كاریگه‌ری‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌سه‌ر داهاتووی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو
كاریگه‌ری‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌سه‌ر داهاتووی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو ‌ 19/5/2017
ئاماده‌كردنی‌:  ئه‌یوب محه‌مه‌د بابه‌كر

رۆژنامه‌وانی‌:  به‌هۆی‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ ئامرازه‌كانی‌ په‌یوه‌ندیكردن و ته‌كنه‌لۆژیای‌ زانیاری‌، جۆرێك له‌ كێبڕكێ كه‌وته‌ نێوان ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو راگه‌یاندنی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ و چاپكراو.

دوای‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ به‌رچاوی‌ ئینته‌رنێت و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ خێرای‌ ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ له‌ جیهان و به‌كارهێنانی‌ وه‌ك ناوه‌ندێكی‌ په‌خش، رێژه‌ی‌ خوێنه‌ری‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو كه‌می‌ كرد.
بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ ساڵی‌ 1991 رۆژنامه‌ی‌ (شیكاگۆ تریبیۆن) كۆپییه‌كی‌ له‌ رۆژنامه‌ چاپكراوه‌كه‌ی‌ خسته‌ سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت به‌ناوی‌ (شیكاگۆ ئۆنلاین)(1).
دوای‌ ئه‌ویش رۆژنامه‌ی‌ (هیراڵد تریبیۆن) له‌ ساڵی‌ 1993 بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رێگای‌ سایتێكی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ هه‌واڵ و زانیارییه‌كانی‌ په‌خش كرد، دوای‌ ئه‌ویش رۆژنامه‌ی‌ (واشنتۆن پۆست) له‌ ساڵی‌ 1994 هاته‌مه‌یدانه‌كه‌.

چه‌مكی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌لیكترۆنی‌
شاره‌زایانی‌ بواری‌ راگه‌یاندن، له‌ هه‌وڵی‌ چڕ و پڕ و به‌رده‌وامدان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێناسه‌یه‌كی‌ گونجاو و شیاو و پڕ به‌ پێست و ورد بۆ ئه‌و جۆره‌ی‌ راگه‌یاندن دابنێن، به‌ڵام به‌هۆی‌ فراوانی‌ بواره‌كه‌و فره‌لایه‌نی‌ له‌ په‌خشكردن و وه‌رگرتن و كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌، وای‌ كردووه‌ نه‌توانرێت ‌ته‌نیا یه‌ك پێناسه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ راگه‌یاندنه‌ نوێیه‌ دابنرێت.
به‌ڵام به‌گشتی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌: (بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ خولییه‌، كه‌ زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ پرسه‌ هه‌نووكه‌یی‌ و رووداوه‌ به‌رده‌وامه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ خوێنه‌ر به‌هۆی‌ ئامێری‌ كۆمپیوته‌ره‌وه‌ كه‌ به‌ ئینته‌رنێت به‌ستراوه‌كه‌ زانیارییه‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش مۆدێلێكی‌ نوێی‌ به‌راگه‌یاندن و رۆژنامه‌ به‌خشیوه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام زانیاری‌ نوێ بڵاوبكه‌نه‌وه‌و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ چاپكراوه‌كاندا كار بكه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌ی‌ په‌خشی‌ به‌رده‌وام)(2).
یاخود (رۆژنامه‌گه‌ری‌ ئه‌لیكترۆنی‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌كی‌ خوێنراو، بیستراو و بینراوه‌، به‌ڵام كاغه‌زی‌ نییه‌، له‌رێگای‌ سایت و پێگه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت زانیارییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌).(3)

داهاتووی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو
به‌رای‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌زایان، ره‌نگه‌ سه‌ره‌تای‌ له‌ناوچوونی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو ده‌ستی‌ پێكردبێت، ئه‌ویش به‌هۆی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و رێژه‌ی‌ زۆره‌ی‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ سایته‌ هه‌واڵییه‌كان له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت و به‌راوردكردنی‌ ئه‌و رێژه‌ به‌ تیراژی‌ رۆژنامه‌كان، كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ تێچووی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و سایتی‌ ئینته‌رنێت زۆر كه‌متره‌ به‌ به‌راورد چاپكردنی‌ رۆژنامه‌ و گۆڤار و چاپكراوه‌كانی‌ دیكه‌.
نزیكه‌ی‌ ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا، رۆژنامه‌ی‌ (كریستیان ساینس مۆنیته‌ر) به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كجاری‌، بڕیاری‌ راگرتنی‌ كۆپی‌ چاپكراوی‌ رۆژنامه‌كه‌یدا، ئه‌ویش دوای‌ تیراژی‌ چاپكردنی‌ رۆژنامه‌كه‌ له‌ (1 ) ملیۆنه‌وه‌ بۆ 200 هه‌زار دانه‌ له‌ رۆژێكدا دابه‌زی‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ رۆژنامه‌كه‌ پێیان وابوو كه‌ رۆژنامه‌كه‌ ته‌نیا له‌ رێگای‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌سه‌، چونكه‌ رێژه‌ی‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ سایته‌كه‌، رۆژانه‌ ملیۆنێكی‌ تێده‌په‌ڕاند.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی‌ لۆمۆندی‌ فه‌ره‌نسی‌ به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر لێواری‌ مایه‌پووچبوونی‌ ئابووری‌ و رێژه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌ گه‌یشته‌ 150 ملیۆن یۆرۆ، له‌كاتێكدا كه‌ هه‌مان رۆژنامه‌ له‌سه‌ر ئینته‌رنێت، سه‌ركه‌وتنێكی‌ به‌رچاوی‌ به‌ده‌ستهێنابوو به‌تایبه‌تیش له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی‌ زمانی‌ فه‌ره‌نسی‌ به‌كاردێنن.
كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ خوێنه‌ر و زیادبوونی‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی‌ وه‌ك مۆبایلی‌ هۆشمه‌ند و ئامێره‌ ده‌ستییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ وه‌كو (iPad, Tablet)، هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ خێرای‌ ئینته‌رنێت له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا، هۆكاری‌ سه‌ره‌كین بۆ باڵاده‌ستبوونی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ به‌سه‌ر راگه‌یاندنی‌ چاپكراو.
هۆكاره‌كانی‌ باڵاده‌ستبوونی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌
1- ئینته‌رنێت توانایه‌كی‌ زۆرتری‌ خسته‌ به‌رده‌ست رۆژنامه‌وانی‌، به‌تایبه‌تیش له‌ پێشكه‌شكردنی‌ تێكست، وێنه‌، ده‌نگ، ده‌نگ و ره‌نگ، له‌ یه‌ك كاتدا (Cross Media).
2- دروستكردنی‌ به‌سته‌ر له‌سه‌ر ئه‌و تێكست و وشانه‌ی‌ كه‌ پێویستیان به‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر هه‌یه‌و ره‌نگه‌ له‌لای‌ خوێنه‌ر روون نه‌بن(Hyper Link).
3- زۆر جار له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌كاندا، هه‌ندێك هه‌واڵی‌ په‌یوه‌ندیدار و گرنگ له‌گه‌ڵیدا داده‌نرێت (المواچیع ژات الصله‌).
4- راگه‌یاندنی‌ ئه‌لیكترۆنی‌، سنووردار نییه‌و ده‌گاته‌ هه‌موو شوێنێك.
5- كه‌می‌ تێچووی‌ دارایی‌ له‌ كڕین و به‌شداریكردن له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستخستنی‌ رۆژنامه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان.
6- به‌هۆی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ رووداو و نوێكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت به‌درێژایی‌ 24 كاتژمێر، وای‌ كردووه‌ خوێنه‌ر نه‌توانێت چاوه‌ڕێی‌ رۆژنامه‌یه‌ك بكات كه‌ رۆژانه‌ جارێك ده‌رده‌چێت.
7- ئاسانكاری‌ له‌ راستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌كان، دووباره بڵاوكردنه‌وه‌ی‌.
8- ئاسانی‌ له‌ گه‌یاندنی‌ زانیارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرا، واتا رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو به‌وه‌ راناگات هه‌واڵه‌كه‌ بڵاوبكاته‌وه‌و به‌های‌ كات له‌ده‌ست ده‌دات.
9- هه‌ڵگرتن و هێنانه‌وه‌ (خزن استرجاع)ی‌ زانیارییه‌كان، هه‌ڵگرتنی‌ زۆرترین زانیاری‌ و بوونی‌ ئه‌رشیفخانه‌و كتێبخانه‌ی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ گه‌وره‌‌.
10- رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ رۆنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو، ئازادییه‌كی‌ زیاتری‌ هه‌یه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌دا، زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌خرێته‌ ژێر كۆنتڕۆڵ و چاودێرییه‌وه‌.
11- رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ به‌وه‌ جیا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ كارلێككردنی‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگردا زیاترو خێراتره، له‌ ئێستادا خوێنه‌ر ته‌نیا به‌ وه‌رگرتنی‌ هه‌واڵ رازی‌ نابێت، به‌ڵكو ئه‌ویش رای‌ خۆی‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كان هه‌یه‌.
12- دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئه‌ژماره‌كانی‌ به‌كارهێنه‌ران له‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی‌ وه‌كو (فه‌یسبووك، توویته‌ر، مای‌ سپه‌یس، لینكید ئین، تانگۆ، گوگڵ پڵه‌س تاگید… هتد) (Sharing).
13- ئاسانی‌ له‌ گه‌ڕان به‌دوای‌ زانیارییه‌كان له‌رێگای‌ بوونی‌ ماتۆره‌كانی‌ گه‌ڕان (Search Engine).
14- له‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ چاپكراو، به‌رده‌وامی‌ كێشه‌ی‌ نه‌بوونی‌ رووبه‌ڕ هه‌یه‌و ده‌بێت ئابووری‌ وشه‌ له‌به‌ر چاوبگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌مترین شوێن داگیر بكات، كه‌ ئه‌مه‌ش زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ و بابه‌ت و زانیارییه‌كان به‌ته‌واوی‌ نه‌گه‌نه‌ خوێنه‌ر، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بوونی‌ نییه‌.
15- بوونی‌ بلۆگ كه‌ وه‌ك ده‌فته‌رێكی‌ رۆژانه‌ ده‌توانرێت زانیاری‌ بخرێته‌ سه‌ر و بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر.

 هۆكاره‌كانی‌ مانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو
1. پاراستنی‌ بێلایه‌نی‌ و گرنگیدان به‌لایه‌نه‌ ئیتییه‌كانی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌.
2. كه‌سانی‌ شاره‌زا و تایبه‌تمه‌ند به‌ بواری‌ رۆژنامه‌وانی‌ كاری‌ تێدا ده‌كه‌ن.
3. بڵاوكردنه‌وه‌و گرنگیدان به‌ رۆژنامه‌وانی‌ به‌دواداچوونی‌ (الصحافه‌ الاستقصائیه‌).
4. گرنگیدان به‌ لایه‌نی‌ زمانه‌وانی‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌ره‌وپێشچوونی‌ زیاتر زمان.
5. كۆمپانیاكان گرنگی‌ زیاتر به‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ چاپكراو ده‌ده‌ن به‌جددیتری‌ ده‌زانن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رێكلامه‌كانیان.
6. نه‌بوونی‌ پلان و ناڕوونی‌ داهاتووی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌، به‌پێچه‌وانی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ چاپكراو كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی‌ چه‌سپاوتردا ده‌ڕوات، سه‌ره‌ڕای‌ گۆڕانكارییه‌كان، به‌ڵام جێگیرتره‌.
7. ته‌ركیز خستنه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ پێویستیان به‌ به‌دواداچوونی‌ وردتر هه‌یه‌ و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ره‌گه‌زه‌ هه‌واڵییانه‌ی‌ له‌ میدیای‌ ئه‌لیكترۆنییدا ده‌رفه‌تی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ناڕه‌خسێت و ئاشكرا كردنی‌ دیوی‌ ناوه‌وه‌ی‌ رووداوه‌كان و خستنه‌ڕووی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ جدییانه‌تر بۆ رووداوه‌كان.

 لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ ئه‌لیكترۆنی‌
1. ده‌ستنه‌گه‌یشتن به‌ هه‌واڵ و زانیارییه‌كان و نه‌بوونی‌ متمانه‌ له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی‌ زانیاری‌، وه‌ك له‌وه‌ی‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ چاپكراودا هه‌یه.
2. به‌كارهێنانی‌ ناونیشانی‌ وروژێنه‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ زۆرترین سه‌ردانیكه‌ر (هه‌موو شتێك له‌پێناو كلیكێك).
3. كۆنتڕۆڵكردنی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌لایه‌نی‌ یاسایییه‌وه‌ ئاسان نییه‌، ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ كه‌متر گرنگی‌ به‌ لایه‌نه‌ ئیتییه‌كان بدات.
4. سروشتی‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ ئه‌لیكترۆنی‌ وای‌ كردووه‌، رێگا بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ده‌نگۆ خۆش بكات.
5. په‌له‌كردن له‌بڵاوكردنه‌وه‌، كه‌ وه‌ك چه‌كێكی‌ دوو سه‌ر وایه‌، زۆرجار له‌پێناو (سبق الصحفی) ده‌زگا رۆژنامه‌وانییه‌كان ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی‌ زه‌قی‌ یاسایی‌ و زمانه‌وانی‌.
6. شكاندن و له‌به‌ر چاونه‌گرتنی‌ به‌ها و سنووره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
7. ساخته‌كاری‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ ئاسانتره‌.
8. به‌رده‌ست نه‌بوونی‌ كه‌ل و په‌لی‌ پێویستی‌ رۆژناگه‌مه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌ وڵاتانی‌ جیهانی‌ سێیه‌م.
9. رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ و ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروست كردووه‌.
10. ستافێكی‌ چه‌ند كه‌سی‌ كه‌می‌ پێویسته‌ بۆ كاركردن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار بۆ كارمه‌ندان و رۆژنامه‌نووسان.
11. تا ئێستا كارمه‌ندانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئه‌لیكترۆنی‌، به‌ره‌سمی‌ به‌ رۆژنامه‌نووس ناناسێنرێن (لانیكه‌م له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌ گوێره‌ی‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌).
12. به‌ هۆی‌ دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و كۆپیكردن و په‌یستكردنه‌وه‌، زۆرێك له‌ ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌یه‌ك ده‌چن و وه‌رگر جیاوازی‌ له‌ نێوانیاندا ناكات و كه‌سایه‌تی‌ مه‌عنه‌وی‌ ماڵپه‌ڕه‌كان به‌ ئاسانی‌ درووست نابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ چاپكراودا هه‌یه‌ و هه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی‌ مه‌عنه‌ویانه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌یه‌ و خوێنه‌ر به‌ ئاسانی‌ جیای‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ دیكه‌.
13. كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ سێرڤه‌ری‌ سایت و مه‌ترسییه‌كانی‌ هاككردن هه‌میشه‌ ئاماده‌ییان هه‌یه‌ و له‌ حاڵه‌تی‌ روودانی‌ ئه‌و كێشانه‌دا لانیكه‌م ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ئه‌رشیفی‌ زانیاری‌ و بابه‌ته‌كانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و جۆرێك له‌ دڵه‌ڕاوكێ و بێ متمانه‌یی‌ لای‌ وه‌رگر درووستده‌كه‌ن و وه‌رگر ناتوانێت سه‌د له‌ سه‌د متمانه‌ی‌ به‌ داهاتوویان هه‌بێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ زانیاری‌ بڕواپێكراو.
14. به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سروشتی‌ وه‌رگر حه‌وسه‌ڵه‌ی‌ بابه‌تی‌ فره‌ ره‌هه‌ند و درێژی‌ نییه‌ له‌ ماڵپه‌ڕدا بیخوێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ واده‌كات وه‌رگران به‌ گوێره‌ی‌ حه‌وسه‌ڵه‌یان بۆ خوێندنه‌وه‌ سه‌روخواری‌ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن و له‌ هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ په‌ره‌گرافیك یان زیاتری‌ بخوێننه‌وه‌ و كۆی‌ گشتی‌ بابه‌ته‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ناخوێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی‌ موحه‌ریری‌ ماڵپه‌ڕه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان به‌ جۆرێك دابڕێژنه‌وه‌ كه‌ خوێنه‌ر ناچار بكه‌ن بیانخوێنێته‌وه‌ و به‌سه‌ریاندا باز نه‌دات، ئه‌و شاره‌زاییه‌ش مه‌رج نییه‌ له‌ هه‌موو موحه‌ریرێكدا بوونی‌ هه‌بێت.
 
سه‌رچاوه‌كان:
1. میشو كوكو، رٶی‌ مستقبلیه‌، ترجمه‌: سعدالدین فرحان، مراجعه‌: محمد یونس، سلسله‌ عالم المعرفه‌، الكویت، العدد 270، عام 2001، ص 61.
2. مدونه‌ الصحافه‌ الالكترونیه‌ (http://e1journalism.wordpress.com/).
3. نادی الصحافه‌ الالكترونیه‌، ماجد راغب الحلو (http://diae.net/6790 ).
4. كارامه‌ییه‌كانی‌ نووسین له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چاپكراو و ئه‌لیكترۆنیدا، عه‌بدولخالق ئیبراهیم، ئه‌رسه‌لان ره‌حمان، 2010.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP