سه‌كۆی گێڕانه‌وه‌ی داستانه‌كانی دوێنێ‌و ئه‌مڕۆی پێشمه‌رگه‌یه‌
چیرۆكی سه‌روه‌رییه‌كان سه‌كۆی گێڕانه‌وه‌ی داستانه‌كانی دوێنێ‌و ئه‌مڕۆی پێشمه‌رگه‌یه‌ ‌ 17/5/2017
گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه‌كان، به‌رنامه‌یه‌كی رادیۆییه‌ كه‌ له‌ده‌نگی گه‌لی كوردستانه‌وه‌،  پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان، هه‌ریه‌كه‌و چیرۆك‌و حیكایه‌تی داستانێك یان چه‌ند نه‌به‌ردییه‌كانی دوێنێ‌و ئه‌مڕۆی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، تا له‌ژێر ته‌پوتۆزی له‌بیرچوونه‌وه‌و فه‌رامۆشكردن ده‌ربازیان بكه‌ن‌و سبه‌ینێ ببنه‌ مێژووی پڕ سه‌روه‌ریی   ئه‌و هێزه‌ی كه‌ جاران هه‌ندێك به‌ یاخی بوو، هه‌ندێكیش به‌تێكده‌ر وه‌سفی ده‌كردن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌و ناوه‌ بۆته‌ ناوێكی خۆش له‌سه‌ر زاری یارو نه‌یارو سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی جیهان به‌ڕێزه‌وه‌ ستایشی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لای ئه‌وان  ستایشی پێشمه‌رگه‌ شتێكی كاتی‌و سیاسه‌تێكی ته‌كتیكیش بێت بۆ ئه‌م دۆخ‌و قۆناغه‌ی جیهان، ئێستا كه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ سومبولێكی دیاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌جیهاندا، ئه‌وا ده‌بێت ستایشی ئێمه‌ی كوردستانیان بۆ ئه‌و هێزه‌، سیاسه‌تێكی ستراتیژیی بێت، چونكه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌، رۆڵه‌كانی دوێنێ‌و ئه‌مڕۆو سبه‌ینێی ئه‌م گه‌له‌ن‌و ده‌بێت ئه‌م حیكایه‌ت‌و چیرۆكانه‌ له‌گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كییه‌وه‌ بكرێته‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی نوسراوو ئه‌رشیفكراو تا له‌ئاینده‌دا بكرێته‌ هه‌وێنی چه‌ندین فیلم‌و دراما به‌تایبه‌تی كه‌ له‌زمانی خودی كاراكته‌ره‌ راسته‌قینه‌كانی داستان‌و نه‌به‌ردییه‌كانه‌وه‌  ده‌گێڕدرێته‌وه‌.
ئاماده‌كردنی : محه‌مه‌د ره‌زا 
هه‌ردوو تێكۆشه‌ری دێرین (شێخ عوسمان سه‌رگه‌ڵویی كادری پێشكه‌وتووی  یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی گونده‌كان له‌ شاخ‌و ئومێد مه‌لا ره‌زا كادری پێشكه‌وتوی ی.ن.ك، له‌ گێڕانه‌وه‌ی قۆناغێكی خه‌باتی سه‌ختی شۆڕشدا مشتێك بیره‌وه‌ری ده‌خه‌نه‌ سه‌ر خه‌رمانی بیره‌وه‌ریی  ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ بۆ زۆرێك ته‌نها كوردبوون باجی خۆی هه‌بوو، نه‌ك خه‌باتی  كوردایه‌تی. 
سه‌ره‌تاش پێشمه‌رگه‌ی دێرین شێخ عوسمان سه‌رگه‌ڵویی سه‌باره‌ت به‌ ده‌سته‌واژه‌ی كادری پێشكه‌وتوو سه‌رنجی وابوو كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك له‌ڕێكخراوێكدا یان له‌حزبێكدا یان له‌بوارێكی سیاسیدا  كاربكات، هه‌وڵ ده‌دات بیروباوه‌ڕی ئه‌و حزبه‌  یان ئه‌و رێكخراوه‌ بگه‌یه‌نێته‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و  به‌جدی خه‌باتی تیادا ده‌كات، ئیتر به‌و كه‌سه‌ ده‌وترێت كادر، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ كادری پێشكه‌وتوو ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ زانستی زیاتر پێ بێت‌و مێژوو و ئه‌زموونی له‌وانی تر زیاتر بێت، له‌هه‌مان كاتدا پله‌یه‌كی زیاتری هه‌بێت له‌ پله‌به‌ندیی ڕێكخراوه‌یدا، جگه‌ له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێت چه‌ندین قۆناغی تاقیكردنه‌وه‌و ئه‌كادیمیاو خولی به‌ سه‌ركه‌وتویی بڕیبێت‌و زانستی زیاترو تێكۆشانی زیاتری هه‌بێت له‌وانی تر. 
پاشان سه‌باره‌ت به‌ خه‌باتی خۆی ئه‌وه‌ی گێڕایه‌وه‌ كه‌ له‌ته‌مه‌نی (17) ساڵییه‌وه‌ ئه‌و چۆته‌ ناو كایه‌ی ژیانی سیاسییه‌وه‌و ساڵی (1969) بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌و خولی كادرانیشی به‌سه‌ركه‌وتویی له‌ماوه‌ت ته‌واوكردووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ پله‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیی به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕیووه‌‌و دابڕانی نه‌بووه‌.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: دوای هاتنه‌ كایه‌ی شۆڕشی نوێ به‌ڕابه‌رایه‌تی ی.ن.ك له‌ساڵی (1976)، په‌یوه‌ندیی كردووه‌ به‌ ریزه‌كانی رێكخستنه‌ نهێنیه‌كانه‌وه‌و تا ساڵی (1981) كه‌ ئه‌وكات فه‌رمانبه‌ر بووه‌ له‌زانكۆی سلێمانی‌و له‌وێوه‌ كاره‌كانی رێكخستنی كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌من له‌ڕێی سیخوڕه‌كانیانه‌وه‌ به‌هه‌ڵسوڕانی نهێنیی كه‌رته‌كه‌یان ده‌زانن، هه‌وڵی ده‌ستگیركردنیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌رزو شێخ عوسمان سه‌رگه‌ڵویی خۆی و هه‌ڤاڵه‌كانی شار به‌جێ ده‌هێڵن‌و په‌یوه‌ندیی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیدی پێشمه‌رگایه‌تی شێخ عوسمان درێژه‌ی ده‌بێت تا راپه‌ڕین‌و  دواتریش هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ی شاخ دڵسۆزانه‌ له‌پێناوی گه‌له‌كه‌یدا خه‌بات و تێكۆشان ده‌كات، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:  ی.ن.ك وای فێركردووین خوێن به‌خشبین بۆ كوردستان‌و درێژه‌پێده‌ری رێبازی پیرۆزی هاوسه‌نگه‌ره‌كانمان بین كه‌ له‌و رێگایه‌دا شه‌هید بوون».              
دوژمن لاف و گه‌زافی
 سه‌ركه‌وتنی لێده‌دا
له‌دژرێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌رچی دوژمن له‌دوای نسكۆی (1975) لاف‌و گه‌زافی لێده‌داو خۆی به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانی، به‌ڵام ی.ن.ك توانی رۆژه‌ ره‌ش‌و شه‌وه‌ ده‌یجوره‌كانی كه‌ به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌یدا هاتبوو، له‌ زبڵدانی مێژوودا له‌گۆڕیان بنێ‌و شۆڕشێكی نوێخواز بخولقێنێت‌و له‌مێژووی خۆشیدا رووبارێك خوێنی ئه‌ندام‌و پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌كانی خۆی رشتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ بۆته‌ شوناسێك  بۆ یه‌كێتی.  
له‌مێژووی (ی.ن.ك) دا ئه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌ قۆناغێكی پڕشنگداربوو. هه‌ر له‌و قۆناغه‌شداو له‌كاتی شه‌ڕدا هه‌ستت ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ حزبێكه‌ له‌وه‌وپێش به‌ته‌نیا نه‌هاتووه‌ خۆی بۆ ئاماده‌ كردبێت‌و بۆ ئامانجی حزبێك بووبێت، چونكه‌ بۆ هه‌موو میلله‌ت به‌گشتی هاتبووه‌ مه‌یدان، هه‌ربۆیه‌ میلله‌تیش به‌زۆری له‌ده‌وری كۆبوونه‌وه‌‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌پێی توانای خۆی هه‌ر له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ تا خه‌باتی زیندان، تا خه‌باتی چه‌كهه‌ڵگرتن، به‌جۆرێك كه‌ هه‌ركه‌سه‌و له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌نگه‌رێكی پڕده‌كرده‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌دوای هه‌ڵایسانی شۆڕشی نوێوه‌ كوردایه‌تی به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتی گه‌شه‌یه‌كی فیكریی‌و چۆنایه‌تیی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینی.
هێزێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی هه‌بێت
شێخ عوسمان له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ گیانی پێشمه‌رگانه‌ی شاخ زیندوو بكاته‌وه‌و په‌ره‌ی پێبدات‌و ئه‌و گیانه‌ له‌پێشمه‌رگه‌دا موتوربه‌ بكات، كه‌ له‌م كاته‌دا پێویسته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هێزێكی نیشتمانیی یه‌كگرتووبێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی ئینتیمای تاكه‌كه‌سییه‌وه‌ هه‌واداری لایه‌نێكی سیاسی بێت، به‌ڵام هێزی حزب نه‌بێت، چونكه‌ ئێستا سه‌رده‌می ئیداره‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و حوكمدارییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌ك هێزی یه‌كگرتووی نیشتمانی هه‌بێت به‌بیروباوه‌ڕێكی تۆكمه‌ی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌، هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕی داعش ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌بێ ره‌چاوكردنی ئینتیمای سیاسی به‌رگریی له‌كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا هه‌ست به‌ فره‌ هێزی ده‌كرێت.  
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی داهێنانه‌كانی یه‌كێتیدا شێخ عوسمان سه‌رگه‌ڵویی وه‌ك خاوه‌نی بیرۆكه‌‌و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی گونده‌كان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: بیرۆكه‌و دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی گونده‌كان چه‌مكێكی دیموكراسیانه‌ی شۆڕشی نوێی  گه‌له‌كه‌مان بوو به‌ رابه‌رایتی ی.ن.ك كه‌ بیروباوه‌ڕێكی پێشكه‌وتنخوازانه‌و دیموكراسیانه‌ی هه‌بوو، وتیشی: ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی دیموكراسیانه‌ بوو كه‌ له‌كوردستاندا به‌رجه‌سته‌ كرا، كه‌ تیایدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی گونده‌كانی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش خۆیان به‌ئازادانه‌ نوێنه‌ری خۆیان له‌گونده‌كاندا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ئیداریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی ناوچه‌كانی خۆیان‌و ده‌ستێوه‌رنه‌دانی پێشمه‌رگه‌و سیاسییه‌كان له‌كاروباریاندا، كه‌ ئه‌وه‌ داهێنانێكی نوێی شۆڕشی نوێ بوو كه‌ ئه‌نجومه‌نی گونده‌كان دامه‌زران.
 كادری یه‌كێتی کادرێکی جیاواز
ئومێد مه‌لا ره‌زا پێشمه‌رگه‌ی دێرین‌و كادری ی.ن.ك-ش باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و له‌ساڵی (1977)دا په‌یوه‌ندیی كردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌و ساڵی (1979) بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی (4)ی ئه‌وكاته‌ كه‌ شه‌هیدی فه‌رمانده‌ جه‌مالی عه‌لی باپیر، پاش ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ی له‌وێ، به‌بڕیاری سه‌ركردایه‌تی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ چاپخانه‌ی شه‌هید برایم عه‌زۆ. ماوه‌ی (3) ساڵ له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ خواره‌وه‌و به‌بڕیاری سه‌ركردایه‌تی وه‌ك كادر ئه‌ركی پێشمه‌رگانه‌ی پێ سپێردراوه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ كادری حزبی بووین، له‌هه‌مان كاتدا كادری جه‌ماوه‌رییش بووین، ی.ن.ك له‌دوای دامه‌زراندنییه‌وه‌ داهێنانێكی زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌‌و نموونه‌یه‌كی جیاوازی نیشاندا، كادره‌كانی وا راهێنابوو كه‌ به‌توانای فیكریی خۆیان په‌یامی حزبیش بگه‌یه‌نن به‌ رێكخستنه‌كان‌و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیش، وه‌ك چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌نییه‌كان، به‌شداریكردنی كادره‌كانی یه‌كێتی له‌ بوژاندنه‌وه‌ی گونده‌كاندا، به‌شداریكردن له‌كاری كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ جوتیارانی گونده‌كاندا‌و وتیشی: زۆرجار روویداوه‌ كادرمان له‌كاتی دروێنه‌ له‌گه‌ڵ جووتیاری گونده‌كاندا شه‌هیدبوون، له‌وكاتانه‌ی كه‌ هێزی رژێم داوێتی به‌سه‌ر گونده‌كاندا، واتا كادر زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی كه‌ باس ده‌كرێت، زۆر نووسه‌ری به‌ناوبانگ‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكیش باس له‌ كادر ده‌كات، به‌ڕای من تا ئێستا وه‌ك پێویست نه‌توانراوه‌ كادر وه‌كو به‌شێوازێكی زانستی ئه‌كادیمی گۆش بكرێت. 
سه‌باره‌ت به‌ زیره‌كیی‌و لێوه‌شاوه‌یی كادره‌كانی یه‌كێتیش وتی: كادره‌كانی یه‌كێتی له‌كادری حزبه‌كانی تری كوردستان جیاوازتربوون،  چونكه‌ كادر له‌هه‌ر شوێنێكدا به‌پێی هه‌لومه‌رجی خۆی كاری كردووه‌، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی كوردستان له‌هیچ شوێنێك ناچێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كورد ئابڵوقه‌ دراوه‌ به‌ (3) نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، كه‌ هه‌میشه‌ رژێمه‌كانیان دوژمنایه‌تی خواسته‌كانی كوردیان كردووه‌. ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ دژی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نین، بۆیه‌ كادری ئێمه‌ جیاوازه‌، چونكه‌ هێشتا خه‌باتمان زۆر له‌پێش ماوه‌. 
جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانیشمان ره‌چاوی خه‌بات‌و تێكۆشانی كادره‌كان بكه‌ن، نرخی خوێنی شه‌هیدان بزانن، ئاوڕێك بۆ دواوه‌ بده‌نه‌وه‌.
کوژرانی 18 جه‌یشی شه‌عبییەکە 
ئومێدی‌ مه‌لا ره‌زا له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ قسه‌كانیدا باسی له‌خه‌باتی یه‌كێتی كرد له‌خه‌باتی شاخدا، كه‌ ته‌نها بواری سه‌ربازیی‌و پێشمه‌رگه‌یی نه‌گرتبۆوه‌، به‌ڵكو بواره‌كانی سیاسی، ئیعلامی، كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی، ئاوه‌دانی‌و هونه‌ریی‌و...هتدی گرتبۆوه‌. به‌ڵام بێگومان چالاكییه‌ پێشمه‌رگه‌ییه‌كانی یه‌كێتی له‌و رۆژگاره‌دا چ له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی‌و چ له‌ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه‌ جیاوازبوو له‌ چالاكیی هێزه‌كانی دیكه‌و بگره‌ له‌ چالاكیی سه‌ربازیی هه‌موو ئه‌و حزب‌و بزووتنه‌وه‌ چه‌كدارییانه‌ی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌خه‌باتدابوون، به‌تایبه‌تی به‌به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ دڕنده‌یی‌و سڵنه‌كردنه‌وه‌ی سوپای رژێمی به‌عس له‌ده‌ستبردن بۆ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك. 
وتیشی: لێره‌دا ده‌مه‌وێت چالاكییه‌كی‌ پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بگێڕمه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ قۆناغه‌كاندا به‌سه‌رماندا هاتووه‌:
سه‌ره‌تا وتی: شه‌وێكیان له‌گوندی‌ شیله‌خان خه‌وتبووم، زۆر ماندووبووم، كارم زۆر كردبوو، به‌ڕه‌حمه‌ت بێت شه‌هید مه‌لا خالید فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رته‌كه‌مان بوو له‌ تیپی‌ (23)ی‌ سورداش، منیش رێكخه‌ری‌ كه‌رته‌كه‌ی‌ بووم، ئه‌وشه‌وه‌ مه‌فره‌زه‌یان  جیاده‌كرده‌وه‌، هه‌ڤاڵێكمان وتی‌: ئه‌مه‌ش بنووسن كادره‌، ئه‌مه‌ ده‌مێكه‌ رای‌ ئه‌كێشێت‌و هیچیشی‌ لێ‌ نه‌هاتووه‌، ئیتر شه‌هید مه‌لا خالید وتی‌: كاكه‌ ئه‌وه‌ تۆ ئه‌ڵێی‌ چی‌، ئه‌وه‌ زۆر ماندووه‌، وتی‌ به‌خوا ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌نووسن، منیش نایه‌م، ئه‌وه‌ هه‌ر  گاڵته‌و سوعبه‌ت بوو له‌نێوان پێشمه‌رگایه‌تیدا ئه‌و شتانه‌ هه‌بوو، بۆ رۆژی‌ دوایی‌ من له‌پێشیانه‌وه‌ بووم‌و به‌ڕێكه‌وتین بۆ جێبه‌جێ كردنی پلانی چالاكییه‌كه‌، به‌یانی‌ زوو بوو، بۆسه‌یه‌كی تۆكمه‌مان دانا، هێزێكی فشۆڵی جه‌یشی‌ شه‌عبی‌ ئه‌وكاته‌ ده‌هاتن هێزیان دابه‌ش ده‌كرد به‌سه‌ر سه‌نگه‌ر‌و خاڵه‌كاندا، ئه‌وه‌بوو چالاكییه‌كه‌مان كرد‌و(18) جه‌یش شه‌عبی‌ له‌و چالاكییه‌دا كوژران، ده‌ستمان به‌سه‌ر هه‌موو چه‌كه‌كانیاندا گرت، زۆر به‌داخه‌وه‌ یه‌ك جه‌یشی‌ شه‌عبی‌ به‌ده‌م ته‌پاوتل‌و گیاندانه‌وه‌ فیشه‌كێكی‌ ته‌قاند، به‌ر ناوده‌می‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كمان كه‌وت‌و له‌پشتی‌ سه‌رییه‌وه‌ ده‌رچوو و هه‌ر له‌وێدا شه‌هیدبوو، كه‌ لێره‌وه‌ درود بۆ گیانی‌ پاكی‌ ده‌نێرم، زۆر به‌فه‌لاكه‌ت جه‌نازه‌كه‌یمان ده‌ربازكرد، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ نه‌برد جه‌یش‌و جاش هاتنه‌ شوێنی‌ چالاكییه‌كه‌و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ رژێمیش ئاسمانی‌ ناوچه‌كه‌یان ته‌نیبوو، به‌ڵام هه‌موو هه‌ڤاڵان مه‌ردانه‌ جه‌نازه‌كه‌مان  ده‌ركردو خۆمان  گه‌یانده‌وه‌ چه‌می‌ ره‌زان، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم دڵۆپێكه‌ له‌ ده‌ریایه‌ك له‌چاو ئه‌و هه‌موو خه‌بات‌و ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌ی‌ ی‌.ن.ك-دا كه‌ به‌خوێنی رۆڵه‌كانی پێشكه‌ش به‌ میلله‌ته‌كه‌مانی كردووه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP