ناسیۆنالیزمی ئێرانی و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن
ناسیۆنالیزمی ئێرانی و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن ‌ 23/6/2017
نه‌عیم نه‌جه‌فی
پێشەکی: 
ناسیۆنالیزم وەک «نەتەوە – دەوڵەت»، لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ی زایین گەیشتە رۆژهەڵاتی‌ناوەڕاست و پاش ئەوەی کە گەلی تورک بە سەرکردایەتی ئاتاتورک، ئەم هزرەیان بۆ خۆ دەستنیشان کرد، ڕۆشنبیرانی فارس و شۆین‌کەوتووانی ناسیۆنالیزمی ئێرانیش، له‌ کۆتاییەکانی ده‌سه‌ڵاتی قاجاڕەکان، ئەم هزرەیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەیەک، بۆ گەلی فارس دەست‌نیشان کرد و دواتر به‌ سەرکردایەتی ڕەزاخان و بە دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایه‌تیی ئێران (په‌هله‌وی)، له جۆگرافیای سیاسی تا ئێستا ماوی ئێران‌، ئه‌م هزر و تێراونینەیان‌ بردە پێش و لەو کاتەوە، به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌کانی ئازه‌ری، کورد، عه‌ره‌ب  و... هتد، کە هەریەک زمان‌و فەرهەنگ و شارستانی تایبەت بە خۆیان هەبووو تا پێش لەبەدەسەڵات گەیشتنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، لە سیستەمێکی ئیالەتی -ویلایەتیدا بە شێوازێکی کۆنفدراڵی خێلەکی گوزەرانێان دەکرد و سەربەخۆ بوون، بە زەبری هێز بخاتە ژێر رکیفی خۆی‌و سیاسه‌تی نێگاتیفی ئاسیمیلاسیۆن» ی زمانی و فه‌رهه‌نگی، مه‌زهه‌بی و ئێتنیکی، بۆ‌ تواندنەوەی «پێناسی نەتەوەیی»  له‌ دژێیان بەڕێووە ببات، کە هه‌تا ئێستاش‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و وه‌ک پره‌نسیپێکی هه‌تاهه‌تایی بۆ بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی نەتەوەی فارس، لە لایەن ناسیۆنالیزمی ئێرانی و شۆین‌کەوتووانی پان‌ئێرانیزم لە دژی خەڵکانی نافارس و بن‌دەستی ئێران‌دا ‌پەسەند کراوە.
 له‌م لێکۆلینەوەدا هه‌وڵ دەدرێت‌ مێژووی‌ سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و  لە دایک بوونی پان ئێرانیزم و ئامانج له‌ پێش‌بردنی سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن لە سەردەمی دەسەڵاتداری پاشایەتی پەهلەوی وەک نمونە باس بکرێت‌و بە شێوه‌یەکی وردبینانەو قوڵ ڕێکارە جۆراوجۆرەکانی تواندنەوەی نەریت و زمانی نەتەوە نافارسەکان بە ئامانجی دروست کردنی نەتەوەیەکی یەک شێوە بە ناوی نەتەوەی ئێرانی لێکبدرێتەوە، هەروا تیشک دەخرێتە سەر کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەت گۆزاری وەک دابەشکاری وڵات، خوێندنی خوڕایی و دروست کردنی ڕێگاوبان و... هتد کە بۆ فارسەکان ئەنجامی باش و ئەرێنیی لێکەوتوتەوە، بەڵام نافارسەکانی پێ ئاسیمیلە کراون و لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە هەوڵی تواندنەوەی ئەوان لە ناو زمان، کەلتوور و پێناسەی نەتەوەی حاکمی پێ دراوە.

• لە دایک‌بوونی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و پێش‌بردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن
کۆمەڵێک لە نووسەرانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و شوێنکه‌وتووانی هزری پان‌ئێرانیزم لە سەر ئەم باورەدان کە ناسیۆنالیزم لە ئێران پێشینەیەکی کۆنی هەیەو دەگەرێتەوە بۆ هەزارەکانی پ.ز. بەڵام ئەم بۆچونە هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە و بە گشتی بەدوورە لە بەڵگە سەڵمێندراوەکانی مێژوو؛‌ بۆ ئەمەی کە هەست و بیری نەتەوایەتی، بە‌ پێ بەڵگەکان له‌ دەستپێکی سەدەی ١٧ی زایینی لە ئەورووپادا سەری ھەڵدا و لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ی زایین گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوین‌. بەشێکی تیۆریسینەکانی ئەوروپاش سەبارەت بە ناسیۆنالیزم پێیانوایە ئەم دیاردەیە بەرهەمی قۆناغی مۆدێرنەو دەرئەنجامەکانیەتی. رەوتی ناسیۆنالیزم بە پێی جیاوازی هەلومەرج لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دی و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە و ‌شێوەگەلێکی جۆراوجورێ لە خۆی گرتووە، شێوەگەلێک کە دەتوانین بە دو بەشی سەرەکی ناسیۆنالیزمی دیموکراتیک و ناسیۆنالیزمی «کۆلۆنیالیست»  ناویان لێ ببەین. کە ناسیۆنالیزمی تورکیی و ئێرانی وعەرەبی لە ناوچەکە جلی کۆلۆنیالیستان لە بەر کرد و نەتەوەی کورد زەرەرمەندی یەکمی ئەم سێ ناسیۆنالیزمەیە.
جێی باسە کە تا بەر لە جێگیربوون و کاریگەریی ناسیۆنالیزم لە سەر ناوچەکە، هەموو ئەو کۆمەڵانە کە لە رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست ژیانێیان بە سەر دەبرد، هیچ دەوڵەتێک بوونی نەبووەو لە ڕاستی‌دا بوونی ئیمپراتۆریەکان لەم ناوچە بە مانای وڵاتێکی خاون سنوور بە ئەقلانیەتێکی خاون ئیدارەی ناوەندی نەبووەو هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست، وەک عەرەب، کورد، تورک، فارس و... هتد کە ئێستاش بوونیان هەیە، لە سیستەمێکی «ویڵایەتی و ئێل‌خانی» یان کۆنفدراڵی خێلەکی دەسەڵاتیان هەبووەو و زۆرتر بەرژەوەندی عەشیرەو بنەماڵە، لە شەڕ یا هاوپەیمانییه‌تی لەگەڵ عەشیرەکانی‌‌تر و ئیمپراتۆرییەکانیان لەبەرچاو گرتووە، نەک بەرژەوەندی نەتەوە و دەوڵەت و پاراستنی جۆگرافیای نەتەوەیی. 
هزری ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە کۆتایی سەردەمی قاجاڕەکان لە دایک بوو؛ لەو کاتەوە بوو کە کۆمەڵێک نووسەر وەکو شۆین‌کەوتووانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و پان‌ئێرانیزم، بۆ پەرەپێدانی ئەم هزرە، بە شێوەی بڵاو کردنی گۆڤار و نووسینی پرتوک‌گەلێک لەم بارەیەوە، دەست بەچالاکییان کرد، بە تایبەت لە نێو خوێندکارەکان کە لە ئەوروپا خەریکی خوێندن بوون. 
 هه‌رچه‌نده لە دایک بوونی‌ هزری ناسیۆنالیزمی ئێرانی له‌ کۆتایی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی قاجاڕەکانەوە ئاماژەی پێ‌دەکرێت، به‌ڵام دەسەڵاتداری پاشایەتی پەهلەوی-١ به‌ پاشایه‌تی ڕه‌زاخان بە شێوەیەک سیستەماتیک بناخەدانەر و پەرەپێدەری هزری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دامەرزێنەری یەکەمین دەوڵەتی ئێرانیە. تا پێش لەوەش هیچ وڵاتێک بە ناوی ئێران و نەتەویەک بە ناوی ئێرانی، بوونی نەبووە. ناوی ئێران له‌ کۆتاییەکانی ده‌سه‌ڵاتداریەتی قاجاڕەکان، کەوتە سەر زمان و به‌ فه‌رمی لە نێوان «30»ه‌کانی زایین، له‌ لایه‌ن ڕه‌زاخان وەک ناوێکی نوێ دەست نیشان کرا. تا پێش له‌وەش وشه‌ی ئێران جگه‌ له‌ چه‌ند و‌شەیەک، وه‌ک ئتیمۆلۆژی(Etymology) کە ئه‌وەش له‌ لایه‌ن ناسیۆنالیزمە ئێرانیەکان بەکار دەبردرا، ئەگەینا له‌ هیچ سه‌رده‌مێکی تر، لە هیچ بەڵگەیەکی مێژویی تەنانەت ئەدەبیاتی فۆڵکلۆری فارس بوون و نیشانێک لە ناوی وڵات یان نەتەوەیەک بە ناوی ئێران بەدی ناکرێت‌. پێش له‌ ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی په‌هله‌ویش ئه‌و نیشتمانه‌ی که ‌پەیوه‌ندیی به‌ فارس و مێژووی ئه‌وانه‌و هەبووبێت به‌ پارس ناسراوبووە‌؛‌ که‌‌ لە ساڵی 1934-5 ڕەزاخان بە باڵوێخانەی خۆی لە بێرلین ڕاگەیاند لەمەودوا لە جێگای ناوی پارس ناوی ئێران بەکار بهێنن. بڕیارەکەی ڕەزاخان وەها نووسراوە: «ناوی پارس تایبەت بووە بە سەردەمی قاجارەکان کە تەنیا ئەو ناوچانە لەبەردەگرێت فارسەکان تێیدا نیشتەجێین، بەڵام ناوی ئێران بیرهێنەری شارستانیەت و گەورەیی ڕابردووی ئێمەیە. ئێستا ئێمه‌ دەگەڕەینەوە بۆ ئێرانی کۆن و دەبێت لەمەو دوا ناوی ئێران بە کار ببەین».  بێگۆمان ئەم شارستانیەتی ئێرانە کە باسی لێوە دەکات، هەمان مێژووی خەیالی بووە کە پانئێرانیزمەکان بە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکان لە بۆتەی نەتەوەیی فارسدا پەیڕوەیان دەکرد.
تەنانەت پاش ئەوەی کە ئەو نەتەوانە کەوتنە ژێر رکیفی دەسەڵاتداریەتی ئێران، بەڵام تا ماوەیەک ئەو نەتەوانە نەک بە ناوی ئێرانەوە بەڵکو بە ناوی نیشتمانی خۆیان‌، خۆیانێان دەناساندو ناوی ئێران تا ماوەیەک بۆیان ناموو بووه‌. بۆ پشت‌ڕاستکردنی ئەم بۆچونە بە نووسینکی گۆڤاری پان‌ئێرانیزمەکان بە ناوی ئێرانشار(ایران‌شهر)  ئاماژە دەکەین کە لەو سەردەمە وتارێک بڵاو ده‌کاتەوە و وەک هۆشداریەک دەلێت:
«... هەرکات ئێرانییەک سەفەری دەرەوە دەکات و لەوێ ناوی نیشتمانێان لێ پرسیار دەکرێت، لە جێگای ئەوەی کە ناوی ئێران بلێت، ئاماژە بە ناوی نیشتمانی داییکی خۆی دەکات»
لە درێژەی ئەم نووسینەدا وەک ڕێگەچارەیەک هاتووە:
«ئێمە دەبێ ئەو زمان و جلووبەرگ و داب و نه‌ریت و وەفادارییان بۆ نەتەوە و ناوچه‌ی خۆیان‌ لەناو ببەین…» 
ناسیۆنالیزمی ئێرانی بۆ باشتر تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکان، پێناسەی فارسی بە ئێرانی گۆڕی، بۆ نمونە مۆسیقای فارسیی کرد بە مۆسیقای نەتەوەیی ئێران، لە بەرامبەریش مۆسیقای کوردی و بلوچی و... بە مەحەلی ناوێان لێدەبرد. مێژووی فارسەکان کە تایبەتی بە سەر هەخامەنشیەکانەوە زاڵەو ناسیۆنالیزمی ئێرانی زۆر زەقی دەکاتەوە دەبێتە مێژووی نەتەەوی ئێرانی‌و مێژووی نەتەوە نافارسەکان دەبێتە مێژووی مەحەلی. یا بە هەمان شێوە، فەرهەنگی فارسی بە گشتی دەبێتە فەرهەنگی نەتەوەیی و هی نافارسەکان دەبێتە وردە فەرهەنگ. ناسیۆنالیزمی ئێرانی ویستی کە بەم شێوە نافارسەکان لە نێو مێژووی خەیالی ئێرانی کە زۆر مێژوویەکی پێشکەوتوویان لە بایخ دان بە مافی مرۆڤ و مافی ژن‌و گەورەیی دەسەڵات و... بۆیان نووسیبوو، کۆکاتەوە؛ کە کوردی هەمیشە بە بەشێک لە مێژووەکەی خۆی دەزانی و زمانەکەشی بە لقێک لە زمانی فارسی!. بێگۆمان قبول کردنی ئەم شتێە بۆ نافارسەکان گۆنجاوتر بۆ تا ئەوەی کە ڕاستەوخۆ وڵاتەکە و فەرهەنگەکێان ناوی فارسی بە سەردا زاڵ بێت. بە گشتی ئەم تاکتیکی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە جیاوازتر بووە لە ناسیۆنالیزمی تورک و عەرەب کە ئەنفاڵ و ڕاماڵین و قەتڵ‌عامی لێکەوتەوە.   
تەقالای ڕەزاخان و ئامانجی ئەو کەسانە کە وەک ژوری عەمەلیاتی پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ڕۆڵێان دەبینی؛ ئەمە بووە کە بتوانن سیستەمێکی «نەتەوە _دەولەت» وەک دەولەتێکی ناوه‌ندی و نەتەویەک یەک زمان و یەکگرتوو و وڵاتێک بەهێز و هەروا کۆمەڵگایەکی تازه‌باو(مۆدێرن) و یەک‌شێوە بە ناوی نەتەوەی ئێرانی دامەزرێنن؛ کە لە کۆتایی سەردەمی دسەڵاتداری قاجاڕ و بە تایبەت پاش له‌ ناوچونی قاجاڕ و بە دەسەڵات گەیشتنی دەسەڵاتی پەهلەوی، ئەم تێروانینە بۆ گەیشتن بە ئەو ئامانجانە کە ئاماژەیان پێ‌کرا، بە قورسی دیار و بەرچاوە و تەنانەت لە دوای گۆڕینی چەن دەسەڵاتداریەکی دیکە هەتا ئێستە وەک ستراتژیەکی «ئاشکرا یان نەهێنی» لە لایەن دەسەڵاتە ناوەندیەکانی ئێران لە دژی گەلانی نافارس زاڵە. 

• ئامانج لە ئاسیمیلەکردنی نەتەوە «نا فارس»ـەکان 
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتی ئێران، بە هەمان شێوە کە ئاماژەی پێکرا ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەولێدا کە دەوڵەتێکی بەهێزی نەتەوەیی دابمەزرێنێت‌و هەیمەنەی خۆی بە سەر ناوچەکەیا بسەپێنی. بۆ ئەم مەبەستەش پەیویستی بە ئابوورێکی بە هێز و سەقامگیر هەبوو. بەڵام ئەگەر چاوێک لە جۆگرافیای ئێستای ئێران بکەین، بۆمان دەر دەکەوێت کە ئەو شۆینەی فارسەکان لە ناوەندی ئێران تێ‌یدا نیشتەجیین، 70 لە سەدی، بیابان‌و چۆلەمەیە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ سەرچاوەو و پتانسیەلێکی ئابوورییان نەبووە بتوانن لەم بوارەدا، بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانێان، سوودی لێوەرگرن. بۆئەمەش چاوێیان بڕییە کانزا و‌ خاکی کشت‌وکاڵی، هەرێمگەلی کوردستان، ئازەربایجان و عەرەبستانی بندەسته ئێستای ئێران. 
هەرچەندەش جۆگرافیای ئەو نەتەوانە لە لایەن رەزاخانەوە داگیر کرابوون، بەڵام هاوکات ئەم مەترسیەش لای ناسیۆنالیزمی ئێرانی دروست بوو کە ئەگەر ئەو نەتەوانە کە لە ژێر دەسەڵاتداری پاشایەتی ئەمانن؛ وەک سەردەمی قاجاڕ و ڕابردودا لە سیستەمێکی «ئیالەتی–وڵایەتی» یان کۆنفدرالی‌دا سەربەخۆ بمێنن و سۆزی نەتەوەییان پەرەبسێنێت؛ ئەگەری ئەمە هەیە کە عەشیرەتەکانی ئەو نەتەوانە لە پێناو سەربەخۆیی نه‌ته‌وەی خوێان‌دا وەک گەیشتن بە دەسەڵاتێکی «نەتەوە – دەولەت» یەکگرتوو بن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خوێان‌دا راپەڕن؛ بۆیە ئەم مەترسیە ده‌رکه‌ووت، که‌ سەربەخۆیی ئەو نەتەوانە دەبێتە هۆی نه‌گه‌یشتنی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی بەو ئامانج و ئاواتەی کە هەیه‌.
ناسیۆناڵیزمی ئێرانی بۆ ئەمە کە بتوانێ داهات‌و ئابووری ئەو ناوچانە بخاتە ژێر رکیفی خۆی و لە هەر جۆرە سەرهەڵدانێکی سەربەخۆخوازانەی نەتەوەکانی عەرەب، ئازرەی، کورد و هتد لە چوارچێوی وڵاتی دروستکراوی ئێران رزگاری بێت، هەوڵێکی زۆری داوە. ڕێکاری سەرەکی بۆ بەرنگاربوونەوەی لە سەرهەڵدانی جه‌ماوه‌ری نەتەوە نافارسەکان‌و بێدەنگ کردنێان لە بەرامبەر بە تاڵانبردنی داهاتی خاک و نیشتمانەکەیان، زاڵکردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن‌ لە سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ بوو. چۆنکە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن یان یەکشێوە کردنی فەرهەنگ، دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو گەلە سەبارەت بە «ناسنامەی فەرهەنگی و جۆگرافیایی» خۆیەوە هیچ هەست و گرنگیەکی نەبێت و لە بەرامبەر بە تاڵانبردنی فەرهەنگ و سەرمایەکانی نیشتمانیی خۆی‌دا هیچ هەلوێستێکی نەبێت.
لەم بارەیە یوهان.ج.فیختە J.G.Fichte  فەیلەسوفی ئەڵمانی دەلێت: «کاتێک نەتەوەیەک بەرەو سستی‌و لە دەستدانی سەروەری‌و بنەماکانی نەتەوەیی هەنگاو دەنێت، یان لە رووی سیاسیەوە دووچاری دابەشبوون‌و پارچە پارچە بوون دەبێتەوە، دوژمنان دەست دەخەنە نێو کاروباری و، سامان‌و داهاتەکەی بە تاڵان دەبەن».

چۆنیه‌تی پێش‌بردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن لە سەردەمی پاشایەتی پەهلەوی ئێران‌

• پەهلەوی یەکم: 
پاش لەناوچوونی دەسەڵاتی قاجاڕەکان بە هۆی کودەتای نیزامیەوە، لە ساڵی ١٩٢٥ دەوڵەتی پاشایەتیی پەهلەوی(دولت شاهنشاهی ایران) بە پادەشاهی ڕەزاخان لە جۆگرافیایەک بە ناوی ئێران دامەزرا. 
ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداریی «پەهلەوی-١» لە سەر بنەمای چوار تایبەتمەندی وەک: ناسیۆنالیزمی کۆڵۆنیالیستی، نوێ‌خوازی، ئارکائیسم و پاشایەتی خوازی دامەزرابوو. 
نەتەوەکانی کورد، عه‌ره‌ب و به‌لووچ، له‌ به‌رامبه‌ر ڕه‌زاخاندا که‌ له‌و هه‌وڵی داگیرکردنی نیشتمانەکەیان بوو، خۆڕاگرییان کرد. له‌ ساڵه‌کانی 1932 تا 1938 ره‌زاخان به‌ توندی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌یخ خه‌زعه‌ل له‌ عه‌رەبستانی بنده‌ستی ئێران و شۆڕشی سمکۆ شکاک و قەدەمخێر هەرکامە لە ورمی و لورستانی‌ روژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌روا بزووتنەوەی محەمەدخانی به‌لووچ و هتدی سەرکوت کردو لەئاکامدا به‌ پشتیوانی ئینگلیز و وڵاتانی تر، توانیی به‌ تەواوەتی ئه‌و شوێنانە بخاتە ژێر رکیفی خۆی.
چه‌ند نووسه‌رێکی جیهانی سەبارەت به‌ سیاسه‌ته‌ توندوتێژه‌کانی ڕه‌زاخان بەم شێوە دەدوێن:
نیکی‌ ئار. کێدی (Nikki R. Keddie) «... هەولی ڕه‌زاخان بۆ یه‌کشێوه‌کردنی ئێران ئه‌وه‌نده‌ توندوتێژ بوو که‌ ئازاری کەمایەتییە ئایینی و زمانییەکانی لێکەوتەوە….» 
به‌ وته‌ی گاوین هامبلی «به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕه‌زاخان له‌ دژی گه‌لانی عه‌ره‌ب، به‌لوچ، کورد، تورکمان‌ وه‌ تورکه‌کان به‌ شێوه‌یکی دژه‌مرۆڤانه‌ بوو... هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ له ژێر‌ گوشار و زۆردارییەکی بێ‌واژدانانه‌ی ڕه‌زاخاندا بوون تا به‌ڵکوو خۆیان به‌ ئێرانی بزانن…» 
به‌ وته‌ی یرواند ئابراهامیان(Ervand Abrahamian) «ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاخان، بۆ سڕینەوەی جیاوازیی نه‌ته‌وه‌کان، زۆرتر‌ توندوتیژی به‌ کار ده‌برد... توندوتێژییەکان ڕەزاخان ئەوەندە بوو که‌ زۆرینه‌ی ئه‌ورووپاییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ وایان بیر ده‌که‌ردەوە ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانێکی خوێنین…» 

• بنەما و ڕێکارەکانی پێشبردنی سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی ڕه‌زاخان
سیاسه‌ته‌کانی سەردەمی دسەڵاتداریی پەهلەوی -١، له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی فارس و شۆین‌که‌وتووانی پان‌ئێرانیزم وه‌کوو خزمه‌تگوزاری کۆمەڵایەتی و ئابوری دێتە ئەژمار، به‌ڵام ڕخنه‌گه‌رانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و پان‌ئێرانیزم، لەسەر ئەم باوەڕه‌ن که‌ ئه‌و سیاسه‌تانه،‌‌‌ دژ به‌ نەتەوە «غەیر فارس»ـەکان بووه‌. لێره‌‌دا هه‌وڵ دراوه‌ چۆنیه‌تی پراکتیزە کردنی سیاسه‌تی دژ بە نەتەوە «غەیر فارس»ـەکان لێکبدرێتەوە:

١- بڕیاری له‌ناوبردنی عه‌شیره‌کان
پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێرانی سەردەمی پەهلەوی، هەمووی عەشیرەیی‌و خێلەکی بوو و هەر عەشیرەیەک، کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خوێ‌دا خەریکی ژیان بوون، تا ڕادەیەک سەربەخۆ بوون. ڕەزاخان ئامانجی سەرەکی خۆی وه‌کوو دژایەتی لە گەڵ ئەم سیستەمه‌ وه‌ک سیستەمێکی دواکەووتو دەستنیشان کرد و هەوڵی ئەو ئەیا کە بتوانی هەموو ئەو عەشیرەتانە لە پێناو گه‌یشتن به‌ «مۆدێرنیزم» و ئامانجی شارنشینی لە ناو ببات و بیری ناسیۆنالیزمی ئێرانییان بخاتە ناو مێشکیان. ڕەزاخان بە باشی توانی لە رێگەی مۆدێرنیزم و باوەڕی نەتەوەخوازی، گەلی فارس لە هەر جۆر باوەڕمەندییەک بە عەشیرەکان دوور بخاتەوە و هەر ئێستاش دەبینین کە فارسەکان تا رادەیەکی بەرچاو، لە سیستەمێکی مۆدێرندا ژیان دەکەن و لە ناویاندا چ باوەرێک بە عەشیرە و عەشیرەخوازی نییە. بەڵام کاریگەری ئەو سیاسەتەی رەزاخان لە سەر نەتەوە نا فارسەکان بەم شێوە نەبوو؛ بۆیە کە عەرەب، کورد، ئازەری و هتد، تا ئێستاش لە ژێر کاریگەرییەکانی کۆمەڵگەی عەشیرەیی‌دا ماون و هەتا ئیستەیش ئاسەواری ئەو سیستەمە دواکەووتوە لە سەر ئەم نەتەوانە بە تایبەت عەرەب و کورد، بە ڕوونی دەبینرێ. لێرە دەبی ئەم پرسیارە بێتەوە پێشەوە کە بۆچی ئاسەواری ئەرێنیی ئەم سیاسەتە لە ناو عەرەب و کورد و ئازەریدا دیار نییە؟ بۆچی ئەم گەلانە هەر لە سیستەمێکی عەشیرەیی‌دا ماون و هەتا ئێستەش کاریگەریی خراپی ئەو سیستمە دواکەووتووەیان له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌کمدا پاراستووە؟
دەکرێ وەڵامی ئەو پرسیارە لە ترسی پەهلەوییەکان لە گەشەکردنی سەربەخۆییخوازی و بیرۆکەی ناسیۆناڵیزم لای کەمە نەتەوەکاندا بدۆزینەوە. یەکێک لە رێگاکانی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ گەشەسەندنی سەربەخۆییخوازی لە ناو کورد، عەرەب و ئازەرییەکان ئەمە بوو که‌ ئەم گەلانە لە بافتی عەشیرەیدا هەر وەک پێشوو بمێننەوە تا بەردەوام لە کەش و هەوای دژایەتیی ناوخۆیی‌دا بن. یەکگرتنی نەتەوە نا فارسەکان، لە بەرژەوەندی فارس‌دا نەبوو، هەرچەندە ڕەزاخان کەسایەتێکی زۆر لە عەشیرەتەکانی سەر بەو نەتەوانەی دەستبەسەر کرد و هەژمارێکیشی لەناو بردن، بەڵام ئەمە بە مانای هەوڵی رەزاخان بۆ لەناوبردنی سیستمی عەشیرەیی لە کوردستان و باقی ناوچەکانی باسکراو نەبوو. لەمبارەوە نووسەرێک دەلێ:
«بەرەنگاربوونەوەی ڕەزاخان لە دژی عەشیرەتەکانی عەرەب، کورد، ئازەری و هتد تێروانینێک سیاسی و ئاسایشی، بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی ناوەندی بوو نەک گەیشتنی ئەو گەلانە بە سیستەمێکی مودێرن و پێشکەوتو.» 
ڕەزاخان تەنیا ئەو سەرۆک عەشیرەتانەی کە لە بەرامبەری ئەودا ڕاوەستان و یان بە جۆرێک بوونە ئامرازی دەستی دەسەڵاتێکی دەرەکی لەناو دەبرد. تەنانەت بە فەرمانی ئەو سەرۆکی نوێ بۆ عەشیرەتەکان دیاری دەکرا. له‌ ڕاستی‌دا ئەمە زیاتر هەوڵێک بۆ زیندووراگرتنی شەڕی ناوخۆیی نێوعەشیرەیی، بە مەبەستی لاوازترکردنیان بوو نەک گۆڕینی ئەو سیستەمە کۆنە.

٢- فەرمی کردنی زمانی فارسی و پەرەپێدانی خوێندن
ساڵی ١٩٣٠ی زایینی، به‌ فەرمانی ڕەزاخان، ته‌نیا زمانی فارسی، وه‌ک زمانی خوێندن و نووسین بۆ هه‌موو ئه‌و نەتەوانە‌ که‌ له‌ ژێر ئیختیاری ده‌سه‌ڵاتی پاشایەتیی پەهلەویدا بوون دەستنیشان کرا.‌ ته‌نانه‌ت هاوکات له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ هه‌ر به‌ فەرمانی ڕەزاخان، خوێندن و نووسین به‌ زمانه‌کانی غه‌یر‌ فارس وه‌کوو عەرەبی، ئازه‌ری، کوردی و هتد قه‌ده‌خه‌ کرا. 
زۆرینه‌ی فارسه‌کان و شوێن‌که‌وتووانی پان‌ئێرانیزم فه‌رمی کردنی زمانی فارسی، به‌ خزمه‌تێک بۆ یه‌کگرتوویی گه‌لانی ئێرانی بەناو ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ چی خوێندن و نووسین به‌ زمانه‌کانی غه‌یری فارسی وه‌کوو ئازه‌ری، عەرەبی و کوردی قه‌ده‌خه‌ کرا؟
بە درێژایی مێژوو، له‌ناوبردنی زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و‌ زاڵکردنی فه‌رهه‌نگ و زمانی داگیرکه‌ر‌، خاڵی سه‌ره‌کی بۆ داگیرکردنی نیشتمانی ئاخێوەرانی زمانەکە بووه‌. بۆ نمونه‌ له ڕابردووی مێژووی ئه‌لجه‌زایر‌،‌ بۆ ئه‌وه‌ی که فه‌رەنسا‌‌ بتوانی نیشتمانی ئه‌لجه‌زایر داگیر بکات، یه‌کم جار مێژوو و زمانی ئه‌و گه‌لەی‌ گۆڕی. پاشایەتیی پەهلەوی به رێکخستنی خۆێندنگا، بۆ خوێندن بە زمان و ئەدەبی فارسی لهو ههوڵدابوو که زمان و ئهدهبی فارسی بههێز بێت و بەم شێوە بەسەر کولتوور و زمانی نەتەوە نافارسەکاندا زاڵ بێت و ئاسیمیلاسیۆن ئاسانتر بەرەو پێش ببات.
گۆڤاری ئایهنده کە لهو سەردەمە تایبەت بۆ ناسیۆنالیزمە ئێرانیەکان لە چاپ دراوە لە وتارێک به ناوی «یهکگرتوویی نهتهوهیی”دا ئاوا شرۆڤهی ئەم مژارە دەکات: »یهکێک له مهبهستهکانی ئێمه له یهکگرتوویی نهتهوهیی، ئهمهیه که زمانی فارسی له سەرانسەری ئهم وڵاته پهرەی پێبدرێت. جیاوازییه فهرههنگییەکان، وهکوو جلوبهرگ، زمان، ئهخلاق، سهربهخۆیی گهلان و هتد له ناو بچێت. دهبێ کورد، لور، عهرهب، تورکهمهن و هتد ههموویان یهک شێوهجلوبهرگیان بێت و به یهک زمان( فارسی) قسه بکهن. به ڕای ئێمە (ناسیۆنالیزمی ئێرانی) ئەگهر نەتوانین بۆ ههموو ئهم گهلانه یهک فهرههنگ و زمان دابین بکهین و ههموویان به مانای ڕاستهقینه یهکشێوه نەبن.، بێگۆمان داهاتوییەکی ڕهش چاوهڕێمان دهکات... دهبێ زمانی فارسی له ههموو ناوچهکانی ئێران پهرەی پێبدرێت و پێش بە زمانهکانی دیکه (عهرهبی، تورکی، کوردی و ... گرت. بۆ بهڕێوەبردنی ئهم ئهرهکه دهبێ خوێندنگا لهههموو شۆنێکی ئێران ساز بکرێت و به شێوهی یاسای ئیجباری خهڵک خوێندهوار بکرێن و به خۆڕایی پەروەردە پهره پێبدرێت و زمانی فارسی و دیرۆکی ئێران (ههخامهنشی) پێیان بناسێنرێت. ئهمه دهتوانێت رێکارێکی سهرهکی بۆ یەکڕەنگکردنی ئێران بێت «  
نووسهرێکی شەرقی ناسی ئهمریکییش به ناوی لویس بێک لهمباروە دهلێت: »سهرکردهکانی پههلهوی، هاوکات له گهڵ پهرهپێدانی خوێندهوارکردنی گهلان له ههوڵدابوون کە گهلانی غهیری فارس له ناو وڵات و نهتهوهی نوێی ئێران و ئێرانی تێکهڵ بکهن... ههروا وهفاداری گهلانی غهیری فارس به زمان و نیشتمانی خۆیان لاواز بکەن تا و وهفاداری به دهسهڵات و نهتهوهی ئێران جێگیر بکهن» 

3- بنیادنانی ڕێگاوبان له‌ ئێران
له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری پاشایه‌تیی ڕه‌زاخاندا، بنیادنانی ڕێگاوبان بۆ په‌یوه‌ندی ناوه‌ندی ئێران و هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌‌، له‌ ده‌ستوری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌ بوو. ئه‌م شته وه‌کوو خزمه‌تێگ ده‌بیندرێت و ئەگەرچی له‌ لایەک ده‌توانێت خزمه‌ت بێت، بەڵام هەندێک هەڵوێستی پشت ئەو پڕۆژەش، گۆمان لای مرۆڤ دروست دەکات. بۆ وێنە سەرنج بدەنە‌ نووسینێکی گۆڤاری ئایه‌نده‌، کە لە‌و سه‌رده‌مەدا‌ سەبارەت بە رێگەوبان نووسیەتی: ‌ 
« ... ده‌بێ به بنیادنانی ڕێگاوبان، بۆ پەیوه‌ندی له‌ نێوان ناوچه‌کانی باکوور، باشور، ڕۆژئاوا و ڕژهه‌ڵاتی ئێران، هاتوچۆی خێرا دابین بکەین تا به‌ڵکو به‌م جۆره‌ بتوانین به‌ ئاسووده‌یی، پڕتۆک و گۆڤار به‌ زمانی فارسی به ناوچه‌کانی ئازه‌ربایجان، خوزستان، کوردستان و هتد بەرین و بڵاوبکەینەوە، هه‌روەها له‌م ڕیگه‌وه‌ بتوانین له‌ زووترین کاتدا عه‌شیره‌کانی نەتەوە غه‌یر فارسەکان بگوازینەوە و لەگەڵ یەکتر یا لەگەڵ فارس زمانەکانا تێکەڵیان بکەین» 

۴- بنیاد‌نانی سپای نوێ «ئه‌رتەشی شاهه‌نشاهیی په‌هله‌وی»
سوپای ئێران، ساڵی ١٩٢٥ی زایینی، له‌ لایه‌ن ڕەزاخانەوە بنیات نرا و یاسای سه‌ربازگیری زووره‌کی (نزام وەزیفەی عمومی) لە لایەن ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریهوە بەفەرمی راگەیاندرا.‌ به‌شداری له‌ رێزی سوپای نوێ بۆ هەموو تاکێک لە ناو جۆگرافیای ئێران وەک ئەرکی نەته‌وەیی‌ دەستنیشان کرا. 
ئامانجی سەرەکی لە بنیاد‌نانی سوپای نوێ، بەهێزکردنی دەسەڵاتداریی پەهلەوی لە بەرامبەر هەر جۆر مه‌ترسی و ڕاخوڕینی وڵاتانی ده‌ره‌کی و‌ سەرکوتی هەر جۆر سەرهەڵدانێکی ڕزگاریخوازی گەلانی غه‌یری فارس بوو.
بەڵام ئامانجی دیکە لە بنیادنانی ئه‌م سوپایە‌ جگە لە دابینکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە و سەرکوتکردنی سەرهەڵدانە ڕزگاریخوازەکان، سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنیشی پێوە دیارە؛ چونکە بەو شێوە، ئەو کەسانه‌ کە به‌ پێ یاسای فەرمی، بوون بە سەرباز، جگه‌ له‌ فێربوونی کاروباری سەربازی، بەهۆی فەرمی بوونی زمانی فارسی، ناچار بوون فارسی فێر بن و بەو زمانەش بدوێن و ئەمەش بە جۆرێک ده‌بێتە هۆی زاڵبوونی فەرهەنگ و پێناسی فارس لە سەر ئەو گەلانە کە غەیری فارس بوون. لەم باریەوە نووسەرێک دەلێ:
«لە لایەکی دیکەوە بنیادنانی ئەرتش لە لای ڕەزاخان، هەنگاوێک بووە بۆ لە ناوبردنی جیاوازی فەرهەنگی و زمانی نەتەوە نافارسەکان، که‌ له‌ ژێر رکێفی ده‌سه‌ڵاتداری په‌هله‌ویدا بوون» 

۵- راگوازتنی کورد و تورک لە جوگرافیای خۆیان
سیاسەتی راگوازتنی گەلان بە فەرمی، لە ساڵی ١٩٣٢ی زایینییەوە دەستیپێکرد. نووسەرێک لەم بارەوە دەڵێ: «... لە دەیەکانی ٣٠ و ٤٠ی زایینی، دەیان هەزار کورد بۆ مازەندەران(باکووری ئێران)، خۆراسان(ڕۆژهەڵاتی ئێران)، ئیسفەهان و یەزد(ناوەندی ئێران) بە زۆرەملی کۆچێندران کرد و هەروەها بەشێک لە ئازەریەکانیش لە کوردستان نێشتەجێ کران…» 
ئەم سیاسەتە بە مەبەستەگەلێکی وەک شارنشینکردنی خەڵک پێناسە کرابوو بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە لە پێناو گۆڕینی جۆگرافیای ئێتنیکی و فەرهەنگیی  نافارسەکان بووەو و هەروەها تێکەڵکردنیان لەگەڵ فارس و گەلانی دیکە، تا بەڵکوو لە پێناسی نیشتمانی خۆیان‌دا لاواز بن و وردە وردە لە ناسنامەی زمانی و فەرهەنگی خۆیان‌ دوور بکەونەوە و لە بیرێان بچێت؛ چۆنکە ناسیۆنالیزمی ئێران وای دەزانی کە بەم جۆر گۆڕان‌کاریە بە هۆی فەرمی بوونی زمانی فارسی و زاڵ بوونی، دەتوانن ئەو نەتەوانە  ناچار بکەن کە بۆ ئاخافتن لە گەڵ دەور و بەری خۆیان دا زمانی فارسی فێر بن و بە ئەو چاوە تەماشای زمانی فارسی بکەن کە کار ئاسانی دەکات بۆ پەیوەندی نێوانێان؛ کە بەم شێوە، جگە لەوەی جۆگرافیای نەتەوەیی ئەوانێان دەشێواند، بەڵکو زمانی فارسییش وەکو پەیویستیەک بە سەرێاندا فەرز دەکرد.  
6- دابەش کاری وڵاتی
لە سەرەتای هاتنه ‌سه‌رکاری دەسه‌ڵاتی په‌هله‌وی، ئەم نیشتمانه‌ بە چوار هەرێم وەک ئازەربایجان، بەلووچستان و هتد، وە هەندێک ویلایەت دابەش کرابوو بەڵام دوایی ڕەزاخان لە پێناو سیاسەتی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و لە ناوبردنی دەسەڵاتی ئیالەتی-ویلایەتی، لە دەیەکانی ٣٠ تا٤٠ی زایینیدا بە ١١ پارێزگا و ٤٩ قەزا به‌‌ پێناسی هاوبەشی وڵاتی ئێران دابەشکران. لە ئاکام‌دا ئیالەت-ویلایەتەکانی ئازەربایجان و کوردستان بوون بە چەند بەش(پارێزگا) کە تەنانەت بەشێک لە کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان) بە تێکەڵاوکردنی کورد لەگەڵ ئازەرییەکان، بە پارێزگای ئازەربایجان هاتەناساندن، کە دوایی بوو بە ئازەربایجانی ‌ڕۆژئاوا.

ئامانجی ڕەزاخان (پەهلەوی-١) لە دابەش‌کاری‌وڵاتی
زۆرتر  مەبەست تێکه‌ڵاوکردنی نەتەوەکان لە یەک جۆگرافیا بە ناوی پارێزگا بوو تا لەم رێگەوە بتوانن پێش بە یەکگرتن و یەکدەنگی ئەو نەتەوانە بگرن و بە دابەشکردنی هەریەک لەو نەتەوانە، لە چەند یەکەی جۆگرافیایی بچووکتردا، بتوانن باشتر، لە رووی ئەمنی و بەڕێوەبردنی هەر جۆر سیاسه‌تێکی ئاسیمیلەکردن و ئاژاوەخستن، سەرکەوتووتر بن.
ئەم دابەشکاریە کە هەتا ئێستەش ماوە، ئامانجی سەرەکی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و پێشبردنی سیاسەتی «ئاژاوەخستن و ئاسیمیلاسیۆن» بووە. تەنانەت بە دابەشکردنی هەر نەتەوە بەسەر چەند یەکەی جوگرافیایی بچووکتردا، یا بە تێکەڵاوکردنی چەند نەتەوە لە یەک جوگرافیادا هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی ئه‌و گه‌لانەیان داوە. 
بۆیە لەو حاڵەتەدا، هەوڵدان و تێکۆشانی ئەو نەتەوانە زیاتر مەیلەو رکەبەری عەشیرەیی و نێوان پارێزگایی بوو تا لەپێناو نەتەوە. بەم شێوە «مل‌ملانی پارێزگایی و عەشیرەیی» بووتە هۆی ئاژاوە لە نێوان خۆدی نەتەوەکە.

7- «سازمانی په‌روه‌رده‌ی بیر و باوه‌ڕ»(سازمان پرورش افکار)
پان‌ئێرانیزم بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانێ بیر و باوه‌ری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئێرانی بوون له‌ ناو گه‌لانی غه‌یری فارس په‌ره‌پێبدا و جێگای ئه‌م هزره‌ چڕو پڕ بێت، له‌ ساڵی 1938ی ز، فەرمانی بۆ بنیادنانی سازمانێکی ده‌وڵه‌تی به‌ ناوی «سازمانی په‌روه‌رده‌ی بیر و باوه‌ڕ»(سازمان پرورش افکار) دەرکرد. شێوه‌ی ئیش و کاری ئه‌م سازمانه،‌ که‌ به‌ زۆری له‌ سیستەمی په‌روه‌رده‌یی ئاڵمانی نازی و ئیتالیای فاشیستی سه‌رده‌م که‌لکێ وه‌رده‌گرت، بڵاوکردنی ڕۆژنامه‌، گۆڤار، پەڕتووک و به‌رنامه‌ی ڕادیویی له‌ پێناو په‌ره‌پێدانی بیر و باوه‌ڕی پان‌ئێرانیزم بوو. 

8- وه‌ هتد
سیاسەتگەلێک کە زۆرینه‌ی فارس زمانان و ناسیۆنالیزمی ئێرانی به‌ خزمه‌تگوزاری ناوی لێ‌دەبەن. سیاسەتگەلێک، کە مومکینە بۆ فارسەکان ئەنجامی باش و ئەرێنی لێکەوتبێتەوە بەڵام نافارسەکانی پێ ئاسیمیلە کراون و هەوڵی تواندنەوەی ئەوان لە ناو زمان، کەلتوور و پێناسەی نەتەوەی حاکمی پێ دراوە.


پەراوێز:

  کاتێک نەتەوێک یان دەسەڵاتێک بۆ مەبەستگەلێکی داگیرکەرانە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەیکی‌تر قەدەخە دەکات و بەرنەگار دەبێت لەوەی کە ئەو نەتەوە لە زمان و فەرهەنگی خوێ کەلک وەربگرێت و  فەرهەنگێکی تر بەسەردا زاڵ دەکات؛ بەم شێوە هەلوێستە کە لە لایەن نەتەوێک یان دەسەڵاتێک دژ بە نەتەوێکی‌تر ڕووی ئەدا، دەلێن سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن.

   Colonialism بە واتای دەستتێوەردانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتێکی خاوەن دەسەڵات لە وڵاتێکی دیکەدا بە بەهانەی ئاوەدانی و بەهانگەلێکی جۆراجۆر بۆ بەرژەوەندی خوێاندا.

  ا‌براهامیان، یرواند، ایران بین دو انقلاب، نشر نی، چاپ اول 1377
  ایرانشهر(ئێرانشار) گۆڤارێک کە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٠١ تا ١٣٠٦ لە برلین لە چاپ درا و لە نزیک بە ٤٠ شاری ئێرانی سەردەم  بڵاو بوو. ئەم گۆڤارە لە گرنگترن ناوەندەکانی پەرەپێدانی ئارکایسم(باستان گرایی-  Archaism) و بیری پان‌ئێرانیزم بووە. 
  حسین کاڤم زاده، مقاله‌ی مژهب و ملیت، نشریە ایرانشهر، بین سال‌های 130٤ تا 130۶ 
 Modern Iran: Boots and Results of Revolution Google Books / By Nikki R. Keddie

    سلسله پهلوی و نیروهای مذهبی به روایت تاریخ کمبریج، مترجم عباس مخبر، چاپ دوم بهار 1372، انتشارات گرح نو، تهران
   ابراهامیان، یرواند، ایران بین دو انقلاب، نشر نی، چاپ اول 1377،

   ایران دیکتاتوری و توسعه / نوشته: فرد هالیدی/نشر علم
   ێ‌براهامیان، یرواند، ایران بین دو انقلاب، نشر نی، چاپ اول
LOIS C. BECK / Nomad: a year in the life of a Qashqa>i tribesman in Iran By Lois Beck
براهامیان، یرواند، ایران بین دو انقلاب، نشر نی، چاپ اول 1377
فرهنگ سیاسی ایران / نوشته: د.محمود سریع القلم/ نشر: پذوهشکده مطالعات فرهنگی و اجتماعی
Azerbaijan: Ethnicity and the Struggle for Power in Iran/  By Touraj Atabaki
Azerbaijan: ethnicity and the struggle for power in Iran By Touraj Atabaki 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP