میدیای كوردی له‌ دۆخی‌ شپرزه‌یی‌ دا
میدیای كوردی له‌ دۆخی‌ شپرزه‌یی‌ دا ‌ 5/5/2017
ژیمان عه‌بدولره‌حمان
له‌ قۆناغی ئێستادا میدیا ڕۆڵێكی كاریگه‌ر و دیاری له‌ ئاڕاسته‌كردنی ڕوداوه‌كان و سیاسه‌تی جیهاندا هه‌یه‌ ، ده‌توانێت كاریگه‌ری باش و خراپ له‌ دروست كردنی ئاشته‌وای نیشتیمای و ئاسایشی نیشتیمانیدا دروستبكات و ڕۆڵی به‌رچاو له‌ ئاراسته‌كردنی تاك و كۆمه‌ڵدا ببینێت، میدیاكان توانای شاردنه‌وه‌و دروستكردنی ڕوداو ڕایگشتیان هه‌یه‌.
له‌م ڕاپۆرته‌دا كه‌سانی پسپۆڕ و ئه‌كادیمی له‌بواری میدیادا پێیان وایه‌ میدیا كوردی له‌ دۆخێكی شپرزه‌یدایه‌ و زۆر كات به‌شێك بووه‌ له‌ قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌ناوخۆی و ئاڵۆزیه‌كانی هه‌رێم و شڵه‌ژانی ده‌رونی لای تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ دروست كردووه‌.

میدیای كوردی له‌ دۆخێكی چه‌قبه‌ستودایه‌
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا- نوسه‌ر و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ ماسمیدیا ، ده‌ڵێ: دۆخی ئێستای میدیای كوردی،  به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، درێژكراوه‌ی ئه‌و تایپه‌ چه‌قبه‌ستووه‌یه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ له‌سه‌ری ڕاهاتووه‌و درێژه‌ی پێده‌دات. ئه‌ندازه‌ی ده‌رچوونیش له‌ بنه‌ماكانی پیشه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌رگریش(بینه‌ر، بیسه‌ر، خوێنه‌ر) درك به‌ هه‌ندێ هه‌ڵه‌و لادان و مه‌رامی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بازرگانیی رووتی میدیای كوردی بكات چ جای خه‌ڵكه‌ ئه‌كادیمییه‌كه‌ كه‌ به‌ زمانی داتاو ئامارو توێژینه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی ناۆڕۆكی په‌یامه‌كان ئیشده‌كات.
 ئه‌و تایپه‌ی كه‌ ده‌قی پێوه‌ گیراوه‌، له‌ بواری میدیای هه‌واڵیدا، بریتییه‌ له‌: یان وروژاندن و زێده‌رۆیی و بڵاوكردنه‌وه‌ی فۆبیا له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه‌، یاخود به‌رگریی نابابه‌تی و ده‌مارگیرانه‌ له‌ هێڵه‌ سیاسییه‌كانی ناو كایه‌ی سیاسیمان، یه‌كه‌میان ئه‌و جۆره‌ له‌میدیای كوردی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات كه‌ خۆی وا پۆلێنكردووه‌ میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆبێت له‌كاتێكدا چه‌مكی سه‌ربه‌خۆبوون له‌زانستی مامسیمیدیادا له‌هه‌موو سه‌رده‌مێك زیاتر له‌ژێر ره‌خنه‌و گوماندایه‌، دووه‌میشیان ئه‌و تایپه‌یه‌ له‌ میدیا كه‌ راسته‌وخۆ گرێدراوی روانگه‌ی سیاسی و ته‌مویل و به‌رژه‌وه‌ندیی گروپه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌. هه‌ردوو ئه‌م تایپه‌ له‌ میدیا، ساڵانێكه‌، بێ گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاو له‌ سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌و رووماڵكردن به‌رده‌وامن، به‌رپرسانی ناو كه‌ناڵه‌كانیش كه‌ به‌شێكی به‌رچاویان شاره‌زایی تیۆری و زانستی و ئه‌كادیمییان له‌بواری میدیادا نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها به‌ شێوه‌ی هاوی و سه‌لیقه‌و ئه‌زموونی تایبه‌تی كارده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌، به‌ راده‌یه‌ك له‌خۆبایین كه‌ رێگر بێت له‌وه‌ی به‌ دیدی ره‌خنه‌یی له‌هه‌ڵه‌كانی خۆیان بڕوانن و چاوبگێڕنه‌وه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌كانیاندا، له‌وه‌ش خراپتر، ئه‌و مه‌غروربوونه‌، ببێته‌ هۆی چه‌قبه‌ستن له‌گوتارو ته‌كنیك و كوالیتیی پیشه‌یی ده‌زگاكانیان. 

ئیتیكی كاری ڕۆژنامه‌وانی پێشێل ده‌كرێت
 وتیشی، بێگومان، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، رووداوێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ تا راده‌یه‌كی هه‌ستپێكراو ئیتیكی رۆژنامه‌نووسیش پێشێل بكرێت، هاوسه‌نگیی له‌ كاردا له‌ده‌ست بدرێت، بابه‌تیبوون پشتگوێ بخرێت، یاری به‌ زانیارییه‌كان بكرێت و هه‌ندێ راستی هه‌ن بشاردرێنه‌وه‌ یان به‌لاوه‌ بخرێن. له‌زانستی میدیادا پتر له‌ تیۆرێكمان هه‌یه‌ بۆ ئاشكراكردنی ئه‌م گه‌مه‌ ناشیرینانه‌ی ناو جیهانی میدیا كه‌ له‌واقعی ئیمه‌دا به‌ چڕی ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌، له‌بواری میدیای هه‌واڵیدا تیۆری «له‌چوارچێوه‌دان»مان هه‌یه‌، بۆ میدیاش به‌ گشتی تیۆری «ده‌رگاوان» و هه‌ندێ تیۆری دیكه‌ش..ئه‌م تیۆرانه‌ ده‌بنه‌ كه‌ته‌لۆكێكی زانستی بۆ دۆزینه‌وه‌ی خاڵ لاوازییه‌كان و موقاره‌به‌كردنی لادانه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌ میدیادا. من هیوادارم كه‌ میدیای كوردی و به‌رده‌ستانی ناوی، رێز له‌بواره‌كه‌ی خۆیان بگرن و یاری به‌ عه‌قڵی وه‌رگر نه‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌رگر له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانی ئه‌زموونه‌كاندا هۆشیارتر ده‌بێت. ئه‌مڕۆ خه‌ڵكێكی زۆر له‌میدیای كوردی تۆراوه‌، نه‌ رۆژنامه‌ ئه‌خوێنێته‌وه‌، نه‌ گوێ له‌بابه‌ته‌ جدییه‌كانی رادیۆكان ده‌گرێت، نه‌ تاقه‌ت و كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی خۆی به‌دیار به‌رنامه‌ چه‌له‌حانێكان و دیداره‌ ساردوسڕو بێ گیانه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كان به‌ فیڕۆ بدات. وه‌رگری كورد له‌ میدیای كوردی تۆراوه‌و به‌ ناچاری نه‌بێت موتابه‌عه‌ی ناكات

میدیای كوردی له‌ قه‌یراندایه‌
چرۆ شه‌هاب، مامۆستای زانكۆ و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ بواری میدیا بۆ پێیوایه‌: ئه‌مڕۆ میدیای كوردی له‌ سێ قه‌یراندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ئه‌وانیش قه‌یرانی (میسداقیه‌ت، ئابوری و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی)، كه‌ چه‌ندین میدیای كوردی به‌هۆی خراپی باری ئابوریه‌وه‌ داخراون، هه‌روه‌ها قه‌یرانی ڕۆژنامه‌ی كاغه‌زمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا كه‌متریین خوێنه‌ری هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی گه‌شه‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیاوه‌یه‌.
هه‌روه‌ها قه‌یرانی دروست كردنی میدیایه‌كی نیشتیمانیمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێت، ململانێكان زۆر توندن له‌نێوان میدیای حیزبی و میدیای به‌ناو سه‌ربه‌خۆ و میدیای سێبه‌ری پارته‌ سیاسیه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ لای خۆیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت جیاواز بێت له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان. 

میدیای كوردی شپرزه‌ی پێوه‌ دیاره‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌مڕۆ میدیا بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پرسانه‌ی له‌ناوخۆ هه‌یه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ڕای گشتی ده‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك جار به‌ شێوازێكی سلبی بۆ ئێمه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ ، من باس له‌وه‌ ناكه‌م هه‌ندێك پرس بشاردرێته‌وه‌ یان باس نه‌كرێت له‌ میدیاكاندا، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیمان ئه‌وه‌نده‌ به‌رز بێت هه‌ندێك بابه‌ت باس نه‌كرێت له‌به‌ر هه‌ستیاری دۆخه‌كه‌ ، ڕه‌نگه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ پلانی ستراتیژی ناوچه‌كه‌و پارته‌ سیاسیه‌كان بێت،. لایه‌نێكی دیكه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ میدیای كوردی جۆرێك له‌ شپرزه‌ی پێوه‌ دیاره‌ ، ده‌بێت بگه‌ڕێین به‌دوای هۆكاره‌كانی ئه‌و شپرزه‌یه‌داو چاره‌سه‌ری بكه‌ین.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ لایه‌نه‌ گرنگه‌كانی میدیا ڕه‌چاوكردنی باری ده‌رونی كۆمه‌ڵ و تاكه‌كانه‌ كه‌ به‌ڕای زۆرێك له‌كه‌سانی پسپۆڕ له‌و بواره‌دا میدیای كوردی به‌شێك بووه‌ له‌ دروستكردنی شڵه‌ژانی ده‌رونی و تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵ.


زۆرێك له‌ هه‌واڵه‌كان دوفاقی دروست ده‌كات
ته‌ها حسێن، توێژه‌ری ده‌رونی و مامۆستای زانكۆ ده‌ڵێ: میدیاو ڕۆڵی  سایكۆلۆژیا له‌ میدیادا دوو بابه‌تن له‌یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه‌ هه‌میشه‌ دوو بابه‌تن له‌ هه‌موو دنیادا ئه‌گه‌ر بته‌وێت كارێكی میدیایی ڕێكخراو و پڕۆفێشناڵ بكه‌یت ، ده‌بێت كه‌سانێكی ده‌روونناس كه‌سانێكی پرۆفێشناڵ له‌بواری سایكۆلۆژیدا له‌ پشتی میدیاكانه‌وه‌ بونیان هه‌بێت ، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه‌ ڕاگه‌یاندن زه‌نگێكی خێرایه‌ زوو ده‌چێته‌ هه‌موو ماڵه‌كانه‌وه‌ زوو كارده‌كاته‌ سه‌ر ڕه‌فتارو بیركردنه‌وه‌و سلوكی گشتی خه‌ڵك ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كه‌سانێكی پسپۆڕ له‌ بواری ده‌رونیدا له‌ پشتی میدیاكانه‌وه‌ ڕۆڵ ده‌گێڕن ، له‌وه‌ی كام بابه‌ته‌ له‌ ڕوی ده‌رونی، په‌روه‌رده‌ی، سیاسی و سایكۆلۆژیاوه‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی ژیانی خه‌ڵك ئه‌مه‌ وه‌ك لایه‌نی گشتی میدیا.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری میدیای كوردی بكه‌ین ته‌واو ئه‌م بابه‌ته‌ فه‌رامۆش كراوه‌ هه‌واڵ و به‌رنامه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك دائه‌ڕێژرێت كه‌ هیچ كات كه‌سانی پسپۆڕ و ده‌رونی ئاگایان له‌و داڕشتنه‌ نیه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی كات هه‌واڵه‌كان شڵه‌ژانی ده‌رونی  و كێشه‌و دوفاقی دروست ده‌كات ، گرژی و ئاڵۆزی له‌ناو خه‌ڵكدا دروست ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و هه‌واڵه‌ چۆن داڕێژراوه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌ بڕوای من له‌ كوردستان ئه‌و به‌شه‌ی پێی ده‌وترێت كاریگه‌ری ده‌رونی له‌سه‌ر ڕۆڵی میدیا به‌ شێوه‌ پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌ نێگه‌تیڤه‌كه‌ی هه‌یه‌ ، میدیاكان كێبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ زۆر سه‌یری ده‌كات یاخود هه‌واڵ و بابه‌ته‌كانی ده‌خوێنێته‌وه‌ نه‌وه‌ك كێبڕكێیان بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كامه‌ باشه‌و په‌روه‌رده‌ییه‌ ئه‌نجامیبده‌ن ، بۆیه‌ زۆر كات میدیا له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا كێشه‌ دروست ده‌كات له‌بری ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات .
ڕونیشی كرده‌وه‌،  بابه‌ته‌ ده‌رونیه‌كان له‌گه‌ڵ میدیا دوو توخمن كه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ شانبه‌شانی یه‌ك كاربكه‌ن، چونكه‌ بابه‌ته‌كانی سایكۆلۆژیا له‌ خزمه‌تی باری سایكۆلۆژی، ده‌رونی ، سلوكی ده‌رونی گشتی خه‌ڵك و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكدایه‌  له‌ خزمه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و ئارامی ده‌رونی خه‌ڵكدایه‌ ، ئامانجی میدیاش هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بێت شانبه‌شانی یه‌ك كاربكه‌ن و بچنه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌، به‌ڵام له‌ كوردستاندا ئه‌مه‌ وانیه‌ شته‌كان پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌ .
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی میدیا بونی سۆشیال میدیایه‌ كه‌ ڕۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌بینێت له‌ گه‌یاندنی هه‌واڵ و بابه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كاندا.

سۆشیال میدیا بۆته‌ به‌دیلێكی به‌هێز بۆ میدیای كوردی
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، وه‌رگری كورد له‌ میدیای كوردی تۆراوه‌و به‌ ناچاری نه‌بێت موتابه‌عه‌ی ناكات، پاشان سۆشیال میدیاش بۆته‌ به‌دیلێكی به‌هێز بۆ میدیای كوردی، ئه‌وه‌ی ئینسانی كورد هه‌ست ده‌كات میدیاكانی كوردستان نایڵێن و ئه‌یشارنه‌وه‌، ئه‌و له‌ واڵاكه‌ی خۆی و له‌ ئه‌كاونه‌ته‌ تایبه‌تییه‌كه‌یدا بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌و سانسۆرێك ده‌ری ده‌بڕێت، بۆیه‌ میدیای كوردی له‌دواوه‌یه‌و ئێستا ناچاربووه‌ كه‌ له‌ رێی فرێزه‌ری سۆشیال میدیاوه‌ رێ له‌ به‌سه‌رچوونی خۆی بپارێزێت.

سۆشیال میدیا بۆته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ میدیاكان
چرۆ شه‌هاب، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لایه‌نێكی دیكه‌ بونی كێشه‌ی سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ میدیایه‌ كه‌ بۆته‌ به‌دیلێكی زۆر باش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خولیا و حه‌زو ئاره‌زویان هه‌یه‌ بابه‌ته‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌ هه‌ندێك جاریش بۆته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ میدیاكان كه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باش نه‌بێت ئه‌گه‌ر میدیاكان ورد نه‌بن تێیدا له‌وانه‌یه‌ دوچاری كێشه‌ی یاسای ببنه‌وه‌ مه‌رج نیه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ سۆشیال میدیادا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ ڕاست بنوو میسداقیه‌تیان هه‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ سۆشیال میدیادا بابه‌ت بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌و به‌ر پرسیارێتیان ناكه‌ویته‌ سه‌ر وه‌ك میدیاكان.
خاك


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP