كان‌و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كان درێژه‌ی‌ پێ ده‌درێت، تا بزانرێ چۆن تره‌مپ بووه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماڵپه‌ڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاریگه‌ریی جۆرییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌. راگه‌یاندنی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ تره‌مپ رانه‌وه‌ستاوه‌‌و به‌رده‌وام هه‌وڵی‌ داوه‌ جه‌ماوه‌ر له‌ دژی‌ هان بدات، به‌ڵام ئه‌و ستراتیژه‌ مه‌ترسی‌ بۆ دروست نه‌كرد‌و ئێستا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكایه‌. خۆ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر دژایه‌تی‌ كردنی‌ تره‌مپ هه‌روا به‌رده‌وام بێت، دابه‌شبوون‌و په‌رتبوونی‌ سیاسی‌‌و ره‌گه‌زی‌ له‌ ناو ئه‌مریكادا روو بدات. هێشتا سه‌ره‌تایه‌‌و پێشبینییه‌كان بۆ شێوازی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ تره‌مپ زۆرن، به‌ڵام ته‌نها پێشبنی‌ ده‌بن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ كاتی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌. هه‌روه‌ك ئه‌و په‌نده‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێ: رۆما له‌ سه‌ره‌وه‌ وه‌ك رۆما نییه‌ له‌ خواره‌وه‌.

گۆڤاری‌ (المجله‌) 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7277
26/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP