راپرسییه‌كان سیاسه‌ت دروست ناكه‌ن
راپرسییه‌كان سیاسه‌ت دروست ناكه‌ن ‌ 31/12/2016
توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌نته‌ری‌ بیۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرا كرد، كه‌ 65%ی‌ كۆمارییه‌كان‌و 73%ی‌ دیموكراته‌كانی‌ ئه‌مریكا خوازیارن سه‌رۆكی‌ نوێ گرنگی‌ زیاتر له‌ كاروباری‌ ناوخۆ بدات وه‌ك له‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات. دوو له‌سه‌ر سێی‌ لایه‌نگرانی‌ دۆناڵد تره‌مپ-ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكاش پێیان وایه‌ ئه‌مریكا به‌هۆی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ له‌ ئابووری‌ جیهانییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. 61%ی‌ هاووڵاتیانی‌ ئه‌مریكا‌و 71%ی‌ كۆمارییه‌كانیش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا هه‌یبه‌ت‌و رێزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ جارانی‌ نه‌ماوه‌.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌ وردی‌ سه‌یری‌ بكه‌ین، ده‌بینین گۆده‌نگیی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان ته‌واو نییه‌‌و راڕایی هه‌یه‌. له‌ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵی‌ دواییدا رێژه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ لایه‌نگری‌ زیاد كردنی‌ خه‌رجی‌ به‌رگرین له‌ ناو كۆمارییه‌ پارێزكاره‌كاندا سێ هێنده‌ زیادی‌ كردووه‌‌و گه‌یشتۆته‌ 67% كه‌ پێشتر 20% بووه‌. كۆمارییه‌كان به‌وه‌ ناسراون كه‌ هه‌میشه‌ ویستوویانه‌ به‌رگری‌ نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز بێت. به‌ڵام هه‌ر خۆشیان به‌م دواییانه‌ زۆر سڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌. هه‌ر راپرسییه‌كانیش ده‌ری‌ ده‌خه‌ن كه‌ 74%ی‌ كۆمارییه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌مریكا وه‌ك پێویست شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشی‌ نه‌كردووه‌ له‌ عیراق‌و سوریا‌و 62%ی‌ كۆمارییه‌كانیش پێیان وایه‌ ئه‌مریكا ده‌بێ هێزی‌ زیاتر بنێرێت. دیموكراته‌ لیبراڵه‌كانیش پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وانن‌و 75%یان دژی‌ ناردنی‌ هێزی‌ زیاترن. كه‌واته‌ جیاوازییه‌كه‌ زۆر زۆره‌.
سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكاش به‌ هه‌مان شێوه‌ 67%ی‌ كۆمارییه‌كان خوازیارن ئه‌مریكا له‌ لوتكه‌دا بێت له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان، به‌ڵام دیموكراته‌كان ته‌نها 35%یان ئه‌و بۆچوونه‌ په‌سه‌ند ده‌كه‌ن‌و جیاوازییه‌كه‌ زۆر زۆره‌.
مه‌سه‌له‌ی‌ پێوانه‌ كردنی‌ رای‌ گشتی‌ ده‌یان ساڵه‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌‌و قورسی‌ ده‌زگاكانی‌ تایبه‌ت به‌ راپرسییه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ كاتێك پرسیار له‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت داخۆ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان گرنگترن، یان مه‌ترسییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریان كێشه‌ ناوخۆییه‌كان به‌ گرنگتر ده‌زانن. له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ باراك ئۆباما بۆ ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵ لای‌ كۆمارییه‌كان‌و دیموكراته‌كانیش رێژه‌كه‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بوو، ئه‌ویش 79% بوو. به‌ڵام سه‌نته‌ری‌ بیۆ كاتێك له‌ خه‌ڵكی‌ پرسی‌ رۆڵی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان چۆن بێت، 12%یان پێیان وابوو ئه‌مریكا سه‌ركرده‌ی‌ جیهانه‌. به‌ڵام گۆڕانكاری‌ كوتوپڕیش نابێ له‌ یاد بكرێت، له‌ ماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵی‌ رابردوودا سه‌نته‌ری‌ بیۆ سێ جار ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرا كردووه‌ كه‌ رای‌ گشتی‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌ گرنگی‌ به‌ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بدات، هه‌ر جارێكیش له‌و جارانه‌ بوژانه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ دوای‌ خۆیدا هێناوه‌.
ئه‌م ئاڵۆزییه‌ له‌ رای‌ گشتیدا، بیهێنه‌ پێش چاوی‌ خۆت چۆن دۆناڵد تره‌مپ تێده‌گه‌یه‌نیت كه‌ كاریگه‌ری‌ رای‌ گشتی‌‌و راپرسییه‌كان چی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌. له‌لایه‌ك راپرسییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رای‌ گشتی‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونی‌ تره‌مپ كۆك نییه‌ به‌ تایبه‌تی‌ كه‌ ده‌ڵێ هاوپه‌یمانییه‌كانی‌ ئه‌مریكا كۆن بوون‌و به‌سه‌ر چوون، چونكه‌ 77%ی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكا پێی‌ وایه‌ ئه‌ندامبوونی‌ ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی‌ ناتۆدا به‌ قازانجی‌ وڵاته‌كه‌یانه‌. هه‌روه‌ها ده‌نگده‌ران له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ ئه‌مریكاش له‌ شه‌ڕی‌ سوریا، له‌گه‌ڵ تره‌مپ كۆك نین، بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ زیاد كردنی‌ خه‌رجی‌ به‌رگریش به‌ هه‌مان شێوه‌. 
به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ راپرسییه‌كان كۆده‌نگی‌ ده‌رناخه‌ن سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی‌ ئه‌مریكا له‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ شه‌پۆله‌كان سێ ساڵیش ده‌بێ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئاراسته‌وه‌ ده‌ڕۆن. سه‌نته‌ری‌ بیۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرا كرد كه‌ 55%ی‌ بێلایه‌نه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان به‌زیاده‌وه‌ كاری‌ كردووه‌، ئه‌م رێژه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ پێویستی‌ پێیه‌تی‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و رێژه‌یه‌ كه‌م بۆته‌وه‌ بۆ 43%. له‌به‌ر ئه‌وه‌ قورسه‌ ئه‌گه‌ر پشت به‌ راپرستی‌ ببه‌ستین بۆ دروست كردن‌و بنیاتنانی‌ سیاسه‌تێكی‌ دیاریكراو، چونكه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكا ناوبه‌ناو ئامانجی‌ جیاجیا هه‌ڵده‌بژێرێت، كه‌ هه‌ندێك جار دژ به‌یه‌كیشن. له‌ حه‌فتاكاندا راپرسییه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه‌ خه‌ڵكی‌ لایه‌نگری‌ رێكه‌وتن‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ چه‌كن، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا له‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێت دڵنیان نه‌بوون‌و پێشكه‌وتنی‌ ئه‌وانیان نه‌ده‌ویست. ئه‌مڕۆش خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكا به‌ پێی‌ راپرسییه‌كان ده‌یانه‌وێ ئه‌مریكا پێشڕه‌وی‌ جیهان بێت، له‌ هه‌مان كاتدا نایانه‌وێ سه‌رۆكه‌كه‌یان كاروباری‌ ناوخۆ پشتگوێ بخات. هه‌ر بۆیه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ دۆناڵد تره‌مپ ئه‌م دژبه‌یه‌كییه‌ی‌ رای‌ خه‌ڵك بقۆزێته‌وه‌‌و به‌كاری‌ بهێنێت.
گۆڤاری‌ (المجله‌) 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7198
19/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌ورۆز قۆناغی پێش كۆتایی و سیروانی نوێش مانه‌وه‌ی‌ مسۆگه‌رگرد 19/2/2017
‌ عیراق روبه‌ڕوی كۆریای باشوور ده‌بێته‌وه‌ 19/2/2017
زانست
‌ 500 پارچه‌ ئاسه‌وای‌ نایاب گه‌ڕێندرانه‌وه‌ ئێران 17/2/2017
‌ ره‌نگه‌ گه‌نمه‌شامیی كۆتایی بێت‌و نه‌مێنێت 14/2/2017
‌ مادده‌یه‌كی به‌هێزتر له‌ پۆڵا له‌ زه‌یتی چێشتلێنان 14/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP