له‌ یادی 38 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا
له‌ یادی 38 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا ‌ ئاوات كۆكه‌یی‌ 30/4/2017
شه‌هید فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ناسراو به‌سیروان تاڵه‌بانی، ساڵی 1946 له‌كه‌ركوك له‌دایكبووه‌، له‌ ته‌مه‌نێكی‌ كه‌مدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌یه‌كێتی قوتابیانی‌ كوردستانه‌وه‌و چالاكانه‌ له‌ناوڕێكخستنه‌كانی ئه‌وكاته‌ی‌ پ.د.ك كاریكردووه‌، لێپرسراوی لقی‌ یه‌كێتی‌ قوتابیانی‌ كوردستان بووه‌ له‌كه‌ركوك، دوای ئاشكرابوونیشی له‌لایه‌ن ڕژێمی‌ ئه‌وكاته‌ی عیراقه‌وه‌ په‌یوه‌ندیكرد به‌شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌و به‌شداریی‌ سه‌رجه‌م نه‌به‌ردییه‌كانی‌ كردووه‌.
دوای ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری 1970 كراوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ شاره‌وانی‌ خانه‌قین.
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕه‌نجده‌رانی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی شه‌هیدان خاڵه‌ شیهاب و كاك ئارامه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌وه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كان.  
پاش نسكۆی‌ شۆڕش له‌ساڵی 1975 توانی‌ چه‌ندین شانه‌ی‌ رێكخستن له‌كه‌ركوك و به‌غداو چه‌ند شارێكی دیكه‌ی خواروی‌ عیراق دروستبكات، پاش فراوانبوونی‌ ڕێكخستنه‌كان كۆمیته‌ی‌ (ئاگر) دروستكراو شه‌هید سیروان كرا به‌لێپرسراوی‌ كۆمیته‌كه‌، دوای ئاشكرابوونی له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌، شه‌هید گوێزرایه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌ و له‌وێ‌ درێژه‌ی‌ به‌ كاری‌ ڕێكخستندا.
ساڵی 1976 كه‌بڕیاری‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ چه‌كداری‌ درا، سیروان تاڵه‌بانی‌ یه‌كێك بوو له‌وچواركه‌سه‌ی كه‌وه‌ك یه‌كه‌مین مه‌فره‌زه‌ی شۆڕشی نوێ له‌گه‌ڵ هاوڕێیان شه‌هید شه‌ماڵی باخ و شه‌هید ئه‌نوه‌ر مه‌جید سوڵتان و حه‌مه‌سه‌عید قه‌ڵه‌و له‌ناوچه‌ی شارباژێر ده‌ستیان به‌خه‌باتی چه‌كداریی كردو یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی ی.ن.ك له‌لایه‌ن شه‌هید سیروان و هاوڕێكانی بڵاوكرایه‌وه‌، دواتر سیروان تاڵه‌بانی كرا به‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ.
شه‌هید سیروان خۆشه‌ویستی ناو خه‌ڵكی بووه‌و چه‌ندین منداڵ له‌ناوچه‌كانی‌ كوردستان به‌ناوی‌ ئه‌وه‌وه‌ ناونراون.
رژێمی به‌عس كه‌ دڵنیابوو له‌وه‌ی ناتوانێ له‌روی ئیمتیازو سامانه‌وه‌ شه‌هید سیروان فریو بدات، ئینجا له‌ڕێگه‌ی گوشاره‌وه‌ هه‌وڵیداو دایكی و هه‌موو براكانی‌ ڕاپێچی‌ زیندان كران، به‌ڵام ئه‌و شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌ ملی بۆ خواسته‌كه‌ی دوژمن نه‌داو سووتر بوو له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی شۆڕگێڕانه‌ و چالاكییه‌كانی.

 پێنج برای شه‌هید
شه‌هید سیروان به‌یه‌كێك له‌ داهێنه‌رانی چالاكییه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ داده‌نرێت له‌ناو شاردا، له‌و ڕووه‌وه‌ چه‌ندینجار  له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ و شاره‌كانی‌ دیكه‌ چالاكی‌ ئه‌نجامداوه‌و سه‌ركردایه‌تی‌ و فه‌رمانده‌یی‌ ده‌یان داستان و نه‌به‌ردی‌ تۆمار كردووه‌.
هه‌روه‌ها ته‌واوی بنه‌ماڵه‌و خێزانه‌كه‌شی به‌شداری‌ شۆڕشیانكردووه‌، جگه‌ له‌خۆی‌ چوار برای‌ دیكه‌شی پێشمه‌رگه‌ بوون ئه‌وانیش شه‌هیدان (ئه‌یوب و عومه‌ر و خالید و غه‌ریب) بوون، پاشان هه‌ریه‌كێك له‌وانیش له‌مه‌یدانه‌ جیاجیاكانی‌ خه‌باتدا شه‌هید بوون.
شه‌هید سیروان له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تیدا كه‌ بڕێكی‌ باش چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو بۆ هه‌رێمه‌كه‌ی، ئیستخباراتی‌ عه‌سكه‌ریی كه‌ ده‌مێك بوو له‌هه‌وڵی شه‌هیدكردنی سیروان تاڵه‌بانیدابوو، له‌بۆسه‌یه‌كدا و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا، له‌ گوندی‌ (زێڕینجۆ)ی ناوچه‌ی شاره‌زوور، له‌شه‌وی 29-30/4/1979 توانی سیروان تاڵه‌بانی و حه‌سه‌ن خاوێی و  نه‌جات كه‌ركوكی‌ و محه‌مه‌د حاجی بارام و عه‌لی چه‌له‌بی و حاجی چاوشین، شه‌هید بكات.

شه‌هید حه‌سه‌ن خاوێیی
ساڵی‌  1940 له‌دایكبووه‌، له‌ شۆڕشی ئه‌یلول سه‌رلق بووه‌، ئازاو قاره‌مان بووه‌و به‌شداری ده‌یان نه‌به‌ردیی كردووه‌.
ساڵی‌ 1963 په‌یوه‌ندی‌ كردووه‌  به‌پارتی‌ شۆڕشگێڕی‌ كوردستانه‌وه‌و درێژه‌ی به‌ خه‌بات داوه‌، ئاواره‌ی‌ ئێران بووه‌و پاشان ساڵی‌1965 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆكوردستان و له‌شه‌ڕی‌ كۆڕه‌ك به‌سه‌ختی‌ بریندار كراوه‌.
دوای نسكۆی 1975و پاش  ئه‌وه‌ی‌ كه‌زانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕه‌نجده‌رانی‌ كوردستان درووست بووه‌ په‌یوه‌ندیكرد  به‌و رێكخراوه‌وه‌و چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی رێكخستنی راده‌په‌ڕاند، دوای ئاشكرابونیشی بوو به‌پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ 5ی‌ قه‌ره‌داغ بوو به‌پێشمه‌رگه‌، هاوڕێی نزیك و خۆشه‌ویستی سیروان تاڵه‌بانی‌ بوو، هه‌ر له‌و خۆشه‌ویستیه‌شه‌وه‌   كوڕێكی خۆی ناوناوه‌ (سیروان).
شه‌هید حه‌سه‌ن پله‌كانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ بڕیوه‌و  كراوه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رتی‌ 2ی‌ بازیان له‌هه‌رێمی‌ 5ی‌ قه‌ره‌داغ، دواتر بۆته‌ جێگری‌ فه‌رمانده‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌.
به‌شداری‌ و فه‌رمانده‌یی‌ سه‌رجه‌م نه‌به‌ردییه‌كانی‌ سنووری‌ هه‌رێمه‌كه‌ی كردووه‌و له‌چالاكی مه‌فره‌زه‌كانی ناوشاریش ڕۆڵی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بووه‌.

شه‌هید  نه‌جات كه‌ركوكی‌
ساڵی‌1962 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تێكۆشه‌ر له‌دایكبووه‌و له‌ ته‌مه‌نێكی‌ زۆرمدا بووه‌ به‌پێشمه‌گه‌ له‌هه‌رێمی‌ 5ی‌ قه‌ره‌داغ، به‌شداری‌ زۆربه‌ی‌ نه‌به‌ردی‌ و شه‌ڕه‌كانی‌ سنووری‌ هه‌رێمه‌كه‌ی‌ كردووه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ڕۆح سوك و چاو نه‌ترس بووه‌و چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی‌  پێشمه‌رگایه‌تی‌ جێبه‌جێكردووه‌.

شه‌هید محه‌مه‌د
ساڵی 1944 له‌دایكبووه‌، له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ له‌سنووری هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ و ناوه‌ نهێنیه‌كه‌ی (شاخه‌وان) بووه‌، تاساڵی 1977 به‌رده‌وام بووه‌ له‌كاری رێكخراوه‌ییدا، پاشان بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمی پێنج.

شه‌هید عه‌لی چه‌له‌بی
 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی كورد په‌روه‌رو دڵسۆز  به‌كیشه‌ی ره‌وای میلله‌ته‌كه‌ی له‌دایكبووه‌، له‌سه‌ره‌تای لاوێتییدا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ناوشار  چه‌ندین چالاكی ئه‌نجامداوه‌، پاشان بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ،  له‌ژیانی خه‌باتی شاخیشدا كه‌سێكی ئازاو رۆح سوك بووه‌.

شه‌هید حاجی چاوشین
له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی كورد په‌روه‌رو شۆڕشگێڕ له‌دایكبووه‌، له‌سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌ تێكه‌ڵی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد بووه‌و له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان په‌یوه‌ندی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، ئازایانه‌و قاره‌مانانه‌ ئه‌ركه‌ شۆڕشگێڕییه‌كانی جێبه‌جێكردووه‌، تاله‌دواجاردا كاتێك له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له‌سه‌ركردایه‌تی ده‌گه‌ڕانه‌وه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان هێنابوو بۆ سنووری هه‌رێمه‌كه‌یان، كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی دوژمنه‌وه‌و شه‌هید كران.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP