گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم
گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌ 22/6/2017
پێناسە، مێژوو و ئەزموونەکانی
د. کامەران ئەمین‌ ئاوە
بەشی دووەم
کورتەیەک سەبارەت بە شێوازەکانی بینای سۆسیاڵیزم
لە»مێژووی بیرو هزری سۆسیالیستی‌دا، هەر لە سەدەی ١٩- وە هەتا ئێستا، بە گشتی سێ شێوازی جیاوازی سۆسیالیزم بینراوە.  
یەکەم شێواز لەسەر بنەمای ئاریکاری، هاوبەشی و خاوەنکاربوونی زەحمەتکێشان لە گەلەکۆمەکان، مانەوەی بازار و ڕکابەری و خۆبەرێوەبەرایەتی‌یە. لەم حاڵەتەدا نرخەکان ئیتر نرخی بازاری سەرمایەداری نین و قازانجێک بۆ خاوەن‌کارەکان پێکناهێنن. ئەم شێوازە تا ڕادەیەکی زۆر هاوئاهەنگی هەیە لەگەڵ تێوری‌یەکانی پرۆدۆن، و سۆسیالیزمی خۆبەرێەوەبەریەتی یوگسڵاوی تا رادەیەک بەڵانی‌کەم لە ڕوانگەی تیوری‌یەوە لەژێر کاریگەری ئەم بیرۆکەیەدایە. ڕەوتی بەرێوەبەریەتی لە یوگسڵاوی تا ڕووخانی دەستەڵات لەم وڵاتەدا چەند قۆناغێکی تێپەرکرد:
«لە یەکەمین قۆناغی خۆبەرێوەبەریی سۆسیالیستی (١٩٦٥-١٩٥٠) لە یوگسڵاوی، بەرنامەڕێژی لە ڕیگای سنووقی کۆمەڵایەتی‌و  لە ژێر کۆنترۆڵی حیزب- دەوڵەتدا بەرێوەدەچوو، لە حاڵێکدا بەرنامەکانی کورتخایەن و بەرێوەبردنی خۆجێێ کارخانەکان لە ڕێگەی خۆبەرێوبەریەتی‌یەوە بوو. بەشی سەرەکی «زێدەبایی» ئەوان پاش پێدانی مووچەکان و خەرج‌و مەخارجی بەرهەمهێنان دەدرا بە سندووقی کۆمەڵایەتی.
 لە قۆناغی دووهەم واتە ساڵانی ١٩٧١-١٩٦٥دا، دابەزینی بەرنامەدانان و زیادکردنی مافی ناکۆجێ(ناسەنترالیزە)ی بریاردان لە ئاستی کارخانەکاندا پەسەند کرا. هاوڕی لەگەڵ بازار و سیستمی بانکی بۆ هاوئاهەنگی و دیاری‌کردنی شێوەکانی تەرخانکردنی سەرمایە (سەرمایە‌دانان)، بانگەکانیش لە ڕێگەی هورمی بانکی‌یەوە کە بە‌پێی پێوەرەکانی سوودهێنەری بازار بوو، پشتیوانیان لەم سەرمایەدانانە دەکرد. ئەم ڕەوتە بوو بە هۆی چوونەسەرەی کۆگاکراوی خۆیی، نابەرانبەری و بێکاری.

زاڵبوونی هاوبەشیی بازار و دەوڵەتیان هێنا ئاراوە
لە کۆتایی دەیەی ١٩٦٠دا بەشێک لە مارکسیستەکانی یوگسڵاوی خۆبەرێوەبەریی لە ئاستی خۆجێ‌یی و نیشتمانی، هەروەها نادروستبوونی زاڵبوونی هاوبەشیی بازار و دەوڵەتیان هێنا ئاراوە. بەڵام لە کۆنگرەی خۆبەرێوەبەرایەتی‌دا بە جێی لێکدانەوە و قسەکردن لەسەر ئەم پێشنیارە، دەستەڵاتدارنی یوگسڵاوی وێرای ڕەدکردنەوەی ڕەخنەکان و سەرکورتکردنی ڕەخنەگرەکان، دەستیان بە ریزێک چاکسازی لەسەرەوە کرد. سەرەرای ئەوەی کە یوگسڵاوی لە دەیەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ تووشی قەیران هات، بەڵام ئەوان بە رەدکردنەوەی سۆسیالیزمی دەوڵەتی و سوسیالیزمی بازار و پێداگری لەسەر ڕەوت و ئامرازی»کۆمەڵایەتی‌کردن» (لەژێر کۆنترۆڵی فرە‌لایەنەی کۆمەڵایەتی) بازار و دەوڵەت، شێوازێکی دێموکراتیکی خۆبەرێوەبەریان تاقیکردوە کە دەیتوانی وانەیەک بێت بۆ چەپەکان.»  

ژێر خاوەنداریەتی کۆمەڵایەتیدایە
 شێوازی دووهەم، مودێلی بەرنامەدارشتنە کە نموونەکەی لە نووسراوەکانی سن‌سیموون و پاشان بیرمەندەکانی کۆمۆنیست وەکو مارکس و ئێنگلسدا دەبینرێت. لەم حاڵەتەدا ئامرازی بەرهەمهێنەر لە ژێر خاوەنداریەتی کۆمەڵایەتیدایە و یەکەکانی بەرهەمهێنەر ئیتر سەوداومامڵەی بەرهەمەکانیان ناکەن
لەم حاڵەتەدا بازارێک نامێنی و ڕێکخراوەیەکی ناوەندی لە چەشنی بەرێوبەریی ئیداری جێگیری بازار دەبێ. سیستمی سۆڤییەتی ڕەنگ‌و ڕووی ڕاستیی بەم شێوازە بەخشی. لەبەشەکانی دیکەدا زۆرتر باسی ئەم شێوازە دەکەین.
شێوازی سێهەم، سۆسیالیزمی دەوڵەتی لەگەڵ بازار بە پێی بیرۆکەکانی لویی بلانکی‌یە. لێرەدا دامۆدەزگاکانی دەوڵەتی کەڵک لە ئامرازی بەرهەمهێنەر وەردەگرن، بەرهەم قازانجی هەیە و دابەشکردنیان بە چەشنێکی دیکەیە. بازار و ڕکابەری بە چەشنێکی بەرچاو دەمێنێتەوە و دەوڵەت کەم و زۆر پێرەوی بنەما لیبرالی‌یەکانە. ئەم شێوازە تاڕادەیەک بە پێکهێنانی بەشی گشتی، لە بەشێک لە وڵاتە ڕۆژائاواییەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە.
بە گوێرەی باوەڕی زۆرینەی مارکسیستەکان تەنیا شێوازی دووهەم مارکسیستی‌یە و ئەم شێوازە کۆمۆنیزم لە رفۆرمیزم جیادەکاتەوە، تۆنی ئاندرێ ئانی لە نامیلکەیەک بە ناوی «لە سۆسیالیزمەوە تا سۆسیالیزمێکی دیکە» باسی هەبوونی هەر سێ شیوازەکان لە نووسراوەکانی مارکس و ئێنگلس بۆ قۆناغە جۆراوجۆرەکانی بینای کۆمۆنیزم دەکات. بە باوەڕی ئەو، مارکس و ئێنگلس  بۆ دووهەمین دەورەی پاش بەدەسەڵات گەیشتنی پرۆڵتاریا (سەردەمی تێپەرین) سۆسیالیزمی بازاریان نزیک بە شێوازی سێهەم لێکداوەتەوە و تەنیا بۆ دەورەی دووهەم واتە سۆسیالیزم بە مانای تایبەتی ئەم وشەیە، تێپەرین بە شێوازی بەرنامەرێژی تەواویان پەسەند کردوە، واتە کاتێک بازار هەڵدەوشێتەوە.
تێپەرین لە سێ شکڵدایە
سوسیالیزمی دەوڵەتی بازار لە پێوەندی لەگەڵ کاتێک لە دەورەی تێپەرینە، کە ئابووری تێکەڵاو، واتە نیوەسۆسیالیستی - نیوە سەرمایەداری‌یە و پاش سەرکەوتنی دێمۆکراسی، جارێ خاوەنداریەتی بۆرژوایی لەناو نەچووە و خاوەنداریەتی دەوڵەتی سۆسیالیستی بەرەبەرە لەحاڵی جێگیربووندایە. لەسەرەتادا دەوڵەتی سۆسیالیستی تەنیا هورمی بانکی، کە لە ژێر ئیرادەی بانکی میللی‌دایە، دەخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە، ئەم بانکە تەنیا خاوەن بەهرەی ماف‌و سەربەشی تەواوی ئامرازەکانی کرین‌و فرۆشتن و بەشێک لە کارخانەکانە. بە پێی نامەیەکی ئێنگلس بۆ مارکس، تێپەرین لە سێ شکڵدایە: 
دەوڵەتی پرۆڵتاریا خاوەنداریەتی بەشێک لە بنکەسەرمایەداری‌یەکان هەڵدەوەشێنەێتەوە و پێداگری لەسەر هەنگاوگەلێکی دیکە بۆ دابەزاندنی خاوەنداریەتی سەرمایەداری بە تایبەت ماڵیاتی پلەبەپلەیی، ماڵیاتی میرات و لابردنی ماڤی میراتبردن لە نێوان خزم‌و کەسەکاندا(برا، نەوە و کەسانی دیکە) دەکات. هەروەها [دەوڵەت] بە پێی ئەو داهاتانە دەتوانێ بنکەگەلێک بکڕێ یان دروست بکات. بەم هەنگاوانە پەیتا پەیتا لە سۆسیالیزم نزیک دەبێتەوە. بەم پێ‌یە دەکرێ سۆسیالیزمی بازار تەنیا وەکو تێپەرینێک بۆ سۆسیالیزمی بەرنامەرێژ واتە یەکەمین فاز یان فازی سەرەتایی کۆمەلگای کۆمۆنیستی‌ پێناسە بکرێ. 
چەند کێشەیەکی مەترسیدار
لە درێژەدا سۆسیالیسمی بەرنامەرێژ بازار لەناو دەبا و رێکخستنێکی وریایانە دەکاتە جێگری. بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستە کۆمەڵگا ببێتە خاوەنداری تەواوی ئامرازەکانی بەرهەمهێنەر و بەرهەم ڕاستەوخۆ کۆیی بکرێ. تۆنی ئاندرە ئانی لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم قۆناغەدا باسی چەند کێشەیەکی مەترسیدار وەکو کێشەی سەربەخۆیی ڕێژەیی یەکەکانی بەهەمهێنەر و بەشداریی ڕاستەقینەی زەحمەتکێشان لە دارشتنی بەرنامە و بەرێوەبەرایەتی یەکەکانی بەرهەمهێنان دەکا کە بەدوور لە چاوی مارکس و ئێنگلس‌یش نەبووە. مارکس و ئێنگلس بۆخۆشیان ئاگاداری ئەم کێشەیە بوون. ئێنگلس بەم بۆنەیەوە لە بنەماکانی کۆمۆنیسمدا دەبێژێ «مەسەلەی هاوبەشیی بەرهەم ناتوانێ لەلایەن خەڵکەوە بەوجۆرەی کە ئەمڕۆ هەن، مسۆگەڕ بکرێ...
بەم پێ‌یە، سۆسیالیزمی بەرنامەڕێژ(ئەو سۆسیالیزمەی کە باکۆنین وەکو چەشنێک لە دەستەڵاتداریی زانایان و کارناسەکان پێناسەی دەکرد، مەترسی‌یەکە بۆ حەواڵەکردنی بابەتەکە بۆ زەمەنێکی دووردەست، واتە کاتێکە کە دابەشکردنی کار بەیەکجاری لابرابێت. لە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا دەخوێنینەوە «ڕاهێنان‌و پەروەردەکردن پێویستە بە خێرایی لاوەکان ئامادەی ڕاگوازتنەوە لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی سەنعەت بە پێی پێداویستی‌یەکانی کۆمەڵگا و مەیلە تایبەتمەندی‌یەکانیان بکات».  هەروەها مارکس و ئێنگلس لە <ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی>شدا پاش باسکردن لە دابەشکردنی کار و بەسترانەوەی مرۆڤ بەکارەکەی و ئەوەی کە مرۆڤ ئەگەر نایەوێ داهاتەکەی لەدەس بدات دەبێ خەریکی هەر ئەوکارە بێ کە بژیوی پێ بەستراوەیە، دەنووسن «... [مرۆڤ] لە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی‌دا کە هیچ کەس خاوەنی بوارێکی تایبەتی لە چالاکی نی‌یە، دەتوانێ لەهەر ڕشتەیەکدا کە بیەوێ سەرکەوتوو بێ، کۆمەڵگا بەرهەمهێنانی گشتیی ڕیک‌و پێک دەکات و بەم چەشنە ئەو دەرفەتەم بۆ دەرەخسێنێ کە ئەمڕۆ کارێک و سبەینێ کارێکی دیکە بکەم، بەیانی خەریکی ڕاوکردن بم، پاشنیوەرۆ خەریکی ماسیگرتن، ئێوارێش ئاژەڵداری بکەم، هەروەها لەبەر ئەوەی کە زەینیشم هەیە، دوای خواردنی نانی شەوێ خەریکی ڕەخنەنووسین بم، تەواوی ئەمانەش بێ ئەوەیە کە ببم بە ڕاوچی، ماسیگر یا ڕەخنەنووس.»  
لێرەدایە ئەم بابەتە تا ڕادەیەکی زۆر خەیاڵی دێتە بەرچاو، چۆن ئەستەمە کرێکارێک لە وەزعییەتێکی چەند پیشەیی‌دا بتوانێ بە پێی ویست و ئیرادەی خۆی کارەکەی بگۆڕێ بێ ئەوەی کە بەستراوە بەکارێکی تایبەتیش بێ، یان ئەم توانا‌یەی بێ کە هاوکات پسپۆڕی چەند بوار بێ، واتە ئەگەر ئەم کارانەی کە مارکس و ئێنگلس باسی دەکەن تەنانەت بۆ ئەورۆی لەبەرچاوبگرین بەبەراورد لەگەڵ کاتی نووسینی ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی گەلێک فەننی‌تر و پسپۆڕانەتر بووە و ئەستەمە کەسێک کە لە لایەن بنکەیەکی گەورەی ماسی‌فرۆشتنەوە بۆ ماسیگرتن نێردراوە توانای کاری دیکەی لە درێژایی ڕۆژەکەدا بێ. بۆ ساتێک لەبەر چاوبگرین لە بارودۆخی ئێستا یا داهاتوودا کەسێک بەیانی کاری پزیشکی بکا، پاش نیوەرۆ خەریکی بەرێوبەرایەتی بنکەیەکی پیشەیی بێ، ئێوارێ بیەوێ بێژەری تەلەویزیۆن‌و شەوانەش خەریکی مێژوونووسین بێ؟
بێ‌گوومان جێهانی ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی مارکس و ئێنگلس زۆر گۆڕدراوە و ئاڵوگۆڕە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان ئەرکی تازە و لێکدانەوەی تازە دەخاتە بەردەم چەپەکان. ئێنگلس لە <ئانتی‌دۆرینگ>دا بە درووستی ئاماژە بەم خاڵە دەکا کە «تا چ ڕادەیەک جێهانی ئەمڕۆ جارێ گەنجە و تا چ ڕادەیەک گاڵتەجارە کە ئێمە بایەخێکی ڕەها بە تێروانینی ئێستای خۆمان بدەین». بەم پێ‌یە پێویستە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان بە پێی ڕاستی‌یەکانی ژیانی ئەمڕۆیی پێداچوونەوەیەک بەسەر لێکدانەوەکانی پێشوو و ئەو کۆمەڵگایەدا بکەن کە دەیانەوێ پێکی‌بێنن و لە ڕەوتی تەواوکاریی بیری مارکسیستی بە شێوەیەکی ڕاستبینانە بە ئاکامێکی زانستی بگەن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP